قاسملوو بەرز کەرەوەی شیانی رێبەریی بە کۆمەڵ ،مەجید حەقی

وتاری 3 ، پێشکەش بە 25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانیmejid_heqi-01

بەرێوەبەر و مودیری هەڵبژاردەی سەدەی رابردووی نەتەوە یەکگرتووەکان جەک وێلش (Jack Welch)  دەڵێت: “رێبەرێکم دەوێت کە بتوانێت بە هێزی سەرنج راکێشی خۆی، خەڵکانی دیکە وەجۆش بێنێت. بتوانێت بۆچوونەکانی خۆی شی بکاتەوە. کەسێک کە لە گۆڕانکاری نەترسێت و لە بەرامبەر گۆڕانکاری دا دەستەوژنۆ نەبێت.” لە سەردەمانێک کە قاسملوو وەک رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەلبژێردرا، بزاڤی نەتەوایەتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە دەست دوو جەمسەری نەریتگەرایی و لایەنگری لە نەریتەکانی بەجێ ماو لە رێبەرانی پێشوو و گرێدراوەییان بە شۆرشی باشووری کوردستان نەمازە پارتی دێموکراتی کوردستانی ئەو کات و هەروەها لایەنگری و فەرهەنگی زاڵی توودەئیزم قەوارەی لایەکانی (Layer) ئەمنیەتی ناو حیزبێکی چەپی نەریتیدا دەناڵاند. لە لایەکی دیکەوە دروشمەکان و بەرنامەو پرۆگرامی حیزبی دێموکرات، بەرهەمی بیری سەردەمی کۆماری کوردستان و کۆمەڵگای فیودالی بوو. پرسی گۆڕانی حیزب و سەربەخۆیی تەشکیلاتی لە حیزبی توودە و هەروەها پێکهێنانی ناسنامەیەکی نوێ و سەردەمیانە بۆ حیزبی دێموکرات، ئەرکێک بوو کە قاسملوو وەک یەکەم هەنگاوەکانی رێبەری خۆی هەڵگرت و نیشانی دا ئەو رێبەرێکە کە “گۆڕانی نامومکینەکان بۆ ئەو موممکینە” و ئەو نەتەنیا بەرێوەبەر بەڵکوو “رێبەر”ێک بوو بە واتای تەواوی وشە.

جیاوازی نێوان رێبەر و بەرێوەبەر دەتوانرێ لەو وتەیەی جەک وێلش دا ببیندرێت کە دەڵێت: ” بەرێوەبەران (مدیر) لە گۆڕانکاری دەترسن – و پارێزەری وەزعی مەوجوودن و راگرتنی وەزعی مەوجوود بە گەورەترین سەرکەوتن دەزانن – بەڵام رێبەران هێزی گۆڕانکاریان هەیە و بۆ رێنوێنی کەسانی ژێر رێبەریان و نیشاندانی رێگای نوێ هەمیشە ئامادەن.”

مرۆڤێک کە بیهەوێ رێبەری کۆمەڵگا یان حیزبێک بکات دەشێ لە چوار بواردا خۆی پێبگەیەنێت: پێوەندیەکان، تەداروکات، جۆری روانین و رێبەری.

قاسملوو لەو چوار بوارەدا خۆی پێی گەیاند، کاری کرد و لە هەرکام لەو بوارانەدا کارنامەی ئەو بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی خەبات و کەرەسەکانی خەباتی نەتەوەی کورد هەتا ئەمرۆشی لە گەل بێت، زێرینە و  کەسێکی دەگمەنە لە ناو جڤاکی کورد دا.  قاسملوو لە پێوەندیەکانی خۆیدا چ، پێوەندی مرۆڤانە لە گەڵ هاوسەنگەران و هاورێیانی، چ لە گەڵ خەڵکی ئاسایی و ناوەندە ئاکادێمی و زانستی و دیپلۆماسیەکاندا یەکێک لەوان بوو و دەیتوانی خۆی بە پێی هەلومەرج و شوێنی هەڵکەوتی بگونجێنێت و لە ناو کۆمەڵگایەک دا کە دەژی رێبەریان بکات.

ئەوانەی کە پێشمەرگەی سەردەمی شەڕی چەکداری بوون، لەوانەیە چاک لەبیریان بێت، کاتێک بنکەکانی رێبەری حدکا بۆ قەندیل دەگوێزرانەوە و بنکەکانی دەفتەری سیاسی، زانکۆی حدکا و فێرگەی سیاسی نیزامی و هەروەها شوێنی ژیان و حەوانەوەی بنەماڵەکانی حیزبی دادەمەزران، قاسملووی رێبەر، چەندە ئاگای لەوەبوو کە هەر شتێک لە شوێنی خۆی بێت و بە شێوەیەکی هاوگونج لە گەڵ ژیانی سەردەم و وێنەیەک لە ژیانی تەناهی (مرفە) بۆ بنەماڵەکان و خەباتکارانی حیزب پێک بێنێت و هەروەها هەموو لایەنەکانی ئەمنیەتی، ئاسایشی کار و خۆشگوزەرانی ژیانی پێشمەرگەکان وەدی بهێندرێت. ئەوکات زۆر لە توندرەوەکانی چەپی کۆنباوی سەردەم، قاسملوو و حیزبەکەیان بە بورژوازی و “ویلا نشین” تاوانبار دەکرد، بە بێ ئەوەی بزانن قاسملوو ئەو ژیانە دەژیت، کە ئاواتی بۆ دەخوازێت و گوند و بنکەکانی حیزبی بە شێوەیەکی دامەزراندووە کە لانی کەمی ژیانی تەناهی تێدا بۆ خەلک پێک بێت و کۆمەڵگایەکی وێنەیی دامەزرێت.

لە سەردەمێک کە کۆمەڵگا قوربانی شەری ئادیۆلۆژیەکانی چەپ و راست و ئیسلامی توندرەوە، دۆزینەوەی هێلێکی ناوەراست کە لەلایەک بتوانێت نرخ و بەهای هاوبەشی ئامانجە نەتەوایەتیەکان بێت و لەلایەکی دیکەوە وەڵامی پرسیارەکانی پێوەندیە چینایەتی و ئابووریەکان، چۆنیەتی دابەشکردنی سەرمایەکانی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بێت و هەروەها ئامانجی یەکسانی کۆمەڵایەتی نێوان پێکهێنەرانی کۆمەڵگا بێت، پێویستی بە ژیریەکی سیاسی تایبەت هەیە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ژێر رێبەری قاسملوودا بوو کە توانی بە شی کردنەوەیەکی پێشکەوتوانە و خەڵک پەسەندی روانینی سیاسی خۆی، ببێتە مەکۆی یەکگرتووی زۆربەی هەرە زۆری ویستی خەلکی کورد و لە ناو حیزبی دێموکرات دا سێکۆلار، ئایینی، خواپەرەست و کەسانێک کە بڕوایان بە هیچ ئایینێکی ئاسمانیشەوە نیە پێکەوە لە پێناو ئامانجێکی گەورەتر خەبات بکەن.

گرینگتر لە هەموو ئەوانەی سەرەوە ئاماژە پێکران، هونەری رێبەری قاسملوو بوو، کە توانی سێ تایبەتمەندی پێشوو پێکەوە گرێ بدات و تەواویەتێکی هاوگونج ساز بکات. هونەری قاسملوو لەوەدا بوو کە ویستی گەورەی خەڵک لە چوارچێوەی ئەدەبیاتێکی سادە و ساکاری سەردەم بە شێوەیەک کە جووتیارێکی نەخوێندەوار، بازاریەکی شار نشین و کەسێکی ئاکادێمی وشەکانی بە ئاواتەکانی خۆی بزانێت و بە حەز و ویستەوە گوێی لێ بگریت.

هەرکام لە ئێمە مرۆڤەکان، لە درێژەی ژیانی خۆماندا شوێندانەرین بە سەر هەزاران کەسی دیکە. گرنگ ئەوە نیە کە ئێمە لە سەر کەسانی دیکە شوێندانەرین یا  نە، گرنگ چۆنیەتی شوێندانانە. یەکێک لە ئامانجەکانی قاسملوو لە بەهێز کردنی توانایی رێبەری و هەوڵدان بۆ گەشە سەندنی ریبەری بەکۆمەڵ، توانا بەخشین بە ئاستی رێبەری گشتی و تواناییەکانی رێبەرایەتی حدکا بوو. ئەو پێی وابوو گەر بمانهەوێ جۆڵانەوەیەکی بە هیزمان هەبێت، گەر بمانهەوێت لە خەباتی خۆماندا سەرکەوتوو بین و گەر بمانهەوێت ببینە هێزی گۆڕان لە کۆمەلگادا دەبێ ئاستی رێبەری خۆمان بەرز بکەینەوە و لەو پێناوەدا لە ماوەی کورتی رێبەری خۆیدا، هەوڵێکی بێ وەستانی دا بۆ پەروەردەی رێبەرانی داهاتوو. بۆ ئەوەی کە “ئەگەر رۆژێک ئەندام یان چەند ئەندامی رێبەری حیزبیش نەمێنن، حیزبی دێموکرات هەروا بتوانێت رێبەری جۆڵانەوەی میللی – دێموکراتیک بمێنێتەوە”.

توانایی رێبەری وەک سەرپۆشێکە کە ئاستی شوێندانەری هەرکەسێک دیاری دەکات. هەرچی توانایی رێبەریک کەمتر بێت، سەرپۆشێک کە لە سەر شیان (ظرفیت)ی ئەوهەیە نزمترە و هەچی توانایی رێبەرێک بەرز بێت، کارایی و شوێندانەری زیاتر و قووڵترە.  شیانی رێبەر چ بمانهەوێ چ نەمانهەوێ ئاستی کارایی ئێمە و کارکردی لە سەر توانایی گشتی رێکخراو شوێندانەرە. سەرکەوتن و پێشکەوتن هەلێکن کە هەمووکەس بۆی هەیە دەستی پێڕابگات. بەڵام بازنەی سەرکەوتن لە ژیانی رێکخراوەییدا بە بێ  رێبەرێکی توانا و شیاو سنووردارە. لە نەبوونی رێبەرێکی بەتوانادایە کە شوێندانەری و ئاستی نفووزی ئێمە کەم دەبێتەوە. قاسملوو رێبەرێک بوو کە ئاگادار بەو پرسە بوو و دەیزانی گەر بمانهەوێ لە ژیانی سیاسی خۆماندا سەرکەوتوو بین، دەشێ لە کاری رێبەری دا بەتوانا بین، گەر بمانەوێ شوێندانەر و ئاستی نفووزی سیاسیمان بەرینتر بێت، دەبێ نفووزی خۆمان زیاتر بکەین و ئەنجامی هەر کارێک گرێدراوە بە هەبوونی توانایی رێبەری خەڵکانی دیکە. لەو رووەشە بوو لە ماوەی ژیانی خۆیدا هەولێکی بە پەلەی دەدا لە پەروەردەی رێبەرانی تازە بۆ جۆلانەوە سازکردنی گەڕی رێبەری لە ناو نوخبەکانی سەردەمی خۆیدا.

شیانی رێبەری هەرگاڤ شوێنی سەرپۆشی کارایی رێکخراو و تاکەکەس دیاری دەکات. گەر ئاستی توانایی رێبەر بەرز بێت، سەرپۆشی رێکخراویش بەرزە و گەر رێبەر یان رێبەری توانایی نەبێت، دەست و پێی رێکخراوەکەش دەبەستێتەوە. بۆیە رێکخراوەکان لە کاتی سەرهەڵدانی تەنگەژە و قەیراندا بە شێوەیەکی سروشتی دوای رێبەرانی نوێ دەگەرێن. کاتێک حیزبێک تووشێ هەڵبەز و دابەزی زۆر دەبێت، گۆڕینی رێبەرایەتی ویستێکی سروشتی و نووژەنکردنی ئەو پێویستیەکی بنگەهینە. هەرچۆنێک کە گەر لە وڵاتێکی دێموکراتیکدا سەرۆک کۆمارێک نەتوانێت وڵاتێک لە قەیران دەرباز بکات، سەرۆکی نوێ هەڵدەبژێردرێت و لە وڵاتانی تۆتالیتەر دا شۆرش پێک دێت بۆ گۆرانی بنەڕەتی سیستەمی بەرێوەبەری حاکم. 

بەرزکردنەوەی ئاستی سەرپۆشی رێبەری تەنیا رێگای پێشکەوتنی حیزب و رێکخراوەکان نیە. بە بێ بەرزکردنی ئاستی گشتی رێکخراو و هێزی بڕوا بەخۆ و توانایی گشتی رێکخراو لەهەموو ئاستەکانی خۆیدا، رێبەریەکی بەهیز دەبێتە دوڕگەیەکی تەنیا لە ناو دەریایەک لە شەپۆڵی بەرامبەر بەیەک. بۆیە قاسملوو وێرای هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی رێبەری حیزب و پەروەردەی کادیر و رێبەرانی داهاتوو بنیاتی پەروەردەی گشتی و سەرانسەری لە ناو حدکادا دامەزراند، کە ئەمرۆش بەداخەوە بە گۆڕانێکی زۆر کەم درێژەی هەیە.

رێبەرانی راستی ئەو کەسانەن کە بتوانن هێزێکی گشتی جووڵان و دینامیکی پێشکەوتن لە ناو رێکخراوەکانیان و خەلك پێک بێنن. ئەمرۆ یەکێک لە گرنگترین لێگەر و چالشەکانی بەردەم رێبەرایەتی حدکا دا ئەوەیە کە:

          ئاستی توانایی، پەروەردە و چۆنیەتی و کوالیتەی (کیفیت) کادرەکانی خۆی لە هەموو ئاستەکانی ژیانی حیزبی دا بەرز بکەنەوە و

          خۆیان لە رێبەری مرەخەس بکەن. بەو واتایە کە نەوەیەک پەروەردە بکەن کە بتوانن بە بێ ئەوانیش رێبەری میراتەکانیان بکەن.

جێبەجێ کردنی ئەو پێویستیانە بە ئاستی مشووری رێبەرانی ئەمرۆی حیزبی دێموکرات و ویستی ئەوەی کە ئەوانیش وەک رێبوارانی قاسملوو دەیانهەوێ چ میراتێک دوای خۆیان بەجێ بێڵن گرێدراوە.

 

 

 

کاتالۆگ