پژاک تووشی کوێری خوێرایی بووە،مەجید حەقی

دوابەدوای مانگرتنی زیاتر لە ٧٠٠ کەس لە زیندانیانی سیاسی باکوور و پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە داخوازەکانیان. وا وێ دەچێ پکک و یەکەی رۆژهەڵاتی ئەو پژاک تووشی هەڵەی کوێری خێرایی بووبن.mejid_haqi_2

ئەوان بەهەڵە وایان لێکدایەوە کە پشتیوانی لە داخوازی زیندانیانی سیاسی کە گیانی خۆیان لە پێناو هەندێک داخوازی رەوا لەگرەو دانابوو، پشتیوانی لە سیاسەتەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و لەو رێگایەوە پشتیوانی لە پژاکیشە. ئێستا کە “ئەو پشتیوانیە”یان وەرگرتووە، خاوەنی هێزی گەلن و دەتوانن بە رێتوریکێکی ستالینیستی هەموو جیابیرانی مەیدانی خەباتی سیاسی کوردستان بخەنە بەرهێرشی خۆیان.

نووسەرانی HRK کە هەگەری زۆر هەیە زمانی تورکیان لە زمانی کوردی و تەنانەت فارسیان بەهێزتر بێت، زاراوەگەلێکی وەک “رەش کردن” و “کۆنترا گەریلا”یان لە هەڕەشەنامەی خۆیان بەکار بردووە، کە بەتواوی لە گەڵ هەلومەرجی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت دۆخی سیاسی ئێرانیش بێگانەن و هەمان زاراوەگەلێکن کە لە نەوەدەکان پکک لە باکوور بەکاری دەبردن. نە شەڕی چەکدارانە دیاردەیەکی نوێیە و نەش سەرکوتی جیابیران.

رەوتی گەشەکردنی سیاسی ناوچە و گەمارۆکانی رۆژلە گەڵ رۆژ زیاتر بەسەر حکوومەتی ئەسەد و تەنگەژەی سیاسی کۆماری ئیسلامی، هاوپەیمانانی دوێنێ و تا ئاستێکیش هەنۆکەی پککی لە دۆخێکی خستوە کە دیسان کارتی کورد لە دژی کورد بەکار ببەن و بەداخەوە بەلەبەرچاوگرتنی رابردووی “نەچەندان زێرینی” ئەو پارتە، لەو پێوەندیەدا خاڵی کوێری بزاڤی نەتەوایەتی کوردە. ئاوردانەوەیەکی کورت لە بریارەکانی کۆنگرەی ساڵی ١٩٩٠ی پکک و شەڕی ئەو پارتە لە گەڵ پارتی ویەکیەتی، کۆنگرەی ساڵی ١٩٩٩ و هەڵوێستیان بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان و وتەی ئۆجەلان لە مەڕ ئەوەی کە لە ئێران رەوشی کوردان لەهەموو بەشەکان چاکترە، چونکە پارێزگارێک بەناوی کوردستان هەیە و بەدوای ئەودا بڕیاری دامەزراندنی رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە تاو ئەوکات جارێ بەناوی ناوچە کوردنشینانی کۆماری ئیسلامی دەناسران، و تیۆریەکانی رێبەر ئاپۆ لە پێوەندی لە گەڵ رۆژاوای کوردستان و بەمیوان زانینی خەڵکی رۆژاوا لەو بەشەی لە خاکی کوردستان، نموونەی بڕیاری سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان و هەڵوێستی نابەجێ و بەرژەوەندی خوازانەی ئەو پارتەیە.

لە باکووری کوردستان کەم کەسە هەیە، بوێری لە ترسی پکک دا رەخنە لەو حیزبە بگرێ و هەر رەخنەگرێک بەتایبەت لە دیاسپۆرادا بە دوژمنی گەل و جاسووس و …. تاوانبار دەکرێ، ئەوەش وای کردووە کە ترسێکی شاراوە بەسەر رۆشنبیران و جیابیرانی باکووری کوردستان   حاکم بێت. پکک لە پێوەندی لە گەل رۆژهەڵاتی کوردستاندا تووشی هەڵەیەکی لێکدانەوەی گەورەبووە. ئەو رۆناکبیرانەی لە سیاچالەکانی کۆماری ئیسلامی نەترسابن، ئەوانەی کە سەرکوتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بە “چالش” کشاوە بڵێی لە هەڕەشەی هێزێک بترسن کە بێگانەیە لە گەل داخوازە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەو خەڵکە. ئەو نرخ و بەهایانەی کە رۆشنبیران و جیابیرانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێی بارهاتوون پەروەردەبوون، گەورەتر لەوەن کە هەڕەشەنامەی HRK و سەرۆکانی بتوانێ لە شوێنی خۆیان بجۆڵێنی. خزمەتێک کە دەتوانین لەو هەڕەشەنامەیەدا ببینین، ئەوەیە کە پژاک رووی راستەقینە و سەرکوتکەرانەی خۆی لە ئێستاوە دەرخست و بێگومان بەهای ئەوەش لەسەر ئەو رێکخراوە ئەگەر خەونێکی هەبێت لە دوارۆژی سیاسی کوردستاندا بۆ ئەو پاڵەوانپەنبانە زۆر گرانتر لەوە دەبێ کە ئەوان توانای لێکدانەوەیان هەبێت. لە جیهانی راگەیاندن و کەشی مەجازی دا چالاکی و بەشداری لە رێگای میدیا کۆمەڵایەتیەکان یەکێک لە مەیدانەکانی خەباتە و ئەوە کە HRK زمانێکی دیکە جگە لە هەڕەشە و پەلاپیتکە نازانێ، دەگەرێتەوە بە فەرهەنگی بارهێنراوی ئەو رێکخراوەیە و بەهیچ شێوەیەک کێشەی جیابیران نیە. 

مەجید حەقی  majid.hakki@gmail.com

{jcomments off}

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو