سێ قۆناغ لە فکری سوسیالیستی قاسملوودا، ئیدریس ئەحمەدی

هەر وەک چۆن لە نووسینی مێژووی فەلسەفەدا ژیانی هێندێک فەیلەسوفی بەرجەستە دابەش دەکرێ بە سەر دوو قۆناغی سەرەکیدا، واتە قۆناغی گەنجییەتی و قۆناغی پاش گەنجییەتی،


دەکرێ هەمان جیاکاری لەمەڕ ژیانی سیاسی و گەشەی ڕووناکبیری قاسملوودا بکەین. هەڵبەت کە ئەگەڕێتەوە سەر مەسەلەی سوسیالیزم لای قاسملوو، کە بابەتی سەرەکی ئەم وتارەیە، دەکرێ باس لە سێ قۆناغ بکەین: قۆناغی یەکەم، سۆسیالیستبوونی قاسملوو بوو لە فۆرمی مارکسیزمدا؛ قۆناغی دووهەم، کە لە نووسینی “کورتە باسێک لە سەر سوسیالیزم” لە سەرەتای دەیەی ١٩٨٠ بە ڕوونی دەردەکەوێ، لە شکڵی سوسیالیزمی دێموکراتیکدا بوو؛ قۆناغی سێهەم، کە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٨٠، دەکرێ بڵێین ئاوێتەکردنی سوسیالیزمی دێموکراتیک و سوسیال دێموکراسی بوو.

 

قاسملووی گەنج           

قاسملووی گەنج، وەک لە تێزی دوکتوراکەیدا دەردەکەوێ، هەم مارکسیست و هەمیش سەربەخۆییخواز بوو. هاوشێوەی کۆمەڵەی ژێکاف، خوازیاری سەربەخۆیی و یەکسەرخستنەوەی هەر چوار پارچەی کوردستان بوو؛ جێگای پرسیارە، کە چۆن بوو قاسملوو لەو قۆناغەدا، هەم پابەند بوو بە سەربەخۆییخوازی کۆمەڵەی ژێکاف، هەمیش مارکسیست بوو، لە کاتێکدا کۆمەڵەی ژێکاف وێدەچێ زۆرتر ڕێکخراوێکی لیبڕاڵ دێموکرات بووبێ. هەرچەند ئەوە دەبێ بکرێ بە بابەتی لێکەوڵینەوەی جیددی، بەڵام وێدەچێ بارودۆخی نێودەوڵەتی — بە تایبەت پاش کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی و لەنێوچوونی کۆماری کوردستان، دواتریش بەرپابوونی شەڕی سارد و بێ گومان بەسەربردنی ژیان لە خۆرهەڵاتی ئەورووپا — دەوری هەبووبێ لە ئاوێتەکردنی بیری سەربەخۆییخوازی و مارکسیزم لای قاسملووی گەنج.

 

ئەوەیکە یەکیەتی سۆڤیەت پشتیوانی لە کۆماری کوردستان دەکرد، هاوکات کە ئەمریکا و بریتانیا پشتی دەوڵەتی ئێرانیان گرتبوو، بێ گومان نابێ بێ باندۆڕ بووبێ لە سەر ئەو نەسڵە لە ڕووناکبیر و چالاکانی سیاسی کورد لە کوردستانی ئێران کە دوای لەنێوچوونی کۆماری کوردستان، چ لە حیزبی دێموکرات و چ لە دەرەوەی ئەو حیزبەدا، لە سیاسەتی کوردیدا دەوریان دەگێڕا. ئەم ڕاستییە قاسملوویش دەگرێتەوە.

 

بەڵام هەروها لە ئاست نێودەوڵەتیدا، یەکیەتی سۆڤیەت هەوڵی بڵاوکردنەوەی بیری شۆڕشگێڕی و ناڕاستەوخۆ بیری ڕزگاری نەتەوەیی دەدا، هەرچەند لە فۆڕمی تایبەت بە خۆیدا. لەبەرانبەردا، ئەمریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی بیری کۆمۆنیستی، لە زۆر شوێنی جیهان هاوپەیەمانی ڕێژیمگەلی ڕاستی سەرەڕۆی دەکرد. ئەمریکا هاوپەیمانی سەرەکی ئێران بوو، هەروەها هاوپەیمانی نزیکی تورکیە بوو. بریتانیا و ئەمریکا تاکوو کودەتای ١٩٥٨ لە عێراق، پاڵپشتی حکومەتی عێراقیش بوون.

 

کەوابوو، وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە تایبەت ئەمریکا، هاوپەیمانی سێ دەوڵەتی دوژمنی کورد بوون. بەو پێیە، وەک مەسەلەیەکی ئاسایی دێتە بەرچاو کە ناسیۆنالیستی کورد لە سەردەمی شەڕی سارددا، زۆرتر هەوڵ بدەن ناسیۆنالیزمی کورد لە گەڵ فکری چەپدا بگونجێنن.

 

فاکتەرێکی دیکە بێ گومان ئەوە بوو کە ئوپۆزیسیۆن لە ئێران، عێراق و تورکیە لەژێر هێژمۆنی مارکسیزم- لێنێنیزمدا بوون؛ هەڵبەت وێدەچی بەهاری پراگ لە ساڵی ١٩٦٨، واتە کاتێک کە یەکیەتی سۆڤییەت بە داگیرکردنی چیکۆسلۆڤاکیا پێشی بە پڕۆسەی رێفۆرم و سەربەخۆیی سیاسی لەو وڵاتەدا گرت، باندۆڕی بەرچاوی لەسەر دوکتور قاسملوو هەبووبێ.

 

ئەو کات دوکتور قاسملوو دژ بەو داگیرکارییەی سۆڤییەت ڕاوەستا. ئەمەش بووە هۆی ئەوەیکە لە کاری زانکۆ دوور بخرێتەوە و دواجار ناچار بێ بگەڕێتەوە بۆ پاریس. لەوێش دوکتور قاسملوو زۆرتر لە گەڵ سوسیالیستەکانی ڕۆژئاوا بە مارکسیست و سۆسیال‌دێموکراتەوە نزیک دەبێتەوە. کەوابوو، دەکرێ بڵێین سەرەتای دوورکەوتنەوەی دوکتور قاسملوو لە سوسیالیزم لە شکڵی مارکسیستیدا لە کۆتایی دەیەی ١٩٦٠ دەست پێ دەکا.

پاش قۆناغی گەنجییەتی

لە قۆناغی دووهەمدا لە ژیانی دوکتور قاسملوو، کە ڕەنگبێ بگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەیەی ١٩٧٠ هەرچەند بە ڕوونی لە کاتی بەدەستەوەگرتنی رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات دوای کۆنگرەی سێ لە ساڵی ١٩٧٣دا دەردەکەوێ، دەبینین کە حیزبی دێموکرات گۆڕانی بنەڕەتی سیاسی و ڕێکخراوەیی بەسەردا دێ. زێدەڕوییمان نەکردووە ئەگەر بڵێین رێنێسانسی حیزبی دێموکرات لەو کاتەوە تاکوو کۆنگرەی ١٦، بەرهەمی قاسملوو بوو.

 

لەم قۆناغەدا، حیزبی دێموکرات خۆی لە مارکسیزم بەو شێوەیەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا باو بوو، یان با بڵێین مارکسیزم- لێنێنیزم، جیا دەکاتەوە. ئەمە زۆرتر لە سیاسەتی حیزبی دێموکرات بە نیسبەت ڕێکخراوی دیکە، بە تایبەت حیزبی تودەی ئێران، هەروەها لە سیاسەتی حیزبی دێموکرات لە ئاست کوردستان، ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دەردەکەوێ تاکوو ئەوەی لە دەقێکی فکری دیاریکراودا دەربڕابێ.

هێنانەدەری حیزبی دێموکرات لەژێر باندۆڕی حیزبی توودە زۆرتر وەک مەسەلەیەکی ڕێکخراوەیی چاوی لێ دەکرێ، لە کاتێکدا پێشمەرجی ئەو سەربەخۆییە رێکخراوەییە بە نیسبەت حیزبی توودەوە، سەربەخۆیی فکری بوو.

 

لە لایەکی دیکەوە، لە ساڵانی دوایدا گوتراوە کە پەسەندکردنی بیرۆکەی خودموختاری لە حیزبی دێموکراتدا، لەژێر باندۆڕی فکر و رێکخراوی چەپی ئێرانیدا بووە. بەو پێیە، دەبوا ڕەدکردنەوەی مارکسیزم- لێنێنیزم لەلایەن دوکتور قاسملووەوە و هەروەها سەلماندنی سەربەخۆیی بە نیسبەت حیزبی توودە، کارتێکەری لەسەر مەسەلەی خودموختاریش هەبایە؛ کە وا نەبوو. بە پێچەوانە، هەوڵدان بۆ وەدیهێنانی دێموکراسی لە ئێران وەک پێشمەرجی خودموختاری، لە کاتی بەدەستەوەگرتنی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتەوە لە لایەن دوکتور قاسملووەوە لە پاش کۆنگرەی سێهەم، کرا بە ئامانجی ستراتێژیک و سەرەکی ئەو حیزبە. راستییەکەی، لە وتارێکی دوکتور قاسملوو لەمەڕ خودموختاری کە دواتر لە “تێکۆشەر” بڵاو بووەتەوە، بە ڕوونی دەردەکەوێ کە بارودۆخی جیوسیاسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین، وێڕای ئەزموونی خەبات لە کوردستان و لە شوێنی دیکە، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی حیزبی دێموکرات داوای خودموختاری بکا. بیرۆکەی ئۆتۆنۆمی یان خودموختاری لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆری عوسمانی و قاجار، ئەویش لە ئاکامی گوشاری وڵاتانی ئەورووپی بۆ سەر ئیمپراتۆری عوسمانی. دواتریش لەلایەن بریتانیاوە پێشنیار کرا بۆ چارەسەکردنی مەسەلەی کورد لە عێراق. کەوابوو، بیرۆکەی ئۆتۆنۆمی پەیوەندی چەمکی یان ئایدیۆلۆژی بە چەپەوە نییە.

 

پرسیار ئەوەیە کە بۆچی لەو سەردەمەدا، دوکتور قاسملوو دەقێکی لە بابەتی “کورتە باسێک لە سەر سوسیالیزم” نەهێنایە ئاراوە؟ وێدەچێ هۆیەکەی بگەڕێتەوە بۆ هێژمۆنی مارکسیزم- لێنێنیزم لە لای بەشێکی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆن لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین، کە بێگومان لە سەر ئەندامانی حیزبی دێموکرات شوێندانەر بوو. هەر بەو بۆنەوە لە کۆنگرەی چوارەمدا، گرووپێک لە حیزبی دێموکرات جودا بوونەوە کە لەژێر کارتێکەری حیزبی توودەدا بوون. دواتر کە دوکتور قاسملوو ویستی سوسیالیزمی دێموکراتیک لە نێو حیزبی دێموکراتدا جێگیر بکا، ئەوکاتیش کەسانێک هەبوون کە دژی ڕاوەستانەوە، هەرچەند نەبووە هۆی جیابوونەوە.

 

هێنانی سوسیالیزمی دێموکراتیک لە لایەن دوکتوور قاسملووەوە لە سەرتای دەیەی ١٩٨٠، بۆ ئەوکات وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو. لەو سەردەمەدا، کە هێشتا شەڕی سارد لە ئارادا بوو و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەژێر باندۆڕی مارکسیزم- لێنێنیزم و مائۆئیزمدا بوو، سوسیالیزمی دێموکراتیک هەوڵێک بوو بۆ دیاریکردنی ئاراستەیەکی دیکەی ئایدیۆلۆژی لە بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورددا.

 

سوسیالیزمی دێموکراتیک، وەک لە ناوەکەیدا دەردەکەوێ، گرنگییەکی سەرەکی دەدا بە دێموکراسی. لەو ڕووەوە، سوسیالیزمی دێموکراتیک نزیکە لە لیبڕاڵ دێموکراسی، چوونکە هەردوو ڕەوتی فیکری پێداگری دەکەن لە سەر ئازادییە سەرەتاییەکان وەک ئازادی بەیان، ئازادی چاپەمەنی، ئازادی پەیڕەوکردن لە ئایین بۆ خەڵکی دیندار، پلۆرالیزمی سیاسی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات. بە مانایەک، دەکرێ بڵێین لە قۆناغی دووهەمدا و بە هێنانی سوسیالیزمی دێموکراتیک، حیزبی دێموکرات دەگەڕێتەوە بۆ سەر ڕەچەڵەكی لیبڕاڵ دێموکراتیکی خۆی لە کۆمەڵەی ژێ‌کافدا.

کاكڵەی سوسیالیزمی دێموکراتیک، پابەندبوونە بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی؛ بۆیە، لایەنگرانی سوسیالیزمی دێموکراتیک، هاوشێوەی مارکسیستەکان، سەرمایەداری وەک سیستمێکی ئابووریی چەوسێنەر دەبینین. هەم مارکسیستەکان، هەمیش لایەنگرانی سوسیالیزمی دێموکراتیک پێیان وایە سەرمایەداری دەبێ کۆتایی پێ بێ، یان بڕووخێندرێ. لەو ڕووەوە، سوسیالیزمی دێموکراتیک جیاوازی هەیە لە گەڵ سۆسیال دێموکراسی، کە بە وتەی دوکتور قاسملوو “ رێبازێکی رێفۆرمیستیه‌ که‌ به‌ ناوی سوسیالیزم، سه‌رمایه‌داری ده‌پارێزێ ‌و هه‌ڵیده‌سووڕێنێ.”

 

جێگای سرنجە کە حیزبی دێموکرات لە بەرنامەی خۆیدا، هیچ کات باسی لە ڕووخاندنی سەرمایەداری نەکردووە. لەلایەکی دیکەوە، دوکتور قاسملوو هەوڵی دا حیزبی دێموکرات بکا بە ئەندام لە ڕێکخراوی سوسیالیست ئەنترناسیۆنال، رێکخراوێک کە پابەندە بە سوسیالیزمی دێموکراتیک. خاڵی جێگای سرنج ئەوەیە کە ئەو ڕێکخراوەیە نەتەنیا حیزبی سوسیال دێموکراتی وەک ئەندام وەرگرتووە، بەڵکوو بە پێی زەمان سوسیالیزمی دێموکراتیک و سوسیال دێموکراسی ئاوێتە کردووە.

 

بە کورتی، هەرچەند دوکتور قاسملوو لە ساڵانی دوایی ژیانیدا ئەو مەسەلەیەی لە شکڵی دەقێکدا ڕوون نەکردەوە، بەڵام هەم پێشبینی ئەوەی کردبوو کە یەکیەتی سۆڤییەت بەرەو گۆڕان دەڕوا، هەمیش لە بەرنامەیدا بوو سەردانی ئەمریکا بکا. لە گەڵ ئەوەی “کورتە باس” دوادەقی دوکتور قاسملووە لەمەڕ سوسیالیزم، بە کردەوە لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی سوسیالیست ئەنترناسیۆنال، هەروها پەیوەندیگەلێک کە لەگەڵ حیزبە سوسیال دێموکراتەکانی ئەورووپا گرتبووی، داواتریش بە دانانی بەرنامە بۆ سەردانی ئەمریکا، کۆی ئەمانە پێمان دەڵێ کە دوکتور قاسملوو لە ڕاستیدا لە کۆتایی دەیەی ١٩٨٠، حیزبی دێموکراتی بەرەو سوسیال دێموکراسی بردبوو. بەو پێیە، سوسیالیزمی دێموکراتیک و سوسیال دێموکراسی دواجار ئاوێتە بوون و بوون بە یەک ڕەوتی فکری و سیاسی.

 

کۆنگرەی ١٦ و سوسیالیزمی دێموکراتیک

وەک وترا، جەوهەری سوسیالیزم لە ڕوانگەی دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکراتەوە، دادپەروەری کۆمەڵایەتییە. لە بەرنامەی حیزبدا، پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٦، جەخت لەسەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی وەک ئامانجێکی نەگۆڕ کراوەتەوە. ئەگەر وردبینەوە لە بەرنامەی حیزبی دێموکرات، دەبینین کە پێناسەی حیزبی دێموکرات لە “سوسیالیزمی دێموکراتیک” جیاوازیی لە گەڵ سوسیال دێموکراسیدا نییە.

 

بەو پێیە، حیزبی دێموکرات پابەندە بە بنەما ئایدیۆلۆژییەکانی خۆی، بەڵام نەک بە شێوەیەکی دۆگماتیک. حیزبی دێموکرات ئامادەیە بەردەوام پێداچوونەوە بە بنەما فکرییەکانی خۆیدا بکا، هەرچەند دابینکردن و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد وێڕای خەباتی بەردەوام بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئەسڵی نەگۆڕن لە فەلسەفە و سیاسەتی حیزبی دێموکراتدا.

 

بێگومان، بیرۆکەی سیاسی قاسملوو بەرهەمی سەردەمی خۆی بوو، بەڵام ئەوەی قاسملوو لە کەسانی دیکەی سەردەمی خۆی جیا دەکاتەوە، دینامیزمی ڕووناکبیری ئەو ڕێبەرەی کورد بوو. بۆیەش هاوکات کە بیرۆکەی سیاسی قاسملوو بەرهەمی سەردەمی خۆی بوو، دینامیزمی ڕووناکبیری دوکتور قاسملوو وای کردبوو کە بتوانێ لە زۆر ڕووەوە لە پێش سەردەمی خۆی بێ.

 

حیزبی دێموکرات بەردەوام بەرەوڕووی ئەو ئەرکە پرسیارە دەبێتەوە کە ئایا دەتوانێ دینامیزمی فکری هاوشێوەی ڕێبەرێک وەک دوکتور قاسملوو لەخۆیدا بگونجێنێ. هەرچەند ئەو گۆڕانانەی لە پێکهاتە و بەرنامەی حیزبی دێموکرات کە لە کۆنگرەی 16دا کران دەبوا زووتر ئەنجام درابان، بەڵام دیسانەوە حیزبی دێموکرات نیشانی دا کە حیزبێکی دینامیکە و پابەندە بە نەریتێک کە قاسملوو دایهێنا، ئەویش بریتییە لە پێداچوونەوە و خۆگونجاندن لە گەڵ گۆڕان لە ئاستی جیاوازی نێوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.

 

هەرچەند دوکتور قاسملوو بە جەستە نەماوە، بەڵام میراتی فیکری و سیاسی لە حیزبی دێموکراتدا زیندووە. ئەو میراتە هەر زیندوو دەمێنێتەوە، ئەگەر بێت و حیزبی دێموکرات دینامیزمی فیکری لە خۆیدا ڕابگرێ.

 

 

 

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو