سەرئەنجام هەر حیزبی دیمۆکرات سەردەکەوێ!، ن: کاردۆخ

حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران وەک سەرەکیترین حیزبی کوردستانی بندەستی ئێران، ئاڵا هەڵگری بزووتنەوەی نەتەوەیی لەو پارچەیە لە کوردستانە.


 ئەم حیزبە هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە تا ئێستا لە قۆناخە جۆراوجۆرەکاندا کەوتۆتە بەر تەوژمی تەبلیغاتی دژمنکارانە و تەنانەت هێرشی چەکداری، بەڵام ئەوەیکە سەرکەوتوو لە مەیدان هاتۆتە دەر هەر حیزبی دیمۆکرات بووە. بۆ چوونە ناو باسەکەوە بە چەندین خاڵی گرینگ کە لە حیزبی دیمۆکراتدا وەک پرینسیپن و کەس ناتوانێ پێشێلیان بکات ئاماژە دەکەم و دوایی دێمەوە سەر هێڵی دژمنکارانەی دژبەرانی حیزبی دیمۆکرات کە بوونی خۆیان لە نەبوونی حیزبی دیمۆکراتدا دەبینن!

 ئەم حیزبە سەرەتا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دامەزرا، هەر بۆیە چەندین مانگ دوای دامەزرانی ئەم حیزبە، یەکەمین دەوڵەتی کوردی دادەمەزرێنێ. دامەزرێنەری حیزبەکە واتە شەهید پێشەوا دەبێتە یەکەمین سەرکۆماری مێژووی کورد. واتە ناسیونالیزم و بە دەوڵەت بوونی کوردستان لەناخی حیزبی دیمۆکراتدایە. هەر بۆیە بە دوای شەهید بوونی پێشەودا، دۆکتور قاسملوو سەرهەڵدەدات و دەڵێ: ئەگەر رۆژێک لە رۆژان هەر چوار بەشی کوردستان یەکبگرنەوە، ئەوە پارچە کردنی هیچ وڵاتێک نیە، بەڵکو یەکگرتنەوەی وڵاتێکە بە ناوی کوردستان.

ئەم ویستی بە دەوڵەتبوونە هێشتا لە نێو بنەما فیکرییەکانی حیزبی دیمۆکراتدا نەمردووە و بە زیندوویی ماوەتەوە. لە بەرنامە و ئەساسنامەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا لە لاپەڕەی شەشەم دەڵێ: “نەتەوەی کورد، خوازیاری ئەو مافانەیە کە نەتەوەکانی خاون سەروەری (حاکمیەتی) سیاسی و دەوڵەتی سەربەخۆ، بۆ خۆیان بە رەوا دەزانن؛ بۆیە حیزبی دیمۆکرات بە پێچەوانەی هەندێک هێز کە چاوپۆشی لە مەسەلەی نەتەوایەتی لە ئێراندا دەکەن و تەنیا گرینگی بە کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری یان پێشێلکردنی مافی تاکەکەس لە لایەن دیکتاتورییەتەوە دەدەن، دانپێنان بە ناسنامەی نەتەوەیی و رێز گرتن لە کەرامەتی مرۆڤی نەتەوە ستەملێکراوەکان بە مەسەلەی بنەڕەتی دەزانێ”. لە لاپەڕەی حەوتەمدا دەڵێ: “لە گوتاری دەوڵەتی ئێران و بەشێکی زۆر لە ئۆپۆزسیونی فارسدا، دەستەواژەی جوداییخوازی کراوە بە تاوانێک کە دەبێ بە زەبروزەنگ و هێزی نیزامی وڵام بدرێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەوەی ئەوان بە جوداییخوازی ناوی دەبەن، چەواشە کردنی مافی دیاری کردنی چارەنووسە و بۆیە ئەوە مافە و نەک تاوان.” … لە لاپەڕەی نۆیەم و خاڵی یەکەمی ئامانجە گشتییەکاندا دەڵێ: “حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی ئاڵا هەڵگری خەباتی نەتەوەیی دیمۆکراتیکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە گەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران و هێزە دیمۆکراتیک و پێشکوتنخوازەکانی ئێران بۆ دامەزراندنی سیستمێکی دیمۆکراتیکی فێدراڵی لە ئێران و وەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران خەبات دەکات” … لە لاپەڕەی دەیەمدا دەڵێ: “رۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێک لەو هەرێمانەیە کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و هاوشان لە گەڵ هەرێمەکانی دیکەی پێکهێنەری ئێران، وڵاتی فیدراڵی ئێران پێک دێنن! لە هەموو ئەم خاڵانەدا مافی دیاری کردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد، مافی سەربەخۆیی و پێکەوە ژیانی ئارەزوومەندانە بە زەقی پێداگری لە سەر کراوەتەوە و وەک ئامانجی دوارۆژی حیزبی دیمۆکرات لە بەرنامە و ئەساسنامەدا هاتوون.

هێڵی دژایەتی لە گەڵ حیزبی دیمۆکرات ریشەیەکی مێژوویی هەیە بەڵام لەم وتارەدا لە سەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران کە بووە هۆی روخانی رژیمی پاشایەتی، باس دەکرێ. ئەم هێڵە دژایەتییە لە لایەن رژیمی ئێران و ناسیونالیستە فارسەکانەوە بە ناوی جۆراوجۆرەوە تا ئێستا رێبەرایەتی کراوە. هێڵی فیکری توودەیی کە لە نێو ریزەکانی حیزبی دیمۆکراتدا ریشەی داکوتا بوو و دوای هاتنە دەرەوەی حیزبی دیمۆکرات لە لایەن دۆکتور قاسملووە لە ژێر چنگی حیزبی توودەش هەر بە بەهێزی مابووە، دوای شۆڕشی ١٩٧٩ ویستی کە حیزبی دیمۆکرات لە رەساڵەتی مێژوویی خۆی دوور بخاتەوە و وەک حیزبی توودە بیکاتە پاشکۆی لایەنگرانی خۆمەینی و لە پشت سەری خۆمەینییەوە دژی ئیمپریالیزم سەنگەر بگرێ. بەڵام ئەو هێڵە فیکرییە لە بەر بەهێزی هێڵی فیکری دۆکتور قاسملوو خۆی پێ رانەگیرا و تووشی شکست هات و لە کۆنگرەی چوارەمدا لە حیزبی دیمۆکرات جیا بوونەوە و نێوی تاقمی حەوت کەسییان لە سەر دانرا و دواتر توانەوە. هاوتەریب لە گەڵ توودەییەکان، رەوتێکی چەپی رادیکاڵ بە نێوی کۆمەڵە سەری هەڵدا کە دواتر لەگەڵ رەوتی مەنسووری حیکمەت لە قەوارەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا یەکیان گرت. ئەم رەوتە رادیکاڵە هەر لە سەرەتاوە حیزبی دیمۆکراتی پێی کۆنەپەرەست بوو و داخوازییە نەتەوەییەکانی بە گاڵتە دەگرت. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەیگوت حیزبی دیمۆکرات بۆرژوازی ناوچەییە و دەبێ لە سەر تەرمی بۆرژوازی ناوچەییدا تێپەڕین و لە بۆرژوازی سەرانسەری کە رژیمی ئێرانە بدەین. واتە لە نێو بردنی حیزبی دیمۆکرات پێشنیازی شەڕ لە گەڵ رژیمی ئێران بوو. ئەم شێوە روانینە بووە هۆی شەڕێکی ماڵوێرانکەر لە کوردستان بە سپۆنسەریی فیکری مەنسوور حیکمەتییەکان کە لە جڵەوی رێبەرایەتی حیزبی کۆمۆنیستدا بوون. کە لە ئەساسدا شەڕی ناسیونالیزمی فارس دژی بزووتنەوەی کورد بوو. بەڵام شەڕکەرەکان کورد بوون و هێڵە فیکرییەکەیان فارسی بوو کە لە لایەن مەنسووری حیکمەت و دەوروبەرییەکانییەوە دادەڕێژرا.

دوای ساڵانێک شەڕ و دوای تێکشکانی حیزبی کۆمۆنیست لەباری نیزامییەوە لە بەرانبەر حیزبی دیمۆکرات و تێکشکانی فیکری بە دوای لە بەریەک هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو بە چەندین تیکە. سەرەتا حکمەتیستەکان جیا بوونەوە کە ئەوانیش دوای مردنی مەنسوور حیکمەت بوون بە چەندین بەش، دوای ئەوە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان جیا بوویەوە کە دوایی ئەویش بوو بە چەندین تیکە. بەڵام ئێستاش هەمان دژایەتی و هەمان دروشم دژی حیزبی دیمۆکرات وەک باوەڕ لەنێو هەموویاندا ماوەتەوە، هێندێکیان بە شاراوە و هێندێکیان بە راشکاوانە دەیڵێنەوە! بەڵام ئەوەیکە جێگەی بایەخە ئەوەیە کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە بەڕێز مۆهتەدی رابەرایەتی دەکات، هەرچەند ئەندامەکانی ئێستاش وەک بەشەکانی دیکەی حیزبی کۆمۆنیست بیر دەکەنەوە، لە دوایین وتووێژیدا ئاماژەی بەوەدا کە هاتوونەتە سەر باوەڕەکەی دۆکتور قاسملوو، لە راستیشدا هەروایە، چونکە لە کۆمۆنیستێکی ئۆرتۆدۆکسەوە کە بیری نەتەوەییان پێی دواکەوتوانە بوو و زێدە کردنی پاشگر و پێشگریان بە سوسیالیزم پێی خائینانە بوو، هاتوونەتە سەر بیری نەتەوەیی و سوسیال دیمۆکراسی! ئەم هاتنە هەرچەند دێر بوو و خەسارێکی زۆری بە بزووتنەوەی نەتەوەیی گەیاند، بەڵام ئێستاش هەر ئەرێنییە!

بە دوای تێکشکانی توودە و حیزبی کۆمۆنیستی ایران، لە کوردستانی ئێستادا دیسانەوە رەوتێک سەریهەڵداوەتەوە، کە لە شێوەی بیرکردنەوەی لە گەڵ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە سەر حیزبی دیمۆکرات هیچ جیاوازییەک نابیندرێ! ئەم رەوتە لە پەکەکە (بەتایبەت ئەندامانی رۆژهەڵاتی پەکەکە کە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیست بوونە) و هێندێک وردە حیزب و تاکگەلێک کە زۆربەیان پێشتر ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران یان توودە بوونە پێک دێت. پەکەکە بە کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک کە دژی هەرچەشنە بیرێکێ نەتەوەیی و دەوڵەت-نەتەوەیە و ئەو وردە حیزب و کەسەکانەی دیکە لە پشت سەنگەری سەربەخۆییخوازییەوە، بە توندی خەریکی هێرش کردنە سەر حیزبی دیمۆکرات و هێما نەتەوەییەکانی کوردی رۆژهەڵاتن. ئەم رەوتە کە خاڵی هاوبەشیان دژایەتی و هەوڵدان بۆ لە نێو بردنی حیزبی دیمۆکراتە، لە دوو بەشی بە تەواوی دژ بە یەک پێک دێن. یەکیان دژی دەوڵەت-نەتەوە و یەکیان دەڵێ بۆ دەوڵەتی کوردی تێدەکۆشین! بەڵام هەردوو لایەنی رەوتەکە هەمان دروشمی حیزبی کۆمۆنیستیان کە دەیگوت لەسەر تەرمی بورژوازی ناوچەیی (حیزبی دیمۆکرات) تێپەڕ دەبین و لە کۆماری ئیسلامی دەدەین، زیندوو کردۆتەوە و بە چەشنێکی دیکە دایانڕشتۆتەوە. واتە هەردووکیان حیزبی دیمۆکرات بە لەمپەری سەر رێگایان دەزانن. پەکەکە پێی وایە کە بە بوونی حیزبی دیمۆکرات ئەوان ناتوانن سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک لە رۆژهەڵات دابمەزرێنن، بەشەکەی دیکەی ئەم رەوتە کە وەک قارچک لە چەند مانگیرابردوو هەڵتۆقیون، پێیان وایە کە بە بوونی حیزبی دیمۆکرات وەک ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی ئەوان دیار نابن و خەڵک لایان بۆ ناکاتەوە. بۆیە هاوکات هەر دوو لایەنی ئەم رەوتە دەستیان بە بانگەشە دژی حیزبی دیمۆکرات کردووە و هەردوو لایەنی رەوتەکە تەنانەت بە خەستی خەریکی بڵاو کردنەوەی رق و قین دژی حیزبی دیمۆکرات و بە تایبەت رێبەرانی شەهیدی حیزبی دیمۆکراتن کە بەرزترین هێما نەتەوەییەکانی رۆژهەڵاتن. لە ئەساسدا هەر دوو لایەنی ناو رەوتەکە پرۆژەی سپان لە کوردستان!

بەڵام ئەم رەوتە کێن و چ دەستێک لە پشتیانە؟

ئەم رەوتە پرۆژەی سپای پاسداران لە کوردستانە. سپای پاسداران پرۆژەیەکی دوولایەنەی لە بەر چاو گرتووە. ئەم پرۆژەیەش لە رۆژئاوای کوردستان تاقی کراوەتەوە. جێگای ئاماژەیە کە بەشێکی ئەم پرۆژەیەش لە ناو ئۆپۆزسیونی فارسدا تاقی کراوەتەوە. پرۆژەکە چیە؟ بە فارسی کردنی ئۆپۆزسیونی کورد یان هەمان ئەنەکەسە سازی لە حیزبی دیمۆکرات، بۆچی حیزبیدیمۆکرات؟ چونکە حیزبی دیمۆکرات ئێستا لە سەرانسەری کوردستانی رۆژهەڵات پێشمەرگەی هەیە و ئەمە مەترسییەکی گەورەیە. ئەم پرۆژەیە بە دوو شێوە دەڕواتە پێش. رژیمی ئێران ساڵانێکە کە پەکەکەی وەک ئاڵتێرناتیڤ بۆ حیزبی دیمۆکرات لە بەرچاو گرتووە. واتە پێی خۆشە کە پەکەکە وەک هاوپەیمانی خۆی جێی حیزبی دیمۆکرات بگرێتەوە. بەڵام بە هۆی ئەوەوە کە کاری رێکخراوەیی حیزبی دیمۆکرات لە رۆژهەڵات ریشەی مێژوویی هەیە بە ئاسانی ناتوانێ ئەم پڕۆژەیە بباتە پێش! چ دەکا؟ رژیم بۆ گەییشتن بەم ئامانجە پرۆژەکەی بە خستنەگەڕی سیاسەتی ناکارامە و بێ ناوەرۆک کردنی حیزبی دیمۆکرات تەکمیل دەکا! بەتایبەت لە دوای خۆپیشاندانەکانی زستانی رابردووە ئەم بەشە لە پرۆژەکەی رۆشتۆتە قۆناخی جێبەجێ کردنەوە. رژیم دەزانێ لە ناخی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەردا ویستی سەربەخۆییخوازی هەیە، بۆیە دەیەوێ بە بەخزمەت گرتنی ئەم هەستە پیرۆزە حیزبی دیمۆکرات لە کۆمەڵگە داببڕێ و بێ ناوەرۆکی بکات و کوردستان لە حاڵەتی رێکخراوەیی بێنێتە دەر و وەک فارسەکان ئۆپۆزسیون لە حاڵەتی رێکخراوەوە بکات بە کۆمەڵێک تاکی سەرگەردان! بۆ ئەم مەبەستە لە رێگەی کەسانی سەر بە رژیمەوە رۆژانە لە ژێر ناوی سەربەخۆییخوازی هێرش دەکرێتە سەر حیزبی دیمۆکرات و هێماکانی وەک دۆکتور قاسملوو، هێما نەتەوەییەکان، بایەخەکانی شۆڕشی کورد و دەیانەوێ هەموویان ورد و خاش بکەن بە یەکدا. کاتێک ئەم کارە کرا واتە حیزبی دیمۆکرات، هێمانەتەوەییەکان و بایەخەکانی شۆڕشی دەیان ساڵەی کورد تێک شکێندران ئیتر ئەوکاتە رژیم بە ئاسانی حیزبیدیمۆکرات وەک ئەنەکەسە و حیزبە فارسەکان وەدەر دەنێ و پەکەکەی هاوپەیمانی خۆی دەکاتە ئاڵتێرناتیڤ! بۆیە ئەوانەی کە رۆژانە لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەریکی شکاندنی هێما نەتەوەییەکان، گاڵتە بە پێشمەرگە و تەنانەت تەبلیغ بۆ سۆننەگەری و دژایەتی شیعەن بەشێکن لە پرۆژەی سپای پاسداران بۆ خەساندنی رۆژهەڵات!

سەرەکیترین هێزی ئەم رەوتە پەکەکەیە. لە هیچ کەس شاراوە نیە کە پەکەکە پارتێکە کە هاوپەیمانی رژیمی ئێرانە و رێبەرانی ئەو پارتەش تا ئێستا نەیانشاردۆتەوە. لە سوریە و لە عێراق بە ئاشکرا هاوسەنگەری سپای قودسن. شەڕ دژی کۆماری ئیسلامی بە قازانجی تورکیا و عەرەبستان دەزانن و بە تەخریبات ناوی دەبەن. پرۆژە بۆ پاراستنی رژیمی کۆماری ئیسلامی دەدەنە دەرەوە و بزووتنەوەی کورد تا ئاستی شارەوانی و شورای شار و دێ دادەبەزێنن! پێویست بە ئاماژەیە کە دوای چل ساڵ بە ناو خەباتی پەکەکە، ئێستا ٨٠ لە سەدی خەڵکی باکوور لایەنگری ئەردۆغانە و دەنگ بە تورک دەدەن!

بەشەکەی دیکەی ئەم رەوتە دژی دیمۆکراتە کە پێکهاتوون لە ورتکە حیزب (کە پاشکۆی حیزبەکانی باشوورن) و تاکگەلێک کە وەک قارچک هەڵتۆقیون، وەک سەرەتاکانی پێکهاتنی پەکەکە کە بۆ سەربازگیری دروشمی سەربەخۆیی هەڵگرت و لە پشت ئەو دروشمەوە تەقەی لەهەموو لەیەن و چالاکانی کورد دەکرد، درشمی سەربەخۆییخوازییان بە بێ ئەوەی باوەڕیان پێی هەبێ هەڵگرتووە و راست وەک پەکەکە هەموانیان پێی خائینە و مێژووی کورد لەوانەوە دەست پێ دەکات. ئەم بەشە لە رەوتەکە لە ئێستادا هێزی مرۆییان نیە و تەنیا لە سەر ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکن و دەیانەوێ لە سەر دنیای مەجازی کوردستان سەربەخۆ بکەن و هێزی دژمن وەدەر نێن. ئەمانە توانایی چوونەوە بۆ ناو رۆژهەڵاتیان نیە و لە راستیشدا کوڕی ئەو مەیدانەش نین، بەڵام بۆ دیار بوونی خۆیان بیر لە شکاندنی هێما نەتەوەییەکان دەکەنەوە، کە ئەمە راستەوخۆ خزمەت بە رژیمی ئێرانە و خەیانەتە بە نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵات. بۆ ئەم کارە راست رێبازی ئاپۆچییەکانیان لە باکوور گرتۆتە پێش! ئاپۆچییەکان لە باکوور لە کاتی سەرهەڵدانیاندا کە پاڵپشتی تەنانەت میتی تورکیەیان لە پشت بوو و ئۆجەلانیش بە وردی باسی دەکات، هەڵیان کوتایە سەر هەموو حیزب و لایەنەکانی باکوور و هەموویان بە خائین لە قەڵەم دەدا! گەمژەیی ئەمانە ئەوەیە کە کۆمەڵگەی ئێستای رۆژهەڵات وەک کۆمەڵگەی عەشیرەیی سی ساڵ پێشی باکووری کوردستان دێتە پێش چاو و کۆمەڵگەی رۆژهەڵات بە گەمژە دادەنێن!

بە دڵنیاییەوە سەرئەنجامی ئەم رەوتەش بە هەردوو لایەنەکەیەوە (ئاپۆچی و سەربەخۆخوازی ئینتێرنێتی) وەک سەرئەنجامی حیزبی کۆمۆنیست تێکشکانە! چونکە حیزبی دیمۆکرات خاونی پێگەی ماددی و مەعنەوی بەهێزی ئەوتۆیە کە بە ئاسانی تەرمی ناکەوێتە ژێر پێی رەوتگەلێکی بێ ریشە. حیزبی دیمۆکرات ریشەی لە مێژووی هاوچەرخی کوردە، هەر کەس و لایەنێک بیەوێ بۆ یەکخستنی کرێکارانی جیهان، جێگیرکردنی کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک یان سەربەخۆییخوازی فەیسبووکی، لە سەر تەرمی حیزبی دیمۆکراتەوە تێپەڕی و بە وتەی خۆی لە بورژوازی سەراسەری یان رژیمی ئێران بدات، دەبێ مێژووی هاوچەرخی کورد وشک بکات کە ئەمە کارێکی هێندە ئاسان نیە و وەک حیزبی کۆمۆنیست سەری خۆشیان لە پێناویدا دادەنێن و وەک ئەمڕۆ چۆن بەشێکی ئەساسی لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران راشکاوانە دەڵن هاتوینەتە سەر رێباری حیزبی دیمۆکرات، سبەینێش ئەوانە بۆ ئەوەی زیندوو بمێننەوە، دێنەوە سەر هێڵی فیکری حیزبی دیمۆکرات! هێڵی فیکری حیزبی دیمۆکرات هێڵێکی نەتەوەیی و دیمۆکراتیکە کە لە لایەن زاناگەلێک وەک شەهید پێشەوا، شەهید دۆکتور قاسملوو و شەهید دۆکتور شەرەفکەندییەوە بنیات نراوە و لە دروشمی هەڵخەڵەتێنەر و زەرق و بەرقدار بە دوورە و هەر وەک لە سەرەتای وتارەکە ئامژەم پێدا دیمۆکرات سەرخستنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی کردۆتە ئامانجی خۆی و دەڕواتە پێش و بە هیچ بایەک نالەرزێ.

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو