کۆنگرەی ١٥ی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و پرسی ژنان، تووبا ئەلیاسی

وەک ئاگادارین حیزبەکەمان لە کاتی خۆ ئامادە کردن دایە بۆ گرتنی کۆنگرەی ١٥ی خۆی کە یەکێک لە هەرە بەرززترین ئۆرگانەکانی بڕیاردەرە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا.tuba_eliasi_1

وەک دەزانین حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران یەکێک لە حیزبە پێشکەوتوەکانی ڕۆژهەلاتی نیوەراستە بە کورد و غەیرە کوردەوە کە هەمیشە باس لە بەرابەری ژن و پیاو لە کۆمەڵ و بنەماڵەدا دەکات. هەروەها ئەم حیزبە بە ڕاشکاوی لە بەرنامەی خۆیدا داکۆکی لە بەرابەری ژن و پیاو لە بنەماڵەو کۆمەڵدا دەکات. ئەوەش دەزانین کە ژنانی کورد لە کوردستانی ئێران ڕۆڵی بەرچاویان لە  خەباتی ئەم حیزبە خۆشەویستەدا هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە تاوەکوو ئێستا لە هە بووە، چ وەک پێشمەرگە، یان ژنی پێشمەرگە کە ئەرکی پیرۆزی بەخێو کردنی منداڵ و پێراگەیشتن بە ماڵیان لە سەر شان بووە. یان ئەوەی کە کچان و ژنانی کوردستان لە کاتی شەڕی پارتیزانی پێشمەرگەدا بە گەیاندنی نان و پێخۆر و چنینی گوێرەوەو پوزەوانە بۆ پێشمەرگە ئەرکی کوردایەتی خۆیانیان بە جێ گەیاندووە. لە هەمووی زیاتر شاهیدی ئەوەین کە کچی پێشمەرگە لە رێزەکانی ئەم حیزبەدا بەشێکی بەرچاو بوون و هەن، چ ئەو کچانەی کە لە نێو خۆی وڵاتەوە هاتوونە نێو ڕێزەکانی حیزب و چ کچان و ژنانی بنەماڵەکانی نێو خۆی حیزب بێت.

کەواتە بەشداری کچان و ژنان لە خەباتی ئازادیخوازی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران هەر لە سەرەتاکانی دامەزرانی ئەم حیزبەوە تاوەکوو ئێستا بەرچاوەو حاشا لێنەکراوە. بەڵام وەک دەبینین حیزبیکی  ئاوا کە ئەو هەموو لایەنگریە لە مافی یەکسانی ژن و پیاو دەکات دوای ٦٦ ساڵ خەبات، ئێستاش رێژەی بەشداری ژنان لە ڕێبەرایەتیەکەیدا و لە جێگا بڕیار دەرەکانیدا لە قامکەکانی دەست تێپەر ناکات؟ بە بڕوای من کاتی ئەوە هاتووە کە حیزبی دیمۆکرات ئەم پرسە واتە پرسی ژنان وەک پرسێکی گرنگ لە کۆنگرەی ١٥ خۆیدا بخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوەو ڕێگاچارەی گونجاوی بۆ بدۆزیتەوە. هەر بەو بۆنەیەوە من پێشنیار دەکەم کە ئەم خاڵانە لە بەر چاو بگیرێ!

١.حیزبی دێموکرات باشتر وایە کە ئەو میکانیزمەی کە تا ئێستا کەڵکی لێوەرگرتوە بۆ چالاک کردنی ژنان لە نێو ڕیزەکانی خۆیدا و بە تایبەتی ڕێبەرایەتی حیزبدا، پێداچوونەوەی لە سەر بکات، چوون ئەزموونی ٦٦ ساڵ خەبات پێمان دەڵێت کە ئەو میکانیزمە کاریگەر نەبووە،هەربۆیە دوای ٦٦ ساڵ رابووردوی خەبات ئێستاش رێژەی ژن لە ڕێبەرایەتی و شوێنە بڕیار دەرەکاندا ئەنگووست شومارن.

٢.باشتر وایە کە ئێمە لە ئەزموونی ئەو وڵاتانەی کە ژنان لەوێدا زۆر چالاکن لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیاندا کەڵک وەر گرین. بۆ نموونە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی رۆژئاوا، بۆ بەرەو پێشبردن و هەروەها سەقامگیر کردنی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا چ لە بنەماڵە و چ لە کۆمەڵدا کەڵکی زۆریان لە سەهمیەی ئیجباری و هەروەها جیاوازی ئەرێنی وەرگرتوە. ئێستاشی لە گەڵ بێت سەرەرای ئەوەی کە ژنان لەم وڵاتانەدا لە نزیک بە هەمووی بوارەکاندا مەیدانی وەک یەکیان بۆ گونجاوە، هێشتا هەر بە پێویستی دەزانن لەو جێگانەدا کە سەنگی ترازوەکەیان زۆر جیاوازە، ئەو میکانیزمانەی سەرەوە بە کار ببەن بۆ ئەوەی بتوانن یەکسانییەکە هەموار بکەنەوە.

 لەوانەیە ئێستا زۆر کەس بڵێن نەخێر ئەمە بە کۆمەلگای ئێمە ناخوات و باشتر وایە ژنان بە لێهاتوویی خۆیان ئەم کارە بکەن. ئەوەی زۆر جار بە لای منەوە سەیرە،  ئەوەیە کە ئێمەی کورد هەر بابەتێک لە مەڕ ژنان بێت فەورەن دەڵێین ئەمە لە گەڵ کۆمەڵگای ئێمەدا ناگونجێت، بەڵام ئیتر لە بیرمان نییە، کە دیموکراسی و فیدراڵیزم و مافی مرۆڤیش بە هەمان شێوە نامۆیە بە کۆمەڵگای ئێمە، بەس ئامانجی سەرەکی حیزبەکشمانە؟ کەواتە زۆر باشە کە لە حیزبی دیموکرات ئەم شێوە میکانیزمە واتە سەهمییەی ئیجباری و هەڵاواردنی ئەرێنی(تەبعیزی موسبەت)، کەڵکی لێوەر بگیرێت و ئەزمون بکرێت، لە ئاکامدا ئەگەر دوای ساڵانێک ئەم میکانیزمەش وەک میکانیزمی ئێستای کاریگەر نەبوو ئەو کات، میکانیزمەکە بگۆڕێ و میکانیزمی دیکەی لە جێ دانێ.

 دیسان دەڕۆمەوە سەر ئەو بەشەی کە کۆمەڵێک کەس پێیان وایە کە ژنان ئەبێت بە لێهاتوویی خۆیان بێنە مەیدان و لە بوارەکاندا چالاکی بنوێنن. ئەم مەرجە لە کاتێکدا درووستە ئێمە ڕەچاوی بکەین، کە لە کۆمەڵگایەکدا بژین کە لەوێدا ژن و پیاو لە هەموو بوارەکاندا مافی وەک یەکیان هەبێت. بە تایبەت ژنیش وەک پیاو لە بنەماڵەدا بواری کار کردنی سیاسی و ئابووری بە هەمانشیوە وەک پیاو بۆ رەخسا بێت، ئەگینا بۆ خۆمان شاهیدی ئەوەین کە ئێستا لە نێو ئەندامانی حیزبەکەشماندا ئەو مەودایە کە پیاو هەیەتی کەی و چۆن کاری حیزبی و دەرەوە راپەڕێنێ، ژن ئەو هەلەی بۆ ناڕەخسێ و ژیانی ماڵەوەو دەستەڵاتی پیاو سالاری ئەو  ئەو دەرفەتەی پێ نادا . هەربۆیە لەوانەیە زۆر درووست نەبێت کە هەمیشە حیزبە سیاسییەکانی کوردی ئەو بیانوە بە کار ببەن و بڵین ژنیش ئەبێت بە لێهاتووی خۆی بێتە مەیدانەوە.

 بە پێویستی دەزانم ئاماژەیەک بە وڵاتی نۆرویژ بکەم، کە چۆن توانیویانە کاریگەری باشیان هەبێت لە مەڕ بەرەو پێشبردن، سەقامگیرکردن و چالاک کردنی ژنان لە بەشداری کردن لە بەڕێوەبەرێتی وڵاتەکەیاندا. ئەگەر بێت و هەڵسەنگاندنێک لە نێوان ژنانی نۆرویژ و فینلاندا بکەین، دەبینین کە ژنانی فینلاند چەندین ساڵ پێش ژنانی نۆرویژ مافی بڕیاردان و خۆ پاڵاوتنیان بە دەست هێناوە.  هەروەها ژنانی فینلاند زیاتر لە ٢٠ ساڵ پێش نۆرویژ یەکەم ژنی وەزیریان هەبوە. بەڵام لە بەر ئەوەی وڵاتی نۆرویژ کەڵکی لە سەهمییەی ئیجباری و جیاوازی ئەرێنی وەرگرتوەو ئێستاش ئەو کارە دەکات بۆ چالاک کردنی ژنان لە کاری سیاسی و بەڕێوەبەری وڵاتدا، ئێستا بەشداری چالاکانەی ژنان چ لە کاری سیاسی و هەروەها چ لە بواری چالاک بوونیان لە بەڕێوەبردنی کار و باری وڵاتدا زۆر لە پێشەوەی وڵاتی فینلاند دایە. هەروەها حیزبە سوسیالیست و چەپەکانی نۆرویژ لەو دوو دەورەیەی ئاخری دەستەڵاتدارێتی خۆیاندا توانیویانە کارێکی بێوێنەی مێژوویی بخوڵقێنن لە مەڕ دابینکردنی کابینەی حوکومەت کە پێک هاتوە لە ١٨ وەزیر و یەک سەرۆک وەزیر کە لەوێدا بەشداری ژنان و پیاوان ٥٠ بە ٥٠یە، واتە ٩ وەزیری پیاو و ٩ وەزیری ژن. لەوەش زیاتر ئەوەیە کە هەوڵیانداوە،  ئەو وەزارەتانەی کە لە درێژایی مێژوودا لە هەمووی وڵاتەکانی دونیا کاری پیاوانە بوە، بۆ نموونە وەزیری بەرگری ئەم پۆستە و چەند پۆستێکی دیکە دران بە ژنان.

 ئەمانە پێمان دەڵێن کە ئەم شێوە میکانیزمە کە وڵاتێکی وەک نۆرویژ بە کاری دەبات، لە بەر ئەوەیە کە ئەمان پێیان وایە داکۆکی کردن لە مافی یەکسانی مرۆڤەکان تەنیا ئەوە نییە کە بە تیۆری بێت و زۆر گرنگە کە ئاکاری پێبکرێ و ئەوە ئاکارەکانن کە نیشان دەدەن مرۆڤ چەندە بڕوای قووڵی بە وتەکان و شوعارەکانی خۆی هەیە. هەربۆیە هیوادارم حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانیش لە ئاکارەکانی خۆی دا بیسەلمێنێ کە بڕوای تەواوی بە یەکسانی مافی ژن و پیاو هەیە و بۆ سەقامگیر کردنی ئەو یەکسانییەش ئامادەیە لە زۆر شێوازی باش و جێکەوتوو هەروەها سەرکەوتوویی وڵاتانی دیکە کەڵک وەر بگرێ. هەروەها هیوادارم ئەندامانی حیزبەکەشمان بە کردەوە لە خۆیان نیشان بدەن کە بڕوایان بە بەرنامەی حیزبەکەیان هەیە و بۆ بەرەو پێش بردنی ئەو یەکسانییە کار دەکەن و لەو جێگایانەی کە ژنانی باش و لێهاتوو خۆیان دەپاڵێون بۆ کۆنگرە دەنگیان پێبدەن.

لە کۆتاییدا بە دڵ هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەی ١٥ حیزبە خۆشەویستەکەمان بە ئاوات دەخوازم. تووبا ئەلیاسی

2012-01-21{jcomments off}

کاتالۆگ