ئانە فرانک و کتێبە بەناوبانگەکەی..، هەڵۆ بەرزنجەیی

رۆژانە لە ئەمستەردام Prinsengracht 263-267   لە بەرلین Anne Frank Zentrum   Rosenthalerstrasse 39 و Haus der Jugend Anne Frank Mecklenburgische Strasse 15 و


 زۆر شوێنی تریش بە سەدان کەس لەبەردەم ماڵ و مەڵبەندی ئانە فرانک دا وەستاون دەیانەوێ وەک مۆزەخانەیەک سەردانی ئەو شوێنانە بکەن کە ئەو کیژۆڵە جوولەکەیەی لێ ژیاوە و خۆی تێدا حەشارداوە و یاداشتی رۆژانەی تێدا نووسیوەتەوە. ئاخر ژیان و بەسەرهات و نووسینەوەی یاداشتنامەکەی،لەسەردەمی ترس و لەرزی نازیدا و خۆحەشاردان لە کون و قوژبنی ژێرزەمین و ماڵە تاریک و نووتەکەکان دا هێندەی تر بەسەرهاتی ئانەی کردۆتە جێی سەرنجی خەڵکی. ئانە لە ڕێگەی دەفتەرێکی ڕەنگ سوور ـ سپییەوە، کە ڕۆژانەی خۆی تێدا تۆمار کردووە، دەبێتە خاوەن بەناوبانگترین بەرهەمی سەردەمی جوولەکە قڕکردن کە بە هۆلۆکۆست بەناوبانگە.

ئانە لە  ١٢/٦/١٩٢٩،لە شاری فرانکفۆرت لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٣٤ دا،ناچار دەبن لەگەڵ دایک و باوک و مارگێتی خوشکی لەدەست نازییەکان هەڵبێن و ڕوو بکەنە شاری ئەمستەردامی هۆڵەندە.لەوێ لە خانوویەکی لاچەپەکی کۆنی پشتەوەی نادیاردا،نیشتەجێ دەبن. دواتر خەبەریان لێ دەدرێ و ئانە دەکەوێتە دەست نازییەکان و  لە مانگی دوو یاخود سێی ١٩٤٥،چەند مانگێکی کەم پێش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم،  لە ئۆردوگای زۆرەملێیی Bergen-Belsen ،دەبێتە قوربانییەکی تری هۆلۆکۆست.

کیژۆڵەیەکی وەک ئانە لەو سەردەمی منداڵییەدا رووداوەکانی رۆژانەی خۆی تۆمار دەکات و ئێستا ئەو یاداشتانە بووەتە  سیمبۆڵ و بەڵگەیەکی زیندووی تاوانەکانی نازی و خوێنەرێکی هێجگار زۆری لە جیهان دا بەدەست هێناوە. کتێبەکەی ئانە وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی رۆژگاری هۆلۆکۆست دەنرخێندرێ و بۆ سەر زۆربەی زمانی جیهان وەرگێڕدراوە.

من ئەم وەرگێڕانە کوردییەم لەبەردەستدایە، خۆشبەختانە کتێبخانەی کوردیش لەم سەرچاوە بێبەش نییە.

بەڵام ئەوەی هەواڵەکانی هەنووکە لەمەڕ ئەم سەرچاوەوە بڵاوی دەکەنەوە، شتێکی نوێیە و بۆتە مانشێتی بەشێکی زۆری رۆژنامە و هەواڵەکان. هەواڵەکە  نوێیەکە باس لەوە دەکات دوو لاپەڕەی نوێیان لە کتێبی ناوبراو دۆزیوەتەوە. لاپەڕەی ٧٨ـ٧٩،کە نووسینی رۆژی ٢٨/٩/١٩٤٢ ن،٣ مانگ دوای ئەوەی چووەتە ئەو ماڵەی پشتەوە بۆ خۆحەشاردان.

تیمێکی زانستاکار بە تەکنیکی دیگیتال کاریان لەسەر کتێبی ناوبراو کردووە و بۆیان دەرکەوتووە دوو لاپەڕە بە کەتیرە لەلایەن خودی ئانەوە لکێندراوە بەیەکەوە.

Peter de Brunijn،لە ٢٠١٠ وە سەرۆکایەتی پرۆژەی لێکۆڵینەوەی ماڵی ئانە فرانک لەگەڵ ئینیستیتوتی Huygens مێژووی هۆڵەندا پێکەوە کاردەکەن، توانیویەتی ئەم لاپەڕە ونبووانە یاخود پێنەزانراوانە ئاشکرا بکات.

برونجین دەڵێ: دۆزینەوەی ئەم دوو لاپەڕەیە زۆر گرنگە،ئەگەر بێت و وەک ناوەڕۆکیش ڕووناکیەکی تازە و زیاتر بخەنە سەر ژیانی ئانە.

لاپەڕەی یەکەم کە لەهەندێ شوێند ئانە خۆی دێڕەکانی ڕەش کردۆتەوە، هەندێ نوکتە دەگێڕێتەوە: ژنی پیاوێک دۆست دەبێت لەژێرەوە. رۆژێک پیاوە دەزانێ ژنە دۆستەکەی لایە،دەچێتەوە ماڵەوە و دەست دەکات بە گەڕان بەدوای کابرادا،لەناکاو کەنتۆری جلەکان دەکاتەوە،دەبینێ: پیاوێک بە ڕووتی وەستاوە. کابرا واقی دەوڕمێ. کابرای دۆست یەکسەر دێتە قسە و دەڵێ: باوەڕ بکە لێرە چاوەڕێی ترام دەکەم.

 دیارە ئەم جۆرە باسانە شتێکی نوێ نین لە ژیانی ئانە و یاداشتەکەیدا،چونکە لە زۆر شوێنی تریش بابەتی لەم چەشنە بەرچاو دەکەون. بەتابەتی ئانە ئەو نوکتانەی نوسیوەتەوە، کە لەڕادیۆ گوێی لێیان بووە.

لاپەڕەکەی تر باس لە پرسی سیکسوالێتی دەکات و ئانە بەخەیاڵ کەسێک دێنێتە بەڕچاوی پرسیاری ڕۆشنگەریی سێکسوالێتی لێ دەکات و ئەویش وەڵامی دەداتەوە.  برونجین دەڵێ: ناوەڕۆکەکە گرنگ نییە،بەڵکو فۆڕمەکە،چونکە ئانە زۆر جار باسی پرسگەلی سێکسوالەتی و جەستەی خۆی کردووە. لێرەشدا هەروایە، بەڵام بە شێوە و شێوازێکی نائاسایی. لە  کتێبەکەیدا دەبینین دەستەیەک لە هاوڕێی نزیکی خۆی نەخش کێشاوە، کە نامەی بۆ نووسیوون و تۆنێکی ئەدەبیان پێوە دیارە. بەڵام دوای ٣ مانگ دەستکردن بە نووسین، ئیدی پوختەی نووسینەکانی ڕەوانەی کەسێک کردووە، بەناوی Kitty .

ئا لەم چرکەساتەدا،ئانە ژیانی رۆژانەی ماڵەکەی پشتەوەیان جێدێڵێ و دەچێتە ژوورێکی خەیاڵییەوە کەدەرفەتی دەداتێ بەئازادانە، لەسەر بابەتەکان بنووسێ. ئەمە قسەی برونجینە. دیسان دەڵێ: ئەو کیژۆڵەیە هەر خۆحەشاردەر نییە، بەڵکو لە کتێبەکەیدا هەنگاو بە هەنگاو توانا و گەشەکردنی ئەدەبی بەرچاو دەکەوێت.

دیسان لەسەر قسەکانی بەردەوامە و دەڵێ: ئەوەی کە زۆرکەس نایزانێ،ئەوەیە،کە دوو نوسخەی کتێبەکەی ئانە هەیە. یەکێکیان نوسخەی ئۆرگینالە کە ئانە خۆی نووسیویەتی و ئەوی تریان ڤێرشنێکی ترە وەک ڕۆمان کە خۆی دایڕشتۆتەوە. واتە ئانە کتێبەکەی پێکهاتووە، لە تێکەڵەیەکی نووسینی رۆژانە و دەقێکی تری کارکردنی خۆی لەسەری.

برونجین دەڵێ: ڕەنگە ئانە بۆیە ئەو دوو لاپەڕەی بەیەکەوە نوساندووە، چونکە شەرمی کردووە، وەک منداڵێکی ١٣ ساڵی دەربارەی ئەو شتانە بنووسێ. لەگەڵ ئەوەشدا  ئێمە بڕیارمان دا بڵاوی بکەینەوە، چونکە هەموو نووسینەکە موڵکی ئانەیە و لەدواجاریشدا خۆمان بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بە ڕای گشتی. ئەم کتێبە هێندە ناسراوە هەموو کەس حەز دەکات بێ کەلێن و کەموکورتی بیزانێ و بیخوێنێتەوە.

ناوبراو دەڵێ: ئەم دوو لاپەڕەیە هێندە ناسک و پەرپووتن، من ماوەی هەشت ساڵە کاری لەسەر دەکەم، بۆ تاقە جارێک دەستم بەریان نەکەوتووە. ئێمە سۆراخ و کاری خۆمان لەسەر کۆپییەکی دیگیتال ئەنجام داوە.  بەڵێ کارەکە هێندە سەخت بوو بەدەستکێشی تایبەت و فڵچەی تەختەوە، زۆر بەزەحمەت توانیم لاپەڕەکان لەیەکتر جیا بکەمەوە و پیتەکان بناسمەوە. هەرچۆنێک بوو کارەکەمان ئەنجام دا، لێ دیسان بێ تەکنیکی دیگیتالی،مەحاڵ بوو ئامانجەکەمان ئاکامێکی هەبێت.

شایانی ئاماژە پێدانە، هیچ گومانی تێدا نییە، کەوا هەموو ئەو چاپانەی هەتا ئێستای یاداشتنامەکە ، دەبێت لابرێن و چاپی نوێ بە زیادکردنی ئەو دوو لاپەڕەیەوە بکەوێتە بەردەست خوێنەران و توێژەران. وەک بڕیاریشە ساڵی ٢٠١٩ ، جارێکی تر چاپێکی تێروتەسەلی بڵاوبکرێتەوە.

شیاوی باسە، لە کوردستانی داگیر و دابەشکراوی ئێمەشدا، بە هەزاران هەزار چیرۆک و بەسەرهاتی خەمناکتر و بەتام و چێژتر هەیە لە ژیانە تراژیدیاییەکەی ئانە. بە نموونە، باسەکانی کوشتاری دەرسیم و ئەنفال و هەڵەبجە و زۆر شوێنی تریش پڕن لە ڕووداوگەلی لەم جۆرە، بەداخەوە هێندە ئاوەڕ و بایەخ لەم ڕووداوانە نەدراوە و کاری پێویستیان لەسەر نەکراوە. بەتایبەتیش نەتوانراوە لە کۆنتێکسێکی ئەدەبی وەک ڕۆمان دا بە نموونە یاخود فلیمێکی سینەمایی بەزمانە زیندووەکان ئەو کوێرەوەریی و مەینەتییانە بخرێتە بەردەست و چاوی جیهان.

ڕاستییەک هەیە دەمەوێ لێرەدا بۆ جارێکی تریش ئاماژەی پێ بدەمەوە. کوشتاری هۆلۆکۆست گەر جوولەکەی لە پشت نەبوایە وا  هەر زوو لەبیر مێژوو دەچۆوە و لە جیهانیشدا هێندە ڕەواجی پەیدا نەدەکرد.

بەڵێ ئەوە خودی جوولەکەیە، لە پشتەوە و لەسەر شانۆی جیهانی سیاسی و ئەدەبی و هونەری ئەم تراژیدیا و یادەوەرییانەی بەرز و زیندوو ڕاگرتووە. ئەم کارەشیان لە ڕێی  نووسین و بڵاوکردنەوەی هەزاران هەزار کتێب و وتار و لێکۆڵێنەوە و بابەتی تری جۆڕاوجۆر،سازکردنی  هەزاران فلیم و کردنەوەی سەدەها مۆزەخانە و نمایشکردنی سەدان شانۆگەریی و پێشکەشکردنی سەدەها جۆر چالاکی تر. ئەوە سیاسیی و ڕۆشنبیر و پیاوی دەوڵەتی ئیسرائیلە، بەردەوام جەخت لەسەر ئەم کارەساتە و دەرئەنجام و دیمەنە دڵتەزێن و سامناکەکانی دەکەنەوە. وەک دەزانین مێژووی مرۆڤایەتی تژییە لە ڕووداوی ناخۆش و خوێناوی و دڵتەزێن، لێ هیچیان هێندەی هۆلۆکۆست بەو گەورەیی و چەسپاوییە بەرجەستە نەبوون.

هەڵبەت ئەم وتانە بۆ ئەوە نین لە بەها و نرخی ژیانی تاڵ و پڕ لە چەرمەسەریی جوولەکە کەم بکەمەوە، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە، گەرەکمە ڕێز لەو ئەقڵ و وزە و هێزە بگرم، کە خۆی کردۆتە قەبەڵی پاراستن و  هێزی بەرز ڕاگرتنی ئەم بەسەرهاتە.

هێژای گووتنە، ئاماژەش بەوە بدەین ئەم میتۆدی بیردکردنەوە و کارکردنەی جوولەکە لەسەر ئەم دۆسییە، بکرێتە نموونەی باڵا و سەرمەشق و کوردیش بۆ مەینەتی و کوێرەوەرییەکانی خۆی پەڕۆیەک لەم وانە و بەسەرهاتە بۆ ئەزموونەکەی خۆی دادڕێت.

بە هیوای بایەخدانی زیاتر بە مەرگەساتی کورد لە هەموو قۆناغە مێژووییەکان دا، بەتایبەت ئەنفال و شەنگال و ڕوداوە دڵتەزێنەکانی تری مێژووی قوربانی و بندەستی و خوێناویمان.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

تێبینی: سوود لە رۆژنامەی دیر تاگە شپیگل ژمارە٢٣٤٧٢ ی رۆژی ١٨/٥/٢٠١٨  وەرگیراوە.

فارسی
کاتالۆگ