جێگای رێز بوون یان خۆشەویستی هەموو کەس؟ مەجید حەقی – فینلاند

وتاری ١٠،  پێشکەش بە 25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانیmejid_heqi-01

رێبەر باشتر وایە جێی رێزلێ گرتن بێت تا ئەوەی کە خۆشەویستی هەمووکەس بێت. یەکێک لە هۆیەکانی هێنانی لیستی فیکس لە کۆنگرەی هەشتەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا لە لایەن دکتۆر قاسملووەوە ئەوە بوو کە ئەو لەو هەلومەرجەدا هەستی بەوە کردبوو کە پێویستە رێبەری حیزب کارامە بێت و بتوانێت خێراتر بەرەو ئامانجەکان بروات. لە هەلومەرجی خەباتی چەکداری و لەو هەلومەرجەی کە خەبات پێویستی بە هەموو هێزێکی ناو کۆمەلگادا هەیە، دەبێ هۆیەکی زۆر قووڵی سیاسی و رێکخراوەیی هەبێت، دکتۆر قاسملوو نموونەی هەڵبژاردنی حیزبە سۆسیالیستەکانی باکووری ئورووپا لە کوردستاندا جێبەجێ بکات. حیزبێک کە بە وتەی مامۆستا حەسەن زادە لە دیمانە لە گەڵ لڤین دا (2006) “جارێ فرچکی بە دێموکراسیەوە نەکراوەتەوە”.

رێبەرێک، مامۆستایەک، دایک و باوکێک یان بەرپرسێک دەبێ لە مرۆڤ کاری چاک وەرگرێت و داوای کاری چاک لە مرۆڤ بکات. لەوانەیە رێبەرێکی وا “تاڵی” و “شیرینی” لێک بداتەوە. سەرنج بە مرۆڤ بدات بەڵام پێشی پێشوەچوونت ناگرێت.

رێبەرێک کە داوای کاری بەنرخ لە کەسانی ژێر رێبەری خۆی دەکات، دەشێ لەگەڵیان راستگۆ بێت و هەمووجارێ ستانداردەکانی کار و چالاکی بەرز بکاتەوە.  بە بێ ئەوەی بێمهەوێ بە هۆیەکانی جیابوونەوەی دوای کۆنگرەی هەشت بگەرێمەوە، بە بڕوای من ئەو کە ئەوکات تازە ببوومە پێشمەرگە، پرسی بەرزکردنەوەی ئاستی چالاکی و کارامەیی رێبەری و قەوارەی حیزب پێویستی بەوە بوو کە گۆڕانکاری لە “تەرکیبی” رێبەری ئەوکات پێک بێت. لە کاتێک کە پێویست بە ئاڵوگۆر دەکات لەوانەیە رێبەری خۆشەویستی خۆی فیدای ئامانجی گەورەتر بکات و ریسکی لەدەست دانی خۆشەویستی هەڵگرێت.

رێبەرێک کە خوازیاری پێشکەوتنی حیزبەکەی بێت و بیهەوێ رەوتی پێشکەوتنی بەرزتر لە “حاڵەتی” نۆرمال بێت، دەشێ فیداکاری ئەوە بکات و ئامادە بێت کە دۆستانی خۆشی لە دەست بدات. بەڵام ئەمە بۆخۆی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێزو حورمەتی رێبەر لە نەوەکانی دواتردا.

قاسملوو وێرای بەهێزی لە ئاڵوگۆرەکاندا و جێگاو پێگەی تایبەتی، کەسێکی خاکی بوو. خاکی بوون بە واتای خۆ کەم بینین نیە. خاکی بوون بەو واتایەیە کە مرۆڤ کەمتر بیر لە خۆی دەکاتەوە. لە خۆبایی بوون، پێشی فێربوون دەگرێت و کاتێک مرۆڤ فێر نەبێت پێشکەوتنیش ناتوانێت بە خۆیەوە ببینێت. یەكێک لە گەورەترین کێشەکانی بەشێک لە رێبەری ئێمە لە خۆبایی بوون و بەسەندە کردن بە زانیاری و ئەو شارەزاییانەیە کە، لە کاتی خۆی بەدەست هێنراوە و بەو پێیە رێگری لە هەرجۆرە گۆرانکاریەک کردنە. ئەو رێبەرانەی کە دەکەونە داوی ئەو نەخۆشیە، پێیان وەک ئەستوونی خیوەت وان. هەربایەک کە بێت خیوەت و ئەستوونەکەی لە مەترسی رووخان دەخات. ئەوانیش پێیان وایە کە سەرکەوتنی کەسانی دیکە هەڕەشە لەوانە. بۆیە خۆیان لە پەروەردە و هاندانی کەسانی دیکە دەپارێزن و نایانهەوێ بەهرە لە هۆشمەندی و شارەزایی کەسانی دیکە وەرگرن.

یەکێک لە جیاوازیەکانی قاسملوو لە گەڵ رێبەرانی ئەمرۆ لەوەدا بوو کە ئەو هەستی بەرزی بە کادر و پێشمەرگە و کەسانی دەوروبەری خۆی دەبەخشی بۆ ئەوەی ئەوان خۆیان چاکتر و شایانتر بزانن. رێبەر یان بەرپرس ناشێ وا نیشان بدات کە کامڵترینی مرۆڤەکانە. رێبەران دەشێ لە پشتی پەردەی بەهێزی، هەستی بێ ئاڵترناتیڤ بوون و توانای کۆنترۆلی خەڵکی دیکە دەرکەون و دیمەنی جوانی “خاکی بوون” لە قاسملوو فێر بن و ئەو رەوشتە لەخۆیان نیشان بدەن. مرۆڤەکان حەزیان لەوەیە دەوری کەسێک کۆ بنەوە کە قبووڵی ئەوە بکات کە ئەویش وەک مرۆڤەکانی دیکە دەتوانێت زیان ببینێت و لە خەڵکانی دیکە داوای ئەندێشە و پێشنیار بکات. کەسێک کە رێگا بە بەشداری خەڵکانی دیکە دەدات، تەمەنی رێبەریی خۆی درێژتر دەکات و هەرچی کات بەسەر نەمانی فیزیکی ئەو بڕوات جێگەی لە ناو رێبوارانی بەرزتر و ئاڵای شەکاوەتر دەبێت.

 

کاتالۆگ