ڕا و بۆچوونی کۆمەڵیک لە هاوڕێیانی حیزبی بە بۆنەی ٢٨ مین ساڵی تێرۆری کاک عەلی کاشفپوور ئەندامی ڕێبەریی حیزب

خوێنەری هێژا، دیرۆکی نەتەوەکەمان پرە لە مرۆڤی خەباتکار و گیانفیدای گەلەکەی کە بەشێکیان دوای دەیان ساڵ خەبات و بەساڵاچوونەوە کۆچی دواییان کردووە

و ئاواتی ئازادیی گەلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردۆتەوە ژێر گڵ و بەشێکیشیان ڕۆژگارێکی سەخت خەباتیان کردووە و هەرکامەی بە جۆرێک لە لایەن داگیرکەران و دوژمنانەوە شەهید کراون کە کاک عەلی کاشفپوور یەکێک لەو تێکۆشەرانە بوو کەلە تەمەنی لاوی و لەوپەڕی چالاکیی نەتەوەیی دا  شەوی ١٥ لە سەر ١٦ی ئاگۆستی ١٩٩٠ لە شاری قونیای تورکەی  کەوتە بەر دەستدرێژی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی و شەهید کرا کە ئەوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بوو. تا ڕۆژی شەهید بوونی کاک عەلی ماوەی ٩ ساڵ ئەندامی ڕێبەریی حیزب بوو .

عەلی کاشفپوور لە دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەیەکی کەم دا بووە بە یەکێک لە سێ کەسایەتییە دیارەکانی ئەوکاتی حیزب لە دەڤەری شیمالی کوردستان کە خاوەن باندۆر و قورسایی سیاسی و بەرپرسایەتیی حیزبی بوون.

کەسایەتیەک لەو کەسایەتیانە ڕەوانشاد سەننار مامەدی بوو کە : کوڕی مرۆڤێکی ناسراو و خاوەن مڵک و ماڵێکی زۆر کە مەرحوومی حاجی قوتاز مامەدی بوو. باوکی سەننار ئەندامی یەکەمین کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا ڕۆڵێکی دیاری هەبوو. بنەماڵەیەکی دەست ڕۆیشتووی دیاری ناوچە بوون. سەننار دەیان ساڵ خەباتی کردبوو، هەم لە شاخ و هەم لە زیندوو کردنەوەی حیزب لە دوای کۆماری کوردستان، هەم یەکێک لەو کەسانە بوو کە بە خیانەتی ناوخۆ و بە برینداری تەسلیمی ڕێژیمی شاهەنشاهی کرابوو و تا سەرکەوتنی انقلابی ٥٧ هەر لە زیندان دامابووە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوو.

کەسایەتییەکی دیکەی ئەو دەڤەرە کە هەر زوو باندۆر و ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو مهندس جەهانگیر ئیسماعیل زادە بوو. ئەویش لە بنەماڵەی ناسراوی ئیسماعیل زادە بوو کە لە چەندین شۆڕشی نەتەوایەتیی دا ڕۆل و باندۆریان هەبووە و بەتایبەتی لە حیزبی دێمۆکرات و کۆماری کوردستان دا . بنەماڵەیەک کە نیزیک بە نیوەی دەشتی سۆما زەوی و زاری ئەوانە و دەیان گوندی گەورە و بچووکیان هەیە. بنەماڵەیەکی پاک لە بواری نەتەوایەتی و جڤاکی یەوە. مهندس جەهانگیر ئەوکات تەنیا کادری حیزب لەو دەڤەرە بوو کە هەم زانکۆی تەواو کردبوو، هەم ئەزموونی چەندین ساڵ کارمەندی و ئەرکی لە بواری خوێندنەکەی دا هەبوو. ئەو زۆر زوو توانیبوو ببێتەوە بەرپرسێکی دیار و جێکەوتووی حیزب.

کەسایەتیی گەنج و پڕکاری عەلی کاشفپوور لەگەل ئەوەی کەلە بنەماڵەیەکی مام ناوەندی دا هاتبووە دونیا، بەڵام بنەماڵەکەیان بە گوێرەی ئەوکات بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار بوون. کاک عەلی ساڵی ٣ی زانکۆ بوو لە تاران و حقووقی دەخوێند. لەگەل سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و دەستپێکی خەباتی ئاشکرای حیزب لە سەرانسەری کوردستان و بەتایبەتی شیمالی کوردستان، زانکۆی گۆڕی بە سەنگەری پێشمەرگایەتی و وەک گەنجێکی خوێندەوار دێتە مەیدان و هەر زوو سرنجی خەڵک و هاوڕێیانی بۆ لای مەتانەت و دڵسۆزی و پڕکاریی خۆی ڕادەکێشێ.

عەلی کاشفپوور بەو تایبەتمەندیانەی کە هەیبوو توانی ببێتەوە یەکێک لە سێ کەسایەتیی دیاری ئەوکاتی حیزب لە شیمالی کوردستان ، بۆیە لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزب دا کەلە ساڵی ١٩٨١ دەگیرێ، لە سەر داوای ڕێبەری زانا دوکتۆر قاسملوو کاندیدی کۆمیتەی ناوەندی دەبێ و دەبێتەوە ئەندامی ڕێبەریی حیزب. ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ئیدی کاک عەلی لە گەنجێکی کەم ئەزموون  بەڵام خوێندەوار و بەتواناوە دەبێتەوە ڕێبەرێک و کاریگەریی زیاتری دەبێ تا ئەوکاتەی کە شەهید دەبێ . کاک عەلی لەو کادرانەی حیزبە کە ئەرکی قورسی لەسەر شان بووە.

بەڵێ کاک عەلی هەر لە دەستپێکی خەباتی سیاسیی دا و لە هاوینی ساڵی ١٩٨٠ بەهۆی بۆمبارانی فڕۆکە جەنگیەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناوچەی سۆما، لە گوندی ئاغچەقەل بە توندی بریندار دەبێ کە مەگەر ئەوکەسانە بزانن چەندە دژوار بووە تا کاک عەلی لە مەرگەوە دەگەڕێتەوە ژیان. هەر ئەوان و بەتایبەتی کاک کەریمی برای دەتوانێ تاریفی ئەو هەموو دژواریانە بکا کە هەم خۆیان و هەم کاک عەلی دیویانە تا برینەکانی سارێژ بوونەتەوە.

لەم ڕا وبۆچوونانەی ئەم چەند هاوڕێیەی کاک عەلی دا دوو لایەن دەبیندرێ:

یەکەم: باس لە دڵسۆزی، فیداکاری، سەداقەت، پاکی و ئەخلاقی کاک عەلی دەکرێ  لە جەریانی کار و تێکۆشانی حیزبی و جڤاکی دا.

دووهەم: ڕەخنەگەلێک لە شێوە و ئەدای مودیرییەت و ئیدارەدانی کاک عەلی دەگیرێ کە ئەوەش پەیوەستە بە کاری حیزبی و لێکدانەوە و زاویەی دیدی هەرکام لە ئەندامانی حیزب کە چلۆن دەڕواننە ئەدای ئیدارەدان.

هیچکام لەو هاوڕێیانە دەستیان نەبردۆتەوە بۆ ئەو خالە جەوهەریانەی کەسایەتی و خەبات و تێکۆشانی کاک عەلی کە ئەو سەرکردەیە پێوەی دەناسرا و دەبا بیانکا. بەڵکوو زۆرتر لە سەر شێوە و سەلیقەی ئیدارەدان  و جۆری ڕوانینیان ڕەخنەگرانەیە کە خودی کاک عەلیش مودەعیی ئەوە نەبوو کە مودیر و بەرپرسێکی بێ عەیب و ئیرادە.

بەڵام سەرەڕای هەموو بۆچوونەکانمان بە نیسبەت ئەو خەباتکارە ماندووی نەناسە، ئەو وەک ئێمە مرۆڤ بوو، کاری دەکرد، ئەرکی هەبوو، زیندوو بوو. کە مرۆڤیش ئەو لایەنانەی هەبوو بێگومان لە ڕەوتی کار و ئیدارەدان دا ڕەخنە و گاندەشی دێتەوە سەر و زۆریش ئاسایی یە.

لە کۆتاییدا سەری تەعزیم لە هەمبەر کەسایەتی و خەباتی کاک عەلی دا دادەنوێنم وسڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی.

تێبێنی: بەداخەوە پەیوەندیم بە چەند هاوڕێیەکەوە کرد و قەوڵیاندا کە ئەوانیش ڕا و بۆچوونی خۆیان بنووسن، کەچی نە ڕای خۆیان نووسی و نە هۆکاریان باس کرد و بێ دەنگەیان تەرجیح دا.

 ئامادەکار: کاووس عەزیزی

********

سلێمان کەلەشی

پێش هەموو شتێک سوپاس بۆ زەحمەتی ئێوە بەرێز و خەباتکار کاک کاووس، هەر وەها رێز و حورمەت بۆ هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان بە گشتی و بۆ شەهید عەلی کاشفپوور بە تایبەتی.

کاک کاووسی هێژا، پێناسە کردنی کەسایەتیی وەک شەهید کاک عەلی کاشفپوور یا هەر خەباتکارێکی وەک ئەو هیندێک زەحمەتە، لە بەر ئەوەی  هەر کەسێک تەنیا لە زاوییەی دیدی خۆیەوە پێناسە دەکا و ڕەنگە نەتوانێ هەموو لایەنی ژیان و خەباتی ئەو کەسە بگێڕێتەوە. ئەوەش بلێم کەس نیە کە کار و خەبات بکا بەڵام بێ هەڵە و کەم و کۆری بێ. کاک عەلیش وەک سەرکردە و خەباتکارێکی مەیدانی خەبات و بەرخودان بۆ ئازادی بێ کەم و کۆری نەبووە.

ئەگەر بمەوێ پێناسەی کاک عەلیی شۆرشگێر بکەم زۆری دەوێ، بەڵام بە کورتی کاک عەلی کاشفپوور کەسێکی خوێندەوار، بەهەڵوێست  و لە هەمان کاتدا سەنبولی سەداقەت و ڕاستگۆیی بوو. ئەو کەسێکی دڵسۆز ، ولاتپارێز ، فیداکار، خاکی و خەڵکی بوو و کە لە کار و تێکۆشانی خۆیدا زۆر جیدی و توند و تۆڵ بوو. بایەغی  زۆری بە “مطالعە ” و زانین دەدا و ئووسوول و پڕەنسیپ بۆ ئەو زۆر گرینگ بوون . کاک عەلی یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە دەستپێکی خەباتی ئاشکرای  حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا وەک چیای ئاڕاڕات شانی دابووە بەر خەبات و وەک ئەستێرەیەکی گەش لە ناو بزاو و خەباتی گەلی خۆیی دا دەدرەوشایەوە. ئەو بە زانین و فیداکاریی خۆی لە ماوەیەکی کەم دا توانی ببێتە دوست و هەڤال و هەر وەها هیوای خەڵکی فەقیر و بن دەست و تێنووی ئازادی و سەربەستی.

ناوی کاک عەلیی خەباتکار، ناوێکی ئاشنایە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان بە گشتی و بۆ خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی. ئەو رێبەر و کادری رۆژە سەختەکانی خەبات و پێشمەرگەیەکی نەترس و ماندووی نەناس بوو، دەیهەویست شەو و رۆژ کار بکا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی. بەڵام مخابن کاک عەلیش وەک زۆربەی رێبەر و خەباتکارانی رێگای ئازادیی کوردستان بە ئامانجەکانی گەلەکەی نەگەیشت و بە شێوەیەکی زۆر نامەردانە بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری “قونیا” ی تورکیە شەهید کرا و سەنگەری خەبات و بەرخودانی بە هاوبیر و هاوسەنگەرانی سپارد.

ئەگەر بمەوێ لە نێو تایبەتمەندییەکانی هەڤال عەلی دا بلێم کام تایبەتمەندیی پێشەنگی هەموو تایبەتمەندییەکانی بوو هێندێک زەحمەتە، لە بەر ئەوەی کە ئەو زۆر تایبەتمەندیی بەرز و شۆرشگێرانەی هەبوو، بەلام ئەگەر بلێم بەرزترینیان : باوەڕ بە خۆ بوون، سەداقەت، خەڵکی و خاکی بوونی ئەو گەلێک بەرچاو بوون . ڕاستی کاک عەلی کاشفپوور ئەو هێندە سادق و دلسۆز بوو و هەر بەو سەداقەت و دڵسۆزییەوە دەیهەویست خزمەت بە گەل و نیشتمان بکا، هەتا جاری وا هەبوو لەو سەداقەت و دڵسۆزیی ئەو بە نەرێنی “سو استفادە” ی لێ کراوە

بەڵێ ، راستە شەهید عەلی کاشفپووریش وەک زۆر لە رێبەر و خەباتکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە کەمتەر خەمیی خۆی تێرۆر کرا. مخابن هەتا ئەمرۆشی لە گەل بێ، ئێمە نەمانتوانیوە خۆمان باش بناسین و بزانین چ باندۆرێکمان هەیە لە سەر خەڵک و بزووتنەوەی کورد. هەمیشە خۆمان بە  دەستی کەم گرتووە و هەنگاوێکی ئەوتۆمان نەناوە  بۆ خۆ پاراستن لە دوژمن و نەیاران. ئەوەش یەکێک لە هەڵەکانی خەباتگێرانی کوردە لە مێژوو دا.  بەڵام دۆژمن ئێمەی باشتر لە ئێمە ناسیوە و دەناسێ. هەر بۆیەش دەتوانێ ئاوا بە ئاسانی کەسانی وەک کاک عەلی شەهید بکا. بە داخەوە گەلی کوردیش ئەو کاتە نرخ و بایەغی ئەو کەسانە دەزانێ کە لە مەیدان دا نەماون.

پێش هەموو شتێک دەمهەوێ لەو رۆژە دا رێز و حورمەتی خۆم بنێرم بۆ بنەماێەی بەرێزی شەهید عەلی کاشفپوور و هەموو شەهیدانی رێگای ئازادیی کورد و کوردستان. پەیامم لە ۲۸ مین سالرۆژی تێرۆری کاک عەلی کاشفپوور دا ئەوەیە : بۆ هەموو بنەماڵەی شەهیدان، پێش ئەوە کە بزانن ڕۆلەکانیان لە رێزی کام حیزب و پارتییەک دا گیانی خۆیان بەخت کردووە، باش بزانن کە ڕۆلەکانیان لە پێناوی ئازادی و سەربەستیی کوردستان و کورد دا گیانی شیرینی خۆیان بەخت کردووە، ئەو حیزب و پارتییانە تەنیا وەسیلە بوون بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بەرز و مەزنە کە ئەویش ئازادیی کوردستانە، کەوایە نابێ بنەماڵەی شەهیدان هیچ کاتێک ئەو ئامانجە بەرز و مەزنە لە بیر بکەن. لە بیر نەکردنی ئەو ئامانجە،لە بیر نەکردنی خوێنی شەهیدانە. بنەمالەی شەهیدان دەتوانن لە هەموو کات و ساتێک دا رۆلی گرینگیان هەبێ بۆ یەکیتیی کوردان، دەبێ ئەوان هەمێشە کلیدی کردنەوەی دەرگا و ئاستەنگەکان بن بۆ گەلی کورد، چوونکی ئەوان نرخێکی گرانییان لەو پێناوە دا داوە، دەبێ ئەو نرخ و خوێنە بپارێزن. ڕاستی ئەگەر دەمانهەوێ رووحی شەهیدان شاد بکەین، ڕاستی ئەگەر دەمانهەوێ ئامانجیان بەرز و پیرۆز رابگرین، راستی ئەگەر دەمانهەوێ خوێن و فیداکاریی ئەوان بە ئامانج بگا دەبێ لەو هەل ومەرجە دا تەنیا و تەنیا بۆ یەکیتیی ناو مالی کورد هەوڵ بدەن و تێبکۆشن. ئەوە پیرۆزترین کار و ئەرکە دەبێ بنەمالە شەهیدان بە جێی بگەینن. ئەوە شەهیدەکان لە رێزی هەر کام لە حیزب و پارتییەکی دەبن با ببن.

 دەبێ بنەمالەی شەهیدانی کوردستان ئاوا بێ لایەن نەبن لە هەمبەر ئەو هەموو پرش و بڵاویەی لە ناو هێزەکانی کوردی دا هەیە. ئەوان دەتوانن ئەمرۆ بە باندۆرترین کەس و لایەن بن لە سەر خەباتی و یەکیتیی کوردانی رۆژهەلات. شەهیدان پێش هەموو کەس و لایەنێک نرخ و تاجی سەری نەتەوەی خۆیانن. دیسان رێز و حورمەت بۆ هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان بە گشتی و کاک عەلی کاشفپوور بە تایبەتی.

 سڵاو و رێز بۆ گشت ماڵباتی شەهیدان. بە  هیوای یەکیتی و سەرکەوتنا کوردستانێ و بە جی هاتنا ئامانجێ شەهیدا.

——

فەتتاح سەعیدی

 ساڵی ١٣٦٥ کاک عەلی کاشفپوور ببۆوە  بەرپرسی مەڵبەندی شیمال ، من وەک کادری بێسیم کارم لەگەلی دەکرد. ئەو مرۆڤێکی بە ئەزموون، زانا ، بە بیروباوەڕ،  دڵسۆز و لە سەرەخۆ و بەرپرسێکی سادق و دەست و دڵپاک بوو.

هەموومان پێکەوە بە سادقانە و پاکی، و بە ڕووحی هاوکاری خەباتی شاخمان بەڕیوە دەبرد کە هەم لەهەمبەر دڕندەترین دوژمنی نەتەوەکەمان دا ڕاوەستا بووین، هەم لە پێناو ئامانجەکانمان  دەستکەوتی زۆرمان بۆ درێژدەدانی خەباتی نەتەوایەتیمان هەبوو کە کاک عەلی ڕۆڵێکی بەرپرسانەی گرینگی لە خوڵقاندنی  ئەو مەیدانە دا هەبوو. هەروەها بە کەمترین ئیمکانات کە بەدەستمانەوە بوو خزمەتمان دەکرد و کەمترین کێشە و گرفتیشمان بۆ حیزب و بزووتنەوە هەبوو.

کاک عەلی وەک بەرپرسێکی جیدیی خەباتکار لە سەرکەوتنی هاوڕێیانی دا شاد و دڵخۆش دەبوو، لە شکست و هەڵەکانیش دا ڕێنوێن و بە مشوور بوو. هاندەر بوو چارەسەری هەڵە و کەم و کۆڕییەکان. قەت هەوڵی نەدەدا هەڵە و کەم و کۆڕی و تەنانەت شکستی هاوڕێ و هاوکارانی خۆی زەق بکاتەوە و هاوڕێکانی بشکێنێ، بەڵکوو هەوڵێ ئەوەی بوو کە هەڵەکان ڕاست بکرێنەوە و هاندەری سەرکەوتن بن. زۆر جار پێشمەرگەی بانگ دەکرد  و سەبارەت بە وەزعی خۆی و بنەماڵەکەی پرسیاری لێ دەکرد، ئەگەر ئیمکان هەبوایە دەستی دەگرت و هاوکاریی دەکرد.

کاک عەلی کادر و پێشمەرگەی هەڵسووڕ و فیداکاری زۆر خۆش دەویست و هەمیشە ڕێزێکی تایبەتی بۆ دادەنان، بۆیەشە ببووە خۆشەویستی ئێمەی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی.

تابەتمەندییەکی هەرە دیاری کاک عەلی ئەوە بوو کە ئامادە بوو لە پێناو هاوڕێکانی دا تەنانەت گیانی خۆی فیدا بکات و تەنانەت لەو پاکی و سەداقەتەی کاک عەلی کەلکی خراپیش وەردەگیرا و هیندێک دەنگۆی بێ بنەمایان بۆ ساز کردبوو و تا دوا ساتی ژیانی ئازاری پێوە دەکێشا. بەداخەوە سەداقەت و پاکیی کاک عەلی بوو بە بەشێک لە هۆکاری ئەو چارەنووسە ئازار بەخشەی کە تووشی هات.

یاد  وناوی کاک عەلی بۆ هەمیشە لە دڵمان دا زیندووە  و سلاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی هاوڕێی شەهیدم کاک عەلی کاشفپوور

—–

مەجید حەقی

کاتێک بوومە پێشمەرگە یەکەم جار شەهید عەلی کاشفپوورم لە سنووری نێوان باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانم بینی کە پێشمەرگەکان بەرەو مەقەرەکانی زستانیی خۆیان دەرۆیشتن. لەوێ نزیک بە ١٠ خولەکێکی لە گەڵ قسە کردم و هەوڵی دا بەهۆی ئەوەی کە کەم تەمەن بووم رازیم بکات بگەریمەوە بۆ ناو بنەماڵەکەم. بەڵام کاتێک زانی من ئەندامی حیزب بووم و هاورێیانم دەستگیر کراون، رێنوێنی هاورێیانی کرد تا یارمەتیم بدەن. من بە هۆی ئەوەی کە ئەندامی حیزب بووم لە کۆمیتەی شارستانی ورمێ دەستم بەکار کرد .

یەکەم جار کە نزیک یەک کاتژمێر قسەم لە گەڵیان کرد و قسەکانی تا ئەمرۆشی لەگەل بێ  لەسەرم شوێندانەر بوون، پاییزی ساڵی ١٣٦٦ بوو کاتێک لە مەقەرەکانی “بێشە” ژیانمان دەکرد. هەرچەند باسکردن لەو بیرەوەریە ناخۆشە بەڵام بۆ ئەوەی بزانین لە چ قۆناغێکەوە بەو قۆناغە لە رووی کولتووریەوە گەیشتوون باسکردنی بە پێویست دەزانم: من بەر لەوەی بدرێم بە کۆمیتەی شارستانی ورمێ یەکێک لە پەلەکانی لکی یەکی هێزی ئاگری دانرام. لەوێ بەهۆی ئەوەی کە لەرووی جەستەوە کز و لاواز و لەرووی تەمەنەوە مناڵ بووم، کرام بە چایچی مقەر. رۆژێک کاتێک خەریکی چایی تێکردن بۆ پێشمەرگەکان بووم، فەرماندەی پەلەکەمان ج. هات و جاشۆلکەکەرێکی لە باوەشی گرتبوو و هێنایە ناو مقەر. روو بە من کرد و وتی: “چایی بۆ باوکی خۆت تێکە!”. ئەم هەڵسوکەوتەی فەرماندەمان ئەوەندە وردی کردم کە پێم خۆش بوو لە لایەن رژێمی ئێرانەوە ئێعدام بکردرێم بەڵام هەڵسوکەوتی وا لە مرۆڤێکی شۆرشگێر و پێشمەرگە نەبینم. یەک راست هەڵسام چوومە مەڵبەند و لە گەڵ کاک عەلی بەسەرهاتەکەم گێرایەوە. وتم من لە بەر رێژێمی ئێران هەڵاتووم، هاورێیانی من لە زینداندان و لەوانەیە ئێعدام بکرێن. حەز دەکەم بگەرێمەوە ئێران و ئێعدام بکرێم بەڵام لە ناو فەرهەنگێکی وا دواکەوتوو نەمێنمەوە. کاک عەلی دوای یەک کاتژمێر قسەکردن وتەیەکی پێی وتم کە ئێستاش بۆ من وەک گوارەیە لە گوێدا: “ئێمە کە ئەو رەفتارانە دەبینین، دەبێ دڵمان بۆ گەل و نەتەوەکەمان زۆرتر بسووتێت، چونکە ئەگەر نەتەوەیەکی خاوەن فەرهەنگێکی بەرز و باڵا بوایەن، لەوانەیە ئەمرۆ بۆ خودموختاری شەڕمان نەدەکرد. تۆ دەبێ دڵسۆزانەتر هەوڵ بدەی و خۆت پێبگەیەنی بۆ ئەوەی فەرهەنگی وا لە ناو ئێمەدا نەمێنێت”. لە سەر بنەمای ئەو ئەزموونەم، کاک عەلی بەبیرمەندێک کە دەردی گەلەکەی و دواکەوتوویی نەتەوەکەی چاک هەست دەکرد دەزانم و هەڵسوکەوتی ئەورۆژی وەک هەڵسوکەوتی مامۆستایەکی بە ئەزموون بوو بۆ کەسێک کە تازە دەستی دەکرد بە رەوتی فێربوونی ژیان و خەبات.

بەداخەوە بەهۆی ئەوەی کە دەرفەتی ناسینی زۆرم نەبوو ناتوانم وەک ئەزموونی خۆم باسی عەلی کاشفپوور بکەم. بێگومان بۆ هەلومەرجی ئەوکات رێبەرێک بوو کە دەیتوانی شوێندانەرییەکی چاکی هەبێت لەسەر دەوروبەری و ئەگەر هەلومەرجی گونجاوی رێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی بواری بدایە، دەیتوانی ببێتە یەکێک لە کەسایەتیە بەهێزەکانی کوردستان و شوێندانەر بێت لەسەر گەشەکردنی بیری نەتەوایەتی و هەڵسوکەوتی عەقڵانیی حیزبی.

دەرسێک کە لە کاشفپوور فێربووم، بیرکردنەوەی هۆیەکانی کەموکۆرییەکان و کێشەکانی ئێمە و هەڵوێست نەگرتنی بەرلە بیرکردنەوە بوو.

—–

جەعفەر مەحموودپوور

پێش ئەوەی بچمە سەر وڵامی پرسیارەکان ئیزن دەخوازم سڵاوێکی گەرم بنێرم بۆ گیانی پاکی شەهید کاک عەلی کاشفپوور و هەموو شەهیدانی ڕێی ئازادیی کوردستان و لە هەمبەر گەورەیی ئەوان دا سەری تەعزیم دانەوێنم و بڵێم ڕووحیان شاد و ڕێگای خەباتیان پڕ ڕێبوار بێ.

سەرەتا دەمەوێ لە وڵامی پرسیاری یەکەم تان دا بڵێم : بەداخەوە کاک عەلی بەرپرسێکی سەرکەوتوو نەبوو، لەگەل ئەوەی لە بەرپرسانی پێش خۆی باشتر و سەرکەوتووتر بوو، لێ لە بەرپرسانی دوای خۆی باشتر  و سەرکەوتووتر نەبوو و  و هۆکاریش زۆرن  و لەو بوارەدا ئەگەر نموونە بێنین، نموونە زۆرن و لەم کورتە وڵامانە دا ڕەنگە جێیان نەبێتەوە.هەڵبەت بەدڵنیاییەوە  لەوبوارە دا هەڵە و کەم وکۆڕیی ئێمەش هەبوون، لێ وەک ئەسڵ کە تەماشا بکەین سەرکەوتن، یان سەرنەکەوتن و باش و خراپی، تەشویق و تەنبیی  حیزبێک، ئۆرگانێک، هێزێکی سیاسی/ جیڤاکی و تەنانەت دەوڵەتانیش ، بەشی پتر وەبەر بەرپرسی یەکەم دەکەوێ.

لەو چەند ساڵەی کە کاک عەلی کاشفپوور بەرپرسی ئەو ئۆرگانە بوو بەداخەوە دەتوانم بڵێم کە وەزعمان لەوپەڕی خەراپی دا بوو و مرۆڤ دەتوانێ دەیان نموونە بێنێتەوە. هەر وەها یەکێک لەو ڕەخنانەی ئەوکات و تا ئێستاش لە کاک عەلی هەیە ئەوەیە کە: بەداخەوە کەمتر ڕەخنەی لە هەمووان وەردەگرت، ئەگەر ڕەخنەی وەرگرتبایە تەنیا لە چەند کەسی دەوروبەری بوو، بۆیە زۆرتر ئەوکەسانەی بە هاوکاری خۆی ەهڵدەبژارد کە ڕەخنەی لێ نەگرن و هەر ئەووەش وای کردبوو کە ئەو کەسانە  هەم زەبر لە کەسایەتیی کاک عەلی بدەن هەم زۆرجار تووشی بڕیاری نادروست بکەن کە لێرە دا ڕەنگە جێی گوتنینا نەبێ. بەکورتی کاک عەلی لە دیاری کردنی هاوکارەکانی دا کەسانێکی هەڵدەبژارد کە ڕەخنەیەکی زۆریان دەهێنایە سەر خۆی. ئەوەش دەکەوێتەوە خانەی زەعفی مودیریەتی کاک عەلی کە هۆکاری کێشەکانی ئەوکاتی مەڵبەندی شیمالیش هەر ئەو زەعفە گەورانە بوون کەلە ئۆرگانی ئەسڵی واتە مەڵبەند ڕا دەهاتنە خوار کە لەمەش دا نموونە زۆرن.

 ڕەفتاری کاک عەلی لەگەل کادر و پێشمەرگەش بەسترابووە بە تەڕەفی موقابیل. بەڵام بەدڵنیاییەوە من وەک خۆم قەت نەمدی کە کاک عەلی قسەیەکی خەراپ، یان ڕەفتارێکی نەشیاو …. لەگەل کادر و پێسمەرگەیەک بکا.بەڵام ئەوەیان هەبوو کە ئەگەر کەسێکی بە دڵ نەبوویایە ، یان خۆشی نەویستایە  لە حیزب دەری دەکرد وەک حەسەن بازووکە، فەرامەرز عوسمانی ، یان وەک حاجی جوندی نەقڵی شوێنێکی دیکەی دەکرد ، یان وەک قاسم شیردل و عوسمان عەدۆ دەیکردن بە تەداروکاتچی، هی وەک مەدەنی و سەید ئیسلامی دەکردە کادری تەشکیلاتی.

بە نیسبەت پێشمەرگە بریندارەکان من نازانم کاک عەلی هەربۆ من  کە لە دەورانی ئەودا بریندارێکی سەخت بووم وابووە یان بۆ هەموو بریندارەکان؟ لەم بەشەدا قسەیەک نیە بۆ گوتن و دەربڕینی دڵسۆزی و بە دەنگەوە چوونی کاک عەلی بە نیسبەت بریندارانی پێشمەرگە. هەتا بڵێی لەگەل برینداران مێهرەبان و نەرم و نیان بوو،  بە پێی ئیمکاناتێک کە لەبەردەستی بوو هاوکاریی هەموو بوارێکی دەکردن  کە بەڕاستی قەتی لە بیر ناکەم.

بە نیسبەت  دواین پرسیارتان دا دەبێ ئەوە بڵێم: سەرەڕای هەموو ڕەخنە و گلەییەک لە کەم و کۆڕییەکانی بەرپرسایەتیی کاک عەلی ، ئەو کەسێک بوو کە ڕەفتار و هەڵس و کەوتی لەگەل خەڵک هەتا بلێی باش بوو، یەکجار زۆر ڕێزی لە خەڵک دەگرت، هەستان و دانیشتنی لە نێو خەڵک دا نموونە بوو، بە تایبەتی لەگەل بنەماڵەی شەهیدان یەکجار سەمیمی و ڕووخۆش بوو، هیندە ڕیزی لە بنەماڵەی شەهیدان دەگرت تا ئەو بنەماڵانە هەست ەب خۆشحاڵی  بکەن. من نەمدیت کە کاک عەلی جارێک دڵی یەک کەسی خەڵک بشکێنێ یان لێی تووڕەبێ.

تایبەتمەندییەکی هەرە  دیاری کاک عەلی دەست پاکی، داوێن پاکی، ئەخڵاقی پاک و خاوێنی ئەو بوو کەلە شانازییەکانی مرۆڤی شۆڕشگێڕن.

لە کۆتاییدا جارێکی تر سەری تەعزیم لە هەمبەر گیانی پاکی کاک عەلی کاشفپوور و هەموو شەهیدانی کوردستان  دا نەوی دەکەم  دەڵێم ڕووحی شەهیدان شاد یادی کاک عەلی هەردەم لەلامان زیندووە.

سوپاس بۆ زەحمەتەکانی ئێوەش لە ماڵپەڕی پێشمەرگەکان

———-

فەرهاد میرۆزادە

ئەگەر زۆر بە کورتی  و لە جەند پەیڤ دا  باسی کاک عەلی کاشفپوور بکەم ئاوا دەڵێم:

کاک عەلی یەکێک لەو کەسانە بوو کە زانکۆی بەجێ هێشت و خەبات لە پێناو ڕزگاریی نەتەوەکەی لە پێشمەرگایەتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دا کردە زانکۆیەکی کردەیی. بۆیە هەر زوو توانی ڕۆڵ و کاریگەریی خۆی لەو خەباتە دا نیشان بدا و لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بوو بە کادرێکی خۆشناو، جێی متمانەی خەڵک و حیزب و بەرپرسێکی شۆڕشگێری جیدی. ئەو مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتیی بەرز، بەئەخلاق، جڤاکی و تێکۆشەر، هێمن و یارویاوەری خەڵک  وپێشمەرگە بوو. بە شەهید کرانی کاک عەلی کاشفپوور بزاڤی کورد و حیزبی دێمۆکرات کادرێکی لێهاتوو و بە ئەزموونی خۆی لە دەست دا و باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لاوێکی دڵسۆزی خوێندەوار و سەرمایەیەکی عەزیمی خۆی .

ڕووحی کاک عەلی و هەموو شەهیدانی کوردستان شاد

—–

ئەنوەر کۆهەنساڵ

ساختاری ئه‌وكاتی باكووری رۆژهەڵاتی وڵات له‌ ژێر چه‌تری فه‌رهه‌نگی كۆنی عه‌شیره‌تی و ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا بوو. ده‌سەڵاتداران و پێشڕه‌وانی ئه‌و كاتی شۆرش له‌ هه‌رێم دا به‌ گشتی  بنەماڵەی ئاغاكان و خاوەن  مڵكەکان بوون .

 هه‌رچه‌ند جێگایی شانازی یه‌ کە ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ش له‌ گه‌ل كۆمه‌ڵانی فه‌قیر وهه‌ژاری خەڵك ئاماده‌ی به‌رخو‌دان و خه‌بات بوون به‌ دژی رێژیمی كۆنه‌په‌ەرستی خمینی كه‌ تازه‌ جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی بەدەستەوە ده‌گرت ، بەڵام  بەشی هەرە زۆری  فیداکاری لە لایەن  چینی هەژار و چینی خوارەوەی خەڵکی باكوری ڕۆژهەڵاتی وڵات بوون. ، عه‌لی كاشفپوور كه‌له‌ دایك بوویی ماڵباتێکی ناونجی  و نە ئەوندە دەوڵەمەند بوو  و تەنانەت بە پێی پێکهاتەی عەشایەریش بێ سەر بە عەشیرەیەکی گەورە و پڕ نفووز نەبوون، بەڵام سەرەڕای ئەوەش کاک عەلی زۆر زوو توانی بە کار و تێکۆشانی خۆی ببێتەوە جێی متمانە و خۆشەویستی خەڵکی دەڤەر و سەرکردایەتیی ئەوکات حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و بە تایبەتی کاک دوکتۆر قاسملووی ڕێبەر.

له‌ راستی دا ناسراویی كاك عه‌لی كاشفپوور وخۆشه‌ویستیی ئه‌و له‌ نیو جه‌ماوه‌ری شیمالی كوردستان دا  به‌شی یه‌كه‌م و ده‌ست پێكی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ناسنامه‌ی بنه‌ماڵه‌یی خودی كاك عه‌لی له‌و هه‌رێمه‌ دا تا ناسراو بوون ولێهاتوویی  كاك عه‌لی یەکی گەنجی تازە پێگەیشتوو له‌ هه‌رێم دا .

بە تایبەتی پشتیوانی و ئەسپاردنی ئەرک و رۆل بەو گەنجە زۆرتر لە لایەن شەخسی  كاك د. قاسملوو   بوو کە ‌ ‌توانی خێرایی بدا بە  ناسران و خۆشه‌ویستیی كاك عه‌لیلەم دەڤەرە دا کە دواتر ڕۆڵێکی گرینگی بینی لە کار و خەبات دا.

من پیش ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ ئاوایه‌كی ئاشكه‌را لە زستانی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی ببم بە‌ پێشمه‌رگه  له‌ نێو کۆڕی دۆستان وهاوبیران له‌ ریزی حیزب دا، گه‌لێك جار نێو ونێوبانگی کاک عەلی كاشفپوور م گوێ لێ ببوو . هه‌م له‌ بنه‌ماڵه‌دا و هه‌میش له‌ نێو كۆمه‌لانی خه‌لكی باكوری رۆژهەڵاتی کوردستان كه‌ كاك عه‌لی خه‌لكی گۆندی هووه‌سن له‌ ناوچه‌یی سۆما كادریكی لێهاتوو  ولایه‌نگری خه‌لكی زه‌حمه‌تكیش و له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی هاوشێوه‌یی به‌شی زۆری خه‌لكی هه‌رێمه‌ بیستبوو .

كه‌ من بووم به‌ پیشمه‌رگه‌ به‌رپرسی یه‌كه‌م له‌ هه‌رێمی شیمال كاك جهانگیر اسماعیل زاده‌ بوو. كاک  جهانگیر له‌ بنه‌ماله‌یه‌كی ناسراو و ده‌ست رۆیشتوویی ناوچه‌كانی شیمال بوو و هه‌مووكه‌س لانی كه‌م به‌ ناو  و ناوبانگ كاك جهانگیر وبنه‌ماڵەکە‌یانی ده‌ناسی، بەتایبەتی  له‌و سه‌رده‌می‌دا خوینده‌واری وه‌ك ئیستا له‌ هه‌ریم دا زۆر نه‌بوو، كەچی ‌ ناوبراو مهندس کشاورزی بوو.

كاك جهانگیر ڕه‌فتارێكی زۆر باش و خه‌ڵكی وخاكی هه‌م له‌گه‌ل كۆمه‌لانی خه‌لكی هه‌رێم هه‌بوو  و هه‌میش تا بلیئ كه‌سێكی هێمن ،ئارام ،له‌سه‌رەخۆ و به‌ ڕه‌فتاری دروست بوو له‌گه‌ل كادر وپیشمه‌رگه‌ و به‌ كورتی شێوه‌یی به‌ڕێوه‌بردنی باشی كاری حیزبی و خه‌ڵكی هه‌بوو .

دوایی ئەوەی کە كاك جهانگیر ‌ به‌ره‌و هەندەران چوو ، كاك عه‌لی وه‌ك به‌رپرسی یه‌كه‌می باكووری ڕۆژهەڵاتی وڵات مه‌سئوولیه‌تی سیاسی و نیزامیی هه‌رێمی به‌ ئه‌ستۆوە گرت. له‌ ماوه‌یه‌كی گه‌لێك كورت دا ناڕەزایه‌تی وئیختلافی شێوه‌یی كار كردن وبه‌ڕێوه‌به‌ریی نێوان كاك عه‌لی وكادره‌كانی كۆمیته‌ی ئاڕاڕات و فه‌رمانده‌رانی دوو هێزی ،شەهید سەرگوردعەبباسی و هێزی شەهید سەروان حاتەم ده‌ستی پێكرد و جه‌وی بێ متمانه‌یی ئه‌وه‌نده‌ قووڵ بوو كه‌ هیندەی‌ نه‌مابوو نه‌تیجه‌یی خراپتری لێ بكه‌وێتەوە. هۆکارێکی سەرەکیش ئەوەبوو کە کێشەکان پێشتر هەبوون و چارەسەر نەکرابوون بۆیە تەقینەوەکەیان کەوتە زەمانی بەرپرسایەتیی کاک عەلی. ئەو  كه‌سی یه‌كه‌می به‌رپرسی حیزب بوو لەو ئۆرگانە ، بەڵام جاری واش هەبووە کە هاوڕێیەک یان چەند هاوڕێ لە سەداقەت و پاکیی کاک عەلی  کەلکیان وەردەگرت و بڕیارەکان و ئەرکەکانیان بە گوێرەی ویستی خۆیان دابەزاندبێ کە ئەویش دەبووە ڕەخنە لەسەر کاک عەلی وەک بەرپرسی یەکەم.

بەهاری سالی ١٣٦٥ كه‌ سازمانده‌هییەكی نوێ له‌ حیزب دا هاته‌ پیش وگۆرانكاریه‌كی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ردا هات ، هەرێمی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات بوو بە یەک هێزی نیزامی بە ناوی هێزی ئاگری و دوو کۆمیتەی شارستانی ورمێ و  سەڵماس و كاك عه‌لی بووبه‌ به‌رپرسی یه‌كه‌م . ئیختلافه‌كان هه‌ر له‌ رۆژی یه‌كه‌م ژێر به‌رپرسایه‌تیی كاك عه‌لی دا ده‌ستیان پێكرد و تا كۆتایی سال ١٣٦٦ هه‌ر درێژەی هه‌بوو و بەداخەوە  پردی  ئعتیمادێك  کەدەبا دروست بکرێ دروست نەببوو كه‌ شایەنی كاری حیزبی  و شۆرشگیری بێ  و سه‌د مخابن گیرو گرفتیكی زۆر ناخۆشیش به‌ دوای خۆیی دا هه‌بوو كه‌ ڕه‌نگه‌ باس كردنی هه‌موویان ئێستاش ته‌نیا دژمن مفاهی لێی وه‌رگرێ.

له‌ ٢٨ مین سالڤه‌گه‌ری تێرۆری كا‌ك عه‌لی دا خه‌مباری و داخی له‌ده‌ست دانی كا‌ك عه‌لی وه‌ك كه‌سێكی كه‌ هه‌موو ژیانی خۆیی كرده‌ فیدایی ڕزگاریی گه‌له‌كه‌ی و ئازادی بۆ مرۆڤ سه‌ری  خۆم له‌ هه‌مبه‌ر خەبات و تێکۆشانی كا‌ك عه‌لی وهه‌موو گیان فیدایانی خه‌ڵكی كورد به‌ گشتی و له‌ ڕۆژهەڵاتی وڵات بە خاسمایی ده‌چه‌مێنم و  له‌سه‌ر تێرۆری كا‌ك عه‌لی زۆر داستان و چیرۆك هه‌ن كه‌ سه‌د مخابن تا ئێستاش نادیارن و هیوادام رۆژێك بئ كه‌ قاتلان و تاوانبارانی خوێنی كا‌ك عه‌لی دیاری بكرێن ، به‌لام ئه‌وه‌ی كه‌ رێژیمی تێرۆریستی ئاخوندی  ده‌ستی له‌ تێرۆری ناجوامێرانە و ترسنۆکانەی كا‌ك عه‌لی دا هه‌بۆوه‌ نابێ هیچ كام له‌ ئێمه‌ وه‌ك هاوبیران و بنه‌ماڵه‌یی رێزداری كا‌ك عه‌لی گومانی هه‌بێ .

 

نوێترین بابەت و هەواڵ
ئارشیو