مامۆستاکانی ئایینی و ڕەمەزان، مەلا برایم مەجیدپوور

 بەناوی خوای بێهاوتای دڵاوای دلۆڤان

ئێستا دەسپێکی ڕەمەزانە، مانگی عیبادەتو تاعەت تایبەت بـەموسوڵمانانە، مانگی چاکەو دەسگیرۆیی و ئیحسانە،

mela-braym-mejidpur-0

مەلا برایم مەجیدپوور

 مانگی خۆ برسی کردنە بۆ تێگەیشتن لە ئازاری ڕوحی و جەستەیی هەژار و دەسکورتە برسیەکانە. مانگی مشتو ماڵ کردنی ڕوحو دەرون و پاک کردنەوەیەتی لە ڕقو قین و بوغزو غەرەزو لوت بەرزی و خۆبەزلزانی و خەڵک بەکەم گرتن و ڕێز گرتن لە مرۆڤەکانە، ئەو مرۆڤەی موحتاجە بـەڵاتەوە سوک نـەبێی ، ئـەویش وەک تۆ ئینسانە . مانگی دان پێدا هێنانە بەهەڵەو پەڵەی ساڵی ڕابردوو ئەوە نیشانی دەدا کە لێیان پەشیمانە. مانگی دڵسۆزی و دەرمانکردنی دڵی دڵ بریندارانە . مانگی بەزەو عاتیفەو خۆشەویستی و ڕێز لێکتر نانە. مانگی وەبیرهێنانەوەی ئەرک و ڕاسپاردە لەبیر کراوەکانە . مانگی بەڵێن نوێکردنەوەیە دەگەڵ خوا و خەڵک بۆ قەرەبوی نەکراوەکان و پـڕ کردنەوەی کەلێن و کەلـە بـەرەکانە. ڕەمەزان تایبەتمەندی زۆرن و لێرەدا جێیان نابێتەوە شیکردنەوەیان ئەرکی مامۆستایانە.

هەمو دەزانین کە مامۆستایانی ئایینی هەرکامەیان لە جێی خۆیان گەلێک باسی گەوەرەیی ڕەمەزان و بـەهەرە عیبادیەکانی دەکەن، بـۆیە مـن لێرە دا خـۆی لێنادەم .ئـەوەی مـن لـەو کورتـە پێرۆزباییەدا مەبەستمـە ئـەوەیـە : داوا لـە مـامـۆستایانی ئـایینی کوردستان بەتابەتی بەشی ڕۆژەهەڵاتی بـکەم کە لـەو دەرفەتە ئایینیە پیرۆزەدا میحوەر واتە ڕوبەری وەعزو خوتبەکانیان تـەنیا لـە بـاسی نـوێـژو ڕۆژودا کـورت نـەکەوە ، ئـاوڕێکیش لـە ڕۆژڕەشی و نەهامەتیەکانی گەڵ بدەنەوە. بـەگەڵ بڵێن خواخەیانە ت ، درۆ، دزی، دوڕویی ودوزمانی حەرام کردون، بەگشتی هەرچی زیان بە خۆت و خەڵک بگەێی خوا نـەفـرینی لێکردوە. بـۆیـان شیکەنـەوە کـە خـوا کوردیشی وەک بەشێک لە { یاأیهاألناس إنا خلقناکم } حیساب کردوە. لـە زەوی کە ئـێمە پیی دەڵێین نیشتمان و لەئازادی و لەبەهەرە وەرگرتن لـەونیعمەتانەی کە خوا بـۆ مـرۆی خەلـق کردوە ئێمەش بـەشی خۆمـان لـە خـواوە پێبڕاوە . ئیسقاتـو تـەلیلەی بابی کەس نیە تا بەخێری خۆی شتێکمان بداتێی . مامۆستایان لـە من باشتر دەزانن زاڵم چەند خراپەو قورئـان چۆنی بـاس دەکا، دەشزانـن گەلەکەیان بەدرێژایی مێژو زوڵمی لێکراوە ، بەرەنگاری زاڵمو داگیر کەرانیش ئەرکە و لەخواوە پێمان ئەسپێراوە . ئەگەر مامۆستایان لایان وایە ئەو فەرمودەیەی پێغەمبەر دروستە کە فـەرمـویـە (عالمان مـیـراتـگری پێغەمبەرانن ) دەشزانن کە میراتەکە ماڵو پوڵوپارە نیە ،بەڵکو خەباتە بۆڕزگاری عەبدو چەوساوەکان، تێکۆشانە بـۆ سەندنەوەی مڵکو مـاڵـە داگیر کراوەکان ، بـۆ بەهاناوە چـونـی مەزڵومو غەدر لێکراوەکان ، ڕێبەریو ڕێنوێنییە بۆ پارێزگاری لەمافەکان . لە من باشتر دەزانن کورد نەتەوەیەکە بـەدرێژایی مێژو زوڵمی لێکراوە، فتوای جیهادی بە سەردا دراوە ، ئەنفال و قەڵا چۆ کراوە لـە زێدی خۆیدا دەسبەسەرە یان دەرکراوە. هەرگیز ئـازادی نەدیوەو ڕێگەی دەربڕینی ڕای خۆی پێنەدراوە. ئەو مافە شەرعیو قانونیەی بـە زبەری ئـاگرو ئـاسن لێزەوت کراوە . بۆیە دەڵێم : خوا پەرستی تەنیا نوێژو ڕۆژو نیە . خەبات بـۆ ڕزگاریو پاراستنی زیدو مافو کەڕامەتی گەل ئەرکێکە خوا لە سەری فەڕز کردوین و مامۆستای ئایینیش بـۆ ڕاگەیاندنەکەی مەعمور کراوە . مامۆستایان لە من باشتر دەزانن هیچکام لە پەیامبەرەکان لە ڕێگای وەدیهێنانی ئـامانجەکەیان لـە ئەشکەنجەو ئازارو مەترسی بێبەش نەبون، بەڵام ئیمانیان بە ڕێبازەکەیان ئەوەندە بەهێز بوەو بەردوام بون وکۆڵیان نەداوەو تا سەرئەنجام ڕاسپاردەی خۆیـان بـەجێی هێناوە. مامۆستایان لە من باشتر دەزانن ترس مۆتەکەیەکە ئەگەر سواری ملی هەرکەس بو ئیمان و ئیرادەی لیدەستێنێ، ترسنۆک خاوەنی بـڕیـارنیەو ئـەوەی تـۆقاندویەتی بـەکەیفی خۆی هـەڵی دەسوڕێنێ. ترسنۆک لـە دنیا دا دۆڕاوە لە قیامەتیش جگەلە نەفرینی خوایی وتەمبێی کران هیچی پێنەبڕاوە. هیوادارم مامۆستایان ئەو ئەرکە قورسو پیرۆزەی خۆیان بناسن و بەڕێزەوە ئەنجامی بدەن و خۆیان قەرزداری خواو خەڵک نەکەن . خەڵک تێبگەێێنن کـە دیـن تەنیا نـوێژو ڕۆژو نـیە ،بـەشی زۆری قورئان باسی چۆن ژیانو بەختەوەریو دۆزینەوەی ڕێگا دروستە کانیەتی ، واتـە خواش فەرمویـە زەویـو عاسمـان و هەرچی لە ناویان دایە بۆ ئێوەم خەلق کردوە. دەزانین بـونمان لـە وجیهانە کاتیە ، ئەوەی پێمان دەبڕێی کردەوەکانمانە ، ئاکارو کردەوەشمان لەلای خوا دیارەو نوختەیەکی کەمو ون نیە ، بۆیە ئەگەر لێرەش گوێنەدەینە فـەرمانی ویـژدان و خـۆ لـە لێپرسینەوە بشارینەوە ، خوا ئاگادارەو خەڵکیش وشیارە، لێپرسراوین و ڕێگای نەجاتمان نیە و چونکە هیچی چاکمان لە دنیا نیەو بە بەدەستی بەتاڵیشەوە چوین زەلیلو داماوین .

پیرۆزبایی هاتنی ئەو مانگە پیرۆزە و ڕەخسانی ئەو دەرفەتە لەبارەتان پێدەڵێم ئاواتم ڕزگاری کوردستان و کوردە کە هەمومان دەگرێتەوەو لاشموایە خۆ بەخت کردن بۆ ڕزگاربون لە ژێر دەستەیی کامڵترین ئیمانە .

 

 براتان مەلابرایمی مەجید پور. ١٧ /٥ / ٢٠١٨

 

نوێترین بابەت و هەواڵ
ئارشیو