رێبەریی دڵان ، مەجید حەقی

وتاری 9 – پێشکەش بە 25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانیmejid_heqi-01

ئێوارەی رۆژێکی بەهاری ساڵی 1985 (1364ی ک.هەتاوی) رادیۆ بی.بی.سی دیمانەیەکی لە گەڵ دکتۆر قاسملوو ئەنجام دەدا. میوانی ئێمە کە کەسێکی بەتەمەن بوو خەریکی نوێژی مەغریب بوو، کاتێک دەنگی قاسملووی بیست، لە کاتێکدا کە بەرەو سوجدە دەرۆیشت نوێژەکەی بەتاڵ کرد و رادیۆکەی ماچ کرد. بە لای من و باوکمەوە کە کەسێکی زۆر ئایینی بوو، ئەو کارەی وی شتێکی زۆر سەیر و سەرسوڕهێنەر بوو. میوانەکەمان کە هەستی بە سەرسوڕمانەی ئێمەی کرد وتی: “قاسملوو تەنیا کەسێکە کە دەتوانێت بەراستی ئازاد مان بکات”. لەو کاتەوە تا رۆژی بوونم بە پێشمەرگە و دواتر لە نزیکەوە بینینی قاسملوو لە بنکەی کەم ئەندامانی حدکادا،  تێگەیشتن لە قسەی ئەو پیرە پیاوە بۆ زۆر ئەستەم بوو. چونکە ئەوکات بۆ من و نەوەی هاوتەمەنم  “رێبەریی دڵان” شتێکی نەناسراوبوو.

رێبەری واتە هونەری نفووز لە ناو دڵ و باوەڕی کەسانی دیکە. ئەو هونەرە لە دڵی رێبەرەوە دەست پێ دەکات. بە وتەیەکی دیکە ئەوەی لە دڵەوە دێت لە سەر دڵ دادەنیشێت. رێبەرێک ئەشێ ئەوە بزانێت کە هەر بڕیارێک کە ئەو دەدات کاریگەری هەیە لە سەر ژیانی زۆر کەس. رێبەریی دڵان ئەرکێکی قورسە کە پێویستی بە خۆپێگەیاندنی بەردەوام دەکات. ئوروپاییەکان وتەیەکیان هەیە کە دەڵێن: “رێبەران دەخوێنن و خوێنەران رێبەری دەکەن”. بۆ رێبەری دڵان خوێندنەوە و تێگەیشتن لە پێویستی کۆمەڵگا و رێکخراوی ژێر رێبەری ئەودا پێویستیەکی حەیاتیە. قاسملوو کەسێک بوو کە خوێندن و فێربوون بەشێکی گرنگ لە تایبەتمەندی ئەو بوو. مێشکی مرۆڤ وەک پەرەشووت (چەتری رزگاری) وایە، کاتێک کار دەکات کە کراوە بێت. قاسملووی بیرمەند مێشکی بۆ فێربوون کراوەبوو و لە بوارەکانی پەروەردە و رێبەری، تواناییەکان پێوەندی مرۆڤی و مێتۆد و شێوازەکانی رێبەری شارەزابوو و زانیاری ئەو بەرهەمی چەندین ساڵ حەوڵ و تەقەڵا بۆ فێربوون بە مەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بە دۆزی گەلەکەی بوو.

قاسملوو بۆیە رێبەری دڵەکان بوو، چونکە ئەو ئاگاداری چۆنیەتی هەڵبژاردنی بەها و بایەخەکان بوو بۆ حیزبەکەی و لە ژێر رووناکی ئەو زانیاریەدا تابلۆ ئەخڵاقیەکانی “سیمای دێموکرات” و “کادرێکی حیزبی دەبێ..” ئامادە و بڵاو کرانەوە. ئەو شێوەی چاککردنەوە و بەرەو پێشبردنی حیزبەکەی دەزانی، بوێری بەرەورووبوونەوە لە گەل لێگەرەکانی هەبوو و توانای ئەوەی هەبوو حیزبەکەی وێرای گۆڕانکاری و نوێگەری بەردەوام گەشەی پێبدات و لە حیزبێکی ئەستوونیەوە بەرەو رێکخراوێکی دێموکراتیک گەشە پێ بدات.

هاندانی خەڵک بۆ کار و گەشەسەندن بەرهەمی ئەندێشەی بەهێزی رێبەرە. بەداخەوە لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا زۆر لەو کەسانەی لە رێبەرایەتیدا بوون کە تواناییەکانی خۆیان بە ئاگاداریەوە یان خود لە رووی شارەزایی کەمەوە، بۆ پەراوێزخستنی دڵەکان و لەناو بردنی زیندوویی رێکخراوێکی دێموکراتیک هەنگاویان هەڵگرتووە. رێبەر بۆ ئەوەی بتوانێت ژینگەی خۆی بناسێت، پێویست دەکات لەو سەردەمەدا لانی کەم هەفتەیی جارێک دەورو بەری خۆی بڕوانێت و مرۆڤەکان و هاوکارانی بەسەر بکاتەوە و ئەوان بناسێتەوە.

هاندانی ئەندامان بۆ ئەنجامی کاری چاک و گەشەسەندن، مرۆڤ هان دەدات، کاری چاک بکات. ئەمەش دەبێتە هۆی گەشە سەندنی تەواویەتی حیزبی. پێوەندی نێوان رێبەری و ئەندام دەشێ پێوەندیەکی دوولایانە بێت، پێوەندی دوولایانە یارمەتیدەری مرۆڤە بۆ گەشەکردنی تاکەکەسی و رێکخراوەیی.

قاسملوو بە هۆی ئەوەی کە بۆخۆی خاوەنی هەستێکی باش بوو، ئاکامی باشیشی لە کار و دیالۆگ لە گەڵ دەوروبەری وەردەگرت. ئەمە بە واتای بێکێشەیی و بێ لێگەری و بێ چالشی نیە، بەڵکوو قاسملوو وەک رێبەرێک بەوەج دەیزانی کە وزەی پۆزیتیف و ئەرێنی لە ناو دەوروبەری خۆیدا بڵاو بکاتەوە.

رێبەرێکی کارامە لە دوو رێگاوە یارمەتی خەڵکی خۆی دەدا بۆ گەیشتن بە ئاکامی چاک:

  1. ئامانجەکان بە دروستی بەوان دەناسێنێت و بۆیان شی دەکاتەوە.
  2. لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی دیاری کراودا هەرچی لە توانای دا هەیە کەسانی ژێر رێبەریان هاند دەدات و رێنوێنیان دەکات.

رۆڵی رێبەر زۆر لەوە گرنگترە کە لە ناو ئێمەدا باسی لێوە کراوە. رێبەرە کە کۆمەک دەکات مرۆڤەکان لە چالاکی خۆیاندا سەرکەوتوو بن یان نە.

ئەرکی رێبەرێک کە بیهەوێ لە دڵی مرۆڤەکاندا زیندوو بمێنێتەوە یارمەتیدان و هاندانی کەسانی ژێر رێبەری ئەوە بۆ سەرکەوتن و پێشڤەچوون. زۆرێک لە رێبەرانی ئەمرۆ چاوەڕوانیان هەیە کەسانی دەوروبەریان کارەکان بە بێ کەموکۆری ئەنجام بدەن ئەمجار بە بێ ئەوەی کە رێنوێنی پێویست کرابن.  یا خود بڕیارێک دەدەن و دەست بەجێ بەبێ ئامادە کردنی زەمینەی جێبەجێ بوونی، ئەندامان و ئۆرگانەکان ناچار بە جێبەجێ کردنی دەدەن. وەک ئەوەی کە بە مناڵێک هێشتا بەتەواوی ناتوانێت هەڵسێتە سەرپێ، فەرمان بدرێت کە “رێگا بڕۆ” و کاتێک کە لە ئەرز دەکەوێت لێی بدرێت و بوترێت: “پێم وتی رێگا بڕۆ”! هەڵبەت دایک و باوکی دڵسۆز واناکەت. پێشتر مناڵەکە هەڵدەستێندرێت تا بەرە بەرە لاقەکانی خۆی بگرێت، تا دەتوانێت نەختێک سەرپێ راوەستێت. ئەوکات دایک و باوک بەخۆشیەوە هاوار دەکەن “مناڵەکە هەڵسایە سەرپێ” و کۆڵێک ماچ و هەستی خۆشەویستی بۆی دەبارێنن. رۆژی دواتر بە نەختێکی دیکە رۆیشتن دیسان دایک و باوکەکان لە خۆشیان نازانن چ بکەن. بەرە بەرە بڕوای مناڵ بە خۆی گەشە دەکات و فێری رێگا رۆیشتن دەبێت. مرۆڤە گەورەساڵەکانیش وان، دەشێ لە ئەنجامی کارەکانیان هان بدرێن و هەڵەکانیان بە نیشانەی فێربوونی هەنگاوی داهاتوو ببیندرێن نەک ببێتە هۆی دەست بەجێ سەرکۆنە و پەراوێز خستنیان.

لە ناو حیزبەکانی کوردیدا و بە ئەزموونی خۆم بەتایبەت لە ناو حدکا دا فەرهەنگێکی ناڕەوا جێی گرتووە، کە مرۆڤەکان لە ناو حیزب دا بەرز دەکرێن وهەرکات بەرپرسان و رێبەران ویستیان لە بەرزترین ئاستەوە بە خێرایی فرێی دەدەنە خوارێ. بە پێی ئەو بۆچوونە مرۆڤەکان لە ناو رێکخراودە ئەوەندە پێش دەکەون تا دەگەنە سنووری ناشایستەیی. بە واتایەکی دیکە بە پێی نیازی جیناح یان کەسانێک هەندێک کەس ئەوەندە بەرز دەکرێنەوە تا ئەوەی کە لە روانگەی بەرزکەرەوەکانیان بە مەترسی دەبیندرێن یان هەڵەیەک ئەنجام دەدەن. ئەوکات ئەوی بە شێوەیەک لە عەرز دەدەن کە ئیتر نەتوانێت دووبارە هەڵسێتەوە.

قاسملوو لەو رێبەرە لێهاتونە بوو کە دەروەست بوو بە یارمەتی بە گەشەکردن و سەرکەوتنی کەسانی ژێر رێبەری خۆی. چونکە هیچکام لەوانی بۆخۆی بە هەڕەشە نەدەزانی و سەرکەوتنی ئەوان بە سەرکەوتنی خۆی دەزانی. رێبەری بەرپرس کەسێکە کاتێک کەسێکی ژێر بەرپرسایەتی شکست دەخوات، شکستی ئەو بە شکستی خۆی بزانێت و بەرپرسایەتی بە ئەستۆی خۆی بگرێت. چاک وایە کاتێک کەسێک دەردەکرێت، پەراوێز دەخرێت یا خود ناچار دەکرێت ریزەکانی رێکخراو بەجێ بێلێت، رێبەر و بەرپرس چاوێک لە ئاوێنە بکات و خۆیشی بە ئاوێنەی ئەخڵاویەوە ببینێت و بزانێت داخوا هۆی سەرەکی پێکهاتنی ئەو رەوشە چی بووە.

گەورەترین ئەرکی رێبەر هاوکاری کەسانی دیکەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان. کاتێک کەسانی ژێر ریبەری ئەو سەرکەوتن و بە ئامانجە دیاری کراوەکان گەیشتن، سەرکەوتنی بۆ هەمووانە.

دیاری کردنی ئاماج یارمەتی دەری  سێگۆشەی قەوارەی رێکخراوە واتە ئەندامان، بەرپرسان و رێبەرانە. ئەندامان بۆ دۆزینەوەی ئامانج بە بەرزترین ئاستی رێکخراو دەڕوانن، بەڵام دوای روون بوونەوەی ئامانجەکە سێ گۆشە دەبێ سەراوبن بکرێت: لەو کاتەدا خەڵک دەبێتە بەشی سەرەوەی سێ گۆشە، ئەندامان و کادرەکانی حیزبی دەبنە بەشی ناوەراستی سێ گۆشە و رێبەران و کادری رێبەری دەبنە بەشی خوارەوەی سێ گۆشەکە.

کاتێک ئەو فەلسەفەیە جێبەجێ بکرێت، رێبەر لە “بەرپرس”ەوە دەبێتە “وەڵامدەر”. ئەندامان لە گەڵ رێبەری و بەرپرس کار دەکەن نەک بۆ رێبەرایەتی. وەڵامدەری رێبەر واتا دانی بەرپرسایەتی بە ئەندامان بۆ ئەوەی کە بۆخۆشیان وەڵامدەر بن.

قاسملوو رێبەرێکی وەڵام دەر بوو. بۆیە لە پێرەوی ناوخۆی حیزبدا وەڵامدەری دەفتەری سیاسی لە بەرامبەر کۆمیتەی ناوەندی و کۆمیتەی ناوەندی لە بەرامبەر کۆنگرەدا راست بە پێێ ئەو فەلسەفەیە داڕشتبوو. ئەسلێک کە ئەمرۆ بە کردەوە بووتە پێچەوانە و رێبەران و بەرپرسان نەتەنیا لە بەرامبەری هەڵە رێکخراوەیی و پرەنسیپیەکانی خۆیاندا بەرپرس نین، بەڵکوو لە هەوڵی سزادانی کەسانێکن کردەوەکانیان دەخەنە ژێر زەررەبینی رەخنەوە.

ئەندامان دەبێ ببنە بەرپرسی ئەنجامی کارەکانی بە کوالیتەیان و رێبەری دەشێ وێرای پشتیوانی لە ئەندامان وەڵامدەری پێویستیەکانی ئەوانیش بێت. بەو شێوەیە بەرپرسایەتیەکان لە شوێنی گونجاوی خۆیان دەبن و ئەو کەسانەی ئەرکی خۆیان ئەنجام دەدەن هەست  بە گرنگی خۆیان بکەن و بزانن ئەندام گەورەترین سەرمایەی هەر حیزب و رێکخراوێکە. 

کاتالۆگ