کۆدار و پەژاک لە ناو ڕاستی و خەیاڵ دا ، قاسم رەیانی

ڕاگەیاندراوی “کۆدار و پژاک” لە ئاست بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان لە ڕێکەوتی 17ی مانگی جولای بڵاوبووە. لەو ڕاگەیاندراوە دا بؤچوون و ڕوانگەکانی کۆدار و پژاک بە خەستی و تێروتەسەل باسکراون.


لێرە دا مەبەستی ئەم نووسینە خۆ سەرقاڵ کردن بە باسێکی ماراتۆنی ئیدئۆلۆژیک نییە و، ئاشکرایە ئەوەش هەوێنی باسێکی دوورودرێژە و وەختبەرە کە لە چیکڵدانەی ئەو نووسینە کورتە دا نییە. بەڵام نووسەری ئەم چەند دێڕە تێدەکۆشێ بە کورتی خاڵە سەرەکییەکانی بەەرباسی ڕاگەیاندراوەکە بەرجەستە بکاتەوە و بیانخاتە بەر چاوی خوێنەران.

ئەوە ئاشکرایە کە ڕژیمی ئێران کۆمەڵگای ئێرانی تووشی قەیرانێکی وەها کردوە کە گۆڕانکاری بووەتە پێویستییەکی مێژوویی. نووسەرانی ئەو ڕاگەیەندراوە بە درووستی ئاماژە دەکەن کە “ئێران دوای چل ساڵان کەوتۆتە قۆناخی گۆڕان”ی “ڕادیکاڵ”  و لەو پەیوەندییەدا  هەزار و یەک هۆ، یەک بەدوای یەک دا ڕیز دەکەن. کۆدار و پژاک دوای باسێکی “تێۆری”ک و سیاسی ڕێگەی چوونەدەر لەو قەیرانە وەک تەنیا ڕێگە چارە دەبێنن کە “نەتەوەی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک سەرەکیترین پێداویستییە”. ڕوون نییە کە ئەو ڕگەیەندراوە بۆ ئیمزای دوو ڕێکخراوی پێوە، دوو ڕێکخراوەیەکی کە لە بچووکترین هەڵویست دا دەگەڵ یەک کۆکن. ئەوەش دیار نییە کە ئاخۆ لە بەر چی “کۆدار” لە بەرامبەر “پژاک” دا قوت کرایەوە.

مێژوو لە پێناو تیۆری

بۆ چەسپاندنی ئەم چەمکە  ڕاگەیەندراوەکە نموونەی مێژوویی لە “کاتی کۆمەڵگای سرووشتی تا ڕۆژی ئیمڕۆ”ی ئێران باس دەکا و دەڵێ “ئێران مێژووی کۆمەڵگای ئازادە”، یان ئیدیعا دەکا “ئێران لە ڕابوردوو دا ژیانێکی کۆنفەدڕالیان هەبووە” و لەوەش زۆرتر دەچێتە پێش و ڕووخانی حوکوومەتی ئاشورییەکان وەک بەرهەمی “کۆنفەدرالیسمی هۆزەکانی ئێرانی و کوردستانی” بە نموونە دێنێتەوە.

بە ڕاستی “کۆمەڵگای سرووشتی” چیە و لە کام قۆناخە مێژوویەکانی مرۆڤایەتی دا هەبووە باسی لێوەناکرێ. هەموو کتێب و ڕووداوە مێژوویەکانی سەبارەت بە “ئێران” نووسراون، تەنانەت ئەوانەی بە دەست نووسەرە شۆڤینییەکانی ئێرانیش نووسراون تااقە یەک نموونەی ” کۆمەڵگای ئازاد ” و “کۆنفەدرالی هۆزەکانی ئێرانی و کوردوستانی” لە ئێران تێیان دا بەدی ناکرێ. بە گوێرەی نووسەرانی ئەم ڕاگەیەندراوە بە ئانقەست یان بە سەهو ناوی “ئێران” لە هەموو سەردەمەکان دا هەر بە “ئێران” ناو دەبردرێ لە حالێک دا ئەو ناوە لە حوکوومەتی ڕەزا شای پەهلەوەی دا گۆڕانی بەسەر دا هات. نووسەرانی ڕاگەیەنراوەکە لە یەک ڕستە دا لە گۆڕینی ڕوخساری ڕووداوە مێژووییەکان ئاکامی سیاسی وەردەگرن و، ڕووداوە دەستچنەکان دەگەڵ بێرۆکەی خۆیان دەگونجێنن، دەنا ڕووخاندی ئاشورییەکانیان بە بەرهەمی “کۆنفەدەرالیسمی هۆزەکانی ئێرانی و کوردستانی” دانەدەنا. یەکەم ئەوە مادەکان بوون کە ئاشوریەکانیان لەناو برد، دووەم سەرزەمینەکەشیان هەر بە ناوی حوکوومەتی “ماد” بووە و، پارەسەکان ئەو کات ناویان دە کولەکەی تەڕیش دا نەبووە و بە گوێرەی هێرۆدۆت “ژێردەستەی مادەکان” بوون، ئیتر ئەو “هۆزە” ئێرانیانە لە کوێوە هاتوون خۆیان دەزانن. بە چەواشەکردنی مێژوو تێۆری درووست نابێ، کە مادەکان ئاشورییەکانیان لەناوبرد، نابێتە هۆی ئەوەی کە “کوردوستانی”یەکان ئەو کارەیان کردبێ. بە ڕاستی هێجێ بە سەر هیچ نەداوە.

ئیدعای پڕ سەیر و سەمەری “ئێران وڵاتێکە سۆسیالیسم لەوێ لەدایک بووە” سەری مرۆڤ لێی سوڕ دەمێنێ. سۆسیالیسم بە تێوری و بزووتنەوە و سیستمی دەوڵەتی لە ئوڕووپا دا لەدایکبووە و تەواو، ئەگەر بکوترێ ئێران خاوەن بزووتنەوەی سۆسیالیستی بووە دیسان ئەوە شتێکە و دەسەلمێندرێ.  بەهەر حاڵ بە گوێرەی نووسەرانی ڕاگەیەندراو ئەو بارۆدۆخەی لە ئێرانی ئێستا لە ئارا دایە نەک هەر ڕژیمی ئێران بەڵکوو “سیستەمی سەرمایەداری و زێهنیەتی لیبراڵی جیهانیش تاوانبارە” و ئیدیعا دەکردرێ  “شەڕی جیهانی سیهەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین” دەستی پێکردوە و “ناوەندی ئەو شەڕە کوردستانە”.  بەرپەرسی سەرەکی پێکهاتنی بارودۆخی نالەباری ئێمڕۆی ئێران ڕژیمی تێرۆریستی ئێرانە و هەر ئەوانیش دەبێ تاوانی ئەو هەمووە جینایەت و پێشێلکاریانە بدەنەوە. ئیدئۆلۆژی سەرمایەداری جیهانی لە سەر بەرژەوەندی و سوود دەچەرخێ و، ئەم سیاسەتە هەموو جیهانی داگرتوە. تەنانەت هەناسە هەڵکێشانیش لە دەرەوەی “سیستەمی مودێرنیتە” مەحاڵە. ئێرانیش هەر خاوەن سیستەمی سەرمایەدارییە. بەڵام جیاوازییەکەیان لەوە دایە کە ڕژیمی ئێران دیکتاتۆر و ئایینیە و، بۆ پێشبردنی ئارمانجەکانی خۆی لە داگیرکاری و تێرۆریسم سوود وەردەگری. خەڵکان بە کۆمەڵ دەکوژێ و سەروەت و سامانی وڵات لە پێناو شەڕ و داگیرکاری دا بەکاردێنێ. شتێکی نووسەرانی ڕاگەیەندراوەکە بە هاسانی خۆی لێ دەبوێرن و دیزە بە دەرخۆنەی دەکەن. لەهەڵایساندنی ئەو شەڕەی ناوی “شەڕی جیهانی سێهەم لە ڕؤژهەڵاتی ناوین”ی لێنراوە، ڕژیمە داگیرکەرەکانی سوریە، ئێران، ئێراق و تورکیا دەوری گرینگ دەگێڕن.

 

 بە سوریەکردنی ئێران

ڕژیمی تێرۆریستی تاران بە پروپاگەندەی بەربڵاو بە مەبەستی ترساندن و خاوکردنەوەی گەلانی جاڕزی ئێران لە ڕووخانی ڕژێم هەردەم تێزی “بە سوریە کردنی ئێران” دێنێتە گۆڕ و، ئێستاش بە گوێرەی ئەو ڕاگەیەندراوە ئەو تێزە لە لایەن کۆدار و پژاکەوە بە هەمان شێوە دێنە گۆڕ کە “زلهێزی ئەمریکی و ئەوروپی دەیانەوێت ئێران وەک سوریە لێ بکەن”. لە چەندین وڵاتانی ئەفریقایی و عەڕەبی شۆڕش کرا و بێجگە لە لە لیبی ئەوانی تر کەمتاکورتێک  لە دەست ڕژیمە دیکتاتۆرەکانیان ڕزگاریان هات و یاسایی بنەڕەتی و دەوڵەتی نوێیان دامەزراند. بەڵام لە سوریە بە هۆی دەستێوەردانەکانی ڕژێمی تێرۆریستی ئێران بۆ پەرەسەندنی ئیمپراتوری “هیلالی شیعە” لە وڵاتانی موسوڵمانی وەک سوریە، بە قازانجی ڕژیمی جینایەتکاری ئەسەد و بە  دژی خەڵکی ڕاپەڕیوی سوریا، ئەو شۆڕشەیان کردە شەڕێکی ماڵوێرانکەر کە هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە. بە داخەوە ڕێبەرایەتی کوردیش لەو ناوە دا لایەنی  ئەسەدی جینایەتکار و ڕژیمی ئێران و حیزبوڵای لوبنان و روسیایان گرت و خۆیان کوتەنی  “کۆنفیدڕاڵ”ییان ڕاگەیاند. ئەو سیاسەتە بە خەیاڵی ستڕاتێژی بێ خەرجی “خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی” و لە پێناو سوودی کورتەخایەن دا بە  پەیڕەوی لە نوسخەی پارتی کرێکارانی کوردستان پ.ک.ک هاتەئاراوە و داهاتوو زەرە و خەسارەتەکەی لە درێژەخایەن دا بۆ کوردی لێقەوماو و مێژوو دەردەخا.  ئێستاش  نووسەرانی ئەو ڕاگەیەنراوە هەر بە پەیرەوی لە هەمان سیاسەت و ستڕاتێژی، خۆیان شەریکە تاوانی ئەو بارودۆخە دەکەن و، گەلانی ئێران لە داهۆڵی ڕووخاندنی ڕژیم دەترسێنن. لەو ڕاگەیاندراوە دا نەک هەر دەوری وێرانکارانەی ئێران و ڕوسیا لە سوریا سەمبەلە کراوە بەڵکوو بە شێوەیەکی شەرمێونانە تاوانی ئەو دوو ڕژیمە لە پێناو پاراستنی ڕژیمی ئەسەد دەخەنە بەر سێبەری شەڕ و دەڵێن ئەمریکا و ئۆڕووپا ” شەڕی جیهانی سیهەمی”یان دەستپێکردوە و، بەم شێوە ڕژیمی ئەسەد و ئێران و ڕوسیا دەخەنە پەڕاوێزەوە.  

تێرۆریسمی دەوڵەتی

بە بۆچوونی نووسەرانی ڕاگەیەندراو “ڕۆژەڤی وەک بەرجام و تێرۆریسم بە دەستی دەوڵەت سازکراون کێشەی دەوڵەتە نەک کۆمەڵگا”.  هیچ مەنتقێ نییە کە ڕیکخراوەیەکی خۆی بە ئازادیخواز و دڵسۆزی گەل دادەنێ بەو هاسانییە لە کەنار پرسێکی ئاوا گرینگ دا تێپەڕ بێ. ئەو هەڵوێستە بە ئاشکرا خۆدزینەوە لە باسەکە و هاوسەنگی دەگەڵ ڕژیمی ئێران دەردەخا.، بەرەنگاربوونەوە دەگەڵ  “ڕۆژەڤی تێرۆریسم”ی دەوڵەتی ئەرکی سەرەکی هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنە.  ڕژیمی تێرۆریستی تاران لە ماوەی چل ساڵان دا بووەتە مایەی ئاوارە بوونی نزیک بە شەش میلیۆن لە خەڵکانی ئێران، هەزاران بگرە دەیانهەزار کەسی بە کۆمەڵ تیرەباران کرد و ئێستاش هەن دایکانی دڵسوتاو کە بە هیوای گەڕانەوەی جگرگۆشەکانیانن. سەدان کەسی لە دەرەوەی وڵات کوشت، پتر لە 500 کەس لە تێکۆشەران و ئەندامانی حیزبە کوردییەکان لە باشوری کوردستانیان تێرۆر یان بێ سەروشوێن کرد، ڕێبەرانی کوردیان لە سەر مێزی وتووێژ تیڕۆر کرد، گرتووخانەکانی ئێران لە ئازادیخوازانی ئێران ئاخنراون و دەیان نموونەی لەم چەشنە، کە چی تەنانەت یەک وشەش بە دژی تێرۆریسمی دەوڵەتی ئێران لەو نووسراوە پڕ لە درووشمەدا نابیندرێ. ئەوە لە حاڵێک دایە بە هەر بیانوویەک هەوڵدراوە دەستەواژەی “دیموکراسی”  نێوئاخنی ئەو ڕاگەیەندراوە  بکردرێ. لەو ڕاگەیەندراوە دا  پتر لە 100 جاران شێوە جۆربەجۆرەکانی پەیوەندیدار بە “دیموکراسی” باسدەکرێ. “مودیرنیەتی دیموکراتیک”، “خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک”، “دیموکرازیسیۆن”، “نەتەوەی دیموکراتیک”، “هاووڵاتی دیموکراتیک”،  “چارەسەری دیموکراتیک”، “ئیرادەی دیموکراتیک”، “گۆڕانکاری دیموکراتیک”، “کۆمەڵگای سیاسی دیموکراتیک” و، “دیموکراسی خۆجێیی” و  دەیان دەستەواژەی هاوشێوە. خوێندنەوەی ئەو ڕاگەیەندراوە بە ناچار مرۆڤ بەو ئاکامە دەگەیەنێ کە خۆ دزینەوە لە هێنانە گۆڕی تێرۆریسمی دەوڵەتی ئێران ناکرێ بە هەڵکەوت بووبێ.

 

دوڵەت و ڕووخاندن و ئانارشیسم وەک ئیدیۆلۆژی سیاسی

پرسی دەوڵەت ناوەڕۆکی سەرەکی ئیدیۆلۆژی نووسەرانی ڕاگەیەندراوەکەیە و لە هەمووی دا بە ئاشکرا هەڵوێستی ڕوونی لە سەر دەگێرێ. نووسەران بەو ئاکامە گەیشتوون کە “گەلی کورد لە ناو شۆڕشێکدایە بۆ پێکهێنانی نەتەوە و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و بە دوای گۆڕانکاری هێز، ڕووخاندنی ڕژیم و بێدەنگ بوون نییە”.  لێرە دا نووسەران مەبەستیان لە “گەل” و شۆڕش “بۆ پێکهێنانی نەتەوە و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک” هەر خۆیانن و بۆیەش دان بەوە دا دەنێن کە بە دوای “گۆڕانکاری هێز و ڕووخاندنی ڕژیم”دا  نین. ڕاگەیەندراوەکە لە بنی کولەکە دەدا ودەڵێ مودێلەکەیان “نە لە دژی دەوڵەتانە”.  ئەو لە حاڵێک دایە کە بە بۆچوونی ئەو نووسەرانە ماکەی هەموو بەدبەختیەکانی گەلان “دەوڵەت-نەتەوە” و “مودێرنیتەی سەرمایەداری”یە. دەگەڵ ئەوەش هێشتا ئامادە نین بۆ ڕووخاندنی دەوڵەت-نەتەوە لە ئێران هەنگاو هەڵێنن و ئەو ئۆپۆزسیۆنە “کلاسیک” و “چەپگەر و ڕاستگەر”ەی خوازیاری ڕووخانەن “تەنیا بەشی خۆیان لە دەوڵەت-نەتەوەی ئێران دەوێت”. کە واتە ئەوان کە خوازیاری ڕووخاننی ڕژیم نین و دەگەڵ ئۆپۆزیسۆنی ڕووخێنەریش هیچ هاوسەنگییەکیان نییە. 

دژایەتی دەگەڵ دەوڵەت و بە کوتەی ڕاگەیەندراوەکە “دەوڵەت- نەتەوە” و هەموو سیاسەتی زاڵ بە سەر  پ.ک.ک و لقەکانی دا لە ئیدیۆلۆژی ئانارشیسمەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەو ڕێبازە لە مێژووی هاوچەرخ دا تەنیا نموونەیەکی شازی تێکۆشانی تۆمار کردوە و، دەستکەوتێکی بەرچاوی نەبووە. لە  شەڕی ناوخۆی ئسپانیا دا  لە نێوان ساڵەکانی 1939-1936 کە ئانارشیشتەکان بە هاوپەیمانییەتی دەگەڵ کۆمۆنیست ، لیبرال و سۆسیال دیموکراتەکان لە سێ پارێزگای ئاراگۆنیا، کاتالانیا و ئەندەلوس دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت هەموو سەرچاوەی کردەوەیی ئانارشیستەکانە. جیاوازی بزووتنەوەی ئانارشیست و سەندیکالیستی ئەو سەردەمی سپانیا دەگەڵ ئانارشیستەکانی کورد بە ڕێبەرایەتی پ.ک.ک و پەیرەوی نووسەرانی ئەو ڕاگەیەندراوە لەوە دابوو کە، یەکەم ئانارشیشتەکان کە زۆر لە کۆمۆنیستەکان بە هێزتر بوون لانیکەم لە پەنا لیبراڵەکان دا بە دژی “فاشیزم” و کلیسا و ژێنرال فرانکۆ یەکیانگرت.. دووم هەوڵیکی زۆریان دا “دەوڵەت”ی کۆماریی ئیسپانیا بپارێزن. بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، دەگەڵ خاوەندارییەتی هێزێکی بەرفرەوان نایانتوانی ئاکامێکی ئەوتۆ بۆ خۆیان و دانیشتوانی ئەو سێ پارێزگایە وەدیبێنن. کۆدار و پژاک بە ڕواڵەت  پەیڕەوی لەو ئیدۆلۆژییە دەکەن بەڵام لە کردەوە دا بە پێچەوانەی هەڤاڵانی ئانارشیست لە سپانیا دەجووڵێنەوە. ئەوان حاشا لە “دەسەڵات” و “هێز” دەکەن و ئۆپۆزیسیۆنی “چەپگەر و ڕاستگەر” بە ڕووخێنەر دەزانن و هاوکاتیش نکۆڵی لە پەرەسەندی “فاشیسم” لە ئێران ناکەن، دەگەڵ ئەوەش هەم خوازیاری ڕووخاندنی ڕژیمی ئێران نین و هەمیش پەیتا پەیتا داوای “بە فەرمی” بوون لە ئێران دەکەن. تەنانەت بە گوێرەی نووسەرانی ڕاگەیەندراو ئەگەر دەوڵەتی ئێران پێشنیارەکانیانی قەبووڵ نەکرد دیسانیش بۆ گەیشتن بە ئارمانجەکان “نابێ هەوڵدانی ڕووخاندی ڕژێم بدەن”.

لە ڕاستی دا ئەم سیاسەتە ڕاگرتن و پاراستنی ڕژیمی ئێران دەستەبەر دەکا و نووسەرانی ئەو ڕاگەیەندراوە وەک هێزێکی کۆنسێرڤاتیڤ نیشان دەدا هەتا بە قسەی خۆیان  هێزێکی “شۆڕشگێڕ” و “ڕادیکاڵ”.  لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە دا لە ئەگەری قەبوول نەکردنی پێشنارەکانیان لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە بە شەرمێونانە هەڕەشە دەکەن و دەڵێن” بە دڵنیاییەوە کۆداریش بۆ پەرەپێدانی یەک لایەنەی ئۆتۆریتە و بەڕێوەبەری خۆی لە هیچ جۆرە تێکۆشانێک واز ناهێنێت.”

ئاکام

لە پەیوەندی دەگەڵ ئیدیۆلۆژی و سیاسەتەکانی نووسەرانی ڕاگەیاندراوەکە دا پرسیارێکی یەکجار مەزن لە مێشکی مرۆڤ دا پەنگ دەخواتەوە، ئاخۆ ڕێکخراوەیەکی نە دەوڵەتی دەوێ نە بۆ دەسەڵات تێدەکۆشێ نە ڕژیم دەڕووخێنێ، چەپگەر و ڕاستگەری قەبووڵ نییە، مودێرنیتەی بە گاڵتە دەگرێ، تەیر و توور لە پێناو ڕێبازەکەی دا دەگەڵ خۆ دەگونجێنێ، شاعیر کوتەنی “ناز بۆ فەلەک دەکا و حوکم بە سەر ئەستێران دا دەکا”، بؤ چی چەک لە شان  شاخ و کێوان  ئاوارە و سەرگەردان دەپێوێ و خەو و خۆراک و ژیان لە خۆی و خەڵکی تر حەرام دەکەن و لە پێناو چی دا؟ ئەو گشت کەبکەبە و دەبدەبە بایەخی ئەو زەحمەتەنەی هەیە؟ خۆ ئەگەر “خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک”کەیان هەڵکڕێنی  پتر لە “خودموختاری”یەکی جارانی “ئۆپۆزیسیۆنی کلاسیک”ی کورد وەدەست گەلی کوردی لێقەوماو ناکەوێ. کۆدار و پژاک لە ناو ڕاستی و خەیەڵ دا زیاتر نوقمی خەیاڵ و ئۆتۆپین.

لە بارودۆخی هەستیاری هەنووکەیی کورد و ئێران دا، واقعبینانەترین ڕێگە، یەکگرتنی هەموو هێزەکانی کوردە و بە هاوئاهەنگی کردن دەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە پێناو نەهێشتن و ڕاماڵینی ڕژیمی تێرۆریستی ئێرانە. نووسەرانی ئەو ڕاگەیەندراوە بۆ جارێکیش بێ لە پێناو “خۆبەڕیوەبەری دیموکراکتیک”یان لە جیات زارخوارکردنەوە لە مەلایانی تێرۆریستی ئێران وێڕای هەموو هێزەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات بۆ دواڕۆژی کورد هەوڵ بدەن. ئەحمەد کەسرەوەی ڕووناکبیرو مێژووناسی ئێرانی قسەیەکی زۆر حەکیمانەی هەیە، ئەو ڕای وابوو کە “مێژوو حوکوومەتێک بە مەلایان قەرزدارە”. مێژوو چل ساڵ لەوە پێش ئەو قەرزەی بە مەلایان داوە. بە ڕاستی ئەو “قەرز”ە نەک هەر بۆ کورد و گەلانی ئێران بەڵکوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی بە نرخێکی یەکجار گران تەواو بوو، چل ساڵی خایاند هەتا تێبگەن ئایینی شیعە و مەلایان پتر لەوەی لەو ماوە دا دەرهەق بە خەڵکان و مێژووی ئێرانیان کرد، شتێکی تریان لە دەست نایا. مێژووی مەسرەفی کۆماری ئیسلامی ئێران تەواو بووە. هیچ ڕێگەیەکی سێهەم بوونی نییە. یان دەبێ دژی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بێ یان دەگەڵی.

 

قاسم رەیانی

ستۆکهۆڵم. 23-07-2018

Ghasem98@hotmail.com

 بابەتی پەیوەندی دار

پرۆژەی كۆدار و پژاک بۆ دیمۆكراتیزه ‌كردنی ئێران PDF

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو