ئاوردانەوەیەکی خێرا لە خەسارناسیی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی 25ی گەلاوێژ ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران . مەجید حەقی

ئەمرۆ 68مین ساڵڤەگەری دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، حیزبێک کە توانی لە ماوەیەکی کورت دا رێنێسانسێکی گەورە لە خەباتی نەتەوایەتیی کورددا پێک بێنێت و شانازی دامەزراندنی یەکەم کۆماری مێژوویی کورد بەناوی خۆیەوە تۆمار بکات.mejid_heqi-0

حیزبێک کە پێشەوا قازی محەمەدی بیرمەندی هومانیزم و گاندیی سەردەمی رۆژهەڵاتی ناوەراست رێبەری کرد و لە پێناو پاراستنی گەلەکەی و شانازیەکانی کۆماری کوردستان، وانەی ئەخڵاقی وەفاداری بە سۆز و پەیمان فێری کردین. حیزبێک کە سەردەمانێک ئاسۆبینی دکتۆر قاسملوو و مێتۆدی رێبەریی ئەو، حدکای کردبووە بە تاقە هێزی جیددی بزاڤی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئاستی سەرانسەری کوردستان و قورساییەکی جێی سەرسورمانی ناو ئوپوزیسیۆنی ئێرانی دا بەدەست هێنابوو. 

حیزبی دێموکرات لە سەردەمێک دامەزرا کە هەستی نەتەوایەتی گەلی کورد بەو شێوەیەی کە پێویستە گەشەی نەکردبوو. رادەی خوێندەواری لە کوردستان 5 % بوو. عەشیرەکانی ناو کوردستان بۆ بەرژەوەندیەکانی تایفەیی و عەشیرەیی خۆیان لە هەمبەر یەکتر راوەستابوون. لەو سەردەمەدا قازی محەمەد بە پێکهێنانی کۆنسێنسوس و وێکگەیشتنی کۆمەڵایەتی جۆرە پەیمانێکی میللی لەناو پێکهێنەرانی کۆمەڵگا داینابوو کە کۆماری کوردستان ببێتە هێلانەی بەرژەوەندی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و هەستی هێمنایەتی باڵ بەسەر کوردستاندا بکێشێ و لە ماوەی 11 مانگ حکوومەتی کوردیدا، کوردستان پێشکەوتنی بەرچاو و خێرا بەخۆیەوە ببینێ.

لە سەردەمی رێبەری حیزب لە لایەن دکتۆر قاسملووی ئاسۆبینەوە، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو بە خاوەنی ناسنامەیەکی نەتەوایەتی – کۆمەڵایەتی، بەجۆرێک کە خەبات بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی و خەبات بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتیەکان و دادپەروەری ئابوور و کۆمەڵایەتی ببوو بە ناسنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حدکا لە حاڵەتی حیزبێکی ناوچەیی و خۆجێیدا بەرەو حیزبێکی ناونەتەوەیی و پێوەندی بە سۆسیال دێموکراتەکان جیهانی هەنگاوی هەڵێنا. حدکا لە ماوەی 18 ساڵ سکرتێری دکتۆر قاسملوودا لە دوای هەر کۆنگرەیەکدا کۆمەڵێک نوێگەرایی لە بەرنامەی سیاسی، شێوازی چالاکی و سیستەمی بەرێوەبەری خۆیدا پێک دەهێنا.

تابلۆی ئەخڵاقی حیزبی دێموکرات بە ناوی “سیمای دێموکرات”، دیاری کردنی “رۆژی پێشمەرگەی کوردستان”، “رۆژی شەهیدانی کوردستان”، “ساڵرۆژی دووی رێبەندان” وەک سەمبۆلەکانی نەتەوایەتی و هاوبەشی داهێنەرانەی ئەو سەردەمەن. گەشەپێدانی دێموکراسی ناوخۆیی، پاراستنی مافی مرۆڤ، دژایەتی لە گەل توندوتیژی و هەرجۆرە چەوسانەوەیەک و خۆپاراستن لە ژیانی “چەوسێنەرانە” و حاکمیەتی چینایەتی لە دەستکەوتەکانی ئەخڵاقی دەورانی رێبەری قاسملوو و شەرەفکەندین. لە ژێر رێبەری قاسملوودا بوو کە دیپلۆماسی خەبات بۆ مافی دیاری کردنی چارەنووس و بەرەوپێش بردنی پرسی کورد لە روانگەی بەرژەوەندی دەوڵەتە زڵهێزەکاندا دەرگای بەسەر بزاڤی نەتەوایەتی دا کردەوە. تێزی بەناوبانگی قاسملوو لە مەڕ کۆنفدراسیۆنی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەندامەتی فیدراسیۆنی کوردستان لەو کۆنفدراڵەدا زەمانێک نووسراوە کە جارێ یەکیەتی ئورووپا تەنیا لە چوارچێوەی سنووری چەند وڵاتێکی باشووری ئورووپا بوون و باسێک لە “رۆژهەڵاتی ناوەراستی گەورە” و ئاڵوگۆرەکانی ئەمرۆ نەبوو. لەو سەردەمەدا مودیریەت و رێبەری بەشێک لەوانەکانی فێرکاری ناو کادرەکانی حدکادا بوون. 

قاسملوو سەردەمێک رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، سەردەمی شەری ئایدیۆلۆجیەکان و رەوتە توندرەوە چەپەکان بوو، سەردەمێک کە ئاستی هۆشیاری نەتەوایەتی خەلکی کوردستان لە رادەی پێویست دا نەبوو. ئابووری کوردستان بەتەواوی وەرزیری و نزیک بە 60% خەڵکی کوردستان دێ نشین بوون و رادەی خوێندەواری خەڵک خوارەوەی 30% بوو. 

ئەمرۆ 68 ساڵ دوای دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران:
– زیاتر لە 70 خەڵکی کوردستان شار نشینە
– بازرگانی گشتی و بازاری ئازاد جێی وەرزیری لە کوردستاندا گرتووە
– بەشێکی زۆری خەلك دەستی بە راگەیەنە گشتیەکان، کاناڵەکانی پێوەندی و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان دەگات
– زیاتر لە 72% خەڵک خوێندەواریان هەیە و نزیک بە 14% خوێندنی باڵایان هەیە. 
– خەباتی مەدەنی تانو پوێ لە ناو کوردستاندا کوتاوە و بەدەیان کۆمەڵە و ئەنجوومەنی مەدەنی جۆراوجۆر بە شێوەی یاسایی و نایاسایی لە کوردستان و لەو شوێنانەی ئێران کە کوردی لێ دەژین چالاکن
– بەدەیان هەزار لە کوردانی رۆژهەڵات لە دەرەوەی وڵاتن
– هەستی نەتەوایەتی خەڵکی کورد لە کوردستان لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە
– دروشم، پرەنسیب و ویستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە حاڵەتی بەهایەکی حیزبی بە بەهای نەتەوایەتی و تەنانەت سەرانسەری گەشەیان کردووە
– زیاتر لە 75% دانیشتوانی کوردستان تەمەنیان لە خوارەوەی 35 ساڵە و کوردستان کۆمەڵگایەکی گەنج، دینامیک و ئامادەی بزاڤە
– پرسی کورد هیچ کات وەک ئەمرۆ لە ئاستی ناونەتەوەییدا جیددی نەبووە.
– پلۆرالیزمی سیاسی و جڤاکی کوردستان وەک زەمینە خۆشکەری گەشەپێدانی دێموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بووتە “ئەمری واقع”.

لە بەرامبەر ئەوەدا:
– بزاڤی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە تەنگەژەی بڕوادا دەژی و زۆربەی وزەی خۆی بۆ رکەبەری ناوخۆیی و نێوان حیزبی بەکار دەبردرێت
– جیابوونەکان و ئینشعابەکان و هەڵبژاردنی ناو و ناسنامەی هاوبەش بووتە هۆی جۆرە ئانارشیزمێکی سیاسی و تەشکیلاتی
– نەبوونی رێبەری و ئاسۆ بینی بۆتە هۆی ئەوەی کە حیزبە سیاسیەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکرات لە ناستۆلۆژی رابردووی خۆیدا بمێنێتەوە بیر لە مێتۆدە کۆنەکانی خەبات بکات.
– بەجیاتی گەشەکردنی رێکخراوەیی، مرۆڤی، ئینسانی و دیپلۆماسی و گەشەکردنی فەرهەنگی چارەسەری و بەرێوەبەری کێشەکان، رێکخراوەکان رۆژبەرۆژ بچووکتر دەبن و رادەیان زیاتر دەبێت.
– لە رووی بەها و ئەرزشەکاندا مەودای نێوان رێبەری حیزبەکان و تەمەنی نێونجی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان لانی کەم 30 ساڵ واتە سێ نەوەیە. 
– لە رووی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ویست و رەفتاری سیاسی خەڵک لەناو کوردستاندا دوور کەوتوونەتەوە و ئەمەش بۆتە هۆی لێکدانەوەی هەڵە لە بڕیارە سیاسیەکاندا و کزبوونەوەی نفووز و بروای حیزبە سیاسیەکان.
– حیزبەکان لە چارەسەری پرسەکانیان و دامەزراندنی کەشی بڕوابەیەکتر بوون و گۆرینی بوحرانی زاڵ بەسەر بزاڤی کورد لە رۆژهەڵات جیددی نین رەوتی بڕوای کۆمەڵایەتی زۆرتر وەک پرۆژەیەکی کورتخایەن و بە مەستی پۆپۆلیسیتانە دەبینن و لە ئەنجامدا گفتگۆکانی “فەرسایشی” بۆ “یەکگرتنەوە” تا ئێستا ئاکامێکی دەستگر و ماددی بەدەستەوە نەبووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گەورەترین سەرمایەی سیاسی و مەعنەوی و بەرێوەبەری ئینسانی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا یە بۆیە جێی خۆیەتی لە 68مین ساڵڤەگەری دامەزراندنی خۆیدا، دروشمەکانی کۆنگرەی چواردە و پانزدەی خۆی شکڵی ماددیان پێببەخشێ و ببێتە هێزی دینامیکی وێکخستنەوەی بزاڤی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بزاڤی نەتەوایەتی لەو بەشەی لە نیشتیمانەکەمان بە شوێنی شیاوی خۆی رێبەری بکات. ئەمەش پێویستی بە گۆڕانی “هەڵوێست” لە رووی پراکتیک و فەرهەنگی ناوخۆیی و و پێوەندی بە دەرەوە لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە هەیە.

سلاو لە یادی دامەزرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو