کورد لە پلانی دەوڵەتان ، پۆل بریمەر و تاڵەبانی و بارزانی (مافی کورد، ن: سەعی سەقزی

 ئه‌گه‌ر له‌ مێژووی ئه‌م سه‌د ساڵه‌ی جهان بکۆڵینه‌وه‌ ناوی (کورد و شۆڕشی کوردستان) به‌گشتی و به‌تایبه‌تی پاش رمانی (سیستمی پادشایی ئێراق و دامه‌زراندنی کۆماری)


له‌ ماسمێدیای جهان و ماسمێدیای ئێران- تورکییه‌ – سورییه‌ و ئێراق وه‌ک داگیرگه‌رانی کوردستان به‌تایبه‌تی له‌ ئارادا بووه‌.

ئێمه‌ی کورد چ وه‌ک (تاک) چ وه‌ک کۆمه‌ڵگا دڵمان به‌وه‌ خۆشکرده‌ که‌ ناوی کورد و شۆڕشی کوردستان له‌ ئارادایه‌‌ و په‌یتا په‌یتا واین له‌ وتووێژکردن و له‌ ماسمێدیادا باسمان ئه‌کرێ! ئه‌گه‌ر بڵێم وردبینانه‌ بیرمان له‌وه‌ نه‌کردوه‌ته‌وه که‌ له‌و (پروسه‌دا رۆڵ و ده‌ورمان چییه‌ و چیمان به‌ سه‌ر دێت؟) پێموانییه‌ بێئه‌ده‌بیم کردبێت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر بێژم خۆمان (سپارده‌) به‌و (لافاو- گێژه‌ڵوکه‌ی) که‌ هه‌ڵیکرده‌ تا به‌ره‌و کوێمان ئه‌بات) پێموانییه‌ سه‌رکۆنه‌م بکه‌ی.

هۆکاری ئه‌وه‌یش ئه‌گه‌ڕێته‌و بۆ ئه‌وه‌: (دڵمان به‌ هه‌ندێ ده‌سکه‌وتی کاتیی خۆشکرده‌ که‌ له‌و پروسه‌دا ره‌خساوه‌، ئه‌و ده‌سکه‌وته‌یش نه‌ک بۆ پێشخستنی کۆمه‌ڵگای کوردی بووبێت، به‌ڵکو بۆ (چه‌ن حیزب و رێکخراوه‌یه‌ک) بووه‌ که‌ رۆڵیان بۆ دیاریکراوه‌ و ئه‌وانیش ئه‌نجامیانداوه‌! پاش ئه‌وه‌ی پلانی ده‌وڵه‌تان گه‌یشته‌ ئه‌نجام حیزب و رێکخراوه‌کانی کوردستان له‌ بازنه‌ی (پلانه‌کان) وه‌ده‌ر نراون، له‌ ئاکامدا کۆمه‌ڵگای کوردی و تاکی کورد دووجاری زیانێکی مه‌زن بووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ چه‌ندین جار ئه‌و کاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر هاتووه‌ و زیانیان بینیوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ حیزب و رێکخراوه‌کانی کوردستان هه‌ستیان به‌وه‌ نه‌کرده‌ که‌ کۆمه‌ڵگای کوردی له‌ رووداوه‌ سیاسییه‌کانی پشت په‌رده‌ی پلانه‌کان‌ ئاگادار که‌نه‌وه‌ و ئاکامه‌که‌ی بووه‌ به‌وه‌ که‌ ئه‌مڕۆ ئه‌یبینین کۆمه‌ڵگای کوردی و شۆڕشی کوردستان چی به‌سه‌رهاتووه‌!

سه‌باره‌ت به‌ ئاڵوگۆره‌کانی {ئێراقی پاش ساڵی (2003)} له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی (ئه‌مریکا و به‌ریتانیا) و‌ (دامه‌زراندنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ده‌وڵه‌تی ئێراق) له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌، په‌رتووکێکی (540) لاپه‌ڕه‌یی به‌ناوی:

{(My YEAR in IRAQ) – (ساڵه‌که‌م له‌ عێراق) به‌ پێنووسی (L.PAUL BREMER) – (پۆل بریمه‌ر)} که‌ له‌ دروستکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێراقدا ده‌وری گێڕاوه‌، چاپکراوه‌. له‌م په‌رتووکه‌ = کتێبه‌دا چه‌ن باسێکی پێوه‌ندی به‌ حیزب و رێکخراوه‌کانی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه و تا رادیه‌کی (که‌م) ئاماژه‌ به‌ پشتپه‌رده‌ی پلانه‌کان و ده‌ور و رۆڵی حیزبه‌کانی کوردستان و که‌سایه‌تییه‌ کورده‌کان کراوه‌‌.

به‌پێی (ژماره‌ی لاپه‌ره‌کانی کتێبه‌که‌) ئه‌و چه‌ن باسه‌م ئاماده‌ کرده‌،‌ به‌ یارمه‌تی سایته‌ کوردییه‌کان ئه‌خه‌مه‌ به‌رده‌ست، ئه‌گه‌ر سوودیان نه‌بێت بۆمان، زیانیان هه‌ر نییه‌! 

دوو تێبینی:

یه‌که‌م – ئه‌و باسانه‌ که‌ له‌و کتێبه‌ وه‌رگیراوه‌ وه‌ک (خۆی به‌بێ ده‌سکاریکردن) به‌ چ رێنووسێ نووسراوه‌، ئاماده‌کراوه‌‌. ئه‌م په‌رتووکه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕیز (محه‌ممه‌د چیا)وه‌ کراوه‌ به‌ کوردی.

 

دووهه‌م – وه‌ک خوینه‌رێ له‌ کۆتایی هه‌ر باسێکدا تیبینییه‌کی کورتی خۆم ئه‌خه‌مه‌ به‌ر ده‌ستان.

**

له‌ چه‌ن مانگی رابردوودا به‌ یارمه‌تی چه‌ن سایتی کوردی ئه‌و چوار بابه‌ته‌م:

کورد له‌ پلانی ده‌وڵه‌تانی جهاندا: (پۆل بریمه‌ر و مه‌سعود بارزانی) –

کورد له‌ پلانی ده‌وڵه‌تانی جهاندا: (پۆل بریمه‌ر و عه‌زیز محه‌ممه‌د) –

کورد له‌ پلانی ده‌وڵه‌تانی جهاندا: (پۆل بریمه‌ر و مه‌حمود عوسمان) –

کورد له‌ پلانی ده‌وڵه‌تانی جهاندا: (پۆل بریمه‌ر و جه‌لال تاڵه‌بانی)

 

خسته‌ به‌رده‌س ئێوه‌ی سه‌روه‌ر، له‌ درێژه‌ی ئه‌و باسانه‌دا با له‌و چه‌ن دێڕه‌ بڕوانین:

 

کورد له‌ پلانی ده‌وڵه‌تانی جهاندا: پۆل بریمه‌ر و تاڵه‌بانی و بارزانی و (مافی کورد)

پۆڵ بریمه‌ر به‌و جۆره‌ی نووسیوه‌:

به‌ تێڕامانه‌وه‌ ووتم، (له‌ وانه‌یه‌ … به‌ڵام بڕوانن بۆ نۆ ئه‌ندامه‌که‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تیدا ئێوه‌بن و خوا. کاتێک دوێنێ داوام لێکردن چاوم پێیان که‌وێت بۆ وتوێژکردن له‌باره‌ی ئه‌و ڕه‌وته‌ی که‌ ده‌یگرینه‌به‌ر، نیوه‌یان ئاماده‌ نه‌بوو بوون. پاچه‌چی له‌ ئاب/ ئۆگۆسته‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراقه‌ و چه‌له‌بیش ماوه‌ی مانگێکی تره‌ ئه‌وه‌یش له‌ ده‌ره‌وه‌یه‌. تاڵه‌بانی و بارزانیش چه‌ن هه‌فته‌یه‌ که‌ نه‌هاتوون بۆ به‌غدا. چۆن ده‌توانین قه‌ناعه‌ت به‌ که‌سێک بکه‌ین تا وا له‌م ده‌سته‌یه‌ بکه‌ین به‌ جدیی بێنه‌ پێشه‌وه‌؟) لاپه‌ڕه‌ – 280

 

ئاماژه‌م به‌وه‌ کرد که‌ ده‌بێت ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ مافی تاکه‌کان بپارێزێت، له‌ناویشدا ئازادی ئایین، هه‌روه‌ها شێوه‌کانی هه‌ڵبژاردنی حکومه‌تێکی کاتیی رون بکاته‌وه‌، ده‌سه‌ڵاته‌کانی دیاری بکات. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستوره‌که‌ش (کاتیی) بێت پێویسته‌ بڕیارێکی روون له‌خۆ بگرێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی کاتێک هه‌بێت که‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ کۆتایی پێ بێت.

تاڵه‌بانیی به‌ ده‌ستی ئاماژه‌ی به‌ بازنه‌یه‌کی گه‌وره‌ کرد که‌ ماناکه‌ی ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕین ده‌گه‌یه‌نێت له‌سه‌ر هه‌موو خاڵه‌کان. (به‌ڵام) په‌نجه‌یه‌کی به‌رز کرده‌وه‌ (ئێمه‌ی کورد ده‌مانه‌وێت به‌ڵگه‌نامه‌که‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مه‌ترسیه‌کانماندا بکات، به‌ تایبه‌تیش داواکردنی فیدراڵیی له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ – بۆ پاراستنی خودموختاری خۆمان).

وه‌ڵامم دایه‌وه‌، (به‌ڕێز تاڵه‌بانی، تۆ دۆستێکی کۆنی ئه‌مریکایت و زۆرێک که‌سن هه‌ن له ‌واشنتۆن که‌ به‌تۆ سه‌رسامن، پێویسته‌ له‌سه‌رمان من و تۆ که‌ تا تۆ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نه‌که‌یت بڕیارێکمان ده‌ست بکه‌وێت له‌باره‌ی ڕه‌وتی به‌ره‌وپێش چوونه‌وه‌). چونکه‌ دوای ئه‌و ئه‌لحه‌کیم ده‌بۆوه‌ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ که‌ ئیسلامییه‌کی شێعه‌یه‌ و، له‌ 1 کانونی یه‌که‌م/ دیسه‌مبه‌ردا سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌  وه‌رده‌گرێت.

روخساری تاڵه‌بانی گه‌شایه‌وه‌و به‌ڵێنی دا که‌،(ئه‌نجومه‌نی حوکم هه‌موو ڕۆژێک کۆببێنه‌وه‌). لاپه‌ڕه‌ – 297

سه‌رچاوه‌: کتێبی

{(My YEAR in IRAQ) – (ساڵه‌که‌م له‌ عێراق) به‌ پێنووسی (L.PAUL BREMER) – (پۆل بریمه‌ر)}

 

له‌و چه‌ن دێڕه‌دا بریمه‌ر ئاماژه‌ی به‌ دوو باسی گرنگ کرده‌:

1 – تاڵه‌بانی و بارزانی چه‌ن هه‌فته‌یه‌ نه‌هاتوون بۆ به‌غدا.

2 – تاڵه‌بانی، دۆستێکی کۆنی ئه‌مریکایه‌.

 

با له‌و دوو باسه‌ وردبینه‌وه‌:

 

خاڵی یه‌که‌م: سه‌باره‌ت به‌ (9) که‌سه‌ که‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تیدا کار ئه‌که‌ن، کاره‌که‌یان پلان داڕشتنه‌ بۆ داهاتووی ئێراق، به‌ڕێزان تاڵه‌بانی و بارزانی وه‌ک دوو که‌سایه‌تی کورد وان له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا، بڕیمه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ئه‌کات که‌ چه‌ن هه‌فته‌یه‌ نه‌هاتوون بۆ به‌غا.‌ له‌و ماوه‌دا که‌ ئه‌وان نه‌چوون بۆ به‌غا کاری ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تی رانه‌گیراوه‌ و له‌و ده‌ورانه‌دا کۆمه‌ڵێ گه‌ڵاله‌ نووسراوه و په‌سه‌ندکراوه‌‌. ئه‌و گه‌ڵاڵه‌نه‌ به بێ ‌بارزانی و تاڵه‌بانی نووسراون!‌ ئه‌گه‌ر خاڵێکی ئه‌و گه‌ڵاڵانه‌ پێجه‌وانه‌ی مافی کورد بووبێت، کێ به‌رپرسیاره‌ …… ؟

خاڵی دووهه‌م: تاڵه‌بانیی به‌ ده‌ستی ئاماژه‌ی به‌ بازنه‌یه‌کی گه‌وره‌ کرد که‌ ماناکه‌ی ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕین ده‌گه‌یه‌نێت له‌سه‌ر هه‌موو خاڵه‌کان. (به‌ڵام) په‌نجه‌یه‌کی به‌رز کرده‌وه‌ (ئێمه‌ی کورد ده‌مانه‌وێت به‌ڵگه‌نامه‌که‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مه‌ترسیه‌کانماندا بکات، به‌ تایبه‌تیش داواکردنی فیدراڵیی له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ – بۆ پاراستنی خودموختاری خۆمان).

 

بریمه‌ر له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و داخوازییه‌ی تاڵه‌بانی واته‌:

(ئێمه‌ی کورد ده‌مانه‌وێت به‌ڵگه‌نامه‌که‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مه‌ترسیه‌کانماندا بکات، به‌ تایبه‌تیش داواکردنی فیدراڵیی له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ – بۆ پاراستنی خودموختاری خۆمان).

 

ئێژێ: (به‌ڕێز تاڵه‌بانی، تۆ دۆستێکی کۆنی ئه‌مریکایت و زۆرێک که‌سن هه‌ن له ‌واشنتۆن که‌ به‌تۆ سه‌رسامن.

 

به‌و (رسته)‌ کورت و فریوکارانه‌ کۆتایی به‌و باسه‌ که‌ داخوازییه‌کی گرنگه‌ دێنێت!

**

با سه‌باره‌ت به‌ خاڵی یه‌که‌م واته‌ نه‌بوونی (بارزانی و تاڵه‌بانی) له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تی له‌و چه‌ن حه‌فته‌دا له‌و پراگرافه‌ی خواره‌وه‌ بڕوانین:

{به‌ پێی هه‌واڵی سایتی (یه‌کیتی نیشتمانی کوردستان) نۆ 9 که‌س له‌ به‌ریتانیاوه‌ ئه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ رانییه‌ بۆ ده‌نگدان به‌ لیستی کوردستانی. هۆی گه‌ڕانه‌وه‌یان ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ تاراوگه‌دا ناتوانن به‌شداری له‌ هه‌ڵبژرادنه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی ئێراق له (25/7/2009)دا بکه‌ن و ده‌نگ بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مان کوردستانی ئێراق و سه‌رۆکی کوردستانی ئێراق بده‌ن. (یه‌کیتی نیشتمانی کوردستان – کامه‌ران عه‌بده‌ ساڵح 17/7/2009}.

 

نه‌ک هه‌ر کورده‌ ئاواره‌کانی ئوروپا، ئه‌مریکا، ئوسترالیا… مافی ده‌نگدانیان نییه‌، به‌ڵکو کورده‌کانی دوور له‌ چوارچێوه‌ی (هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆک) واته‌ کوردی که‌رکۆکی و دووز … مافی ده‌نگدانیان نه‌بووه‌ و نییه‌. کاتێ سه‌باره‌ت به‌و باسه‌ بۆ ئه‌وانه‌ مافی ده‌نگدانیان نییه‌ له‌و به‌رپرسه‌ کوردانه‌ی که‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تیدا به‌شدار بوون پرسیار ئه‌کرێت، له‌ وه‌ڵامدا ئه‌فه‌رموون: عه‌ره‌به‌کان کڵاویان سه‌رکردین. به‌داخه‌وه‌ کاسێتی ئه‌و پرسیار و وه‌ڵامه‌م به‌ ده‌سته‌وه‌ نییه‌ تا به‌ جوانی ئاماژه‌ به‌ ناوه‌کانیان بکه‌م.

لێره‌دا ئه‌بێ بێژین ئه‌و وه‌ڵامه‌ی ئه‌وان دوو خاڵی به‌د و ناپه‌سه‌ندی له‌ خۆ گرتووه‌.

1 – بۆ ئه‌بێ ئێوه‌ ئه‌ونده‌ ساده‌ و ساویلکه‌ بن که‌ کڵاوتان سه‌ر بکه‌ن.

2- ئه‌و (خاڵه‌ ده‌ستوورییه‌) که‌ ئه‌و کوردانه‌ی بێبه‌ش کرده‌ له‌ مافی ده‌نگدان له‌و هه‌ستیان کاتانه‌دا بوو که‌ بارزانی و تاڵه‌بانی نه‌چوون بۆ به‌غا یا وه‌ک مه‌حمود عوسمان له‌ کۆبوونه‌وه‌کاندا به‌ برسییه‌تی کردووه‌. 

**

بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه‌ی سه‌روه‌ر زۆر ماندوو نه‌بن دڕێژه‌ی ئه‌و باسه‌ بۆ بابه‌تێکی دیکه‌ له‌ژێر ناوی:

(کورد و زیندانه‌که‌ی پۆل بریمه‌ر).

 

31/7/2018

 

سه‌عی سه‌قزی

Sai.Saqzi@gmail.com

 

 

 

 

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو