تەشکیلاتی ناوخۆیی حیزبەکان و پێویستیی پێداچوونەوە. هەڵمەت مەعرووفی

هەر حیزبێک و ڕێکخراوێک کە بە شێوەی حیزبێکی یاساخ و لە ناو سیستەمێکی دیکتاتۆر یان توتالیتێردا خەبات بکا، هەم پێویستیەکی حاشاهەڵنەگری بە تەشکیلاتی ناوخۆیی هەیە


و هەمیش لە ڕاستیدا، ناوک و پێکهاتەی سەرەکیی ئەو حیزبانە، لە دوای بەدەنەی سیاسی- سەربازیی ناو خودی ڕێکخراو یان حیزبەکە، تەشکیلاتی ناوخۆییەتی، ئەوە بە واتای بێ بایەخ بوونی تەشکیلاتی دەرەوە نیە بەڵام جۆری ڕێکخستن و پەرتەوازەیی و نەبوونی دیسیپلین و تەنانەت وشیاریی سیاسی و … لە ناو تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و هەموو کورد، خۆی باسێکی جیایە کە لێرەدا ناگونجێ.

بە چاوپێداخشنادنێک بە چەند ئەزموونی لانیکەم سێ ساڵی ڕابردووی حدک، حدکا، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەت کێشان و سازمانی خەبات و پاک، لە کاتی ناردنەوەی تیم و هێزەکانیاندا، بۆمان دەردەکەوێ کە تەشکیلاتی ناوخۆیی ئەو حیزبانە، تووشی گرێپووچکە، تێخزانی سیخوڕ، ناکارامەیی لە کاتی پێویستدا و بە کوردی، تووشی زۆری و بۆریەک هاتوون کە تا ئێستا خەساری زۆری لێکەوتۆتەوە کە شەهید بوونی بە کۆمەڵی پێشمەرگە، دەستبەسەر کرانی پێشمەرگە لە ناوخۆ، لەقاو درانی چالاکی و لە ئەنجامدا پووچەڵ بوونەوەی عەمەلیات و ئەرکەکان بووە کە ئەوە دەکرێ یەکێک لەو هۆکارانە بێ کە بەشێک لە حیزبەکان یان پێشمەرگەکانیان بۆ چوونەوە بۆ ناوخۆ، سەرەنگرێ بن یانیش مەیلیان لە لاوازی دابێ یان لایان وابێ کە لە تێچوو- قازانجدا، ناردنەوەی تیم و هێز، تێچووی زۆرترە لە قازانجەکەی کە دەتوانی بە واتای لاواز بوونی خەباتی چەکداری بێ کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیستەمی دەسەڵاتگەلی زاڵ لەسەر ناوچە، پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە، هەر ئەوەش پێویستیی خەسارناسیی ئەو باسە دێنێتە ئاراوە.

لە دوای دوورکەوتنەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە مەیدانی خۆیان (هۆکارەکان دیارن و زۆر جار باسیان کراوە)، وێڕای ئەوەی کە ئەو سەردەمان وەک ئەمڕۆ ئامیری پەیوەندی کردن بەربەرین نەبوو، حیزبەکان تووشی لێک دابڕان بوون کە خەساری سەرەکی لەمەڕ تەشکیلاتی ناوخۆییان لێرەوە دەست پێدەکا. ئەزموونی نووسەری ئەو بابەتە لە کاری ڕۆژنامەنووسی و بەدواداچوونی بابەتی هاوشێوە، سێ هۆکاری سەرەکی بۆ ناکارامەبوون و بەلاڕێداچوونی تەشکیلاتی ناوخۆیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەست نیشان دەکا:

یەک: دوای لێک دابڕانەکان، دروشمی “زۆری و بۆری” لە کردەوەدا گیرایە بەر کە بۆ ئەو بوون بە زۆرینە و حیزبی باڵادەست یان وەرگرتنی ڕەوایەتی گشتی، هەندێک کۆپی هەڵگرتنەوە لە حیزبەکانی پارچەی تریش کرا، وەک بەڵێنی دان بە جاش و ئاغا و کەسانی دەست ڕۆیشتوو.

دوو: بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ ئەندام گرتن کە ئەوە خۆی ڕێگایەکی نەشیاو نیە بەڵام چۆنیەتیی کردنی ئەو کارە وایکردووە کە ئەنجامی هەڵەی لێبکەوێتەوە. زۆرێک لە ئەندامانی حیزبەکان بۆ چالاک نیشان دانی خۆیان لەلای حیزبەکەیان لە تلێگرام و ئینستاگرام و فەیسبووک و … دەستیان کرد بە ئەندام گرتن و هەموو پێوەریشیان دیتنی چەند نووسراوەی بە ڕواڵەت کوردانە یان بەشداری کردن لە چەند باسدا بوو کە خودی ئەو باسە بە گوێرەی زانیاریی تەواو، گیرانی لانیکەم ٥٠ کەس لە ئەندامانی حیزبەکانی لێکەوتووەتەوە کە کاری تەشکیلاتیان بە شێوەی زنجیرەیی بووە.

سێ: پێدان و فرۆشتنی پشتگیریی تەنانەت زۆرەملی لە هەندەران (هەر لە تورکیەوە تا ئوروپا و …تاد)، وایکرد کە زۆر کەس کە تەنانەت بە کردەوە سەلمێندراوە لە کوێوە هەڵقووڵاون، بوون بە ئەندامی حیزبەکان و دوای بەشداری لە چەند کۆبوونەوەیەکدا، دەستیان کردووە بە کاری بەناو تەشکیلاتیش و بەوپێیە کە خۆیان ئەندام بوون، کەسانێک کە ناساندووشیانن، وەک جێگای بڕوا چاویان لێکراوە.

کۆی ئەو هۆکارانە کە ڕیشەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دابڕانەکان و ئینشعابەکان، وایکردووە کە ئێستا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، تەشکیلاتێکی جێگای بڕوایان نەبێ یان تەشکیلاتەکەیان پێویستی بە لەهێڵەک دان بێ. ئەوەش زیاد بکەین کە بە هۆی ئەوەی کە ئەندامگیری لە ناوخۆ بۆ کەسانی ناو حیزبەکان وەک چالاکی لە قەڵەم دەدرێ، زۆربەی جارەکان، لە وەرگرتنی ئەندامدا خاڵە ئاسیشی و ئەمنیتەتیەکان لەبەرچاو ناگیردرێن و نەگیردراون.

ئەزموونی نووسەری ئەو دێرانە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، نیشانی داوە کە زۆربەی کاتەکان، کەسانێک کە وەک جاش یان سیخوڕ و خۆفرۆش لە ماڵپەڕەکان یان هەندێ ژووری فەیسبووکی ناسێندراون، دژکردەوە و بەرگریی حیزبەکانی لێکەوتووەتەوە و گوتراوە کە ئەو کەسانە ئەندامی بڕواپێکراوی ئێمەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەڵگەی تەواوی خیانەتیان لەسەر هەبووە، بەو حاڵەشەوە، تەنانەت بەشی ئەمنیەتی حیزبەکان پشتیوانیان لێکردوون و هەڕەشەشیان لەسەر کردوون. لە یەکێک لە نموونەکاندا، بەرپرسی ئەمنیەتی حیزبێک، ماڵپەڕ و چەند بەرپرسی ئەو ماڵپەڕەی بەوە تاوانبار کردبوو کە چون دژایەتیی حیزبی ئێمە دەکەن، ئەندامانمان دەست نیشان دەکەن و بە جاش دەیانناسێنن و بەڵگەکانی بە ساختە لە قەڵەم دابوو.

ئەنجامی ئەو نەبوونی وشیاری و زۆر و بۆر و خۆ ڕانان بۆ وەدەست هێنانی بەرپرسیارەتی یان نیشان دانی هێز لە ناوخۆ و وەرگرتنی دەسەڵات لە ناو حیزبەکان بووە بە چەندین تیرۆر، شەهید بوونی پێشمەرگە بە پێشەنگیی تەشکیلاتی بەناو جێگای بڕوا، گیرانی تیمی عەمەلیاتی و چاوەڕێی لە سێدارە درانی پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبەکان. بە هۆی ئەوەش کە لە ئێستادا بەشێک لە حیزبەکان، بە شێوەی نازانستی و بەدوور لە شێوازی ڕاست و دروستی بەڕێوەبەری و بە شێوەی کلاسیک و خۆماڵیانە بەڕێوە دەچن و لە ئەنجامدا پەیوەندی جێگای یاسا و ڕێسای گرتووەتەوە و قۆڵ قۆڵێن و باڵ باڵێن هەیە، هیچ لێپرسینەوەیەک لە ئارادا نەبووە و ئەوەش گۆڕەپانەکە بۆ کەسانی نابەرپرسیار بۆ درێژە پێدان بە شێوازی هەڵەی خۆیان ئاوەڵاتر دەکات و لە ئەنجامدا، ئەوەی دەکەوێتە مەترسیەوە، پێشمەرگە و خەباتی چەکداریە.

بە سرنجدان بە چڕ بوونەوەی ڕاسان و دەرکەوتنی باشتری لێکەوتە و ئەنجامەکانی، پێدەچێ بەتایبەتی حدکا، پێویستیەکی زیاتری بە لەبێژینگ دانی تەشکیلاتی ناوخۆیی خۆی هەبێ، لە هەمان کاتیدا، ئەو حیزبانەی کە گەرەکیان بێ پێشمەرگە و تیم بنێرنەوە ناوخۆ، دەبێ دەست بەو کارە بکەن و بەپێی ڕێسا و یاسا ئەمنیەتی و ئاسایشیەکان بچنە پێش. هەندێک هەڵەی سێ ساڵی ڕابردوو، لە ئەگەری دووپات و چەندپات بوونەوەیان، تێچووی قورسیان بۆ سەر خەبات دەبێ کە مخابن بە هۆی کێ بەر کێی حیزبی و دەست تێوەردانی حیزبی پارچەی تر و هەبوونی هەندێک پێوەندیان لەگەڵ ڕژیمی ئێران، ئەو تێچوو و لە هەمان کاتدا ئەو پێویستیە زیاتر بووە. ئەوە بەو واتایەیە کە دەبێ حیزبەکان بە شێوەی ئەندامگیری، تەشکیلاتی ناوخۆ و بەرپرسیارەتی و کەسەکانی و بەشی ئەمنیەتیاندا بچنەوە، پێداچوونەوەیەک کە هەرچەند باسی نەکراوە و ناکرێ بەڵام یەکێک لە هۆکارەکانی یەک نەگرتنەوەی حیزبەکان و بەتایبەتیی دێموکراتەکانە کە لایەنێک باس لە پێویستیی دەرکرانی کەسانی گومان لێکراو لەلایەن لایەنی تر دەکا، هەڵبەت هەر دوو لایەن، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، کەسانێکیان وەرگرتووە کە بە هۆکاری ئاسایشی لە لایەکەی تر دەرکراون و وەک گوترا، زۆربەی تیرۆر و کێشەکانیش هەر لەلایەن ئەو کەسانەوە هاتووەتە ئاراوە.

نوێترین بابەت و هەواڵ
ئارشیو