مێژوو قارەمانانی ئاشتی تۆمار دەکات . مەجید حەقی

پرسی کورد لە تورکیا، پێێ ناوەتەوە قۆناغێکی تازەوە، هەموو لایەنەکانی سیاسی دەسەڵاتی تورکیا و حیزبی سەرەکی ئۆپۆزیسۆنی تورکیا CHP پشتیوانی لە رەوتی دیالۆگی نێوان بزاڤی کورد و تورکیا دەکەن.mejid_heqi-01

گفتگۆکان لە ئاستی رێکخراوەیی و سەرۆکی زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی تورکیا بەرێوەدەچن.  میدیاکانی تورکیا بە گشتی پێشوازیان لە هەنگاوی بوێرانەی دەوڵەتی ئەردۆغان بۆ پێکهێنانی دیالۆگی راستەوخۆ و ئاشکرا دەربریوە. تەنیا رێکخراوێک کە بەئاشکرا دژی رەوتی دیالۆگی چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی کورد لە تورکیایە حیزبی نەتەوەگەرای MHPیە، کە ئەویش ئەندامانی چەندین ساڵە نەیانوێراوە لە سیواس دوورتر بەرەو رۆژهەڵاتی تورکیا و باکووری کوردستان هەنگاو بنێن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزدار مەسعود بارزانی پشتیوانی خۆیان لەو هەنگاوە دەربریوە. کاربەدەستانت تورکیا دانیان بەوە هێناوە، کە  پرسی کورد لە ئاستی پرسی “رۆژهەڵاتی تورکیا، خۆرهەڵاتی باشووری تورکیا” بە پرسی کورد لە ئاستێکی ناونەتەوەیی بەرز بۆتەوە. ئەمرۆ لە وڵاتی تورکیا ئۆجەلان وەک ئەکتەرێکی سیاسی کە دەتوانێت یەکێک لە ئەکتەرە سیاسیەکانی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە وڵاتەدا دەژمێردرێت دەبیندرێت و لە توندرەوترین رۆژنامەکانی ئەو وڵاتە، ناوی ئۆجەلان بە “سەرۆکی تیرۆریست” ناونابرێ و وەک خۆی بانگی دەکرێت.

لە سووریا کێشەکانی سیاسی و خەباتی دژی حکوومەتی بەشار ئەسەد قووڵتر دەبێ و لەولایەشەوە کێشەکانی ناو دەسەڵاتی نووری مالیکی و بەرزبوونەوەی دژبەری پێکهاتەکانی عێراق دژی حکوومەتی مالیکی، مزگێنی بەهارێکی عێراقی دەدەن.  بەهارێک کە پاییزی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەدواوە دەبێت و زۆری نەماوە ئێران هەم سووریا و هەم عێراق لە دەست بدات.

لە رەوشێکی وەهادا،رۆژهەڵاتی کوردستان کە چەندین ساڵە لە دەست “بوحران بڕوا”ی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەناڵێ، پێویستە بزاڤێکی جیددی تر بەخۆی ببینێ و ئامانجی “”هەوڵدان بۆ یەکڕیزی لە پێناو سەرکەوتندا” لە هەموو ئاستەکانی خۆیدا جێبەجێ بکات. لەو رووەوە کۆنگرەی پانزدەهەمی حدک کە لە مانگی ئۆکتۆبری سالی رابردوودا گیرا دەکرێ بە  بەرهەم و دەسپێکی جۆڵانەوە گۆڕانکاری واسازانە (deconstractive) لە جڤاکی ئێمەدا ببیندرێت. چونکە ریشەی مێژوویی ئاڵوگۆر لە ناو حدکادا بۆتە بەشێک لە فەرهەنگی بەرەوپێشچوونی دێموکراسی ناوخۆیی حیزبی و بەکۆمەڵبوونی خەباتی نەتەوایەتی و دێموکراسی خوازی نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا.  دروشمی کۆنگرەی کۆنگرەی پانزەهەمی حیزب، “کۆنگرەی هەوڵدان بۆ یەکڕیزی لە پێناو سەرکەوتندا” کاتێک دەتوانێ لە هەموو ئاستەکانی خۆیدا سەرکەوتوو بێت کە خاوەنی ئامانج و مێتۆد و بەرنامەی گەیشتن بە ئامانج بێت. ئامانجی کۆنگرە لە دروشمەکەدا هاتووە ئەوەی دەمێنێتەوە مێتۆدەکانی گەیشتن بەو ئامانجەیە.

ئاڵۆگۆرەکانی سیاسی ناوچە، خێراتر لە چاوەروانی لێکدانەوەکانی کۆنگرەی حیزبێک بەرەوپێش دەرۆن. بۆیە خێراکردنی رەوتی دیالۆگی نێوان حیزب و هاورێیانی پێشوو و هەروەها گەشەپێدانی دیالۆگی گشتی لە پێناو گەیشتن بە وێک گەیشتنێکی نەتەوایەتی، ئەرکی رێبەری حدکا قورستر دەکات.

لە مێژووی نەتەوەی کورد دا زۆر رێبەرو قۆناغی زێرین هەن کە دەتوانن وەک نموونە بۆ پێویستیەکانی ئەمرۆ وەک ئەزموون کەڵکیان لێ وەرگیرێت:  لە ساڵی  1514دا شیخ ئیدریس بتلیسی لە بەرانبەر هێرشی سەفەویەکان و بۆ پاراستنی خەڵکی کورد لە شەڕی نێوان عوسمانی و سەفەویەکاندا توانی 24 عەشیرەو هۆزی کورد یەک بخات و بەوە ناوچەهەیەکی هێمنایەتی لە نێوان دوو زڵهێزی ناوچەدا بۆ کوردان پێک بێنێت. لە 1945 دا قازی محەمەد سەرۆکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە دارشتنی بەرنامەیەکی گشتگری سیاسی و کۆمەڵایەتی، توانی هەموو عەشیرەو چینەکانی کوردستان لە ژێر ئاڵای کۆماری کوردستان کۆ بکاتەوە و کۆماری کوردستان لە رۆژی یەکەمی دامەزراندنیدا ببێتە حکوومەتێکی نەتەوەیی و گشتگر و بەوە توانی وێکگەیشتنێکی کۆمەڵایەتی وا لە کوردستان دامەزرێنێ کە لە ماوەی یازدە مانگ حاکمیەتی کۆماری کوردستاندا، ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەسەر هەموو بەشەکانی جڤاکدا زاڵ بێت.

لە هەلومەرجی ئەمرۆدا، تەنیا دیالۆگی راستەوخۆی نێوان رێبەرایەتی لایەنەکان ناتوانێت وەڵامدەرەوەی پیویستی وێکگەیشتنی جڤاکی و سیاسی بێت و هەوجەیە ئەو رەوتە خێرا بکرێت. بۆیە جێی خۆیەتی ئاستەکانی خوارەوەی رێکخراوەکان و جڤاکی کوردیش مەیداندار بن لە پێوەندی لە گەڵ بەرەوپێشبردنی رەوتی لە یەک نزیکبوونەوە و پێکهێنانی کەشی لەیەک گەیشتن و لە ناو “تەنگەژەی بڕوا”.  سروشتیە کە ئاشتی و گەشەپیدانی ئاشتی لە شەڕ و دوژمنایەتی سەختتر و ئاستەمترە وپێویستی بە بوێری دەروونی، سیاسی و رێکخراوەیی دەکات.

مەجید حەقی

هێلسینکی 6.1.2013

{jcomments off}

کاتالۆگ