کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی 38/39، هەڵۆ بەرزەنجەیی

عێراق دەوڵەتێکە، عەرەب،لە ڕێگەی دامودەزگاکانیەوە، کولتوری فەرمی بۆخۆی دروست کردووە. کوردیش کولتورێکی دەوڵەمەندی هەیە .حکومەتی ناوەندی کە بەدەست نەتەوەی زاڵەوەیە،

helo-berznci

نەتەوەی کوردی بندەست،لە کاتێکدا خاوەنی کولتوری ڕەسەنی خۆیەتی،  کەچی دەوڵەت دێ و بۆنەیەکی نەتەوەیی کوردی، وەک نەورۆز دەگۆڕێ بۆ جەژنی دار و درەخت. تورکیاش بە هەمان شێوە. رۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێکانی،کە لە ڕووی بیرەوەریی نەتەوەیی و کولتورییەوە،بۆ کورد  ڕۆژێکی خەمناکە، ئێران/ ناوەند دێ و ڕێگری لەمە دەکات. هەموو ئامانچیش لەم ڕەفتارەی دەوڵەتی ئێران ، بەتاڵ کردنەوەی مانا و ناوەڕۆکە نەتەوەییەکەی تایبەتمەندێکانی  نەتەوەی کوردە.

 گۆرانیبێژێکی کورد، لە بەیتێکی فۆلکلۆردا ئێژێ: من کرمانشانی فارسی نەزانم، وە زبان کوردی قەزات وە گیانم، بەرپرسی باڵای دەوڵەتی ئێران ڕاست دەبێتەوە و دەڵێ زمانی کوردی نییە. عەرەبی سووری پێیان وایە کوردستان لەو بەشەدا نییە و عەرەب لە میهر و خۆشەویستی و مرۆڤدۆستییانەوە، باوەشیان بۆ کورد کردۆتەوە، تا لە زوڵمی تورک بیانپارێزن.

ئەمەش بەشێکە لەو سیاسەتەی کولتوری مۆدێرنی ئەو وڵاتانە،کە گۆڕیویانە بە کولتوری نەتەوەیی. ئەمە پرنسیپی کاری بەشی هەرە زۆری کولتوری داگیرکەرانە، دەرئەنجامی بەربەرەکانی و شێواندن و دزینی، کولتوری کوردییە. موزیک و تێکستی کوردی، بە دەنگی گۆرانیبێژە کوردەکان، کراوە بە تورکی و ئیمڕۆ تورک بۆتە خاوەنی ئەو کولتورە. لە ئێستا قورسایی موزیکی ئێرانی ها بە دەست کوردەوە، کەچی لە دنیادا بە هی فارس قەبڵێندراوە. ئاخر ئەوان خاوەن دەوڵەتەکەن و قازانج و بەهاکان دەرژێنە ئەستێڵکی ئەوانەوە.

“ئەو هێزەی دەوڵەتی نەتەوەیی دروست دەکات  بۆ دروستکردنەکەی پێویستی بەوە دەبێت کولتورێکی پیشەیی مۆدێرنی هەبێت و شێوەیەکی کولتوریشی هەبێت بۆ ئەوەی لەو کولتورە پیشەییە کولتورێکی نەتەوەیی دروست بکات.٥٧٨ـ٥٧٩

نووسەر زۆر لەسەر ئەم پرسانە دەوەستێ و تا دوا هەناسە، خوێنەر لەگەڵ خۆیدا دەگێڕێ، تاوەکو بۆ زێتر ئاشنابوون بە بۆچوونەکان، نموونە لەسەر تورکیا دێنێتەوە و دەڵێ:

ئەم دەوڵەتە نەتەوەخوازی تورکیا دروست دەکات،بەرلەوەی دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێک هەیە لەگەڵ کولتورێکی مۆدێرندا ،عوسمانی.نەتەوەخوازییەکی تورکیش هەیە بەناوی نەتەوەخوازی تورکی،کە دواتر شێوەیەکی کولتوری دەدات بە کولتورە مۆدێرنەکە و بەمە شێوەی نەتەوەیی دەوڵەتە نەتەوەییەکە ئامادە دەکاتو،بە شیوەگیرکردنی دەوڵەتەکە لەناو ئەم شێوە نەتەوەیەدا.دەوڵەتێکی نەتەوەیی نوێ لەناو جیهاندا دروست دەکات و ناوی دەنێت تورکیا”٥٨١.

نەتەوەخوازی تورکی بۆ ئەوەی شێوەی نەتەوەیی دەوڵەتە نەتەوەییەکە دروست بکات،پێویستی بە کولتوورە مۆدێرنەکە و شێوەیەکی کەلتوورییە. کەلتورە مۆدێرنەکە لە نموونەی ئەوروپاوە وەردەگرێت. شێوە نەتەوەییەکەش لە یەکێ لەو کۆمەڵگانەوە وەربگرێ،کە لە سنووری سیاسی دەوڵەتەکەدا هەن. بەم پرۆسێسە، نەتەوەخوازی تورک دەوڵەتەکەی دەکات بە دەوڵەتێکی نەتەوەیی. بە پێی بنەمای دروست بوونی دەوڵەتی نەتەوەیی، نەتەوەخوازیی تورکی کاتێک زمانی تورکی و شێوازی کولتوری کۆمەڵگای تورکی بۆ دروستکردنی شێوەی نەتەوەیی دەوڵەتی تورکی هەڵبژاردووە، هیچ مەبەستێکی نەبوو و هەڵبژاردنێکی هەڕەمەکییانە بووە. ئەمە واتای ئەوە ناگەیەنێ کە زمان و کولتوری تورکی لە کوردی پێ باشتر بووە. هەر وەک چۆن لە سەرەتادا بۆ وشەی درەخت(د،ر،ە.،خ،ت)، بە ڕیکەوت هەڵبژێردراوە، ئەوە نەتەوەخوازی تورکیش بە رێکەوت زمان و کولتوری تورکی هەڵبژاردووە.

لێرەدا د. عرفان خەستتر قسەکانی لەسەر کولتور و رۆڵی لە دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەدا دەکات و دەڵێ :

لە راستیدا ئەوەی دەوڵەت دەکات بە دەوڵەتی نەتەوەیی کولتورە مۆدێرنەکە نییە،چونکە کەلتورە مۆدێرنەکە کەلتورێکی گشتییە و وا ناسراوە کە بەرهەمی عەقڵێکی سەرونەتەوەییە و تایبەت نییە بە کۆمەڵگایەک لە کۆمەڵگاکان”.٥٨٢

کەواتە لەو شوێنە کە باسمان لە گرنگی کولتور بۆ پرۆسەی نەتەوەیی بوون کرد، لێرەدا هۆکارە سەرەکییەکە/ یاخود میکانیزمە کاراکە، بریتییە لەوەی ئەو کۆمەڵگایانە لە ڕێگەی زمان و شێوازە کەلتوررییەکەی خۆیانەوە، کولتورە مۆدێرنەکە دەگۆڕن، یاخود زاڵ دەبن بەسەریدا، بۆ کولتورێکی نەتەوەیی.

ئا لەم هەنگاو و پرۆسەیەدا، کۆمەڵگا ئەو کولتورە مۆدێرنە، دەکاتە موڵکی خۆی و شەقڵ و سیمای نەتەوەیی خۆی پێ دەبەخشێ و مۆری  Mady in….، ی لێ دەدات. ئەمەش  دەمانبات بەرەو پێناسە و ڕۆڵی نەتەوەخوازی و کاریگەرێتی  لەسەر ڕووبەری ئاماژە پێدراو.

” نەتەوەخوازی بیروباوەڕێکە، ئەم بیروباوەڕە دەیەوێت ئەو باوەڕە لای کۆمەڵگا جیاوازەکانی ناو دەوڵەتێکی دیارینەکراو بە نەتەوەیەک دروست بکات کە نەتەوەخوازی بە وەرگرتنی زمان و شێوەزاری کولتوریی کۆمەڵگەیەکی میللی  ئەو کولتورە نەتەوەییەی ناکات بە موڵکی ئەو کۆمەڵگا میللییە،نەتەوەخوازی بەوەی کە ئەو زمان و شێوازە وەک خۆی ناکات بە شێوەی کولتورە مۆدێرنەکە و وەک کەرەستەیەک بۆ دروستکردنی شێوە کولتوورییەکە بەکاری دەهێنێ، لە پرۆسەی دروستکردنەکەدا ئەو شێوە کولتوورییە لە رۆحی ئەو کۆمەڵگا میللییە بە تاڵ دەکاتەوە و کولتورێکی نەتەوەیی لێ دروست دەکات کە موڵکی هیچ کۆمەڵگایەکی ئەتنیکی و میللی ناو سنوری سیاسی ئەو دەوڵەتە نییە و مووڵکی هەموو کۆمەڵگا میللییەکانە و کۆمەڵگا میللییەکان بەمە دەبن بە خاوەنی یەک کولتوری نەتەوەیی هاوبەش”.٥٨٣

جا بۆ ئەوەی وێنەی ڕوون و بێ گرێوگۆڵی ئەم باسە بێتە بەرچاوی خوێنەر، تابتوانێ تێگەیشتنی لەم چڕی و خەستی باسەی کولتور و کولتوری مۆدێرن و نەتەوەییدا قوڵتر بێتەوە، بە کورتی نووسەر دەڵێ :

“نەتەوەخوازی تورک لە دەوڵەتی عوسمانیدا، داوای ئەوەی دەکرد، دەوڵەت لە چنگی بنەماڵەی عوسمانی دەربهێنێ و بیکات بە موڵکی هەموو پێکهاتەکانی دەوڵەتەکە، لەلای کورد و لاس و چەرکەس و ئەرمەنی… هتد، ئەم بانگاشەیە وای کرد، هەموو ئەو نەتەوانەی سەرێ، پشتگیری لە دروشمەکانی نەتەوەخوازی تورک بکەن. تاوەکو دەوڵەتی عوسمانی بە کولتوری نەتەوەیی بگات، دەوڵەتی نەتەوەیی، ڕازی بن بەوەی کە شێوە کولتورییەکەی ئەو نەتەوەیەش لە زمان و شێوازی کولتوری کۆمەڵگا ئەتنیکییەکەی تورکی وەربگرێ.

 ئاخر ئەوەی دەبێ ئاماژەی پێ بدەین،تەنیا نەتەوەخوازی تورک هەڵساوە بەم چالاکییەکە، بۆیە مافی بە خۆی داوە، زمان و شێوازە کولتورییەکەی خۆی  بەسەر ئەوانی دیکەدا زاڵ بکات. ئەوانی دیکە دەستبەرداری ئەم ماف و حەزە بوون و پاسیڤ بوون و نەیانتوانی یان نەیان ویست هیچ بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن. هۆکاری ڕازیبوونی ئەوانی دیکە، بەم هەنگاوە و پلانەی تورک، لە سۆنگەی ئەوە بوو، باوەڕیان وابوو، دیاریکردنی دەوڵەتەکە، واتە کێشانی هێڵە گشتییەکانی سیستەم و دامەزراندنی جومگە گرنگەکانی دامەزراوەی دەوڵەتی، بەو شێوە زمانە کولتورە تورکییە، دەوڵەتەکە ناکاتە، موڵکی کۆمەڵگا ئەتنیکە تورکییەکە. چونکە تورکیش خاوەنی زمان و شێوازە کولتورییەکەن، کە کولتورە مۆدێرنەکەی کرد بە کولتوری نەتەوەیی.

دەبێت ئەوانیش، واتە تورک وەک هەر کۆمەڵگایەکی جیاوازی ناو سنووری دەوڵەتەکە،  کولتورە مۆدێرنەکە وەرگرن و واز لە کولتورە ئەتنیکییەکەی خۆیان بهێنن. بە دەربڕینێکی تر، واتە شوێن و پێگەی دەوڵەت لەگەڵ کۆمەڵگاکانی دیکەدا دابەش بکەن و هەریەک لەو نەتەوانە ببنە خاوەنی حکومەتی خۆیان لەناو دەوڵەتە تازە دروست بووە، مۆدێرنەکەدا.

وەک دەزانین تورک نەک ئەمەی نەکرد، سەرەتا بە هاوکاریی و پشتیوانی کورد، یۆنانییەکانی دەرپەڕاند و دواتر خۆی تەرخانی سەرکوتکردنی نەتەوەکانی ناو سنووری دەوڵەتەکەی کرد و  بە کوشتن و ڕاوەدوونان و زیندانی و کاولکردنیش وازی نەهێناو، بە یاسای قەرەقووشی، ناوی کوردی قەدەغە کرد و نکۆڵی لە بوونی کرد و هەوڵی دا، دروشمی یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک دەوڵەت، بەکردەوە بەرجەستە بکات. بەڵام سەرباری ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی تورک، ئەوە سەدەی بیست و یەکە و هەم کورد ماوە و هەمیش دەستبەرداری ویست و داوای ئازادی و سەربەخۆی نەبووە و تورکیاش خەونەکانی بۆ نەهاتۆتە دی و ئارام و ئۆقرەی لێ هەڵگیراوە و ئارام و ئۆقرەی لێ هەڵگیراوە.

 د. عرفان، لەسەر ئەم تێزەش بەدرێژیی دەڕوات و بە لقوپۆپەکانیدا شۆڕ دەبێتەوە و پێی وایە :

ئەوەی خەڵکی ناو سنوری سیاسی دەوڵەتێکی مۆدێرن دەکاتە ئەندامی ناو کۆمەڵگا مۆدێرنە نەتەوەییەکەی ناو دەوڵەت،شێوە کەلتورییەکەی،کەلتورە مۆدێرنەکە نییە،بەڵکو خودی کەلتورە مۆدێرنەکە خۆیەتی”.٥٨٤.

نووسەر لێرەدا  هەروەها ئاماژە بە دوو توخم: یەکەم: شێوەی ئەو کولتورەیە و موڵکی یەکێکە لە کۆمەڵگاکان و دووەم: کەلتورە مۆدێرنەکەیە، کە موڵکی کەسیان نییە، بریتین لە گەوهەری ئەو کولتورە نەتەوەییە کە نەتەوەخوازی لە کۆمەڵگایەک لە کۆمەڵگاکانی ناو سنووری سیاسی و کولتوری مۆدێرنە جیهانیەکە دروستی دەکات و دەوڵەتەکەی پێ دەکات، بە دەوڵەتێکی نەتەوەیی.

“ئەوەی مۆدێرنیزم و نەتەوەخوازی لەناو کۆمەڵگاکاندا وەک باوەڕێك دروستیان کردووە لەگەڵ ئەوەی کە لەواقعی ئەم کۆمەڵگایانەدا هەیە جیاوازە،واقعی کۆمەڵگاکانی ناو دەوڵەتی نەتەوە  ئەوە نیشان دەدات کە نەتەوەخوازی بە دروستکردنی دەوڵەتە نەتەوەییەکە هەر کەلتورە مۆدێرنەکەی نەکردووە بە موڵکی ئەو کۆمەڵگا ئەتنیکییەی کە خاوەنی شێوەی ئەو کولتورەیە دەوڵەتەکەی پێکراوە بە دەوڵەتی نەتەوەیی، بەڵکوو دەوڵەتەکەشی کردووە بە دەوڵەتی ئەو کۆمەڵگایە”.٥٨٥

ڕاستییەکان ئەوەندە بەرچاون، ئەوە دەبینین ئەو کۆمەڵگایەی توانی لە ڕێگەی زمان و شێوە کولتورەکەیەوە، بەسەر کەلتورە نەتەوەییەکەی دەوڵەتی نەتەوەیی دا زاڵ بوو، سیاسەتی نەخشکرد، ئەوە  ئەو دەوڵەتە هی ئەو گروپە یان ئەتنیکەیە و ئەو لایەنە دەبێتە خاوەنی و ڕۆڵی لە چارەنووسی ئەوانی دیکەدا دەگێڕێ.

بەڵام مۆدێرنیزم و نەتەوەخوازی دەیانەوێ پێمان بڵێن، کە هەم دەوڵەت و هەم نەتەوەی  دروست بوو، موڵکی هەموو لایەنەکانی ناو سنوری سیاسی دەوڵەتەکەیە. واتە دەوڵەت و نەتەوەکە لە کۆی پارچەکانی هەموو لایەنەکان دروست بووە و  سەرجەمیان یەکسانن تێیدا و بەشداری و توانا و دەرفەتی وەک یەکیان بۆ ژیان بە ڕوودا کراوەتەوە. بەڵام گەر بێت و لە نەخشەی جیهان بڕوانین و سەرنجێ وڵاتگەلێکی وەک بەریتانیای مەزن و ئیسپانیا و تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا… هتد بدەین، هەر زوو بە زوو دەکەوین بەسەر ئەو ڕاستییەدا،  ئەو دەوڵەتانە کەموزۆر، مۆری ئینگلیز و ئیسپانی و تورک و فارس و عەرەبییان پێوەیە و هی ئەوانە. وەک دەزانین، سکۆتی و وێڵزی و کاتالانی و باسکی و کورد و بەلوج و ئارەزی لە پلەی دوو و  هەرە دامێنی دەوڵەتەکەدا جێییان بەرکەوتووە/نەکەوتووە.

خۆ گەر وانییە،ئەوا بۆچی ئەم نەتەوانە هەوڵ و خەباتیان بۆ بوونی نەتەوەیی خۆیان دەکرد .تەماشای نموونەی بارودۆخی کورد بکەین، وا  لە پەراوێزیشدا، نابینرێتەوە. بەم پێیە زمان و کولتوری ئەوانەی خاوەن دەوڵەتەکە نین، سست و لاواز و  کەم بڕشتە، لەچاو ئەوانەی خاوەنی دەوڵەتەکەن، کە دەوڵەتێک بە هەموو ئیمکانیتییەوە خراوەتە خزمەتیانەوە. لە قوتابخانەی سەرەتاییەوە تا زانکۆ و سەدان پەیمانگا و دەزگای تر، لە ڕادیۆ و ڕۆژنامە و تیڤییەوە، تاوەکو چەندان دەستاوێژ و میکانیزمی تر…تاد.

 

کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی ٣٩

نووسەر لە لاپەڕەکانی دوایی ئەم باسەدا، نموونەیەکی بەهێز لەسەر پەردە لادان لەسەر ئەم بۆچوون و ڕاستییەدا دەخاتە بەرچاو و دەنووسێ:

” بۆ نموونە کەسێک دەیەوێ لە زێڕ پەیکەری سوکرات دروست بکات،دەبێت شێوەکەی سوکرات لە سوکرات وەرگرێت و مادەکەش لەو زێڕە وەرگرێت کە خاوەنی شێوەیەکی دیاریکراو نییە و شێوەکەی سوکرات بدات بە زێڕە بێ شێوەکە و بەمە زێڕەکە لە زێڕێکی شێوە نادیارەوە بکات بە زێڕێکی شێوە دیار.ئەو پەیکەرسازەی بەم کارە شێوەکەی نەکردووە بە موڵکی زێڕەکە،بەڵکو زێڕەکەی کردووە بە موڵکی شێوەکە. ئەو دروستکراوە نوێیەی کە ئەو پەیکەرسازە دروستیکردووە.زێڕێکی پەیکەرین نییە و پەیکەرێکی زێڕینە.زێڕەکە بەوەی چووەتە پێکهاتەی پەیکەری سوکراتەوە،شوناسی خۆی بزر کردووە. بەڵام شێوەکەی سوکرات بەوەی کە چووەتە ناو ئەو پەیکەرەوە شوناسەکەی خۆی و هەر خۆیەتییەکەی پاراستووە و نەبووە بە شێوەیەکی تر یان کەسێکی تر،بەڵام زێڕەکە بەوەی چووەتە ناو پێکهاتەی ئەو دروستکراوەوە  لەوە کەوتووە پێی بووترێت زێڕ،زێڕەکە لەناو پەیکەرەکەدا تەنها خاسیەتێکە لە خاسییەتەکانی پەیکەرەکە و بوون و شوناسی خۆی لەدەستداوە و ئەوەی کە هەیە و لەو دروستکردنە کەوتووە پەیکەرە نەک زێڕ”.٥٨٨ ـ٥٨٩

ئایا بەم شێویە د.عرفان دەچێتە بنج و بناوانی مەسەلەکە و بە دێڕێکی تژی لە مانا، هەموو ئەو بۆچوونە ڕواڵەتی و ساکار و بێ بنچینانە دەداتە دواوە، کە پێیان وایە، مۆدێرنزم، دوا وێستگە و تاکە ڕوانگەی تەماشاکردنی جیهانە و دەڵێ:

” وێناکردنی کەلتوری مۆدێرن بە کولتورێکی تەواو،جگە لە وەهمێک هیچی تر نییە”.٥٩٠.

 کولتوری مۆدێرنە دەبوایە شێوازێکی سەربەخۆی هەبوایە، نەک لە ئەتنیکەکانەوە، زمان و کولتور وەربگیرێت. هەڵبەت مۆدێرنە سوورە لەسەر ئەوەی، ئەو شتەی خۆی دایهێناوە و هێناویەتە کایەوە لە زمان و کەلتور،دیاردە و شتێکی نوێی هاوچەرخە و پێشوەخت نەبووە. بەڵام ئەم بانگاشەیە بەتاڵە، چونکە هەردوو کەرەسەی زمان و کولتورەکەی، مۆدێرنە لە  بنچینەدا، لە زمان و کولتوری ئەتنیکەوە وەرگیراوە، بە پرۆسێسی جیاوازدا براوە، تا کراوەتە ئەو قاڵبەی خاوەن مۆدێرنیزم مەرامی بووە و مەرامێتی.

“بە پێی ئەم بیروباوەڕە راستە کۆمپیوتەر لەو مادە سروشتیانە دروست دەکرێت کە پێشتریش لەناو سروشتدا هەبوون،بەڵام ئەو مادانە جارێکی تر دەبێت بە دروستکردندا ببرێن،تا ببن بەو مادە شیاوانەی کە کۆمپیوتەرەکەی لێ دروست دەکرێت. بۆیە ئەو مادە شیاوانەی کە کۆمپیوتەرەکەیان لێ دروست دەکرێت کە لەناو ئەو مادە دروستکراوانەدا شێوە دەگرێت،پێشتر بوونی نەبووە بەرهەمی مۆدێرنە”.٥٩٢

هەرچۆنێک بێت،گومانم نەماوە لەوەی ڕاستی و دروستی مەسەلەکان، لە خوێنەر شاراوە نییە،و باش لەو ئامانجە سیاسییە، حاڵی دەبێت،کە لە پشت مۆدێرنزمەوەیە. بانگاشەی مۆدێرنیزم کە هەموو دیاردە  نوێیەکانی سەر گۆی زەوی،دەگێڕنەوە بۆ ئەو چرکەساتەی ،مۆدێرنە تێیدا هاتۆتە کایەوە و مۆدێرنیزم بە دایکی هەموو شت و داهێنانەکان و تەنانەت مرۆڤەکانیش دادەنێت. بەڵێ دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان،کە لە ڕێگای نەتەوەخوازییەوە،دەوڵەتیان بۆ خۆیان دروست کردووە،گەشە بە زمان و کولتوری خۆیان دەدەن،چ هەڕەشەیەکی توانەوەیان لەسەر نییە و لەژێر سێبەری مۆدێرنەدا بە ئارامی دەژین،هەر دەبێت داکۆکی لەم دیاردەیە بکەن. چونکە هەر لادان و دوورکەوتنەوە و پەراوێزخستنێکی ئەم پرنسیپە،بەزیانی کوشندەی خۆیان تەواو دەبێت،تا ڕادەی هەڵوەشانەوەی ئەوەی پێکیان هێناوە و کورد وتەنی “ریسەکەیان لێ دەبێتەوە بە خوری”.

” لەراستیدا مۆدێرنیزم جگە لە باوەڕێکی هەڵە بەو دنیایەی کە مرۆڤی ئێستا تیایدا دەژی هیچیان لەبارەی ئەو دنیا نوێیەوە پێی ناڵێت.مۆدێرنیزم دەیەوێت کوێرانە بڕوا بەوە بهێنین کە هەرچی لەناو ئەم دنیایەدا هەیە تەنانەت بە مرۆڤەکانیشەوە بوونەوەری نوێن و خوایەکی تر دروستی کردوون کە ئەو خوایە  نییە بوونەوەرەکانی دنیای بەر لە مۆدێرنەی دروست کردوون”.٥٩٣

ئەو چرکەساتەی مۆدێرنە دەکرێتە،کڵاورۆژنە و تەماشای دنیای لێوە دەکرێ و دەکرێتە خاوەن و دروستکەری هەموو دیاردەکان،ئەوە هەڵەکە لێرەوە دەست پێدەکات. جا بنۆرە ئینگلیز بە نموونە هەر سوود لە سەروەت و سامانی سکۆتلەندی و سامانی مرۆیی ناگرێ، بەڵکو زمان و کولتورەکەشیان، وەک ماددە/ هیولایەکی هەمیشە ئامادە بەدەست، بە سانایی خستۆتە خزمەتی خۆیەوە.

“کێشەی کورد و بزووتنەوە کوردییەکان لەگەڵ مۆدێرنیزم و نەتەوەخوازیدا کێشەیەکی ئایدۆلۆجییە و کێشەیەکی پراکتیکی نییە. واتە کێشەکە ئەوە نییە کە بۆچی مۆدێرنە لە دروستکردنی بوونی نەتەوەیی کورد دا شکستی هێناوە و نەیتوانیوە وەک تورک و فارس و عەرەب  بیکات بە بوونەوەرێکی دروستکراوی ناو جیهانەکەی خۆی،بەڵکو کێشەکەی لەوەدایە کە وێناکردنی بۆ بوونی خۆی لەناو جیهانە مۆدێرنەکەدا وێناکردنیەتی بۆ بوونەوەرێک کە هەیە و دەیەوێت لەناو ئەو دنیا مۆدێرنەشدا پەرە بە بوونی خۆی بدات بەبێ ئەوەی هیچ بوونەوەرێکی تر بە هۆی بوونی ئەوەوە بگۆڕێت بۆ مادەیەکی خاو و بوونی خۆی وەک بوونەوەر لەدەست بدات. بەمانایەکی تر کورد خۆی لەناو جیهانە مۆدێرنەکەدا دەبینیتەوە وەک بوونەوەرێک کە دەبێت و پەرەدەسێنێ،نەک وەک بوونەوەرێک کە دروست دەکرێت و پەرەی پێ دەدرێت”.٥٩٥ ـ ٥٩٦

ئاخر کورد چۆن،  بڕوا بەو بانگاشەی مۆدێرنە بکات!، کەوا تورک و فارس و عەرەب، وەک بوونەوەرێکی نوێ نیشان بدات و گوایە لەسەر دەستی مۆدێرنەدا دروستکراون بە کولتوری مۆدێرنە بەخێوکراون و چەکدار بوون. نەخێر ئەمانە هەمان ئەو بوونەوەرانەی پێشترن، لە رۆژگاری تەتەر و مەغۆلی جەنگیزخان و هۆلاکۆ و کۆرش و قاجار و پەهلەوی و حەجاجی سەقەفی و خالیدی کوردی وەلیدەوە و لە سەردەمانی خەلافەتەوە هەڵگری هەمان عەقڵێت و کولتوور و کاراکتەرن.چۆن باوەڕ بەوە بهێنێ دەوڵەتی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا،ئەو بەهەشتە بەرین و فراوانەیە،کە لە سایەیدا بەختەوەر و ئاسوودە ژیان بگوزەرێنێ؟!داخۆ چۆن لە هەواری ئەواندا،هەست بە حەسانەوە و دەرەتانی ژیانی کورد باشتر دەبێت. بەم دروشم و بانگاشانەوە هەزاران ڕۆڵەی کورد بە کوشت دراون و کوردستان کاول بووە،کەچی تیرێژێکی دیموکراسی هەڵنەهات.

 د.عرفانیش دەنووسێ، کێشەی کورد لە بنچینەدا لەگەڵ ئەو نەتەوەخوازییەی کە بەردەوام عەسای مۆدێرنیزم و نەتەوەخوازی کورد سەرکوت دەکەن نییە، بەڵکو لەگەڵ خودی مۆدێرنێزم و نەتەوەخوازیدایە.

“بۆیە هەڵەیە گەر پێمان وابێت ئەو چوار دەوڵەتە لە رووی سیستەمی سیاسییەوە گەر وەک دەوڵەتە ئەوروپاییەکانیان لێبێت ئیتر کێشەی کورد چارەسەر دەبێت”.٥٩٦

خەونێکی زڕ هەیە،پێی وایە گەر بێت و دەوڵەتە داگیرکەرەکان،دیموکراتیزە بکرێن و وەک ئەوروپا،سویسرا و بەلژیکایان لێ بێت، ئەوا بارودۆخی کورد باشتر دەبێت. ئاخر نازانن  لە ئەوروپاش لەم رۆژگارەدا،هێشتا وڵاتی داگیرکەر بە مانای نەتەوەی زاڵ و ژێردەستە  بەرچاو دەکەون، تەماشای رووسیا بکە، چی بە کریم و ئۆکرانییەکان دەکات. ئەوە ئینگلیزە، ئیرلەندی و وێلزی و سکۆتی خستۆتە خوار خۆیەوە. ئیسپانی کاتالانی و باسکی گالیزی، کردووە بە ژێر گالیسکەکەی خۆیەوە. هەموو ئەمانە بەڵگەی ئەوەیە کە هێشتا لەم کیشورە هەرە پێشکەوتووەی جیهانیشدا، کێشە نەتەوەییەکان بە تەواوی چارەسەر نەکراون، ئەم هەسارەیەش ئەو بەهەشتە نییە، کە مۆدێرنیزم بەردەوام  بانگاشەی بۆ دەکات و بێ وچان خەریکە مکیاجی ڕووخساری دەکات و دەیەوێ بیکاتە نموونەی هەرە بەرز. هەڵبەتە وڵاتانی ئەوروپا بە هەموو کەماسی و  کێشەکانیانەوە هێشتا پێشڕەوی سەرگۆی زەوین.

“لە راستیدا گەر کورد لەناو جەرگەی ئەوروپاش بوایە هەر هەمان چارەنووسی ئێستای دەبوو و کێشەکەی هەروەک خۆی دەمایەوە. دەبێت کێشەی کورد لەوێوە سەیر بکرێت کە کێشەیە لەگەڵ ئەو خودایەدا کە بوونەوەرەکانی ئەم جیهانەی دروست کردووە.(…) کێشەی ئەم خودایە لەگەڵ کورددا ئەوەیەو کە نە دەتوانێت دروستی بکات و نە دەتوانێت بیکاتەوە بە خۆڵ.ئەوەی ئەم خودایە دەتوانێت لە بەرامبەر کورد دا بیکات،تەنها ئەوەیە کە لە بەهەشتەکەی خۆی وەک شەیتان مەحرومی بکات و بە یەکجاری نەفرینی لێ بکات”.٥٩٦ـ٥٩٧

د. عرفان باس لە تاکە ڕێگەیەک دەکات لە نێوان کورد و خواوەندی مۆدێرنیزمەدا بۆ چارەسەری کێشەی کورد، ئەویش مۆدێرنیزم لەگەڵ کورد دا بکەوێتە ناو پەیمانێکەوە، وەک ئەوەی کە شەیتان، دوای دەرکردنی لە بەهەشت لەگەڵ خودا بەستی. ئاخر داوا و داخوازی سەرەتا و کۆتایی کورد، لەوانی دیکە، پەیڕەوکردنی دیموکراسی و هەریەک لە کورد و ئەوانی دیکە سەربەخۆ بژین و بە یەکسانی خاوەنی قەوارە و دەسەڵاتی خۆیان بن،و دەستهەڵگرتن لە کوشتن و بڕینی کورد و لە کورد بگەڕێن لەم جیهانەی دەستکردی خواوەندە، بە ئازادی وەک هەموو بوونەوەرەکانی دیکە، سەرفرازانە مومارەسەی بوون و ژیانی خۆی بکات.

 

 

 

نوێترین بابەت و هەواڵ
ئارشیو