بـەنـاوی خـوای بـێـهـاوتـا, کـە نـازانـی گـوێـم لـێـبـگـرە ، مەلا برایم مەجید پوور

 وەک هەمومان دەزانین و مێژوش شایەدیمان بـۆ دەدا ، کـورد گـەلێکە بـونی مسۆگەرە، خاوەنی زمان ، فەرهەنگ ، کلتور ودابو نەریتی تایبەت بەخۆیـەتی.

mela-braym-mejidpur-0

مەلا برایم مەجیدپوور

کوردستانیش سەرەڕای هەزاران بەندو بەستو فرتو فێڵ و دەستدرێژیو تـەفریس، تەعریب وتەتریک، هەروا بەکوردستان لە سەر زەویو زارو زمانان ماوەتەوە، کێی حاشای لێبکا نەزانە، بۆیە دەڵێم: کەنازانی گوێم لێبگرە .

سەرەڕای میلیتاریزە کردن و دوژمنایەتیەکی جینایەتکارانەی چواروڵاتی داگیر کەر، دروستکردنی سەدان بنکەو بارەگای دژە کورد لە ژێر ناوی جۆراوجۆر وەک فورسان ، سوپای پاسداران ، حەشد وچی و چێ ، پێک هێنانی پۆلە جاش و سیخۆروخۆفرۆشەکان ،بۆ تاکە ساتێک خەبات بۆ ئازادی نەوەستاوە . فتوای جیهادو ئەنفال جڕوجانەوەراتیتر کوردی بەچۆک دانەهێناوە. بێگومان کەوتن وهەستانەوەشی زۆر بون و گەلێک قوربانیش دراوە . ناکۆکی ویەک نەگرتویی ولە هێندێک بوارێشدا شەڕی خۆبەخۆیی ،هیچ کەمتر لە دوژمنەکان زیانی بۆ گەل و خەباتەکەمان نەبوە ، بۆتە هۆی دروستبونی ئەو کونو کەلەبەرانەی کە دوژمن لەوێڕا زەفەریان پێبردوین ، دەسکەوتەکانیان لەبار بردوین ، کاروانی خەباتەکەیان وەدوا خستوین . بۆیە دەڵێم : کەنازانی گوێم لێبگرە.!

دوژمنان هەوڵی بێوچانیان داوەو سەرمایەیەکی زۆریشیان بۆ تەرخان کردوە تا خەباتەکە مان بۆ وەدیهێنانی ئازادی نیشتمان ومافی نەتەوایەتی بکەن بەداوایەکی دژە ئایین کە زۆربەی هەرەزۆری گەلەکەمان هەیانە، تابەو بیانوە لەبەریەکامان ڕابگرن . لە ڕیبازی ئەسڵی خۆی لای بدەن وبیکەنە بابەتێک کە بەهیچ جۆر مەبەستی کوردو ئەو حیزبەی کە ئاڵا هەڵگری وەدەست هێنانەوەی مافە داگیر کراوەکانە نیە. گەلو حیزبێکی کە بەرنـامەو پێڕەوی بۆ وەدەست هێنانەوەی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنوسینە کە لە نیهایەتدا ڕزگاری نیشتمان وگەلە ، لەو بوختان درۆو دەلەسانە بەدورە. بۆیە دەڵێم : کەنازانی گوێم لێبگرە.

بە داخەوە ئەوەندەی من لەبیرمە خەباتی گەلەکەمان دەگەڵ دوو بەربەست بەرەو ڕوو بوەو زیانی گەورەشی بەهۆی ئەوان لێکەوتوە . ( ١ ) سەرەڕای ئەوەی خۆی گەلێکی زۆرینە موسوڵمانە ، کوردستان سەرزەویەکی فەرە ئایینیشە ، بـەڵام هەر لـە ژێر ناوی ئایین بە دڕندانەترین شێوە لێی دراوەو پەلامار دراوە. ( ٢ ) لەلایەن غەیرە ئایینیەکانیشەوەو بەناوی بۆڕژواو دین ئەفیونی کۆمەڵە و زۆر ناویتر زۆر بێی ئینسافانە لەسەروگوێـلاکی دراوە. بـەڕاشکاوی دەڵـێـم: یـەکـەمـیان بەتەواوی ناڕاستە ، چونکە زۆربەی کورد کافرو لامەزەب نیەو حیزبەکەشیان نە ئایینیەو نە دژە ئایینیە. کەدەڵێم حیزبەکەشیان مەبەستم حیزبی دێمۆکڕاتە ، دەنا ئیتریشمان هەن . نەدوهەمیان ڕاستی بۆ چوە ، چونکە کورد ئەو گەلە نیە کە ئەوان سیمایەکیان بۆ کێشاوە، بەڵکو کوردستان سەرزەویەکە سەرەڕای دابەشو داگیرکراویو بێدەرەتانی زۆر ژیرانە وبوێرانە خاوەنی هەمـو ئیدەو ئایینوبێدینەکانیشی لە خۆی داجێکردۆتەوە، مەگەرگێرە شێوێنان دروستیان کردبێی ئەگینا بێحورمەتی بە هیچکامیان نەکراوە. مافو کەرامەتو کەسایەتیان بەتەواوی پارێزراوە. بۆیە دەڵێم : کەنازانی گوێم لێبگرە .!

بۆ ڕونکردنەوەووڵامدانەوەی پرسیاری هێندێک ناسیاوی نیزیک ودور هێندێک لۆمەو تانەو تەشەرکە بەم جۆرە دەپرسن ودەڵێن : ئەوحیزب و سازمانانەی ڕۆژ هەڵاتی کوردستان زۆربەیان ئایینێکیان نیە، هێندێکیان دژی ئایینیشن، هێندێکیان ناوی ئایینیان هەیە بەڵام لەژێر کارتێکەری دژە ئایینیەکان دان ، تۆ کە خاوەنی ئایینێکی ومامۆستای ئایینیش بوی ،چۆنە دەگەڵ ئەوانە کارت کردوەو دەکەی؟!

وڵام : ئەوەی جێگای داخە زۆربەی ئەو پرسیارو گلەو تۆپو تەشەرانە هەمان جۆرە پـڕوپـاگەنـدەن کە دوژمنانی کورد بەگشتی وکۆماری ئیسلامی ئێران بەتایبەتی کردویانەو دەیکەن ! بـۆ ئـاگاداری ئـێـوە من ڕێبازی شەهید پێشەوا قازی محەممەدم گرتوە کە زاناترین ولێزانو لێهاتو ترین پێشەوای ئـایینی لانیـکەم مەڵبەندی موکریان و دامەرێنەرو سەرکۆماری، کۆماری کوردستان بوو. من هەرگیز وەک ئیوە بیرم نەکردۆتەوەو چاوم لەمسەلەکە نکردوەو ناشی کەم.بابەتەکە بەلای منەوە هیچ پێوەندیەکی بە ئایینو ئیدەیەکەوە نیە .من کوردێکم خولیای ئازادی نیشتمان وگەلم، سەربەخۆیی بەمافێکی شەرعی گەلەکەم دەزانم و دڵنیاشم هیچ ئایین و ئیدەی بانەدراوی لە ڕاستی هەتڵە نەکراو دژایەتی ناکاو بەحەرامی نازانێی. خەباتی ئێمە بۆ ڕزگاری نیشتمانێکی داگیراوو سەربەستی گەلێکی مافخوراوی لە ماڵی خۆیدا بەند کراوە .هەر ئایین و ئیدەیەک دژی ئەو مافم بێی دژی دەبم ! ئەوەندەی من لە دین وسیاسەت تێگەیشتوم هەمویان دەبێی بۆبەختەوەری گەل وئاوەدانی وڵات کاربکەن وبۆ ڕیبوارانی ئەوڕێگایەهاوکارو یاریدە دەر بن . بۆیە دەڵێم : کەنازانی گوێم لێبگرە .!

ناچمە ناو قوڵایی باسەکەو دەڵێم: ئەوانەی خۆیـان بـە پێڕەوی ئیسلام یـان ئایینەکانیتر دەزانن با چاوێک بە مێژوی پەیامبەرەکانیان دا بخشێننەوە،بەتایبەت موسوڵمانان کە زۆرینەی کورد ئەوئایینەیان هەیە، سرنجی بێدەمار گرژیو واقیع بینانە بدەنە یەکەم پەیمانی محەممەد ( ص) دەگەڵ دانیشتوانی (مەدینە ) بە موسوڵمان ومەسیحی ویەهودی وغەیرەئایینیەکانیشەوە بەستی ، بـۆ بەگری لەو شارەو لە ئیسلامیش دا بە شەری خەندەک ناو نراوە. بەهەمویان بەرەنگاری پەلاماری هێرشکەران بون وسەرئەنجام سەریش کەوتن . بۆیە پێتان دەڵێم : کە نازانن گوێم لێبگرن .!

بە ڕۆیشتن بەو ڕیبازەدا،بۆ ڕزگاری زێدو گەلو بەرەنگاری و وەدەرنانی داگـیر کەران ، دەگەڵ هەردەستەو تاقمو دەسەڵاتێک کە ئامادەبێی یـارمـەتیمان بـدا بەمەرجێک ڕێزبۆ خەباتەکەمان دابنێن وبە حورمەتەوە بڕواننە مافو داواکانمان، مافی ئازادیو سەربەخۆیی بڕیاردانمان لێنەستێنن ، ببینە هاوکارو هاوپەیمان وکارێکیشمان بە دینی یەکتر نەبێی، خواش فەرمویە:  ( بڵێی: دینی خۆتان بـۆ خۆتان ودینی خۆشمان بۆخۆمان). منیش دەڵێم : ئەی ئەوانەی کەوتونـە ژێـر کارتێکەری دوژمنان و بەناوی ئایین بەلا ڕێیان دابردون ، یان کڕیویانن ، باش بزانن : داوای مافێکی ڕەوای داگیرکراو، خەبات بۆئازادیو سەربەخۆیی، هەقێکە هیچ یاساو قانون و ئیدەو ئایینی ئەم دنیایە ناتوانێی حاشای لێبکا جگە لەوانەی زاڵم وداگیرکەرن یا دۆڕاوو فرۆشراون. نمونەیەکی بەرچاوی نیزیک: لەکاتی بەڕێوەبردنی ڕاپرسی گشتی باشوری کوردستان، بۆ سەر بەخۆیی جگە لەداگیر کەرانی کوردستان، هیچ ئورگانێکی نێو دەوڵەتی وتەنانەت دەوڵەتە زلهێزەکانیش بە عیبادیشەوە کە دوایی گەلەکۆمەگی کردە سەر سەربەخۆیی خوازان ، نەیان کوت کورد مافی دیاری کردنی چارەنوسی خۆی نیە بەو ڕاپرسیەشەوە تەنیا دەیان کوت: کاتی نیە!! باش بزانن ئەوەی ئێوەی تێوەگلاون پیلانی دوژمنانە نەدینەو نەقانونە . بۆیە دەڵێم : کە نازانن گوێم لێبگرن .

بۆیە هیوادارم خۆڕاگربین و لەسەر داوا ڕەواکەمان سور بین ،سەربەرزی و شەڕەفو کەڕامەتی خۆمان و زێدو گەلەکەمان بە هێچ نرخێک نەفرۆشین و لەدەستی نەدەین .

 بەو هیوایە براتان مەلا برایمی مەجید پور ١٧ / پوشپەڕی ٢٧١٨

٨ / یولی ٢٠١٨ .

نەمر شێرکۆ بێکەس بۆ قاسملوو
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
کاتالۆگ