کۆڵبەر یان کۆڵنەدەر، موکریان

لە کوردستانی بەڵالێدراو لە سایەی رێژیمی کۆنەپەرەستی ئاخوندی، دابین کردنی نانی رۆژانە بۆ ژیانێکی نەمرونەژی بۆتە هونەرێکی گەورە، جا ئەگەر لە رێگای شەرافەتمەندانە و دوور لە ئیشی دزێو و خراپ بێت وەکوو موعجیزەی سەردەم سەیری دەکرێت.

 

لە بنەڕەتدا باس کردن لە دیاردەیەکی وەکوو کۆڵبەری و ئەژمار کردنی وەک پیشەیەک بۆ مرۆڤ بۆ پەیداکردنی نان وەکوو سەرەتاییترین پێداویستی ژیان کارێکی هەڵەیە، لە بنەڕەتدا تەنانەت ئەگەر وای دابنێین کە کۆڵبەری ئازادە و رێژیمیش هیچ گرفتێک بۆ کۆڵبەران دروست ناکات دەبێ خەباتی ئێمە بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە چڕ ببێتەوە و هاواری ئێمە بۆ بە ئینسان سەیرکردنی هەموو ئەو کەسانە بێت کە لە سایەی رێژیمی ئیسلامیدا دەچەوسێنەوە .

 

لە بنەڕەتدا بۆچی رێژیم هەوڵ دەدا خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی بچەوسێنێتەوە و برسیان ڕا بگرێ؟

 

بە کەمێک تێفکرین وڵامی پرسیارەکە بە ساناییەوە دەس دەکەوێت: ڕێژیمێکی کۆنەپەرەستی وەکوو رێژیمی ئێران کە پێکهاتەی دەوڵەتەکەی لە کۆمەڵێک خەڵکی نەخوێندەوار و چاوچنۆک، دواکەوتوو لە بواری فیکری، ڕزیو لە بواری کۆمەڵایەتی و خەڵک نەویست پێک دەهێنێت و هەڵبژاردن و دانانی زۆربە ی هەرەزۆری ئەو هەیکەلە ئیداری و ئیجراییە لە دەستی خە ڵکدا نییە و بەگشتی لەلایەن دەسەڵاتی رێژیمەوە دادەندرێن و تەنانەت ئەگەر جارێکیش لە جاران کەسایەتییەک لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێت و بنێردرێتە پارلمان یان شوێنێکی تری ئیدارەی رێژیم، خۆی لە خۆیدا هیچ دەسەڵاتێکی نابێ و تەنیا بۆ فریودان و رازی کردنی ڕای گشتی خەڵکە و بەڕواڵەت بە دونیا نیشان دەدەن کە گۆیا ئێران وڵاتی دامەزراوەیی و هەڵبژاردنە و خەڵک لە رێگەی نوێنەرەکانیان وڵات بەڕێوە دەبەن، بەڵام واقیعی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان دەربڕی ئەوەیە کە بەڕاستی و سەتاسەد خە ڵک و دەسەڵات لە یەکتر نامۆن و بەڵکوو رێژیم لە دژی بەرژەوەندی خەڵکی ئێران و کوردستان ڕاوەستاوە و زۆرتر لە داگیرکەرێکی بێ بەزەیی دەچێت کە بۆ ماوەیەکی کاتی هاتووە و دەیهەوێت سامانی وڵات بە تاڵان بەرێت.

 

ئەوەیکە لە گۆشە و کەناری وڵاتدا هێندێک خەمخۆری لەلایەن خەڵک یان خەڵکانێکدا دەبیندرێ یان هێندێک پێشکەوتن لە چەند بواری جیاجیادا دێتە ئاراوە، ئەوە هیممەت و بەرخۆدانی خەڵکە لە بەرامبەر کۆنەپەرەستی رێژیم و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە رێژیمەوە نییە .

 

بۆیە زۆر ئاساییە دەسەڵاتێکی دواکەوتوو لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری قەت نایهەوێ خەڵکێکی زیرەک و خاوەن بیرۆکەی باش و توانا لە بواری ئابووری، سیاسی و هتد…. بێتە سەر کار و دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت یان ڕێژیم بۆ خۆی بیانهێنێتە سەر کار، چونکە ڕوون و ئاشکرایە هزری کۆن و دواکەوتوو ناتوانێت لە دەسەڵاتداری بە سەر هزری نوێ و گەشەسەندوودا بەردەوام بێ.

 

بە تێڕوانین لە تایبەتمەندییەکانی ئەو ڕێژیمە، یەکێک لە دواکەوتووترین و کۆنەپەرەستترین و درندەترین دەسەڵاتەکانی دونیایە کە بەشەر لە مێژووی خۆیدا بینویەتی، کە بە ناوی دین مەشروعییەت بە هەموو تایبەتمەندییە دژی ئینسانییەکانی خۆی دەدات.

 

بۆیە ئەگەر لە چەند وڵاتی دواکەوتووی دیکەدا مافیای ئابووری یان سیاسی دەبیندرێ لە ڕێژیمی ئیسلامیدا مافیای دینی و مەزهەبیش هەیە و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هێندیک خەڵک ئاگاهانە یان نائاگاهانە کەوتوونەتە تیجارەتی کڕین و فرۆشتنی دین و ئایین، ڕێژیمیش بەڕێخۆشکردن بۆ ئەو فکرە بەردەوامی بە دەسەڵاتی نگریسی خۆی دەدات و هەر کەس و لایەن یان نەتەوەیەک لە دژی ئەو فکر و شێوازە لە حکومەت بوەستێتەوە بە توندترین و دڕندەترین شێوە سزای دەدات.

 

بەڵام بۆچی وا لە نەتەوەی کورد بە ڕقداچووە و زەخت و گوشارەکان لە سەر کوردستان چەندین قات زیاترە و تەنانەت هەوڵدان بۆ بە دەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانی ژیانیش لەگ ڵ ڕووبەڕوو بوونەوە و ئاستەنگ بەرەوڕوو دەبێت وە بۆچی نەتەوەی کورد بە گشتی وا کەوتۆتە بەر تەوژمی توندوتیژی و ڕق‌وقینی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران؟

 

دیسان وڵامی پرسیارەکە زۆر بە سانایی:

 

نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژوو سەلماندووی تی کە ئازادیخوازە و مەیلی بۆ بەرەو پێشەوەچوون هەیە و بڕوای بە فەرزکردنی هیچ نەتەوە و ئایینێک بە سەر گەلانی دیکەدا نییە و باوەڕی بە دێموکراتییەت و مافی ئینسان هەیە و ئەوەندەی بۆ کرابێ و گونجابێ بەرامبەری کۆنەپەرەستی و زوڵم وەستاوەتەوە.

 

هەر بەو تەبیعەتە، ڕێژیمی ئیسلامیش لە ڕوانگە ی نەتەوەی کورد ڕێژیمێکی کۆنەپەرەست و دواکەوتوو و داگیرکەرە، بۆیە هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری ئاخوندەکان(کە ئاخوندەکان بە کەڵکوەرگرتن لە دین و بە یارمەتی دەستی دەرەکی توانیان دەست بە سەر بەرهەمی خەباتی خەڵکی ئێراندا بگرن) لە دژی سیستمی کۆماری ئیسلامی وەستایەوە و بەشداری لە گشتپرسی مەشروعیەت بە کۆماری ئیسلامی نەکرد و پێیان وابوو کە ئەم جۆرە پێناسەیە بۆ دەسەڵاتداری وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەئایینی وەکوو ئێران هەڵەیە و رێ بۆ دیکتاتۆرییەتێکی دیکە خۆش دەکات و دەبێتە هۆی چەوسانەوەی خەڵکی جیابیر و پێشکەوتوو.

 

بۆیە ڕقی ڕێژیمی ئیسلامی لە گەلی کورد هەتا ئێستاش بەردەوامە، لە لایەکی دیکەوە خەڵکی کوردستان سەلماندویانە کە سەرەڕای هەموو چەوساندنەوەیەک دیسان مل بۆ کۆنەپەرەستی و دواکەوتویی ڕێژیمی ئیسلامی و هیچ ڕێژیمێکی تر نەوی ناکەن.

 

لە ماوەی چل ساڵ داگیرکاری، ڕێژیمی ئێران نەیتوانیوە لە بواری فیکری و ئیدئۆلۆژییەوە جێی خۆی لە کۆمەڵگای کوردستاندا بکاتەوە و خەڵکی کوردستان بە هزری ئازادیخوازی و بەرخۆدان بە شێوازە جۆراوجۆرەکانی سەردەم دژ بە دەسەڵاتی ڕێژیم وەستاونەتەوە، تەنانەت نەوەی نوێی کوردستان کە زۆرێک لە تاوانەکانی ڕێژیمی لە ساڵانی پێشدا( وەکوو هێرشی سەر کوردستان بە فتوای دینی، سوتاندن و تاڵانی شار و گوندەکان، کوشتوبڕی خەڵکی سڤیل و مەدەنی و….) وە زۆر شتی لەو وێنەیەی بەچاو نەدیتووە بەڵام دیسان حازر نییە بە چۆکدابێ و سوورە لە سەر داوا و حەقی رەوای خۆی.

 

کۆڵبەرێک کە حازرە لە شاخ و کێوەکان لەژێر تەوژمی سەرما و سۆڵی بەفر و بەستەڵەکی کوێستانەکاندا بە رێگەی سەخت و هەڵدێردا بۆ پەیداکردنی نانێکی شەرافەتمەندانە گیانی خۆی بخاتە مەترسی و بمرێ، بەڵام حازر نییە قبوڵی هزری دواکەوتووی ڕێژیم بکات کە رەنگە بە بوونە بەسیج و جاش ژیانی تەواو بگۆردرێ، بەڵام مردن هەڵدەبژێرێ ئەمما ناچێتە بن باری هزری دواکەوتویی.

 

رۆژانە دەبینین چەندەها گەنج و پیر لە رێگەی بە دەستهێنانی نان، ژیان دەبەخشن و شەهیدی رێگای سەربەست بوون دەبن، بۆیە بەڕاستی ئەو بیرە کە ڕێژیمی هەراسان کردووە و تۆقاندوویەتی و بە هەموو شێوەیەک دەیهەوێ زەخت و گوشاری زۆرتر بخاتە سەر خەڵکی کوردستان و داخستنی رێگە کۆڵبەرییە کانی سەر سنوورەکان لە ڕاستای ئەم سیاسەتەیە.

 

بەڕاستی دەبێ سەری حورمەت و کڕنۆش بۆ هەموو ئەو کەسانە دانێین کە ئاوا خۆڕاگر لە بەرامبەر ڕێژیمدا وەستاونەتەوە.

 

بەڕاستی ئەوانە کۆڵبەر نین بەڵکوو کۆڵنەدەرن و بەشێکن لە گەلی کوردستان کە ئیرادەیەکی بەهێزیان هەیە کە لە پشت ئەو ئیرادەیە فکرێکی قووڵی لە بن نەهاتوو بوونی هەیە کە لە تایبەتمەندییەکانی گەلی کوردە.

 

ڕێژیم لە ماوەی ٢٠ساڵ ڕاگرتنی خەباتی چەکداری فرسەتێکی باشی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە بەردەمدا بوو بەڵام بینیمان کە بوونی پێشمەرگە تەنیا بیانوویە و ئەو ڕێژیمە لە بنەڕەتدا باوەڕی بە چارەسەری کێشەی خەڵکی کورد بە هیچ شێوەیەک نییە.

 

تەنیا پاڵپشت و ئومێد و دڵگەرمی خەڵک حیزبەکانە بەڵام بە یەکگرتویی، ناوەندی هاوکاری هێزە ڕۆژهەڵاتییەکان بە لێدوان و ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەتوانێت یارمەتیدەری کۆڵبەران بێت، بۆیە چاوی خەڵكی کوردستان لە هەماهەنگی زیاتری ئێوەی بەڕێزە.

 

سەرچاوە: کوردستان میدیا

 

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو