دیکتاتۆره‌کان، پێشێلکارانی سه‌ره‌کیی مافه‌کانی مرۆڤن، حوسيَن نازدار

مێژووی مرۆڤایه‌تی گه‌واهی ده‌دات که‌ له‌ قۆناغ وسیستم و وڵاتانی جیاوازدا به‌شێوازی جۆراوجۆرمافه‌کانی مرۆڤ پێشێل کراون. دیکتاتۆره‌کان هه‌میشه‌ کانگاو سه‌رچاوه‌ی پێشێلکاریی ماف وکه‌رامه‌ت،husen-nazdar-

هزر و ئه‌ندیشه‌، هه‌ست وسۆز، سیما و ئاکار و جیلوه‌ی مرۆڤ ومرۆڤایه‌تی بوون، له‌پێناوی به‌کۆیله‌ کردن و بێبه‌هانرخاندنی مرۆڤدا به‌شێوازی جۆراوجۆر ئازادی و ویست و ئیراده‌ی تاک وکۆمه‌ڵگایان کۆت و به‌ند کردوه‌، مافی سه‌ر به‌خۆیی له‌ بڕیاردان وئازادی له ‌جۆری بڕیاردانی مرۆڤیان پێشیل کردوه‌، هه‌رده‌م راستییه‌کانیان شیواندوون و چه‌واشه‌یان کردوون و هه‌قیان به‌ناهه‌ق و ناهه‌قیان به‌ هه‌ق کردوه‌، به‌شێوازی جۆراوجۆرهه‌وڵیان داوه‌ که ‌سه‌ر زیندوویی و وشیاری و ئازایه‌تی له‌ مرۆڤه‌کاندا بکوژن و زه‌ین کوێر و کڵۆڵ و کۆڵه‌واریان بکه‌ن و وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ده‌سته‌مۆ و گوێڕایه‌ڵ و مۆره ‌و مورید که‌ڵکیان لێ وه‌رگرن، هاووڵاتیان گه‌وجاندوه ‌و ده‌میان پێداخستوه ‌و گوێیان که‌ڕ کردوه‌ و چاویان کوێر کردوه، تاکیان له‌ په‌لوپۆخستوه ‌و سه‌ریان پێ شۆڕ کردوه و ئه‌گه‌ربه‌پێویستیان زانیبێ ملیان په‌ڕاندوه‌، شه‌وق و زه‌وق و دڵخۆشی‌‌‌ و خه‌نده‌ی مرۆڤیان نه‌هێشتوه‌، هێز و وزه ‌و توانا و لێهاتوویی خه‌ڵکیان پڕوکاندوه. ‌

دیکتاتۆره‌کان، هه‌میشه‌ گوشاریان خستۆته‌ سه‌ر جیابیران و بیروبۆچون و ده‌نگ و ڕه‌نگه‌جیاوازه‌کانیا ن به‌رته‌سک و په‌راوێز و سه‌ر کوت کردوون، بوونه‌ته‌ به‌ شێرپه‌نجه‌ی ویژدانی مرۆڤایه‌تی و کۆمه‌ڵگایان کردوه‌ته‌ به ‌زیندانێکی گه‌وره‌ بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک.

دیکتاتۆره‌ سته‌مکاره‌کان، هه‌میشه‌ له‌ نه‌زانی و ناوشیاری و دواکه‌وتوویی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک که‌ڵکی خراپیان وه‌رگرتوه‌، زه‌حمه‌ت و کوێره‌وه‌ری و ره‌نج و ئازاری هه‌ژارانیان چه‌واشه‌ کردووه‌ و به ‌پێچه‌وانه‌ نیشانیان داوه‌، ره‌فتارو ئاکار و خووخده‌ی دزێو و بێزراوی خۆیان گریم کردووه‌ و به‌شێوه‌یه‌کی دیکه‌ نیشانی خه‌ڵکیان داوه‌، ده‌غه‌ڵکاری و درۆ و دزی و ته‌زویر و ساخته‌کاری و گه‌نده‌ڵیان کردوه‌ته‌ به‌ پیشه‌ی هه‌میشه‌ی خۆیان، سه‌روه‌ت وسامانی گشتییان تاڵان کردوه ‌و سیمای جوانی سروشتیان تێک داوه‌، بازاڕی بێده‌نگی و چاونووقاندن و چاوپۆشیان له‌ هه‌موو کرده‌وه‌یه‌کی نه‌شیاو و نامرۆڤانه‌ گه‌رم کردوه‌ و بره‌ویان پێداوه، به‌ پشت به‌ستن به‌ نه‌زانی و بێده‌نگی و نه‌جووڵان و وه‌ستانی هه‌ژاران و به‌ش مه‌ینه‌تان تۆوی سته‌میان چاندووه ‌و زه‌بری سته‌میان وه‌شاندووه ‌و درێژه‌یان به‌سته‌مکاری داوه‌.

دیکتاتۆره‌ چه‌قبه‌ستووه‌کان، له‌پێناوی پاوان و قۆرخ کردنی ده‌سه‌ڵات و به‌ئه‌به‌دی کردنی ته‌مه‌نی نه‌گریسی حکوومه‌تی ره‌ها و بێسنووری خۆیاندا سیاسه‌تیان سووک و چرووک کردووه‌، هه‌میشه‌ بۆ ره‌خساندنی بارودۆخی چه‌قبه‌ستوو هه‌وڵیان داوه ‌و به‌رده‌وام بوون له‌ چه‌قپه‌روه‌ری، هه‌ر کاتێک به‌ پێویستیان زانیبێ هه‌موو سنوورێکی یاسایی، ئه‌خلاقی ومرۆڤانییان به‌زاندووه‌ و به‌شێوازی جۆراو جۆر دژایه‌تی مافی مرۆڤ و مافی دیاری کردنی چاره‌نووسی گه‌لان و نه‌ته‌وه‌ سته‌م لێکراوه‌کانیان کردووه‌.

 

حوسيَن نازدار

کاتالۆگ