کۆنفرانسی پراگ و ئێمەی کورد ، فاتح ئارش

لە ڕۆژەکانی ١٧ و ١٨ی ئەم مانگە یانی نوامبری ٢٠١٢ کۆبوونەوەیەکی بەرین لە هێز، ڕێکخراو، تاک و حیزبە سیاسییەکانی سەرتاسەری و ناوچەیی وڵاتی ئێران لە چێک (پراگ) پێکهات و وەک هەموومان ئاگادارین کوردیشfateh_aresh_0

بە لە بەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی وناوچەیی هاوبەش بەشداری ئەو کونفرانسەیان کرد بەڵام  بەشێوەیەک من تێگەیشتبم ئاکامی ئەو کۆبوونەوە بووە بە نوسراوەیەک لە جێگای پرۆتۆکۆڵکی ڕێزبەندی کراو بەگوێرە بنەما دیموکراتیەکان، ئەم نووسراوەیە کە لەوە دەچێت تەنها بەمەبەستیی پرکردنەوەی بۆشایی سیاسیی کۆنفرانسەکە بێت هێندێک تێڕامان و نێگەرانی لێکەوتەوە یان دروستکردەوە و ئەو تێڕامان و نیگەرانی یانە بوون بە  هۆکارێک تا منیش وەک تاکێکی کورد بێلایەن نەمێنمەوە.

شک و گومان لەوەدا نی یە کە بەشداربووانی کورد نوێنەرایەتیی بەشێکی بەرچاوی گەڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردەوە و زۆربەیان کەسانێک بوون کە بەشی هەرەزۆری تەمەنی خۆیان لە پێناو ئامانجەکانی نەتەوەکەیان دا تەرخان کردەوە و ئەو جۆرە کە دەبیسین و دەبینین بێدەنگیان لێ نەکردەوە و لە باری سیاسیی و تووانی دەربڕینی هەست و ویستەوە بەتووان کارزان بووەنە.

لێرەدا مەبەستی من باسکردن لە سەر دوو خاڵە، ئایا وەک کورد لە کۆڕ و کۆبوونەوەی لەم چەشنە لە داهاتوودا دیسان بەشداری بکەین؟ ئایا بایکۆت کردنی ئەم چەشنە کۆنفرانسانە چەندە قازانج بە تێگەیشتنی سیاسیی لە نێوان ئێمە نەتەوەکانی دیکە دەگەیەنێت؟ بەڵام وا بەباش دەزانم کە وەڵامی هەر دوو پرسیاەکەیی خۆم لە تێڕامانێکی تایبەت دا بدەمەوە و هیوادارم نەبێتە هۆکارێک بۆ زوێر بوونی کەس یان کەسانێک.

کورد وەک نەتەوەیەکی داگیرکراو لە مێژزمانە کە خەبات دەکات و هەمووکات داواکاریەکانی لە سەرەتادا بەشێوەی شیاو و دوور لە دەمارگرژی هێناوەتەگۆڕێ بەڵام بە هۆکارهای جوراوجۆرەوە شێوەکە گۆڕاوە،  پێم وایە کە روناکبیری کورد بە ناچاری ئەو وەزعەیی قەبووڵ کردەوە و تەنها بەرهەمی ئەو گۆڕینە ئەوە بووە کە کێشەیی کوردی تا ئەم سەردەمە کە لە ڕووانگەی منەوە سەردەمی زاڵ بوونی ئایدیایی خەباتی مەدەنی بە سەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی دایە پاراستەوە.

لەمێژە کە کورد باس لە وشەی ئازادی و دیموکراسی دەکات و تا ئەم سەردەمە کڕیارێکی ئەوتۆی نەبووە بەڵام بەخۆشییەوە ئێستاکە ئەو وشانە لە ناوچەکەدا بوونەتە وێردی زمانی کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی ناوچەکان کە لە باری جوگرافییاییەوە پێوەندیان لەگەڵ خاکی کوردستان هەیە و لەم سەرهەڵدانەش دا کورد بێبەش نابێت. ئەگەر بمانهەوێت هێندێک قوڵ تر توێژینەوە لە سەر ئەم خاڵە بکەین دەبێت بڵێن کە کورد لە ناوچەکە دا فاکتەری ڕەوشتی ڕابەری(ئەربابی، مامۆستایانە) هەبوو و بۆ ئەم مەبەستەش پەنا دەبەمە باسێکی دەروونناسی ناسراو کارڵ گۆستاو یوونگ”ی” سوویسی کە دەڵێت ڕەوشت دوو شێوەیە، ڕەوشتی ڕابەری و ڕەوشتی کۆیلەیی، کارڵ دەڵێت ڕەوشتی ڕابەری زۆر جیاوازی هەیە لەگەڵ ڕەوشتی کۆیلەیەتیی و کەسانێک کە ڕەوشتی ڕابەرییان هەیە ڕاوەستاون و لە ڕووانگەی سایکۆلۆژییەوە بە کەسانێک دەناسرێن کە گەیشتوونەتە بەرزترین قۆناغی پێگەیشتوویی و ئەو ڕەوشتەیان لە ترس خوا، جەهەنم، پۆلیس، دایک و باب، پووڵ و پاداش هەڵنەبژاردەوە بەڵکو وان و لەو کەسانەیی کە دەیانهەوێت خۆیان پیاو چاک و بێتاوان پیشاندەن و بێدەنگی لێ کەن نین. بەڵام ئەو کەسانە کە ڕەوشتی کۆیلەیی یان هەیە ڕادەیان زۆرە و بەپێچوانە ئەوانەیی کە ڕەوشتی ڕابەرانەیان هەیە دەجووڵێنەوە و هەمیشە لە پێناو بەرژەوەندی و بەگوێرەی پێخۆش بوونی کەسانی دیکە کە وەک مامۆستای وانەکەن دەچوڵێنەوە هەمووکارەکانیان لە بەرژەوەندیی تاکەکەسی و بۆ پێخوش بوونە.  من پێم وایە کۆنفرانسی پراگ لەم دوو ڕەوشتانە پێکهاتووە یانی تاقمێک کە ڕەوشتی ڕابەرییان هەبووە و دەستەیەک کە ڕەوشتی کۆیلەییان هەبووە و بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆیان جوڵاونەتەوە و لە زۆرینەدا بوون،  نێوەڕۆکی ئەو کاغەزە هەرچی بێت لای منی کورد زۆرگرنگ نەبووە و بەپێچەوانە خۆشحاڵ بووم کە کورد لەو کۆبوونەوە دا ڕەوشتی ڕابەری خۆی پیشان داوە. کەسێک کە بۆخۆی هەڵهاتەوە و پەنایی بۆ ئازادی و دیموکراسی هێناوە بەڵام بەپێچەوانەی هەڵهاتنەکەی لە کۆنفراسێکی ئەوتۆدا سەرەتایی ترین مافی دیموکراسی هەموو نەتەوەکانی ئێران ژێرپێ دەکات ناتووانێت لە باری بیرکردنەوەوە مرۆڤێکی خاوەنی فیکری خۆی بێت، ئەوانە کە باس لە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی ئێران دەکەن بۆ خۆیان باش دەزانن کە ئێرانی ئێستاکە وڵاتێکی پارچە پارچە کراوە بەڵام ئەم تیکە و نیم تیکانە بە زەبر و زەنگ پێکەوە بەستراونەتەوە، ئێران کاتێک یەکگرتەوە کە بۆ هەمووان بێت، وڵاتێکی فەرە نەتەوە کاتێک دەبێت بە وڵاتێکی یەکگرتوو کە دیموکراسی و مافە دیموکراتییەکانی تێدا دەستەبەر بێت، وڵاتێک کە من مافم نەبێت، مرۆڤی بێکارە و پلە نزم بم چ ناوی ئێران بێت چ کوردستان وڵاتی من نییە و بیر لە یەکپارچەیی ناکەمەوە. بەکورتی ئەگەر کورد بتووانێت بە یەکگرتوویی خویی هێندێک بە دەسەڵاتی ڕابەریی و دژی کۆیلەیەتیی خۆی زیادکات ئەوکات زۆر لەو کەسانەیی کە ئێستاکە ڕەوشتی کۆیلەییان هەیە دەبنە پاشکۆیی.

لەوەی کە مرۆڤەکان لە باری ڕەووانناسییەوە بە سەر چوار تاقم دا دابەش دەکڕێن و هەرکامەیان بۆ خۆیان کارتێکردنی تایبەتیان لە سەر کۆمەڵ و کۆمەڵگا هەیە چاوپۆشی دەکەین و سرنجی خۆمان دەدینە کێشە و چۆنیەتیی هەڵسوکەوتمان لە کاتی سەرهەڵدانی ناتەبایی دا، ئێمەی کوردلە مێژە کە لەگەڵ ناتەبایی کێشە و ململانێ دەکەین و لەم بووارە دا زۆر ئەزموونی تاڵمان هەیە و لە ڕاستیی دا دەبێت خۆمان بە قۆچی قوربانیی کێشەی نەخوازراو بزانین بەڵام نابێت لە ئاست کەموکوڕیەکانی خۆمان بێ دەنگ بین و دەبێت بڵێن کە کێشەیی یەک لایەنە بوونی نی یە.

ئێمەی کورد بابەتێکمان هەیە بە ناوی ئامانج و لە نێوان ئێمە و ئامانجەکەماندا شتێک بە ناوی کۆسپ هەیە” ئەوەش باسکەین کە کۆسپی سەر ڕێگای کورد چەندەن و هێندێک کوردیش هەن کە دەبێت ئەوانیش بە ئاستەنگ چاویان ڵێکرێت (نموونە جاشەکان)”، لەم سەردەمدا کە پێمان وایە سەردمی دیاڵۆگە بۆ ئەوەی بتووانین بە شێوەیەکی زانستیانە و ڕابەریانە بە سەرکۆسپ دا سەرکەوین پێویستمان بە ئامراز هەیە و یەکێک لەو ئامرازانەیی کە لێرەدا بۆ باسکردن لەبارە شێوەی هەڵسوکەوتمان لەگەڵ ناتەباییەکانە، ئەگەر کەسێک بەهەر مەبەستێک و لە هەر نەتەوەیەک نامەیەک گەڵاڵەکات و ئێمە بەگورجی بێ بیرکردنەوە هەڵوێستی دژ بگرین باری ڕەوشتی ڕابەری و شێوەی هەڵسوکەوتی دروست لە پێوەندی دەگەڵ چارەسەری کێشەمان لە دەست دەبێتەوە و نەیار بە ئامانجی دیاریکراو دەگات، بۆ ناساندن و گەیشتن بە ئامانج باشترین ڕێگاچارە لەم سەردەمەدا دیاڵۆگی سازندەیە لەگەڵ کۆسپ و دەبێت باوەڕمان هەبێت کە ئیمکانی ئاڵوگۆڕ له‌ مرۆڤ دا زۆر زۆره‌  یانی  زۆربه‌ی  مرڤه‌کان به‌ پێی پێشهاته‌کان ، له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ته‌کامووڵی مێژوو ئیمکانی کارتێکردن و گۆڕان له‌ قۆناخێکه‌وه‌ بۆ قۆناخێکی دیکە هەیە. لە ڕووانگەی منەوە واباشە کە ئێمەی کورد هەموو هەوڵ و تێکۆشانی خۆمان وەگڕخەین بۆ تێگەیاندن بە مەبەستیی پێشگیر لە لێکدان لەگەڵ کۆسپ چوونکە ڕەوتی تەکامووڵ خودی کۆسپ بۆ هەمان قۆناغ دەبات کە ئێمە هەوڵی بۆ دەدین و ئەو وەک کۆسپ ڕێگامان پێدەگڕێت.

بایکۆت کردن ناتووانێت ئەڵتەرناتیڤێکی لەبار بێت بۆ تێپەڕین بە سەر کوسپ دا چوونکە ئێمە دەسەڵات نین و واباشە ڕەوتی لەباری چارە سەری ناتەبایی تا حەدی ئیمکان لە دەست کورد دەرنەچێت و دەرفەتی سیاسیی خۆمان لە بیر نکەین بیری خۆمان بگێرینەوە بۆ سەردەمێک کە لە کوردستان دا بووین و…، وەزعی مەوجودی سیاسیی وڵاتانێک کە کوردی تێدا دەژین وەبیر خۆمان بێنینەوە.

زۆر لە شارەزایانی چارە سەری کێشە و کار و باری کۆمەڵایەتیی ئەم خاڵانەی خوارەوەیان وەک پێشنیار  یان بە واتەیە کی دیکە بۆ سەرەتایەک بۆ خۆ ناسین ، خۆ رێکخستن و سازین لەگەڵ ڕەوتی تەکامووڵی مێژوو کێشە ڕاگەیاندەوە.

پێش لەوەی کە هەڵوێست بگری با لێکۆڵینەوەی زانستیانە و دروستت لە سەر کێشەکە هەبێت، ئەگەر رەخنەیەک گیرا بە چاوی نەیارەوە تەماشای رەخنەگر یان پێشنیار دەر نەکەین و هەوڵ بدەین کە جیاوازی لە نێوان تیئوری و هست دا بەناسینەوە، ئەو هەستە لە خۆ دا پێک بێنین کە ئیمکانی هەیە ئاڵوگۆری فیکریمان تێدا پێش بێنن، کراوە و واقع بین بین، ئامادە بیت  کە رەخنەی باش و بەکەڵک وەرگریت و گۆێراگری رەخنەکان بیت، بە دەڵێکی ئاوەڵا و مێشکێکی کراوەوە. له کاتی ئاڵۆز بوونی وەزعیەت و بە لاڕێ دا چوونی کێشەکە لە جێگەی ئەوەی لە دژی راوەستی هەوڵ بدە کە لەگەڵی کەوی تا بتووانیت بەئارامی و بەگۆێرەی لۆژیکی بەدانی پێشنیاری بەکەڵک یاریدەر و پێکهێنەری ئاڵوگۆڕی باش بیت، بەم شێوە دەکڕێت خاڵێکی پۆسیتیڤ بۆ بەرگریی لە پێکدادان بیت. لەوەی کە رۆڵی پالەوانی گۆڕەپانەکە یاری کەیت خۆبپارێزە. لە جێگەی ئەوە کە بە کێشەکان کێشە زیادکەین، هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی کە کێشە بێ نێوەڕۆکەکانی نێوو هەرکێشەیەک بێ بایخ کەینەوە. وابیرنەکەینەوە ئەگەر هەمووشتێک بە دڵی تۆ نەبوو دۆڕاوی، نە وانییە، زۆرجارهەڵکەوتەوە و هەڵیش دەکەۆێت کە بەرندەی  ئەمڕۆ دۆڕاوی دوارۆژە، بزانە کە کێشەیی بێ دەرمان لە ناخەوە مرۆڤ یان ئامانج دەخواتەوە و لە ئاکام دا نابوودی دەکات، بڕوات هەبێت کە ئێمەی مرۆڤ وەک یەک بیرناکەینەە و بۆی دەڕوات کە لە سەر یەک شت دوو بۆچوونمان هەبێت و هەر سات وکات بە دوایی مێژوو دا لە حالەتی ئاڵوگۆرداین و لە جێگەی ئەەی کە کۆکەرەوەی خالە نەرینییەکان بین واباشە کە فیکری خۆمان بۆ جێدانی خالە پۆسیتیڤەکان تەرخان کەین.

لەم ڕووانگەوە من وەک تاکێکی کورد پێشنیار دەکەم کە حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان لە کۆڕ و کۆبوونەوە لە چەشنی ئەوەی پراگ خۆ نەپارێزن و تووانی خۆیان بخەنەگر بۆ پێکهێنانی زیاتری کۆڕ و کۆبوونەوە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە و هەوڵ بدەن تا لە ڕێگای دیالۆگەوە کاریگەرییان لە سەر ئەو کەسانەی کە دەکڕێت وەک کۆسپ ناویان بەرین هەبێت و پێموایە کە بۆچوونی بایکۆت کردن ناتووانێت قازانجی نەتەوایەتیی کوردی تێدا بێت بە پێچەوانە دەتووانێت لە داهاتوودا زیانی هەبێت.

سەرکەوتووبین

{jcomments off}

نوێترین بابەت و هەواڵ
ئارشیو