ھەرگیز نەمری پێشمەرگەی پاسۆک: کاک جەلالی حاجی حسین(کەلۆش)، هەڵۆ بەرزنجەیی

قەدەر و چارەنووس یەکێکن لەو دیاردە دژوار و عاسییانەی کە ھێشتا لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی مرۆڤدان. سەخت و مەحاڵیشە لە جغز و ئاقارێکی دیاریکراودا ھەڵسوڕێندرێن و بخرێنە مەیدانەوە،

وەک ئەوەی دڵ ئارەزووی دەکات و پێداویستییەکانی ژیان دەیخوازێت.

کام چیرۆک دەبێت لەوە تاڵتر و بەسوێ تر بێت؟، پێشمەرگەیەکی کورد ھەموو تەمەنی گیانبازی بوو بێت، لە پێناوی کوردایەتی دا و دوای ئەزمونی ٣٠ ساڵ کۆڕی تێکۆشان سەروبنی زمانی “نەفرەت لە براکوژی بێت” قەدەر لە پەلەپیتکەی خواستەکانی ئەو بترازێ و بەدەم گێژاوێکی خوێناوی گەورەوە لە تەمومژێکی نادیاردا،ساتێ بۆ کوژاندنەوەی ئاگری شەڕی براکوژی مانگی گوڵانی ١٩٩٤، پێیەکی لای پارتی و ئەوی دیکەی لای یەکێتی بوو،دڵسۆزانە سەرگەرمی “چارەنووسێکی پیرۆز و ھێژا”بوو.لەو دەمە ناسکەدا دەستی براکوژی ھار بە ڕیزێک گوولەی نەگریس ئێوارەی ٢ی گوڵانی ١٩٩٤ لە شاری سلێمانی کاک جەلالی کەڵەپیاو و جوامێری تەختی زەوی کرد و شەھید کراو بووە شەھیدی ئاشتی و تەبایی کورد و کورد.

ئەفسووس و سەدجار ئەفسووس ئەو دەیگووت :” گەر بە کوشتنی من کورد رزگاری دەبێت،وا من بە جەھەننەم”. بەڵام بەداخەوە براکوژی ھەرکۆتایی نەھات.

چ ژانێکی بەسفتوسێیە، کام تراژیدیای ناھەموار وماڵوێرانییە،لە چ نەفرەت بکەیت و بەگژ چیدا بچیتەوە،قەدەر ئەوەت ئاوقاو تووش بکات.! کاک جەلال ڕۆڵەیەکی قارەمان و ھەڵکەوتووی ئەم نیشتمانە کۆست کەوتوەیە و لە ساڵی ١٩٤٦ ز لە شاری سلێمانی ھاتۆتە دنیاوە.بە کوردایەتی فریچکی گرتووە. لە ١٦ ھەمین بەھاری تەمەنییەوە پەیوەندی بە ر ێکخستنەکانی ناو شاری پارتییەوە ھەبووە و لە ١٩٦٥وە شەرەفی پێشمەرگایەتی لە شۆڕشی ئەیلوول مەزندا وەچنگ ھێناوە.

یەکێک بووە لە پێشمەرگە ھەرە بەجەرگ و ئازا و دەستوەشێنەکانی ساڵانی شەستی ناوشار. بەلێھاتوویی و دڵسۆزی خۆی بە پلەی جۆراوجۆر گەیشتووە و سەرئەنجام لەھەردوو بواری سەربازی و سیاسی دا،کادێرێکی زۆر کارامەو وریا و لێھاتووی کامڵی لێ دەردەچێ. دوای ئەوە بانگی کاژیک دەدرێت بە گوێی دا،ئەرکەکانی چالاکانە بەئەنجام دەگەیەنێت و لەنێو دەروونی شۆڕش دا،وەک سەربازێکی ونناو درێژە بە خەبات دەدات.

دوای ھەرەس لەگەڵ دەستە ھاوبیرەکانی دا بەشداری چالانە لە دامەزراندنی پارتی سۆسیالیستی کورد – پاسۆک دا لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٧٥ دەکات. زنجیری خەباتی بە نەپساوی رادەگرێت تا لە ساڵی ١٩٧٦ دا مەترسی گرتن ھەڕەشە لە ژیانی دەکات و ئاشکرا دەبێت و ڕوو دەکاتە شاخ و یەکەم بنکەی پێشمەرگەی پاسۆک دەکاتەوە.
لەو بارە سەختەدا بەچکەشێرانی کوردایەتی مەشخەڵی گەڵگیرسانەوەی شۆڕش بڵند دەکەنەوە.کاک جەلال ڕۆڵی زۆر دڵسۆزانە لە خاوکردنەوەی کێشە و ھەرا سیاسییەکانی ساڵانی پێش ھەشتا و دوای ھەشتا دەبینێت، لەخۆبووردووانە بەرگەی ڕۆژانی کولەمەرگی و تەنگانەی کوردایەتی. دەگرێت لەسەرەتای ھەشتاکان دا ڕوو دەکاتە سووریا و لەوێ نیشتەجێ دەبێت و بەردەوام دەبێت لە خزمەتی گشتی دا و پاشان دەچێت بۆ سوید و لەوێ دەبێتە پەنابەری سیاسی.

کاک جەلال لەھەر کوێیەک بوو بێت، ھەر خوێنی کوردی بە دەمارەکانیدا ھاتوچۆی کردووە و ھەرچی پێکرا بێت بۆ خزمەتی نەتەوەکەی ھەرگیز درێغی نەکردووە، چونکە ئەو زەمینە مادی و رۆحییەی کە لەسەری ڕاوەستا بوو وە بڕوای پێی بوو، لێوەی ھەنگاوی ھەڵدەھێنا (کوردایەتی) بوو . ھەر ئەم خەسڵەت و بنەما و دیدە فکری و قەناعەتە گەشاوەی بە کوردایەتی لەتەک لەخۆبووردوویی و ھەوڵی بێنیاز و دڵسۆزانەدا،کاک جەلالی وا سەرکەوتووانە ھێنایە نێو کۆڕ و مەیدانی خەباتەوە نەک ڕێکەوت و سەپاندن و تەقلەی زەمانە.
کاک جەلال پیاوێکی قسە لە ڕوو و زمان شیرین و ساکار ڕاستگۆ و بەئەمەک و دلێر بوو . دۆستی ئەدەب و وەرزش بوو،پەیوەندی لەگەڵ ھەموو پارت و کەسایەتییە سیاسییەکانی گشت بەشەکانی کوردستان دا ھەبوو.

بیرەوەرییەکانی کاک جەلال کۆمەڵێ یادگاری زیندوو و لەبەرچاون و ئەوەی ساتێ ئاشنای بوو بێت ، ئێستاش چەخماخەی ئەو یادگارانە لە ئاسمانی بیر و ھۆشیدا گرمەگرمی دێت.

لەدەستدانی کەڵەمێردێکی وەک کاک جەلال بە گڕی ئاگری براکوژی، ئەو شەڕەی مووی لەشی پێ دەبووە نەشتەر و پێی کەللەیی دەبوو، داخ و خەفەتێکە ھەرگیزاو و ھەرگیز لەبیر ناچێتەوە.

ھاوبیرانی ئاڵاھەڵگرانی ڕاستەقینەی کوردایەتی خۆ بە منەتباری ئەو قوتابخانەیە دەزانین کە ڕۆڵەی ئاوھا بۆ نەتەوەکەی گۆشت دەکات و پنتی ئەو قەناعەتەشمان کە نەگۆڕو نەلەقیوە پیرۆزە لەھەمبەر خزمەتی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەمان دا .

یاککردنەوەی کاک جەلال و شەھیدانی دیکەمان ئەرکێکی پێویست و دروستە.

ژین لەلای دڵسۆز هەر تێکۆشانە

ھەوڵە بۆ خاکی ئەم کوردستانە

خۆزگە ئەندازەی ژیان و تەمەن

تێکۆشان بوایە بۆ خاکی وەتەن

ئاخۆ تەمەنی کام دڵسۆزی کورد

لە چوار پێنج ساڵی تێپەڕی ئەکرد

کامەران موکری

نەمری بۆ کاک جەلال

سەرنج: ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٠ ی نەورۆزی ٢٦٠٧/١٩٩٥ گۆڤاری خوێندکاری کوردی ڕێکخراوی سۆکسەدا بڵاوکردۆتەوە. دیسان بۆ یادی کاک جەلال پێشکەشە.

کاتالۆگ