سیاسەت و بەرژەوەندی سیاسیی، بەشی دووهەم. فاتح ئارەش

کورد و قۆناغی نوێ، کورد دەبێت یەکگرتوو و بەشێوەی زانستییانە هەرچی لە دەست دێت و لە ئیمکانی دا هەیە لە کاتی پێویستدا بۆ پاراستنی ئەو ئەزموونە لە باشووری کوردستاندا تەرخانی بکات،fatih-aresh

لە ڕاستیدا وا باشە کە وەک ستراتیژییەکی نەتەوەیی چاوی لە سەقامگیر بوونی ئەو هیوایە بکەین و تەنها گارانتی بۆ پاراستنی ئەو ئەزموونە یەکگرتوویی کارتێنەکراوی کوردە.

لە قۆناغی مەوجود دا کورد بەشێوەی گشتیی و لە پراکتیکدا هاتووتەو نێوە کایە وڵاتانی نێونەتەوەییەوە و دەبێت چارەسەری بۆ کێشەکەی پێدا بکرێت، ئەم هاتەنە نێو بیرۆکەی بڕیاری وڵاتانی گەشەکردوو هۆکارێک دەبێت بۆ شێوە گۆڕانکارییەک لە بیر و بۆچوونی وڵاتانێکدا کە کوردیان بە سەردا دابەشکراوە و ناتوانن بەشێوەی ڕابردوو لە هێندێک بواردا لە گەڵ کێشەی کورد مامەڵە بکەن!

ئەوەش نابێت لەبیر بکەین کە لە ڕاستیدا هێزی پاڵپێوەنەر سەرەکی خودی کورد و توێژینەوە ڕامیارییەکانیەتی، هەروەها دەبێت بزانین کە کورد و هێزێکی کوردی دوو شتی لە یەک جیاوازن، هەوڵی هێزیکی کوردی ئەوەیە کە لە هاوبەری دا هەبێت تا بتوانێت کارتێکردنی لە سەر بابەتێک یان چارەسەری ناتەباییەک هەبێت. دەمهەوێت بڵێم ئەمڕۆکە نابێت وەک هێزێکی کوردی چاو لە باشووری کوردستان بکرێت و واباشە کە بەرپرسانی ڕامیاریی کورد لەو پارچەیە دا بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی ڕابردوو لە پێناو چارەسەری کێشەکاندا هەنگاو هەڵنەگرن بەڵکو دەبێت وەک بەرپرسانی وڵاتێک بۆ بەرژەوەندی درێژخایەنی وڵات و نەتەوەکەیان چاو لە چارەسەری کەموکوڕییەکان بکەن و هەرچەندە هەنگاوەکان زانستییانە بێت لە دواڕۆژدا ئاکاری ئەرێنی زیاتری هەیە.

وێرای ئەوەی کە پێویستە کە کوردی لەو بەشەی کوردستان بەگوێرەی ڕێز دوولایەنە ڕێزی بۆ دەراوسێکانی خۆی هەبێت بەڵام زۆر خاڵ و بابەت هەن لە ڕابردووی کوردستاندا کە بۆ ئێمە وەک ئەزموون ماونەتەوە و لە بیرکردنیان هەڵەیە، پێم وایە وەبیر هێنانەوەی دوو ڕووداوی کۆن وەک  دوو بڵگە بۆ باسەکەم بەس بێت.

یەکەم لە سەردەمی دەسەڵاتی عەتا تورکدا تورکییە لە شەڕ و ململانێ دا بوو، باری ڕامیاریی، ئابووری و سەربازیی شپرز بوو، کورد لە باری سەربازی و جیوپۆلیتیکییەوە وەزعی خراپ نەبوو و دەیتوانی زۆر کارێک بکات و ئیمکانی هاوبەریەتی تێدا بوو، عەتا تورک کە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا گرفتاری هەبوو توانی بەشێوەیەک کورد سەرگرم و چاوەڕووان ڕاگرت یانی داوای هاوپەیمانی لە کورد کردو قەوڵی پێدان کە کاتێک کە سەرکەوت ئەوانیش لە دەسەڵاتدا بەشدار بکات و کوردیش وێرای ئەوە کە دەیتوانی هاوبەر بێت بەڵام چوونکە لە باری ڕامیاریی و بڕوا بەخۆبوونەوە لاواز بوو بە دواکەوتووی عەتا تورک و چاوەڕووانی دەست مایەوە، بەڵام هەروەک هەموومان ئاگادارین کاتێک کە عەتا تورک بەسەر کەندوو کۆسپەکاندا سەرکەوت و هەستی بەوە کرد کە کاتی لە بار لە دەست کورد دەرچووە قەوڵەکەی بوو بە سەرکوت و هەوڵی ئاسیمیلە کردنی کورد لە ڕێگای ڕامیاریی و سەربازییەوە، بەکورتی کورد کە پێشتر لە هاوبەریدا بوو بوو بە دۆڕاوی دواڕۆژ کە تا چەند ساڵی پێش ئێستاکە هەر ئاسەواری ئەو سیاسەتەیی عەتا تورک وەک خۆی مابووەوە.

دووهەم پێم وایە زۆرکەس ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی سەردەمی شا”ی” ئێران لە نێوان ساڵەکانی ١٩٧٠ تا ١٩٧٤ی ئەوکاتی ئێرانی خوێندوەتەوە منیش یەکێک لە خوێنەرانی ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە ئێران بووم، بەکورتی ستایش و پێداگوتن لە نەمر بەرزانی و سوپای ٢٥ هەزار کەسی ژنراڵ بەرزانی هەست بزوێن و هەر نەبێت منی سادە و ساکاریی چاوەڕووان یان خۆشحاڵ دەکرد، لەو سەردەمەدا زۆر وێنە و باسیان لە سەر بەرزانی و شۆڕشگێڕی کورد بڵاو دەکردەوە بەڵام کاتێک کە لە ساڵی ١٩٧٥دا لە ئەلجەزایر لە گەڵ عێراق ڕێکەوتن و بە ئامانجی خۆیان گەیشتن پێداگوتنەکە یەک ڕۆژە ٣٦٠ پلە گۆڕانی بەسەردا هاتوو جێگای خۆیدا بە هەرەشەو تەوانجی (تەنز) ڕامیاریی و هتد

 

لێرەدا دەمهەوێت ئیشارە بەوە بکەم کە ئێران، یان تورکییە ناتوانن وەک پێش و بەو شێوە کە دەیانهەوێت کێشەی کورد لەبەرچاو نەگرن و چۆن پێیان خۆشەبێت هەنگاو بۆ ژێرپێکردنی مافی ڕامیاریمان هەڵگرن بەڵام هەروەها ناشتوانن لە هێندێک خاڵ و بابەت چاوپۆشی بکەن بەتایبەتی ئێران، کەوابوو بەمەبەستی دەور دانی پێکدانێکی خۆکوژانە دەبێت تولرانس بێننەکایەوە تا بتوانن بالانس لە نێوان مەوقعیەت و ویست دا دابین بکەن و بەشێوەی ئۆپۆرتۆنیستی لە کایەکەدا بەشدار بن تا بەڵکو بتوانن بەشێوەیەکی دیکە بە ئامانج یان ئەو ئامانجانە کە بەدوایدا دەگەڕێن بگەن.

ئێران لە نانەوەی ئاژاوەدا دەستی باڵای هەیە و لە هەموو کێشە و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هتد دا دەور و کاریگەری تایبەتی خۆی هەیە و هەوڵ دەدات ئەو بەشەی کوردستانیش لەو ڕەحمەتەی ئەوان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین بێبەش نەبێت و بەشێوەی زانستییانە تێدەکۆشێت تا ئەو پارچەیی کوردستان لە کاروانی ڕوو لە ئامانج دواخات، هەروەها سەرچاوەی بەشێک لەم هەستە کورد دۆستییە و لایەنگری لە باشووری کوردستان یان هێزە کوردیەکانی دیکە بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی قەیرانی نێوخۆیی ئێرانە و نابێت ئەوە لە بیرکەین کە چەندە کورد لە عێراقدا هەیە دوو ئەوندە کورد بێ ماف لە ئێراندا دەژین.

 

لە باری مافە نێونەتەوەیی و حقوقییەکانەوە.. بەگوێرەی تۆژینەوە ڕامیارییەکان سەردەمدارانی ئێران ناتەبان لە گەڵ مافی تاک و گەل و لە لایەن وڵاتانی پێشکەوتوو و نێوە پێشکەوتووەوە بایکۆت کراون و هۆکارێک بوون تا وڵاتێکی  مەزنی وەک ئێران بەشێوەیەک لە هاوبەری جیهانی دا وەلانڕێت و بەگوێرەی لێکۆلێنەوەی ئەنیستیتۆی “موهوب” بایەخی پاسپۆرتی ئێرانی لە ئاست ٩٣ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوین (ئیسلامی) دا پلەی ٨٦ی هێناوەتەوە یانی بایخی  پاسپۆرتی ئتیوپی لە سەرەوەی ئێرانە. سەردەمدارانی ئێرانی لە پێناو بەرژەوەندی درێژخایانی تاقمێک دەسەڵاتداردا بەشێوەهای جۆراوجۆر هاوکاری فکر و ئابووری داعش و تیرۆریستی نێونەتەوەیی دەکەن. لە لایەکی دیکەوە دەیانهەوێت خۆیان وەک یار و هاودەردی کورد پیشان بدەن، ئەم خۆ دەرخستنەی ئێران ئامانجێکی ڕامیاریی زۆر زینباری بۆ کورد بە دواوەیە ئەگەر بتوانێت بە ئامانجە بگات.

وڵاتێک کە ئیعتباری جیهانی لە دەست داوە ناتوانێت لە کایە نێونەتەوەییکاندا ڕۆڵی یاردەرێکی باش و بە قازانج بگێڕێت و واباشە کە پێش لەوەی ئەو هەنگاوە هەڵگرێت کێشەکەی خۆی چارەسەر بکات، لە کوردیدا دەڵێن چرایەک کە بۆ ماڵ پێویستە بە مزگەوت حەرامە.

سەرکردەکانی ئیران و دەستگای نهێنی (ئیتلاعات) ئەو وڵاتە وەک ناوەندێکی دژ بە ئایدیا و پلانەکانی دواڕۆژی خۆیان چاو لەو ئەزموونەی کورد (کوردستان) دەکەن و بەباشی دەزانن کە لەم سەردەمەدا ئەو پارچەیی کوردستان لە باری سیاسییەوە جێگای سرنجە  و ناتوانن لە ڕێگای هێرشی سەربازییەوە تێکیدەن بەڵام دەیانهەوێت لە ڕیگا بەقەوڵ هاوکاریکردنەوە بە چەند ئامانج بگەن، یەکەم گۆڕانی بیر و ڕووانگەی دۆستانی کوردە بەمەبەستی تێکدانی هاوبەرییەکە و تەریکخستنەوەی کورد، دووهەم بۆ وەرگرتنی هێندێک خاڵی ڕامیاریی دەیانهەوێت وا بە جیهانی دەرەوە پیشاندەن کە ئەوە ئەوانن کە لە ناوچەکەدا بڕیار یەکەم دەدەن و دەتوانن چۆن پێیان خۆش بێت خەڵکی ناوچەکە هەڵسوڕێنن و توانی لە باربردنی هەر هەوڵێک بۆ دیموکراتیزە کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان هەیە. سێهەم هێزە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن خومەینی ڕەحمەتییەوە بە هەڵوەشاوە و فتوایی جەهادیان لە سەرە کە لەم پێوەندییەدا لە داهاتوودا زیاتر باس دەکەم.

ئێران هۆکارێک بوو تا عێراق و نوری مالکی نۆکەری خۆیان لە ئاست ناوخۆیی و دەرەکی وەک کاڵایەکی بێ قیمەت چاوی لێکڕێت و وڵاتی عێراق لە گەڵ زۆر ناتەبایی و کارەسات ڕووبەڕوو بکەنەوە، ئێستاکە دەیانهەوێت کوردیش بەهەمان دەرد بەرن، جا لەم ڕووانگەوە پێم وایە هەر هێزو تاکێکی کورد کە بیهەوێت دەستی سەردەمدارانی ئێرانی بکێشێتە نێو کایەکەوە سیاسەتەکەی بە قازانجی کورد نییە یان باش لە سیاسەتی و پلانەکانی ئەو وڵاتە نەگەیشووە.

 

زۆر جار بۆ ئەوەی بتوانین لە هەستی کەسێک یان وڵاتێک ئاگاداربین دەبێت باش گوێ ڕاگری بۆچوونەکانی بین. بەگوێرە هێندێک نووسراوە لە ماڵپەڕە کوردی و غەیرە کوردیەکاندا قاسم سلێمانی یەکێک لە بەرپرسانی ئێرانی لە وتووێژێکدا لە گەڵ فارس نێوز باس لە گرنگی و پلە و پایەیی بەڕێز مام جەلا لە لای سەردەمدارانی ئێران دێنێتە گۆڕێ و دەڵێت وڵاتی ئێران هه‌موو کاتێک پشتیووانی تاڵه‌بانی‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ی بووە ‌و هه‌رگیز چاكه‌ی ساڵانی ڕابردووی ئەوان له‌بیر ناكه‌ن، ته‌ئكیدیشی كردووته‌وه‌ کە بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی ده‌بێت لە داهاتووی عێراق‌ و هه‌رێمی كوردستاندا ڕۆڵیان هەبێت،  ئەم وتەی قاسم سلێمانی وێرای ئەوەی کە زاکیرەی من دەگێرێتەوە بۆ نووسراوەکانی سەردەمی پاشایەتی لە ئێراندا لە ساڵەکانی ١٩٧٠ و هتد… پێم وایە دوو ئامانجی ڕوون و ئاشکارای دیکە لە خۆ دەگرێت، یەکەم ئەمە دەخاڵەتێکی ئاشکرایە لە هەرێمی کوردستاندا و لە گەڵ ویست و ئامانجەکانی کورد یەک ناگرێتەوە و بە شێوەیەک بەو کەسانە کە دەیانهەوێت سیاسەتێکی نەتەوەیی ڕچاو بکەن دەڵێن کە ئەوان ئیمکان و توانی گۆڕینی هاوبەرییان هەیە، دووهەم بەشێوەیەک شۆڕشگێڕی یەکیەتی نیشتمانی دەبەنە ژێر پرسیارەوە و هەوڵ دەدات تا ئاڵوگۆڕی فکری لە سەر ئەو حیزبە لە نێو گەلی کورد دا دروستکات بە مەبەستی تەریکخستنەوە وابەستەکردنی ئەو حیزبە یان کەسانێک لە ڕیزەکانی یەکیەتی دا یان ڕاکێشانی سرنجی هێندێک کەس لەو ڕێكخراوەیەدا بۆ لای خۆیان بە ئامانجی تایبەتەوە، هەروەها هەنگاوێکە بۆ لاواز کردنی هەستی سەربەخۆیی فکری و پەرەپێدانی هەرچی زیاتری هەستی خۆ بەکەمزانی لە کوردستاندا.

 

هەر لەو سەردەمەدا یانی رۆژی ١٢ی ژانوییە وەڤدێکی یەکیەتی نیشتمانی بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی بە دەستی کۆماری ئیسلامی چووبوون بۆ تاران. دەگوترێ کە هاوکات وەڤدێکی پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراقیش بە لێپرسراوی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەو سەفەرەدا بەشداری ئەو گربوونەوەیان کردووە، دەستکەوتەکانی ئەو کۆبوونەوە چەند قۆڵییە بەشێوەی ڕوون و کۆنکرێت لە هیچ مێدیا و گۆڤارێکدا باسی  لێوە نەکراوە و بەشدارانیش بۆ خۆیان شتێکی ئەو تۆیان بە نەتەوەکەیان نگوتەوە، لە ڕاستیدا نهێنیکاری لە هێندێک بواردا جێگای پرسیارە و بەزیان تەواو دەبێت!

 

لێرەدا ئەوە جێگای پرسیارە داخۆ وڵاتێکی وەک ئێران کە نایهەوێت یان توانی ئەوەی نییە کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات هۆکار چییە کە هەوڵ دەدات تا لە پێوەندییە کۆنەکانی وەک ئامێرێک کەڵک وەردەگرێت و خۆ لە جێگای توانایەکی بواری چارەسەری کێشە لە باشووردا پێناسە بکات؟  یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێزێکی جێکەوتووە لە کوردستاندا و مێژوویەکی هەیەو بۆ خۆی باش دەزانێت کە چۆن کێشەکانی چارەسەربکات بەڵام لە ڕاستیدا کوماری ئیسلامی ئێرانە کە دەیهەوێت لەم ڕێگاییەوە کێشەی خۆی چارەسەر بکات و هەمان سیاسەتی عەتاتورک و ئێرانی ڕابردوو دووپات دەکاتەوە بەڵام بە شێوەیەکی پێشکەوتووانەتر و تا ڕادەیەک جیاواز.

گەرورەترین کێشە کە نەتەوەکەمان هەیەتی ئەوەیە کە لە زۆر بواردا باوەڕی بە توان و کارتێکرنەکانی خۆی نییە و لە هێندێک بواردا خۆی بەکەم دەزانێت، چەندە خۆ بە زل زانین کێشەیە ئەوندەش خۆبەکەم زانین زیانبارە و تەنها ڕێگا چارە پێکهێنانی باڵانسە لە نێوان خۆخوازی و خۆباروەڕیدایە، هەروەها بەداخەوە گەلەکەمان بە دەسەڵاتی خۆماڵی ڕا نەهاتووە و لەم بورەدا کێشەی تایبەتیی هەیە و سەردەمدارانی ئێران”یش” باری کۆمەڵ ناسییان بەهێزە.

لێرەدا ئەوە جێگای پرسیارە داخۆ سەردەمدارانی ئێرانی کە ئەوەندە ڕێز و وەفایان بۆ کورد و بنەماڵەی تالەبانی هەیە ئەی چۆنە کە وەفایان بۆ ئایەتوڵا منتەزی، کەروبی و میر حوسێنی موسەوی و دەیان کەسی ناسراوی دیکە کە هەمووشتێکیان لە پێناو کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە دەست دا نییە و لە بیر کراون؟ ئەی بۆ وەفایان بۆ کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان بە قەوڵی خۆیان کوردەکانی ئێرانی نییە و کاتێک ئەوان هەوڵ دەدەن کێشەکەیان لە ڕێگا ئاشتییەوە چارە سەر بکەن تیرۆرییان دەکەن؟

تۆ بڵێت بنەماڵەی تاڵەبانی یان کوردی باشوور لەوانە زیاتر یار و یاوەری کۆماری ئیسلامی ببوون؟

ئێران و وەزارەتی ئیتلاعاتەکەی عێراقیان لە گەڵ کێشە و ململانێی ئایینی و قەومی ڕووبەڕوو کردەوەتەوە بەشێکی دیکە لەو هاوکارییە بەقەوڵ دۆستانەیە بۆ کوردەکانی باشووری کوردستان سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاوپۆشی کردنی کورد لە مافی نەتەوایەتی خۆی و مانەوە لە چوارچێوەی وڵاتێکی پڕ لە بێ عەداڵەتی ڕامیاریی، کۆمەڵایەتیی و ئابووری وەک عێراقدا.

  بابەتەکە بەردەوامی هەیە 

 

تکایە بۆ  بابەتەکانی تر کاک فاتح ئێرە کلیک بکەن 

نوێترین بابەت و هەواڵ
ئارشیو