کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی 34/35، هەڵۆ بەرزەنجەیی

 “ئۆتۆنۆمی ئیداری لای کورد بەبێ ئۆتۆنۆمی سیاسی و کولتوری ئۆتۆنۆمییەکی ساختەیە و راستەقینە نییە(…)ئۆتۆنۆمی بەپێی بنەمای کوردبوون

helo-berzenci-

هەڵۆ بەرزەنجەیی

 بە ئۆتۆنۆمیکردنی فەزای سیاسی و ئیداری و کولتوریە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو نەتەوەیەیە کە نەتەوەخوازی لەناو ئەو دەوڵەتدا بەپێی بنەمای نەتەوەخوازی دروست کردووە.واتە گۆڕینی حکومەتی ناوەندی ناو دەوڵەتە بۆ چەند حکومەتێکی سەربەخۆ لە سیاسەت و کولتور و بەڕیوەبردندا بەبێ دابەشبوونی دەوڵەتەکە بۆ چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ”.٥٤٤

هەموو لە مانا و ناوەڕۆکی ئۆتۆنۆمی تێگەیشتووین و لە سایەی ئەو بارودۆخەی کوردی تێدایە هەندێ ئەزموومان لەتەک ئەم ستاتووەدا هەیە. ئۆتۆنۆمی بڕە مافێکی ئیداریی و ناوچەیی و رۆشنبیرییە،لەگەڵ ئەوەشدا دوژمنان ڕێگرییان لەم مافەش کردووە و  هیچ کات دەسەڵاتی ناوەندیی دەوڵەتە داگیرکەرەکان، رێگە بە گەشەکردنێک لەسەر ئاستی نەتەوەیی و کولتوری کورد نادات، نەکا بێتە هۆی لاوازکردن یاخود هەڕەشە  بۆ سەر دەسەڵاتە ناوەندییەکە. ناوەند/ دەسەڵات، لە ناوچە ئۆتۆنۆمیدارەکان، هەمیشە هەژموونی بەسەر هەر جموجوڵێک دا هەیە و ڕەشمەی کاروبارەکان لە دەستی خۆیدا دەهێڵێتەوە. جگە لەمەش  دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمیخواز نە لە بواری  سیاسەتی دەرەوە و نە لەشکری دا، هیچ سەربەخۆییەکی نییە. دەزگاکانی ئاسایش و ناوخۆ بە دەست ناوەندەوە دەبێت و سیاسەتی دارایش هەر ناوەند، نەخشەی بۆ دەکێشی و بڕیاری لەسەر دەدات.

بەم پێودانگە هیچ دەسەڵاتێکی ناوەندی ڕازی نییە، مافگەلێکی لەم چەشنە  بە کورد بدات، ـ لە ڕاستیدا ئەوان،ئەم مافەیان زەوت کردووە و گەرەکە بیدەنەوە و کورد هەوڵی بەدەستهێنانەوەی دەدات ـ چونکە لە ڕوانگەی ناوەندەوە، ئەمە هەڕەشە لەسەر یەکێتی خاکی  تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا دروست دەکات. حکومەتە ناوەندییەکان، لەژێر گوشاری خەباتی نەتەوەیی کورد دا، ویست یان داوای ئۆتۆنۆمی کوردیان، لەدوو خاڵی ئیداریی و بڕەک رۆشنبیریدا قەتیس کردووە. هەرگیز رازی نەبوون ئۆتۆنۆمی ڕەهەندێکی سیاسی هەبێت و بوونی کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز و سەربەخۆ و خاوەن تایبەتمەندی، بێتە قبووڵ کردن. هاوکات هەڵبژاردن، بڕیاردان، سیاسەتی ئابووری و دەرەکی، هێز و لەشکر،دامەزراندنی پرۆژەی پیشەسازی و سیستەمی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی پێک بهێنێ و بەڕێوە بەرێت. هەروەک د. عرفان باش بۆی چووە و دەڵێ:

“دوو حکومەتی سەربەخۆ لەناو یەک دەوڵەتدا”بەڕێوە بچێت.ئاخر تێگەیشتن و روانگەی کورد بۆ مافی ئۆتۆنۆمی لەم دیدەوەیە:” ئۆتۆنۆمی بەپێی بنەمای کوردبوون بە ئۆتۆنۆمیکردنی فەزای سیاسی و ئیداری و کەلتوریە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو نەتەوەیەیە کە نەتەوەخوازی لەناو ئەو دەوڵەتەدا بەپێی بنەمای نەتەوەخوازی دروستکردوو.واتە گۆڕینی حکومەتی ناوەندی ناو دەوڵەتە بۆ چەند حکومەتێکی سەربەخۆ لە سیاسەت و کولتور و بەڕێوەبردندا،بەبێ دابەشبوونی دەوڵەتەکە بۆ چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ”.٥٤٤

داگیرکەران، یاخود ئەوانەی لە ڕێگەی نەتەوەخوازییەوە نەتەوەیان بۆ خۆیان داتاشیوە، ئەم جۆرە داواکارییەکە، بە مەترسی و بڤە و تەڵە، دەزانن بۆ سەر بوون و چارەنووسی خۆیان و قەوارەکەی دروستیان کردووە/ بۆیان قووتکراوەتەوە!!. هەر بۆیەکا کێشەی کورد لەم ڕێگایەشەوە، لەگەڵ داگیرکەرەکانیدا،تا ئێستا بە چارەسەر نەگەیشتووە و لە ئایندەشدا چانسی چارەسەرکردنی کەمە. کاتێک دۆزی کورد چارەسەر دەبێ،کە دوای ئەوەی یاسا و چەمکی نەتەوەی سەردەست و بندەست، نەتەوە و کەمەنەتەوە، برا گەورە و برا بچووک، لە نێوان کورد و ئەواندا نامێنێ. هەموو ئەمانەش بەدی دەهێنڕێت، لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی بنەمای نەتەوەخوازی،کە نەتەوە سەردەستەکە، دەوڵەتەکەی، پێ دروست کردووە و بۆیان دروست کراوە. نووسەر دەڵێ:

” هەڵوەشاندنەوەی ئەم بنەمایەش،هەڵوەشاندنەوەی تەماهیکردنی شوناسی نەتەوەیە لەگەڵ شوناسی دەوڵەتدا و جیاکردنەوەی نەتەوەیە لە دەوڵەت،واتە ئەم بزووتنەوانە بەر لەوەی داوای ئۆتۆنۆمی بکەن داوای جیاکردنەوەی نەتەوە لە دەوڵەت دەکەن،ئەوان ئۆتۆنۆمی لەم جیابوونەوەیەدا دەبینن،ئەم جیابوونەوەش دەوڵەتی نەتەوەیی دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتی نێوان نەتەوەیی”.٥٤٥

بەم داوا و سیاسەتە،داوای جیاکردنەوەی نەتەوە لە دەوڵەت،ئەوسا دەوڵەتەکە نابێتە موڵکی تاکە نەتەوەیەک،بەڵکو هی هەموویان. کورد خۆی لەبەردەم هەژموونی سیاسەتی پاوانخوازی و مەترسییەکانی نەتەوەخوازی نەتەوەی خاوەن دەوڵەت، دەپارێزێ و دەتوانێ درێژە بە بوونی خۆی بدات.

” بزووتنەوە کوردییەکان نە ئۆتۆنۆمییەکیان قبووڵە کە نەتەوەی ناو دەوڵەت نەتەوەکە لەبەرامبەر بوونی نەتەوەیی کورد دا بگٶڕێت بۆ ئەتنیک ،نە ئۆتۆنۆمییەکیشیان قبووڵە کە تیایدا کوردبوونی نەتەوەی خۆی لەدەست بدات و بگۆڕێت بۆ ئەتنیکێک لە ئەتنیکەکانی ناو ئەو دەوڵەتە نەتەوەییە.سیستەمی دەوڵەتی نەتەوەیی تەنها رێگە بە ئۆتۆنۆمییەک دەدات کە ئۆتۆنۆمییە بۆ ئەتنیکەکان نەک بۆ نەتەوەکان.چوونکە ئۆتۆنۆمی بۆ نەتەوەکان پێویستی بەوەیە لە بنچینەوە لە دەوڵەتێکی نەتەوەییەوە بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی نێوان نەتەوەیی”.٥٤٥ـ٥٤٦

نووسەر بە هوشیارییەوە، ئەم تێزە ڕوون دەکاتەوە، ئاگایشی لەوە هەیە، گەر بێت و بزووتنەوە کوردییەکان لەبری دروشمی نەتەوەخوازی ئۆتۆنۆمیخوازی بڵند بکەنەوە، وا گەوهەریان لە نەتەوەییەوە ناگۆڕێ بۆ بزووتنەوەیەکی ئەتنیکی و خێڵەکی. چونکە لێرەدا قسە لەسەر نەتەوەیە نەک ئەتنیک و خێڵ.دەوڵەتێک لە چوارچێوەی سنوورەکەیدا چەند نەتەوەیەکی لەخۆ گرتبێ،دەبێت دەوڵەتەکە بەهاوکۆیی هی هەموویان بێت،ئۆتۆنۆمیش بۆ هەر یەک لە نەتەوەکانە.

“ئەم بزووتنەوانە داوای ئۆتۆنۆمی بۆ نەتەوە دەکەن،نەک ئۆتۆنۆمی بۆ ئەتنیک،هەر لەمەشەوەیە کێشە لە نێوان بزووتنەوە کوردییەکان و دەسەڵاتی نەتەوەیی دەوڵەتە نەتەوەییەکاندا سەرهەڵدەدات”.٥٤٦

لە ڕۆژگاری ئیمڕۆدا لە جیهاندا، کۆمەڵی گروپی ئەتنیکی هەن و داوای مافی ئۆتۆنۆمی دەکەن. لەبەر ئەوەی داواکەیان چ مەترسییەک لەسەر حکومەتی ناوەندی دەوڵەتە نەتەوەخوازەکە دروست ناکات، رێگە پێدراون.

نموونە گەلێکی زۆر لەسەر گۆی زەوی هەیە. بەڵام داگیرکەرانی کوردستان، داوای ئۆتۆنۆمیخوازی بۆ نەتەوەی کورد، بە مەترسی و بڤە بۆ سەر خۆیان دەزانن و لە ئاست کوردبووندا، فۆبیایان لێنیشتووە. ئاخر کورد، گەر ئۆتۆنۆمیشی گەرەک بێت، دەیەوێ دەوڵەتە نەتەوەییەکە بگۆڕێت بۆ دەوڵەتی نێوان نەتەوەیی. شوناسی نەتەوە و دەوڵەت لە یەکتر جیاببنەوە و تاکە نەتەوەیەک باڵا دەست و هەڵسوڕێنەری  ئەجێندای ناو دەوڵەتەکە نەبێت.

 بۆ نموونە عێراق دەوڵەتی کورد و عەرەب بێت، نەک تەنیا هی عەرەب، تورکیا و سوریا و ئێران، هی تورک و فارس و عەرەب و کورد و ئازەری و بەلوچ بن. پرسیار ئەوەیە، ئایا عەقڵێت و کولتوری ئەو داگیرکەرانە، ئەمە پەسەند دەکات؟. ئەو دەوڵەتانە،ئەو ناسنامە و بەهایەی ئێستا لەم ڕێگایەوە بەدەستیان هێناوە،دەستبەرداری بن و دەوڵەتەکە بکەن بە موڵکی خۆیان و کورد.  مێژووی خوێناوی چەندین سەدە و هەتا هەنووکەش گەوایی ئەوە دەدات، ئەوان لە زمانی ئاگر و ئاسن، بەولاوە چی دیکە نازانن و بەکار ناهێنن. هەرگیز ئامادەی هەڵبژاردنی ئەم ڕێگاچارە نین، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد.

“بزووتنەوە کوردییەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی گەر لەناو دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیشدا سەریان هەڵبدایە هەر بە هەمان شێوە بنەمای کوردبوون بەرەو ئەوەی دەبردن ببن بە بزووتنەوەیەکی ئۆتۆنۆمیخواز”.٥٤٦

ئەم بۆچوونە مەگەر وەک گریمانەیەک وەرگرین، دەنا کاتێ دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ پێک دێ، ڕەنگە چیدی پێویست بەسەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی کوردی نەکات، چونکە بزووتنەوەی کوردی هەر لەسەرەتاوە، بناخەی مافەکانی فرەزمانی و فرەکولتوری لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە و پێڕەوی لە یاسای جیاوازی کردووە، بەس دیسان بایەخی بنەمای کوردبوونەکە لای نووسەر هێندە بەنرخ و گردەبڕە، لەو قۆناغەشدا، رۆڵی سەرەکی دەگێڕێ لە چارەنووسی بزوونەوەی کوردییەکاندا.

ئەم پرنسیپ و بنەمایە، داوا دەکات لەناو دەوڵەتەکەشدا، کورد خۆی لە شێوە نەتەوەخوازی بەدوور بگرێ. کە بە پێی یاسای هاوچوون، ڕەفتار بکات لە یەککردنی شوناسی زمانی و کولتورییەکان. ئاخر کوردستانێکی مۆزایکی دەوڵەمەند و هەمەچەشن و فرە پێکهاتە، بە شێوەزار و کولتوری ناوچەیی و هەرێمی جۆراوجۆر، ناکرێ هەمووی لە بۆتەی نەتەوەخوازیدا بتوێندرێتەوە. لەناو دەوڵەتێکی ئاوهادا، تەنیا” بنەمای کوردبوون” دەبێتە قەڵغان و شورای پاراستنی ئەم خەسڵەت و سیما تایبەتە و هیچ هەڕەشەیەکی ناوەکی بۆ دروست نابێت و هێزی بێگانە و دەرەکیش، لە عۆدەی نایەت.

“بنەمای کوردبوون لەناو دەوڵەتێکی کوردیشدا داوا لە بزووتنەوە سیاسییەکان دەکات ئۆتۆنۆمیخوازبن نەک نەتەوەخواز،لەناو دەوڵەتی کوردیشدا کۆمەڵگای کوردی رێگە نادات هیچ بزووتنەوەیەکی مۆدێرن بەناو نەتەوەوە تاکە کەلتورێک و تاکە زمانێک لەناو سنوری سیاسی ئەو دەوڵەتەدا سەراپاگیر بکات،بۆ نموونە رێگە نادا بە بزووتنەوەیەکی مۆدێرن دیالێکتی سۆرانی یان دیالێکتی کرمانجی بکات بە زمانی کەلتورە مۆدێرنەکە و یەکەی کەلتوری پێ هەمئاهەنگ بکاتەوە لەگەڵ یەکەی سیاسیدا و بەمە لە زمان و کەلتورێکی ناوچەییەوە بەرزی بکاتەوە بۆ تاکە زمان و کەلتورێکی نەتەوەیی و بیکاتە رێگر لە بەردەم ئەوەدا دیالێکتە کوردییەکانی تری ناو سنووری سیاسی ئەو دەوڵەت ببن بە زمانی کەلتورە مۆدێرنەکە و وەک ئەو زمانە گوزارشت لە زمانی کوردی بکە.”.٥٤٧

کەواتە بۆ پاراستنی ئەم هەمە جۆری و فرەلایەنییە. زمان و کولتوری  کوردی و هاوکات بنەمای کوردبوون، بەرژەوەندی باڵای نەتەوایەتی کورد وا دەخوازێ، ئۆتۆنۆمیخواز بێت و هەر دەڤەر و ناوچەیەک ناسنامەی پارێزراو بێت، لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا. لە ڕاستیدا گەر تەماشای وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا بکەین، دەوڵەتێکی مۆدێرن و خاوەنی کەلتوری باڵاشە و سیستەمەکەی فیدراڵییە. کەچی دەوڵەت هەر بە یەک شێوە زمان بە فەرمی ڕێگەی کارکردنی داوە، لێ لە مافە ناوچەییەکاندا هەر هەرێمێک، بە پێی بەرژەوەندی و بارودۆخی ناوچەکەی سەربەخۆیانە، کاروبارەکانی خۆی بەڕێوە دەبات. کەواتە سیاسەتی زمان و خوێندن، ناوەندییە.

 

کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی ٣٥

 پاشان نووسەر دەمان بات بۆ لای باسێکی تری جیاوازی نێوان بزوتنەوە مۆدێرنە کوردییەکان و عەرەبەکان و دەڵێ:

“ئەوەی بزووتنەوە مۆدێرنە کوردییەکان لە بزووتنەوە مۆدێرنە عەرەبییەکان جیادەکاتەوە،بنەمای نەتەوەخوازی و بنەمای کوردبوونە.بزووتنەوە مۆدێرنە عەرەبییەکانی دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەبن بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز و بەوە بوونی نەتەوەیی عەرەب لەناو سنووری سیاسی  ئەو هەموو دەوڵەتە عەرەبییەدا دەپارێزن و لەناو چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆدا لە رێگەی سەراپاگیرکردنی کەلتورە مۆدێرنەکەوە بەو زمانە عەرەبییە کە پێشتر زمانی کەلتورە مەزهەبی و نامەزهەبییەکەی خەلافەتە عەرەبییەکان بوو،نەتەوەیەک بە ناوی نەتەوەی عەرەبەوە دروست دەکەن. ئەوان بە پەیڕەویکردن لە بنەمای نەتەوەخوازی نەتەوەکەیان دروستدەکەن،بۆیە ناتوانین لە باسکردنی نەتەوەخوازی عەرەبیدا باس لە چەند نەتەوەخوازییەکی جیاواز بکەین.

هەموو بزوتنەوە مۆدێرنە عەرەبییەکان بەوەی کە بەو زمانە عەرەبییە کەلتورە مۆدێرنەکە لە سنوری دەوڵەتەکانی خۆیاندا سەراپاگیر دەکەن و هەر یەکەیان زارەکەی خۆی ناکات بە زمانی کەلتورە مۆدێرنەکە و هەریەکەیان واز لە زمانە ناوچەییەکەی خۆی دێنێ و ئەو زمانە دەکات بە زمانی کەلتورە مۆدێرنەکە کە هەزار و چوارسەد ساڵە بەبێ گۆڕان وەک خۆی ماوەتەوە،ئەمەش وا لەو بزووتنەوە مۆدێرنانە دەکات لە چوارچێوەی یەک بزووتنەوەدا کۆببنەوە کە نەتەوەخوازیی عەرەبییە”.٥٤٨ ـ٥٤٩

هاوکات لە ڕێگەی ئەم دراوەوە، دەتوانین بڵێین کە بزووتنەوەی مۆدێرنی کوردی هەیە، بەڵام ناتوانین بڵێین نەتەوەخوازییەک یان چەند نەتەوەخوازییەکی جیاوازی کوردی هەیە. هۆکەیشی ئەوەیە، سەرلەبەری ئەو بزووتنەوانە، لە گەوهەردا نەتەوەخواز نەبوون و لەسەر بنەمای کوردبوون هەڵساون. پوختەی بۆچوونی نووسەر بریتییە لە:

” بۆ ئەوەی بزووتنەوە کوردییەکان لەناو دەوڵەتە ناکوردییەکاندا یان لەناو دەوڵەتێکی کوردی گریمانەکراودا بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بن، دەبێت بزووتنەوەیەکی ئۆتۆنۆمیخوازبن، بەڵام بۆ ئەوەی بزووتنەوەیەک لەناو دەوڵەتە مۆدێرنەکەدا بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بێت، دەبێت بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز بێت نەک بزووتنەوەیەکی ئۆتۆنۆمیخواز، هەر بزوتنەوەیەکی نەتەوەخواز، لەناو ئەم دەوڵەتانەدا داوای ئۆتۆنۆمی بکات، لەوە دەکەوێت بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بێت و بەمە دەگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی خێڵەکی و ئەتنیکی. لەبەر ئەم هۆکارەیە، کە دەتوانین بڵێین شتێ بەناوی نەتەوەخوازی لەناو کۆمەڵگای کوردیدا بەرچاو ناکەوێ و نییە و ئەگەری سەوزبوونیشی مەحاڵە.

نووسەر شیتەڵ کارییەکی ورد و بابەتییانەی ئەم پرسە و ڕەهەندەکانی دەکات، چەقی باسەکە بە لای نووسەرەوە لەوەدایە، بزووتنەوە کوردییەکان دەتوانن ڕەوایەتی لە کوردبوونی خۆیان وەرگرن، گەر بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بن. بەڵام ئەم ڕەوایەتییە لەدەست دەدەن، گەر بێتوو، خۆیان بگۆڕن بۆ بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز، نەتەوەخواز بەو تێگەیشتنەی، کە ئەو فرەییەی مەیدانی زمان و کولتوری کوردی، تێکڕایان ببێت بە ژێر قورسایی ئامانجێکی نەتەوەخوازی یەکڕەنگ و یەک ماناوە، و بپلیشێنەوە.

“کێشەی بزووتنەوە کوردییەکان بەر لە دروستبوونی دەوڵەتە نەتەوەییەکان و دوای دروستبوونیان و دابەشکردنی کورد بەسەر چوار دەوڵەتە نەتەوەییەکەدا، لەوەدا بووە، ئەو بزووتنەوانەی کە دەوڵەتە نەتەوەیییەکانی  خۆیان دروست کردووە،بنەمای بوونە نەتەوەییەکەیان لەگەڵ بنەمای نەتەوەخوازیدا یەک بووە و لێکدژ نەبووە. فارسیبوون یان عەرەبیبوون یان تورکیبوون یان فەرەنسایبوون، بنەمایەکە لەگەڵ ئەو بنەمایەی نەتەوەخوازیدا یەکە کە داوای  ئەوە دەکات لەناو سنوری سیاسی دەوڵەتێکدا دەبێت یەکەی کولتوری لەگەڵ یەکەی سیاسیدا هەمئاهەنگ بێت. بەڵام بنەمای کوردبوون لەگەڵ ئەم بنەمایەدا لێکدژ دەبێتەوە”.٥٥١

یەکێ لەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرانەی بەردەوام پێویستە،لای دۆست و دوژمن،  جەختی لەسەر بکەینەوە،هەڵکەوتی تایبەت و ئالۆز و کێشەی بێوێنەی پرسی کوردە،لە ناوچەکە و جیهانیشدا.هەر بۆیە هەر قسە و خوێندنەوەیەک لەسەر پرسی کورد بکرێ، دەبێت کتومت بنەما ڕەسەنەکانی خۆی و  واقیعە تاڵەکەی تێی کەوتوو و بۆی نەخش کێشراوە، لەبەرچاو بگیرێ. دەنا کارەکە، نابەبەتییانە و نیوەناچڵ و کرچوکاڵ، خۆی دەدات بە دەستەوە. لەم ڕووەوە بێشکچی دەڵێ:

<< نەتەوەی کورد خرایە دۆخێکەوە کە تیایدا مەبەست ئەوە بوو ژێردەستییەکەی هەتا هەتایی بێت. وا مەبەست بوو نەتەوەی کورد تاهەتایە بەشکراو و لەتکراو و پێچراوە و دوور لەیەک و لەیەک ترازاو و بێ پێناسنامە بمێنێتەو>>.

ـ کێشەی بزوتنەوە کوردییەکان لەناو دەوڵەتە ناکوردییەکاندا

لەم بەشەدا،د.عرفان،بیروڕایەکی د. عباس وەلی،لەڕێی ڕەخنەیەکی بابەتییانەوە ڕەتدەکاتەوە.نووسەر سوورە لەسەر ئەوەی بزووتنەوە کوردییەکان لەبەردەم یەک جۆر لە نەتەوەخوازیدابن. جیاوازی کولتوریی چ کاریگەرێتییە بەسەر ئەوە نییە چەند بزووتنەوەکە بخوڵقێنن.کارایی و یەکبوون و پەرچەکردار گوایە فرەیی و جیاوازی لە بزووتنەوەدا نیشانەی کارایی و سەربەخۆیی بزووتنەوە بەدیار ناخات. ئەم بزووتنەوە وەک پەرچەکردارێکی بزووتنەوەی نەتەوەخوازی تورک و فارس و عەرەبە،بۆیە نەیتوانیوە بە کارایی خۆی یەکبوون پێک بهێنێ.”  دروستکردنی پەیوەندییەکی لۆجیکی لە نێوان یەکبوونی کەلتوری و کارایی بەرهەمهێنەرەکەی و جیاوازی کەلتوری و ناکارایی بەرهەمهێنەکەی،سەرچاوە لە بنەمای نەتەوەخوازییەوە دەگرێت”.٥٥٧

نووسەر، لایەنەکانی دیکەی بیروڕاکانی عەباس وەلی هەڵدەسەنگێنێ. ع. وەلی، پێی وایە بزووتنەوەی کوردی کە لەناو ئەو چوار دەوڵەتە بێتە دەرێ و دەوڵەتی خۆیشی دروست بکات، هەر دەبێتەوە بە چواربەش. ئەمەش سیمای سروشتێکی سەرونەتەوەیییەک بە کۆمەڵگای کوردی دەبەخشێ. لەمەش زیاتر پێدادەگرێ و پێی وایە کە دەکرێ سروشتێکی خوارنەتەوەیی پێ بدات. پێی وایە کورد لە هەر یەکێ لەو پارچانەدا بە کۆمەڵێ بەرژەوەندی کرچوکاڵ لەژێر ناوی ئۆتۆنۆمیدا ڕازی بێت، کێشەکەی چارەسەر دەبێت. د. عرفان لەوێوە بەرەو بەسەرهاتێکی دیاری تری کوردیمان دەبات و دەنووسێ:

“(مەم و زین)ەکەی ئەحمەدی خانی و ئەو هوشیارییە نەتەوەییەی کە گوزارشتی لێکراوە بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەیە لەسەر ئەوەی کە لەناو کۆمەڵگا کوردییەکاندا هوشیاری بە نەتەوە زیاترە لەو کۆمەڵگایانەی کە عەسەبیەت جەوهەرەکەیانە. نەتەوە لەناو ئەو هوشیارییە نەتەوەییەدا کە خانی گوزارشتی لێکردووە بەرهەمی نەبوونی کۆمەڵگا کوردییەکەکانە بەعەسەبە و هەوڵە بۆ ئەوەی کۆمەڵگای کوردی لە بەرامبەر عەسەبەکاندا باس لە کۆمەڵگایەک  بکات کە جەوهەرەکەی دەمارگیری و عەسەبییەت نەبێت. کورد کە دێتە ناو سەردەمە مۆدێرنەکەوە بەو هەموو تراژیدیایەوە دێت کە بە هۆی نەبوونی عەسەبە و نکۆڵیکردن لە بوونی لە لایەن عەسەبە فارسی و تورکی و عەرەبییەکانەوە تووشی بووە،ئەمەش وادەکات بیرکردنەوەی ئەم بزووتنەوانە لە نەتەوە جیاواز بێت لە بیرکردنەوەی ئەو بزووتنەوە نەتەوەخوازانە لە نەتەوە’٥٦٢ـ ٥٦٣

ئەو نەتەوانەی بەرهەمی نەتەوەخوازین، گەرەکیانە تەماهیی(جووتبوونی یاخود ئاوێتەبوونی ماهیەتی دووشت لە یەک شتدا)، لە نێوان بیرۆکەی نەتەوەخوازی و عەسەبە، لە یەک کار و ئەرک دا بکەن وەک یەک بەڕێوەبەرن.

 بەم پێیە لە هەوڵی ئەوەدان لەسەر مێژووی عەسەبە بەردەوام بن. کۆمەڵگا مۆدێرنەکان بە ئاڕاستەی عەسەبەی مۆدێرنی دا بەرن. زاڵێتی و ئاغایەتی خۆیان بکەنە تاکە ئامانج. بەڵام ڕەوتی مێژوو لای بزووتنەوە کوردییەکان، بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا، دەڕوات بەڕێوە، لەبەرئەوەی  بزووتنەوەی کوردیی گیرۆدەی ماهیەتی کوردبوونی خۆیەتی.

“دیموکراسیەت لەناو ئەو دەوڵەتانەدا کاتێک دەبێت بە دیموکراسیەت بۆ بزووتنەوە کوردییەکان کە ببێت بە زەمینەیەک بۆ سەرهەڵانەوەی ئەو کۆمەڵگا مۆدێرنانەی کە لەناو ئەو کۆمەڵگا مۆدێرنەدا بزرکراون کە بزووتنەوە نەتەوەخوازە باڵادەستەکە پەرەیپێداوە.لەو شوێنەدا کە بزووتنەوە کوردییەکان لەناو ئەو دەوڵەتانەدا پێویستیان بە دیموکراسیەتە،نەتەوەخوازە باڵادەستەکانی ئەو دەوڵەتانە پەیڕەوی لە تۆتالیتاریەت دەکەن”.٥٦٥

بزووتنەوە کوردییەکان لەگەڵ هی تورک و فارس و عەرەبییەکاندا، لە هەوڵی بۆ بەرەو پێشچوون و پەرە پێدانی کۆمەڵگا دا بوون. بەڵام کاتێ، بزووتنەوەی نەتەوەخوازی ، تورک و فارس و عەرەب دەیەوێ نەتەوەخوازی خۆی لە بەرژەوەندی کۆمەڵگا مۆدێرنەکەی خۆی، کە بە دەوڵەت گەیشتووە، کە لە کرۆکدا ئەو دەوڵەتەی خۆیان بوونە خاوەنی پەرەپێبدات، ئەوکات لەگەڵ بزووتنەوە کوردییەکاندا دەکەوێتە کێشەوە.

 

نەمر شێرکۆ بێکەس بۆ قاسملوو
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
کاتالۆگ