پوشپەڕی بەخوێن ڕەنگاو ، مەلا برایم مەجید پوور

 لە بەرەبەیانێکی زۆر زودا،یەکێک بەقەو لەپەنجەرەی دیوەکەم دەدا،لەخەوێکی خەوناویدا ڕایپەڕاندم ، ئـای خوایە چی ڕویـداوە !

mela-braym-mejidpur-0

مەلا برایم مەجیدپوور

هـاوڕێی بـە ڕێـزم کاک جەعفەری حامیدی نوێنەری حیزب لەسولەیمانی ، بەدەنگێکی تێکەڵ بەگریانەوە بانگم دەکاو دەڵێی هەستە ماڵمان خرابو دوکتور قاسملو شەهید کراوە . ئەوە من دەچم بۆ دەفتەری سیاسی ئەتۆش هەستە بچۆدەفتەر،وڵامی پرسیاران بدەوە،ئیتر ڕۆیشت. لەش دەلەرزێی، دڵ دەتەزێی ، مێشک و دڵ قفڵ کراون، هەنگاو شلە فرمێسک لە چاودا قەتیس ماوە .هەواڵەکە دڵتەزێنە ،ڕێبەرمان غەڵتانی خوێنە. خۆزیا خەوەکەم یەکجاری باو ئەو هەواڵەم نە بیستایە .

لە ٢٢ی پوشپەڕدا خوێنمژانی کۆماری غەدرو جینایەت کارەساتێکیان خوڵقاند کە مێژو لەوە نامرۆڤانەتری بە خۆیەوە نەدیوە. لەو ڕۆژەدا قین لەزگانی بێبەش لە هەمو بەهایەکی مرۆڤانە کەسێکیان لە خوێن گەوزاند کە بە پێغەمبەری ئاشتی ناسراوە. مرۆڤ کوژەکانی دەست پەروەردەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دور لەهەمو یاساو قانونە ناو دەوڵەتیەکان و ئەخلاقی ئینسانی لە سەرمیزی وتووێژ بۆ سوڵح و ئاشتی رێبەری مەزنمان وهاوڕێێ بەوەفای ڕێبەر کاک عەوڵای قادری ئازەریان تیڕۆڕ کرد. ئەوانە بونە قوربانی گەورەوکەم وێنەی خەبات بۆ ڕزگاری گەلێک، لەڕێگای وتو وێژو ئاشتی .

دوژمن لە حاند خەباتی ڕەوای گەلەکەمان داماوە، هەزاران تەونو بەستو پیلانی بەڕێوە بردوە بەڵام تێماوەو سەری لە بەردی چیا بەرزەکانی کوردستان داوە. دوژمن بەخەیاڵی خاوی کە ڕێبەرلەناو بەرێی ئیدی کار تەواوە ! بێخەبەر لەوەی هەستی نەتەوایەتی و خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی دەگەڵ خوێنی گشت تاکێکی کورد ئاوێتە کراوە. لەوە تێنەگەیشتوە ماف دەگەڵ مرۆف لەدایک دەبێی، نە ئی کەسەو نەکەسیش پێیداوە . ڕژانی خوێنی بەناهەق وەک بارانی پەڵە وایە هەرجارێێ کەدەڕژێی دەشتو چیای کوردستانی پێی ئاو دراوە، بە هەردڵۆپێکی دارێکی هیوا شێن بوەولکو پۆپی بە هەمو کوردستان دا بڵاوە. ڕژانی ئەو خوێنە گەشانە هەقانیەتی خەباتی ڕەوامان دەسەلمێنن . ئەو نەزانانە وادەزانن بە شەهید کرانی ڕێبەر، ئیتر خەباتێک نەماوە. با باش بزانن ئەگەر ڕێبەرشەهید بوە ، گەل زیندوە. مافێک کە بە پێی هەمو قانون و یاسایەک جگە لە حوکمی داگیر کەران ڕەوایە و سەلمێندراوە . تاگەل هەبێی کە هەردەمێنێ، سوپایەکە بەورەو ئیرادەو بەغیرەت وعەقڵو مەنتیقەوە لە داگیر کەران ڕاساوەو نەبەزیوە، وەک چیا بەرزەکانی کوردستان قورسوقایم ڕاوەستاوە. مـن دڵنیام ڕێبازی قاسملووەک ژەکی دایکانی کوردستان وایە ،کچان وکوڕانی ئەو گەلەی پێی فرچک دراوە . سەرئەنجام سەردەکەوێی.

بەبۆنەی ساڵوەگەڕی ئەو بۆنە تاڵە ، ئەو ئێشە لەبیر نەکراوە ، سلاوێکی دڵ بریندارانە لە ڕوحی پاکی ڕێبەری شەهیدمان دوکتور قاسملوو کاک عەوڵای قادری ئازەر یاوەری هەمیشەیی ڕێبەر ،لە سەرجەم شەهیدان و بنەماڵەکانیان، لە بەندیە سیاسیەکان وسەرجەم گەلی کوردستان بەتایبەت خوشکو برایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوڕێو هاوسەنگەران دەکەمو ئاواتە خوازم ئاواتی ئەو شەهیدانە بێتە دییو فەرامۆش نـەکرێی ، ڕیـاگایان تـا سەرکەوتن پـڕ ڕێبوار بێێ.

 

 هاوخەمتان مەلا برایم مەجید پور ٢٠ پوشپەری ٢٧١٨ یکوردی

نوێترین بابەت و هەواڵ
ئارشیو