بەرجام لە ” کۆما” دایە، بەرەو مردن دەچێ؟، مستەفا هیجری

رێژێمی مەلاکان جارێکی دیکەش پیاڵەی ژەهر دەنۆشێ، یان “قارەمانانە نەرمی دەنوێنێ”؟

 

کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە سەرەتاکانی دەیەی ٨٠ی هەتاوییەوە بە مەبەستی رازیکردنی ئێران بۆ دەستهەڵگرتنی لە پیتاندنی یۆرانیۆم دەورێکی چالاکیان لە وتووێژ لەگەڵ رێژیم دەستپێکرد. هەرچەند ئاکامی ئەم وتووێژە رێککەوتنێکی لێکەوتەوە، بەڵام دوایی دەرکەوت کە ئێران درۆی لەگەڵ کردوون و ئەمجارە بە نهێنی چالاکییەکانی خۆی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم درێژە داوە.

 

بۆیە جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامی کەوتە ژێر زەختی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ ئەوەی ناچار بکرێ پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستێکی نزمی دیاریکراودا رابگرێ، بەڵام ئێران رازی بە مەرجەکانی گرووپی ١+٥ پێکهاتوو لە ئامریکا، بریتانیا، فەڕانسە، روسیە، چین و ئاڵمان نەبوو، بۆیە ئەو لایەنانە بە مەبەستی ملکەچ کردنی کۆماری ئیسلامی بە مەرجەکانیان، یەکگرتووییەکی کەم وێنەیان لە ئاستی جیهاندا پێکهێنا بۆ گەمارۆ خستنە سەر ئێران.

 

دەوری ئامریکا لەو گەمارۆیانە دەورێکی سەرەکی بوو، ئەو یەکگرتووییە رۆژ لە دوای رۆژ گەمارۆکانی چڕتر و زیاتر کرد و بەم چەشنە ئابووریی ئێرانیان خستە گیانەڵڵا و تا کۆماری ئیسلامی بەچۆکدا هات، بۆیە خامنەیی بە ناچار و بەناوی “نەرمی نواندنی قارەمانانە” ( نرمش قهرمانانە) ئیزنی ئیمزا کردنی رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتانی ١+٥ ( ئەمریکا، رووسیە، چین، فەڕانسە، بریتانیا و ئاڵمان) لەگەڵ ئێران دا. ئەو رێککەوتننامەیە لە رێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٤ لە وییەن لەلایەن هەر دووک لاوە ئیمزا کرا و لە ئێران بە بەرجام ” کورتکراوەی بەرنامەی جامعی ئێقدامی هاوبەش (برنامە جامع اقدام مشترک) ” ناسرا.

 

بە پێچەوانەی بۆچوونەکانی رۆژئاوا و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ئێران کە پێیان وابوو لە رێککەوتنی بەرجام کە دەبێتە هۆی لاچوونی گەمارۆکان بەسەر ئێراندا و بڕێکی زۆر لە داراییەکانی ئەو وڵاتە کە بەهۆی گەمارۆوە لە بانکەکانی ئەمریکا و ئەورووپا دەستی بەسەردا گیرابوو ئازاد دەکرێ و لە ئاکامدا:

 

ـ لە نێوخۆی ئێران ئابووری دەبووژێتەوە، خەڵکی بێکار بە تایبەت لاوەکان کاریان دەست دەکەوێ و ژیانیان خۆشتر دەبێ، کۆماری ئیسلامی بە هۆی تێکڵاوبوونی بە ئابووری رۆژئاوا لە رێگەی کۆمپانیا گەورەکان کە سەرمایەکانیان لە ئێران وەگەڕ دەخەن، بەرووی خەڵکی ئێرانیشدا دەکرێتەوە و، لەو رێگەوە ژینگەی پڕ لە سەرکوت و زەبروزەنگی دژی ئازادی ئاڵووگۆڕی بە سەردادێ و بە شێوەی رێژەیی خەڵک دەتوانێ بە ئازادی هەناسەیەک هەڵکێشێ.

 

ـ لە دەرەوەی وڵات کۆماری ئیسلامی دەست لە دەستێوەردانەکان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە هەڵدەگرێ یان کەمتر دەکاتەوە، پاڵپشتی کردن لە تیرۆریزم کەم دەکاتەوە و، لە جیاتی پەرەپێدان بە شەڕ و ئاژاوە لە ناوچە، دەبێتە هەوێنی ئاشتی و سەقامگیری.

 

ئەوە بوو کە تیمی وتووێژکاری بەرجام دوای ئیمزای رێککەوتننامەکە و گەڕانەوەیان، لە تاران لەگەڵ پێشوازی هەزاران کەس بەتایبەت لە لاوەکان رووبەروو بوونەوە و وەکوو قارەمان پێشوازییان لێکرا.

 

لەو کاتانەدا بوو کە ئێمە نووسیمان و لە چاوپێکەوتنەکانماندا لەگەڵ رۆژئاواییەکان بۆمان شیکردنەوە کە بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونانە، لە دەرەوەی وڵات ڕێژیم لەو دەسکەوتانەی کە بەهۆی لاچوونی گەمارۆکان دەستی دەکەوێ، بۆ پەرەپێدانی سیاسەتەکانی هەمیشەیی خۆی کە باوەڕی پێیەتی وەک پاڵپشتی زیاتری گرووپ و لایەنە تیرۆریستییەکان، پلانڕێژی بۆ شەڕ و ئاژاوەی تایفی زیاتر لە ناوچە و، پەرپێدانی چەک و جبەخانەکانی بە کاردێنێ، نەک سەرفی ئاوەدانکردنەوەی وڵات و دابینکردنی کار و داهات بۆ خەڵکی بێکار بکا، بۆیە لە نێوخۆی ئێراندا بێکاری، گرانی و سەختی گوزەران و بژیوی خەڵک زیاتر دەبێ و ناڕەزایەتی خەڵکیش لەگەڵ سەرکوت، ئێعدام و زەبروزەنگی زیاتر بەرەوڕوو دەبێ و مافی مرۆڤ زیاتر پێشێل دەکا.

 

لەو کاتەدا هەبوون هێندێک کەس و لایەن کە بە چاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری هەڵوێستەکانی ئێمەیان دەکرد و لەو باوەڕەدا بوون کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خوازیاری سەختتربوونی ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێرانە، بۆیە لە لاچوونی گەمارۆکان پێشوازی ناکا. ئێستاش بە چاوخشاندنەوەیەکی سەرەتایی بەسەر گوزەرانی خەڵک لە نێوخۆی ئێران و کار و پلانە تێکدەرانە و شەڕخوازانەکانی رێژیم لە دەرەوە بە قیمەتی بەتاڵبوونی سفرەی خەڵک و بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتییان لە دۆخی ئێستا، کە بووەتە سەردێڕی خەبەرەکانی رۆژانەی دنیا، هەموو ئەو راستییانە بە ڕوونی و ئاشکرا لە بەرچاوی دنیا بەتایبەت دەیان میلیۆن لە خەڵکی ئێرانە کە رۆژانە لەگەڵی بەڕەوڕوون.

 

ئێمە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆکاری سەرەکی هەموو ناتەباییەکانی وەک برسیەتی، پێشێلکردنی مافەکانی گەلانی ئێران، سەرکوتی ئازادییەکان و هەموو نەهامەتییەکانیان لە ئێران و، پەرەگرتنی شەڕ، وێرانی و ناسەقامگیری و ئاوارەیی خەڵکی ناوچە دەزانین.

 

ئەزموونەکانی رابردوو و ئیدئولۆژی و بیروڕا دواکەوتووەکانی ئەو رێژیمە پێمان دەڵێن کە چەندی داهات و خێروبێرەکانی ئێران زیاتر بێ دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی ئەو رێژیمە گەندەڵە و، باقییەکەی بۆ پەرەپێدانی پلانە زێدەخوازانە و ئاژاوەگێرییەکانی لە دەرەوەی وڵات خەرج دەکرێ. لەو نێوانەدا خەڵکی ئێران وەک رابردوو لە بێبەشی و برسیەتیدا رادەگیرێن و ئەوەی بۆ ئەوان زیاتر دەبێ سەرکوت و بێ عەداڵەتی و رۆژرەشی دەبێ. کەوابوو گەڕانەوەی دووبارەی گەمارۆکان، گەمارۆیە لەسەر رێژیمی کۆماری ئیسلامی، بۆیە کشانەوەی ئامریکا لە رێککەوتنی بەرجام بە هەنگاوێکی هەڵسەنگێندراو لە راستای “مهارکردن”ی رێژیم لە ئاژاوەگێڕی، پاڵپشتی کردنی تێرۆریزم، کوشتار و ماڵوێرانی زیاتری خەڵکی ناوچە دەزانین و، هیوادارین دنیا بە تایبەت ئەورووپا لە نیهایەتدا لەو هەنگاوەدا پاڵپشت و یارمەتیدەری ئامریکا بێ و بەم چەشنە بە یارمەتی هەموو لایەک، دەستی ئێران لە دەستێوەردانەکانی وڵاتانی ناوچە و بە قیمەتی نانبڕینی خەڵک بۆ مەبەستەکانی خۆی کورت بکرێتەوە.

 

سەبارەت بە بەرجامیش، ئەگەر بە بەشداری ئامریکا لە وتووێژەکان، بەرجام گەیشتە ئاکام، ئێستاش بە کشانەوەی ئامریکا ئەو رێککەوتنە کەوتووەتە حاڵەتی “کۆما”وە و بەرەو نەمان دەچێ. تۆ بڵێی شەریکە ئەورووپاییەکان لە کۆتاییدا بتوانن بەرجام لە “کۆما” رزگار بکەن و گیانێکی تازەی پێ ببەخشنەوە؟ یان دەبنەوە پاڵپشتی ئامریکا لە گەمارۆ خستنە سەر ئێران بەمەبەستی ئامادەبوونی بۆ وتووێژ و سازان لەسەر ئەو خاڵانەی ئامریکا داوای لێدەکا و ئەورووپاییەکانیش لەگەڵی هاوڕان؟

 

ئەزموونەکانی رابردوو نیشانی داوە، کۆماری ئیسلامی کاتێک رێژیمەکەی لەژێر زەختدا دەکەوێتە مەترسی داڕووخان، ئامادە دەبێ پیاڵەی ژەهری شکست بخواتەوە. زۆر وێدەچێ ئەم جارەش ئەو ئەزموونە دووپات ببێتەوە، ئەوەش بەستراوەتەوە بە کاریگەری زەختی گەمارۆکان.

 

سەرچاوە: کوردستان میدیا

دەنگ

 

نەمر شێرکۆ بێکەس بۆ قاسملوو
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
کاتالۆگ