پێویستیی‌ پێكهێنانی‌ به‌ره‌ی‌ كوردستانی‌ ئێران، حوسێن نازدار

ه‌ره‌ په‌یمانێكه‌ كه‌ له‌ودا هێز‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ شێوه‌ی‌ ئازادانه‌‌و دڵخوازانه‌ له‌ سه‌ر بناغه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ هاوبه‌ش بۆ گه‌یشتن به‌ یه‌ك یان چه‌ند ئامانجێكی‌ دیاریكراوhosain_nazdar_0

رێككه‌وتنێكی‌ هاوبه‌ش له‌ نێوان خۆیاندا ده‌به‌ستن‌و سه‌ره‌ڕای پاراستنی‌ شوناسی‌ پێشووی خۆیان شوناسێكی‌ گشتگیری‌ نوێ‌ به‌ نێوی‌ به‌ره‌ پێك دێنن.
له‌ بارودۆخی‌ ئه‌مڕۆدا كۆڕو كۆمه‌ڵ‌‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان پتر له‌ رابردوو باس له‌ پێكهێنانی‌ به‌ره‌ی‌ كوردستانی‌ ئێران وه‌ك پێویستییه‌كی‌ سیاسی‌و هه‌نگاوێكی‌ گرینگ له‌ ره‌وتی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ـ دێموكراتیكی‌ كوردستان ده‌كه‌ن‌و له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ پێكهێنانی‌ به‌ره‌ ئه‌وه‌نده‌ گرینگ‌و پڕبایه‌خه‌ كه‌ ناكرێ‌‌و نابێ‌ گیرو گرفت‌و كۆسپه‌كان رێگای‌ لێ‌ بگرن.

له‌م پێوه‌ندییه‌دا پێویسته‌ هێز‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستانی‌ ئێران پێداچوونه‌وه‌ به‌و بۆچوون‌و هه‌ڵوێستانه‌یاندا بكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ رابردوودا بوونه‌ته‌ كۆسپی‌ سه‌ر رێگای‌ پێكهێنانی‌ به‌ره‌ و ئازایانه‌‌و راشكاوانه‌‌و به‌ نیازپاكی‌‌و به‌ گیانی‌ هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیارێتی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و به‌ پلاتفۆڕم‌و رێكاری‌ گونجاو و روون‌و شه‌فاف‌و به‌ وتووێژی‌ بنیاتنه‌ر كاری‌ جیددی‌ بكه‌ن بۆ لێك نزیك كردنه‌وه‌ی‌ روانگه‌‌و بۆچوونه‌ جیاوازه‌كانیان له‌ پێناو پێكهێنانی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ فره‌چه‌شن‌و یه‌كگرتوو و دێموكراتیك دا.

مه‌به‌ست له‌ پێكهێنانی‌ به‌ره‌ی‌ كوردستانی‌ ئێران ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌ ره‌واكانی‌ گه‌له‌كه‌مان هه‌موو هێز‌و توانای‌ حیزب‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان بخرێته‌ سه‌ریه‌ك بۆ رووخاندنی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران‌و به‌دیهێنانی‌ ئه‌و به‌رنامه‌‌و ئامانجانه‌ی‌ كه‌ هێز‌و لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ گه‌ڵاڵه‌ی‌ ده‌كه‌ن، خه‌باتێكی‌ هاوبه‌ش‌و یه‌كگرتوو و شێلگیرانه‌ بكرێ‌.

ئه‌وه‌ راستییه‌كی‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ به‌شێك له‌ ئامانجه‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌بێ‌ وشیاری‌‌و ئیراده‌‌و بیر‌و بڕیارو زمان‌و گوتاری‌ یه‌كگرتووی‌ سیاسی‌ هه‌بێ‌ كه‌ پێكهێنان‌و وه‌كاركه‌وتنی‌ به‌ره‌ی‌ كوردستانی‌ له‌م پێناوه‌دا كاریگه‌ری‌ گرینگی‌ هه‌یه‌، به‌ره‌ی‌ كوردستانی‌ ده‌بێته‌ دینامیزمی‌ خه‌باتی‌ یه‌كگرتووی هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌و له‌گه‌ڵ‌ پێشوازی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ره‌وڕوو ده‌بێ‌، وشیاری‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌‌و هه‌ستی‌ نیشتمانپه‌روه‌ری‌ به‌هێز ده‌كات، هیواو هێزو وره‌ی‌ خه‌ڵك به‌رز ده‌كاته‌وه‌، به‌دبینی‌ سیاسی‌ له‌ نێو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا كه‌مڕه‌نگ‌و لاواز ده‌كات‌و باوه‌ڕ به‌یه‌كتر كردن‌و یه‌كڕیزی‌ له‌ نێو خه‌ڵك‌و خه‌باتگێڕاندا پته‌وتر ده‌كات‌و گه‌شبینی‌‌و وتووێژی‌ سه‌رده‌میانه‌‌و بنیاتنه‌ر ده‌بێت به‌ شێوازێكی‌ باش بۆ پێكه‌وه‌ ژیانی‌ ئاشتیخوازانه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌و خه‌ڵكی‌ كوردستان، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان به‌ یه‌كڕیزی‌‌و یه‌ك هه‌ڵوێستی‌‌و ئیراده‌ی‌ یه‌كگرتووی‌ سیاسی‌‌و به‌هێز‌و سه‌نگی‌ زیاتر له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ بیانی‌‌و ئێرانییه‌كان وتووێژو هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن‌و له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یشدا قورسایی‌‌و ئیعتباری‌ كوردستان‌و خه‌باته‌ ره‌واكه‌ی‌ به‌رچاوتر ده‌بێ‌‌و پێشوازی‌ زیاتری‌ لێده‌كرێ‌.

بۆ مان‌و به‌رده‌وام بوونی‌ كارو تێكۆشانی‌ به‌ره‌ پێویسته‌؛ فره‌چه‌شنی‌‌و یه‌كگرتوویی‌ له‌ ناو به‌ره‌دا پارێزراو بێ‌، سنووری‌ ماف‌و ئه‌رك‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌ندامانی‌ به‌ره‌ روون‌و دیاریكراو بێ‌، سه‌ربه‌خۆیی‌ سیاسی‌‌و ته‌شكیلاتی‌ لایه‌نه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی‌ به‌ره‌ پارێزراو بێ‌، رێگه‌ له‌ پاوانخوازی‌‌و سه‌ره‌ڕۆیی‌ هه‌ر ئه‌ندامێكی‌ به‌ره‌ بگیرێ‌، هه‌موو ئه‌ندامانی‌ به‌ره‌ تێگه‌یشتنێكی‌ هاوبه‌شیان بۆ پیره‌وپرۆگرامی‌ به‌ره‌ هه‌بێ‌‌و به‌ كرده‌وه‌ پێبه‌ندی‌ رێوشوێن‌و بڕیاره‌كانی‌ به‌ره‌ بن.
به‌ره‌ی‌ كوردستانی‌ پێویسته‌ له‌ سه‌ر بناغه‌ی‌ پڕه‌نسیپ‌و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ئازادی‌، دێموكراسی‌، مافی‌ مرۆڤ، مافی‌ نه‌ته‌وه‌كان، دادپه‌روه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و سێكۆلاریزم پێك بێت‌و لایه‌نه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی‌ ده‌بێ‌ باوه‌ڕی‌ قووڵیان به‌ پلۆرالیزمی‌ سیاسی‌و جۆراوجۆری‌‌و فره‌لایه‌نی‌‌و هه‌مه‌ڕه‌نگی‌‌و ئازادی‌ راده‌ربڕین‌و پێكه‌وه‌ ژیانی‌ ئاشتیخوازانه‌‌و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌‌و گرفته‌كان له‌ رێگای‌ وتووێژی‌ هێمنانه‌‌و بنیاتنه‌ر هه‌بێ‌‌و بۆ پراكتیزه‌كردنی‌، خه‌باتی‌ جیددی‌ بكه‌ن.

به‌ره‌ی‌ كوردستانی‌ ئێران پێویسته‌ بۆ بارودۆخی‌ دیاریكراو لێكدانه‌وه‌ی‌ دیاریكراوی‌ هه‌بێ‌‌و خوێندنه‌وه‌ی‌ دروست‌و واقعبینانه‌ی‌ بۆ كیشه‌‌و پرسه‌ سیاسییه‌كان‌و رووداو دیارده‌‌و پێكهاته‌ جۆراوجۆره‌كان هه‌بێ‌‌و له‌ پێناو دابینكردنی‌ مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئێرانێكی‌ دێموكراتیكی‌ فێدراڵدا له‌ هه‌موو شێوه‌ ره‌واكانی‌ خه‌بات كه‌ڵكی‌ پێویست وه‌رگرێ‌. 

حوسێن نازدار

کاتالۆگ