ئه‌من ده‌ڵێم: هۆ کوردستان جێژنت پیرۆز!!، سولەیمان ئەحمەد نژاد

کاتێک جه‌ڵلادانی بێدادی،بوونه‌ دیلی ژێرده‌ستی ئازادی!  

سپای شه‌خته‌، سه‌رما   و سه‌هۆڵ، زستان   و به‌فر   و کڕێوه‌  suleiman-ahmadnjad

تاقی نه‌ما!

ریشه‌   و ڕه‌گی دێموکراسی، چۆناو قورگی دێوی یاغی!!

 

ئه‌گه‌ر مێزه‌ری ڕه‌ش، شاقه‌لی درێژ   و ڕیشی بۆز

بوونه‌ ده‌سته‌چیله‌ی ئاوری نه‌ورۆز!!

ئه‌من ده‌ڵێم:

هۆ کوردستان جێژنت پیرۆز!!

 

کاتێک لاشه‌ی مۆته‌که‌ی کابووسی، ئه‌هریمه‌نی  و

شه‌وه‌زه‌نگ

کران به‌ پردی ئازادی!

زیندان، خه‌ڵوه‌تخانه‌  و شکه‌نجه‌گا،کرانه‌ کۆلێژ  و زانستگا!

ئاخی گه‌رمی ناخی دایکان

بوون به‌ تیشک، خۆری هه‌تاوی سه‌ربه‌ستی  و

دڕک  و دڕکه‌زێیان سووتان!!

 

ئه‌گه‌ر مێزه‌ری ڕه‌ش، شاقه‌لی درێژ  و ڕیشی بۆز

بوونه‌ ده‌سته‌چیله‌ی ئاوری نه‌ورۆز!!

ئه‌من ده‌ڵێم:

هۆ کوردستان جێژنت پیرۆز!!

 

کاتێک سێبه‌ری تاریکی  و نه‌زانی، له‌سه‌ر ڕووگه‌ی ئاو  و خاکمان

لاچوو!

قه‌لبی نه‌یاران، به‌ باهۆی نووکی خامه‌ شه‌قاربوو!!

هه‌یکه‌لی دزێویان نه‌ما  و بزربوو!

خوێن، فرمێسک  و باران

بوون به‌ سێڵاو، ئاسه‌واری سڕینه‌وه‌!

تیغی تیژی عه‌داڵه‌ت، ده‌ست  و په‌نجه‌ی بڕینه‌وه‌!!

 

ئه‌گه‌ر مێزه‌ری ڕه‌ش، شاقه‌لی درێژ  و ڕیشی بۆز

بوون به‌ ده‌سته‌چیله‌ی ئاوری نه‌ورۆز!!

ئه‌من ده‌ڵێم:

هۆ کوردستان جێژنت پیرۆز!!

 

کاتێک حه‌له‌می کوردستان،بووبه‌ مه‌ندیل بۆ قه‌ندیل  و

هه‌ڵکرا!!

ئاڵای داگیرکه‌ران، که‌وتوو داگیرا!!

له‌شکری سه‌وزی به‌هارهات، سینگی ڕنوانی هه‌ڵدڕی!

به‌دیلی گرت، زستانی غه‌ددار  و بێبه‌زه‌یی  و به‌ په‌ڕه‌ی گوڵ

سه‌ری بڕی!!

 

ئه‌گه‌ر مێزه‌ری ڕه‌ش، شاقه‌لی درێژ  و ڕیشی بۆز

بوونه‌ ده‌سته‌چیله‌ی ئاوری نه‌ورۆز!!

ئه‌من ده‌ڵێم:

هۆ کوردستان جێژنت پیرۆز!!

 

کاتێک، به‌هاری ئازادی

تارای دادا، به‌ ڕووی باخ، بێستان  وکه‌ژ  و هه‌رد!

لێوی ئه‌ناری میکیاچکرد!

ئه‌شکه‌وتی کرده‌ پێناسه‌!

زامی ته‌ڕه‌غه‌ی ده‌رمانکرد!!

 

ئه‌گه‌ر مێزه‌ری ڕه‌ش، شاقه‌لی درێژ  و ڕیشی بۆز

بوونه‌ ده‌سته‌چیله‌ی ئاوری نه‌ورۆز!!

ئه‌من ده‌ڵێم:

هۆ کوردستان جێژنت پیرۆز!!

 

کاتێک هێزی گه‌ل، سه‌رکه‌وتوو، دووژمن به‌زی!

شه‌ڕه‌فکه‌ندی له‌سه‌ر شاباڵی هه‌ڵۆیه‌ک، به‌ سواری ئه‌سپی په‌خشانێک

له‌ سه‌ر، ته‌ره‌غه‌ دابه‌زی!!

په‌ت  و ته‌ناف، جه‌ڵلاد  و سێداره‌ سووتا  و

هاته‌وه‌ کۆماری قازی!!

 

ئه‌گه‌ر مێزه‌ری ڕه‌ش، شاقه‌لی درێژ  و ڕیشی بۆز

بوونه‌ ده‌سته‌چیله‌ی ئاوری نه‌ورۆز!!

ئه‌من ده‌ڵێم:

هۆ کوردستان جێژنت پیرۆز!!

 

کاتێک گیاڕه‌نگ کوڕنۆشی برد  و چه‌مایه‌وه‌

شیوه‌سه‌ڵی له‌ باوه‌ش کرد!

ده‌ست  و چاوی کوردستانی کرده‌، دیاری  و پێشکه‌شیکرد!

میداڵی شۆڕشگێڕی  و بوێری، له‌ ملکرد!

کاتێک خدره‌سوور، فه‌رمانده‌که‌ی پێشه‌وا،

له‌سه‌ر میرقاز هه‌ستا حه‌وا!

به‌ ده‌نگێکی به‌رز وتی: مووژده‌ هاته‌وه‌ پێشه‌وا!!

 

ئه‌گه‌ر مێزه‌ری ڕه‌ش، شاقه‌لی درێژ  و ڕیشی بۆز

بوونه‌ ده‌سته‌چیله‌ی ئاوری نه‌ورۆز!!

ئه‌من ده‌ڵێم:

هۆ کوردستان جێژنت پیرۆز!!

 

سوله‌یمان ئه‌حمه‌د نژاد

کاتالۆگ