دین و سیاسەت، مەلا برایم مەجید پوور

دین وسیاسەت لە ئەسڵ دا بۆ ڕێکخستن وپێکەوە کار کردن ووەدیهێنانی ئازادیو ئاوەدانی و بەختەوەری مرۆڤەکان نادراونو دیاریکراون .

mela-braym-mejidpur-0

مەلا برایم مەجیدپوور

هەر کامەیان ئەرکو ڕاسپاردەی تایبەت بە خۆیان هەیە . لەسەردەمانی پێشودا هەرکامەیان جێگەو پێگەی لەناوکۆمەڵگادا دیاربو، کاریان پیدەکراوڕێزیان لێدەگیرا. پیاوانی ڕێبەرو دڵسۆزو خەمخۆرانی گەل دەناسران و بەتەواوی ڕێزیان هەبووگوێێان لێدەگیرا. مخابن ئێستا دین و سیاسەت بونە هۆی سەرەکی کێشەو دوبەرەکیو ئاژاوەو سەرئەنجام کوشتنو وێرانی. بەناوی دینو مەزهەب وئیدە شەڕێک دروستکراوە هێندە خەستە کەوچکی تێناگەڕێی . برا بۆتە دوژمنی براو هەرچی دەکەی نەک کۆمەڵگا بەڵکو لەناو حیزبێکیشدا ئەندامەکانی یەکناگرن . هەمویان لە جێگای ئاوەدانی وێرانیان بە دیاری هێناوە .لەژێرناوی مافی مرۆڤو دامرکاندنی فیتنەو تەفروتوناکردنی دژی شۆڕش لە عەرزو عاسمانەوە ئـاگروئـاسن دەبـارێنن، دەکوژن وێران دەکەن دەسوتێنن ،تۆبڵێی ئەوانەهەمویان بۆخزمەتی مرۆڤ بن؟! تۆبڵێی دینو سیاسەت بچنەوە سەرسکەی حەسڵی خۆیانوئەرکە پێئەسپێراوەکەیان بدۆزنەوە ؟!

هەرچەندی بەسەرهاتی پەیامبەران دەخوێنمەوە،هەرهەمویان ئەرکوڕاسپاردەیان ڕێنوێنی و ڕاهێنانی خەڵکە ، پێیان کوتراوە بەرنامەی کاریان لەسەر بناغەیەکی پتەوی بەرایەتیو یەکگرتویی وهاوکاری دابڕێژن . بنچینەی یەکبونەکەشیان پەرستنی خوای یەکتایە .ملکەچ کردن بۆ زاڵم و زۆرداران ،کڕنوش بردن بۆ کەسو دارو بەردان بەتوندی قەدەغە کراوە. کەوابو مادام ئەسڵەکە یەکە نابێی لکو پۆپی وای لێدروست بکەی کە لێکی جیا کاتەوە ، چونکە ئەسڵی ئیمان بڕوا بەخوای تاکی بێهاوتای خاوەن دەسەڵاتی بێسنورە. لە سیاسەتیش ئەوەندەی من تێی گەیشتوم ئەسڵ پاراستنی ئازادی و بەرژەوەندی گەلە .

هەرچەندی سرنجی ئاکارو فتوای ڕێبەرانی ئایینی دەدەم ،مخابن زۆربەی هەرە زۆریان بەناووکارتێکەری جۆراوجۆرخوای تاکیان لەبیرچۆتەوە یان پشتگوێیان خستوە ،هەرکامەیان خەتی ئیمام و ڕێبەرێکیان گرتوەو ڕێبازی ئەسڵی ئیمانیان گوم کردوە. بە بۆچونی من لە ڕێبازی ئەسڵی ڕێبەرێکی ئایینی کە دەستور لە قورئان وەردەگرێی لایـانـداوە. خٶشەویستی وڕێـزلێنان تـاوان نیە ، بـەڵام خۆشەویستی و پەیڕەوی کردن لە ئیمامێک وڕێبەرێک لە سنوری خۆشەویستی تێپەڕیوەو کەوتۆتە ناو بازنەی پەرستنەوە.هەربۆیەشە لە دژایەتی یەکتردادەگەنە حاندی یەکتربەکافرزانین و حوکمی جیهادو کوشتن و قڕکردنی یەکتر دەدەن و هەرکامەیان ئەویتر بکوژیو لەناو بەری خەزایە. بۆیە خەڵکی سەریان لێی شێواوە نازانن ڕوو لەکام لا بکەن کە حوکمی کوشتنیان بۆ نەدراوە . پێوەرێک بۆ هاوێرکردنی چاک وخراپ وکافرو موسوڵمان لە ئارادا نەماوە . دەیان حیزب و سازمانی ئایینی دروست بون و فەرمانی کوشتن یان ڕەدکردنەوەی هەرچی وەک خۆیان نەبێیان داوە. ئەو ئایەتەی قورئان بەتەواوی لە ئێمەدا دەبیندرێێ کە دەپرسێی : { داخوا فەرمان بەخەڵک دەدەن چاک بنو چاکە بکەن و خۆتان پشت گوێیتان خستوەو لەبیرتان نەماوە.؟!}

جیگای داخە ئەحزابە سیاسیەکا نیشمان لـە پـەیڕەوانی ئـایینەکانیان خـراپتر لێقەڵماوە، ئەوانیش دروست کردەوەکانیان بە پێچەوانەی دروشم و پڕو پاگەندە کانیانە هەر بۆیە دەڵێم : رەچاوکردنی بەرژەوەنـدی گەل بـە پـێوەری ئـەسڵی دینیش وەدیهێنانی ئامانجی گشتی وپاراستنی هێمنیو مسۆگەرکردنی بەختەوەری وئازادی مـرۆڤەکان وئاوەدانی وڵاتیش واجـبی ئـاێینی ئیماندارانـە. لـێرەدا سەبارەت بەسیاسەت و سیاسەتوانان چیتر ناڵێم باوەڕی قولیشم وایـە دەسەڵاتی بەڕێوەبەردنی وڵات بە پێوەری پێڕەوو بەرنامەی هیچ حیزبێک چ سیاسیوچ ئایینی سەرکەوتو نابێێ ،چونکە لە هەروڵاتێک دا ئایین و ئیدەی جیاواز هەن ومل بۆ یەکترڕاناکێشن با دینو سیاسەتیش تێکەڵ نەکەین چونکە بە زەرەرمانە. گلەو گازندەو قڵپەی خوێناوی دەرونم بەرەو خۆمانە ( موسوڵمانان ) مەبەستی من ئەوەیە ماڵی خۆمان وەک موسوڵمان و بەتایبەتیش وەک کورد چاک بکەین. چونکە ئەگەر ماڵەکەمان ئەو هەمو کونو کەلە بەرەی تێدابێی هەمو گێژەڵوکەو باو بۆرانو تۆفانێک سەری پیدادەکا وخۆشمان چۆلی دەکەین وکەسیتریش ڕوی تێناکا ، بەڵام ئەگەرماڵەکەمان ڕازاوەو ئاوەدان و تەباو ڕەبا بین تەبەکمان پڕەو هەرچی بەلاشمان دابڕوا حەز دەکا میوانمان بێی و سەرێکمان لێبدا.

گرفتی سەرەکی ئێمە بە دین دارو بێدینەوە ئەوەیە بەزۆری وا ڕاهێندراوین نازانین یان نامانەوێی پێکەوە بژین ، تەنیا ڕێگایەک کە هەڵمان بژاردوە یان پێیان هەڵبژاردوین ! ئەوەیە : ئەمن بم و تۆ نەبی !! لەجیاتی ئەوەی بە ئاکارو کردەوەی جوان خۆمان بڕازێنینەوە، بەناحەزکردنی یەکترخۆمان جوان دەکەین. ئاواتمەو بەقەدەرتوانا هەوڵێشی بۆدەدەم کە حیزبەکانمان هەست بە بەرپرسایەتی نەتەوەیی بکەن و بۆ سەرکەوتنی گەل بەگشتی نەک تەنیا حیزبەکەیان هەوڵ بدەن . ئەوە کە دەڵێم حیزبەکان چونکە ئەوان بە بەشێکی هەڵسوری گەل دەزانم وپێموانیە دژی گەلەکەیانن، وەک هێندێک پێیان وایە!. دەکرێی هەڵەش بکەنـو هێندێک شتیش نەزانن. با حیزبەکان ئەوەی بەکردەوە بسەلمێنن کە تاکە ڕێگای سەرکەوتنیان لەبەرچاو گرتنو وەدیهێنانی ئامانجی گشتی گەلە نەک چینو توێژو حیزب و تاقمێک . ناگەڕێمەوە زۆر بۆ دواوە بەڵام ئەوەندەی خۆم وەبیرم دێی هێچکام لە ئیدەو ئایینەکان نەیانتوانیوە ئێمەی کورد بۆ وەدیهێنان ئازادیو مافی نەتەوایەتی لەسەر یەک بەرنامەی کارکۆکاتەوە بە پێچەوانە لێکیان نامۆ کردوین تا ئەو جێگایە کە دەگژ یەک ڕادەچین ، بۆیە باوەڕی قوڵم ئەووەیە تەنیا خەبات بۆڕزگاری وڵاتو وەدێهێنانی ئازادی لە ژێر چەتری نەتەوایەتیدا جێی دەبێتەوە. بەو هیوایە بگەینە ئەو ئامانجە.

 براتان مەلا برایمی مەجید پور

 ٢٤ / ٦ / ٢٠١٨ ـــ٣ پەشپەڕی ٢٧١٨ ی کوردی

نەمر شێرکۆ بێکەس بۆ قاسملوو
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
کاتالۆگ