هۆمەلانی هەر چوار پارچەی نیشتمانم سکاڵا کانتان بەرنە لای خوا.، خالید خورینجی

 وا بەهارە و دارو دەوەن ڕەشپۆشە ڕەشپۆشە    

تەماشا کەن لە نێرگزو گەزیزە و هەڵاڵە و    

xalid_xurinji

بەیبون و ڕەزیانە و وە نەوشە قژیان ئاڵۆز و

پەرێشان و دڵیان پڕ لە خەمو ناخۆشە.

گوێ بگرن لە ناڵەی قازو قورینگ و پەلە وەرانی نیشتمانم  پۆل پۆل ئەڕۆن و دەچن شیوەن دەگێڕن بۆ شەهیدانی شۆڕشی شێخ عەبدوڵڵای نەهری و میر نشینانی بابانم.  دەستە دەستە  ئەڕۆن و ئەگەڕێن بۆ شوێن شەهیدانی قەڵای دمدم و شۆڕشە کەی خانی لەپزێڕینم.

کەمێک لەنگەر ئەگرن و ئەڕۆنە شوێن شەهیدانی شۆڕشەکەی سەید ڕەزا و شێخ سەعیدو ئیحسان نوری پاشاو ئاڕاڕاتەکەی بە خوێن ڕەنگینم.

 لەوێشەوە ئەڕۆنە زیارەتی شەهیدانی  شۆڕشەکەی شێخ محمودی حەفیدو سمکۆی شکاکی دوژمن تۆقێنم.

پاشان ئەڕۆن بۆ سەر مەزارگەی شەهیدانی ڕاپەڕینەکەی شێخ ئەحمەدی بارزان و مەلامستەفاو لەوێشەوە بۆ خزمەت گڵکۆی پیرۆزی عەزرەتی پێشەوا قازی محەممەد و شەهیدانی کۆمارە جوانە مەرگەکەی سەر ڕووی زەمینم.

کەمێک باڵ دەگرن و دەچنە باوەشی شەهیدانی سنە و سەقزو٥٩لاوی مهاباد و شەهیدانی قاڕنێ و قەڵاتان وسۆفیان وکیمیاباران کراوانی سەردەشت وهەڵەبجە و بالیسان وبێ سەروشوێن کراوان وئەنفالکراوانی دەستی دڕندەکانی حیزبی بەعسی ویژدان هەژێنم.

دوای کەمێک سوڕانەوە لە ئاسمانی پڕ لەتەمی نیشتمانم ئەمجارەیان ئەگەڕێن بە شوێن شەهیدان و گیان بەخت کردوانی ڕاپەڕێنە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١زاینی ولە سەر هەر بستەخاکێکی ئەو وڵاتە داگیرکراوە کەللە سەری چەند دایک لاشەی دابێژدابێژکراوی چەند باوکێک ئیسک و پڕوسکی باریکی چەند مناڵێک ئەدۆزنەوە وبە دەنوکە باریک و چەند جارگوللە لێ دراو بەر کیمیا کەوتۆکەیان ئەیان گەیەننە گۆڕستانی شەهیدانی هەڵەبجەو لەوێ تەسلیم بە خاکی پیرۆزی کوردستانیان دەکەن و پاشان بە دڵیکی پڕ لە یازارەوە و بە چاوی لێواو لێو لە فرمێسکی خوێنینەوە گۆڕستانە پان و بەرینەکەی شەهیدانم جێ ئەهێڵن و لە شەقەی شاباڵانیان ئەدەن و بەرەو شەهیدانی شەنگالی غەدرلێکراو دەکەونەڕێ و هەرزو دەگەنە ئاسمانی پڕ لە تەموو خوێن بارینی شەنگالی دایک و خوشک دزراوم وچاویان بە تەرمی سەدان و هەزاران دایک وباوک وخوشک و برا دەکەوێ کە لە کوچەوکۆڵانەکانی ئەم شارەدا بەدەستی ڕوڕەشان ودڕندەکانی داعشی پەروەردەی دەستی جەللادانی جەماران و ئەنکاڕا و بەغداو دمیشق شەهیدکراون و سەربڕاون، ناچار مەلانی نیشتمانم چەند پارچەیەک لە لاشەی دابێژدابێژکراوی شەهیدانی شەنگالم لە گەڵ خۆیان ئەبەن و ئەڕۆن بەرەوکۆبانی و لە گەڵ شەهیدانی کۆبانی بە یەکەوە لە سەری کانی بەخاکیان دەسپێرن و بە پەلەو هەناسە سواری لە شەقەی شاباڵانیان ئەدەنەوە و ئەڕۆن تا بەفریای شەهیدانی کەرکوکی بابە گوڕگوڕم بکەون و تەرمی پیرۆزی سەدان پیشمەرگە لە دەست داعشەکانی بەغدا و تاران و ئەنکاڕا ڕزگاربکەن کە بە هۆی خۆفرۆشان و خاک فرۆشان و لەشفرۆشانی ١٦ئۆکتۆبری ٢٠١٧ وە پەلاماری کەرکوک و چەندین شارو گوندی تری کوردستانیاندا و خەڵتانی خوێنیان کردن ، بەڵێ مەلانی نیشتمانم شەهیدانی دەستی تاوانبارانی ١٦ئۆکتۆبر دەبەن و لە پەنای ئیبڕاهیم حەزۆ و عەلی عەسکەری و خاڵە شەهاب و مامەڕیشە و بارزانی و فڕانسۆ حەریری دا بەخاکیان دەسپێرن .

لەوێشەوە تیژتر لە بروسکەی ئاسمان لە شەقەی شاباڵانیان ئەدەن و ڕەجا لە باڵە شەکەتەکانیان دەکەن هەرچی زوتر بیان گەیەننە فریای شەهیدانی کرمانشانی وێرانکراوی دەستی سروشت، ئا لەم شارەش تەرمی قیمە کراوی دەیان مناڵی کورد ئەبەن و بە شەکەتی و خەڵتانی خوێن و خەمەوە ئەڕۆن بەرەوتازەترین مەیدانی قەتڵوعامی کورد و مناڵانی کورد واتا لە عەفرینی تورک تڕێن ئەگیرسێنەوە و  سەری بێ لاشەکراوی چەندین مناڵی کورد لە گەڵ خۆیان ئەبەن تا  لە سەر بەرزترین چیای جیهانا بە خاکیان بسپێرن و بڵێن  ئەمریکا وئوروپا و ڕوسیا و سەرجەم وڵاتانی جیهان تاکەی بێ ویژدانی تاکەی کەڕولاڵی و چاو چوقاندن.

 مەلانی نیشتمانم بەردەوام بە  سەر چیاو چۆڵ و شارو گوندەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانا ئەسوڕێنەوە و دەخوازن ناو ناو بانگ و کات و شوێنی یەک بە یەکی شەهیدانی دەستی جەللادان و داگیرکەرانی کوردستان لە سەر سینگی مێژوو تۆمار بکەن و وڵاتانی بێ ویژدان و چاو چنۆکانی پارە پەرست و بازرگا نانی سەر کە للە سەر و جەرگ و دڵی مناڵان و بە ساڵاچوان و جەوانانی کوردی لێ ئاگادار بکەنەوە و پێیان بڵێن تف لە ڕوتان هەی بێ شەڕەفان و نامەردانی ڕۆژگار،  ئاخر بابەسبێ  ئەگەر بەرامبەر بە گەلی بەشمەینەتی کورد  گوڵ نابن هیچی تریش دڕک مەبن و چەکە کیمیایەکانتان و تانک و تۆپ و چەک وچۆڵ و کەرەستە کۆمەڵ کوژێکانتان  بە دیاری ، یان بە بڕە پارەیەک مەدەن بە جەللا دانی تاران و ئەنکاڕا و بەغدا و دمیشق باچیترکوردیان پێ قڕنەکەن و  کوردستانیان پێ وێران نەکەن.

بەڵێ مەلانی لانە شێواوی نیشتمانم بەردەوام لە ئاسمانی پڕ لە گوللە بارینی کوردستانی خەڵتانی خوێن دەسوڕێنەوە و دەزانن جیهان بە گشتی و وڵاتانی ئوروپاو ئەمریکا و  دەسەڵاتدارانی زلهیزی جیهان بە تایبەتی بەرامبەر گەلی کورد و گیاندارانی خاکی پیرۆزی کوردستان کوێرن کەڕن لاڵن بێ ویژدانن ،  بۆیە بەردەوام  مەلانی چارە بڕاوی  خاکی کوردستانم ئەسوڕێنەوە تا هەرچی پەڕو باڵی سووتاوی جگەر گۆشەکانی خۆیان و ئیسک و پڕوسکی مناڵانی گوللە باران کراو و سەربڕاوزیندە بە چاڵکراو ئەنفال کراو کیمیاباران کراو لە ناو ماڵی خۆیان دا سوتێندراوی کوردە کۆکە نەوە وسکاڵاکانیان بەرنە لای خوای پەروەردگارو لێی بپرسن ئەرێ گەورەم تۆ ئەم نەتەوە پاک و ئاشتی خوازو ئازادی خوازو خاوەن شەڕەف و کەڕامەت و مسوڵمانەت هێنا سەر ڕووی زەوی و خاکێک بە نێوی کوردستان پێ بەخشین و ئێمەی قەلەندەریشت  لە سەر ئەم خاکە گیرساندەوە و چارە نوسی ئێمەشت بە چارەنوسی ئەمانەوە گرێداو ئێستاش ئەوە سەدان ساڵە کەس و کارەکانمان و مناڵەکانمان و بۆ خۆشمان لە گەڵ ئەم نەتەوە قارەمان و خۆڕاگرو بێ تاوانە زامداردەکرێین ئازار دەدرێین شەهید دەکرێین بێ ماڵ دەکرێین تاڵان دەکرێین ئەنفال و کیمیاباران و زیندە بەچاڵدەکرێین !!!!!! گەورەم تۆ بڵێی جەللادان و دڕندەکانی تورک و فارس و عەڕەب  ئێمەش بە کورد دانێین؟؟؟؟

خالید خورینجی

 

 

کاتالۆگ