سیاسەت و بەرژەوەندی سیاسیی، بەشی سێهەم. فاتح ئارەش

لە باری مرۆڤیی و مرۆڤدۆستییەوە….  ئێران لە هێندێک ڕێگا و کاناڵەوە یارمەتی ئابووری بە زۆر کەس و خەڵکێک لە وڵاتانی جیاواز دەکات و هەوڵ دەدات تا خۆی وەک حکومەتێکی زۆر مرۆڤدۆست پێناسە بکات،fatih-aresh

بۆ نموونە لە هێندێک وڵاتی ئەفریقایی یان سوریە و هتد…، لە ڕووانگە منەوە ئەو هاوکارییە بەناو مرۆڤدۆستانە بناغەی مرۆڤدۆستی تێدا نییە و کێشە خۆڵقێنە و لە پێناو ئاژاوەدا ئەوکارە دەکات، بەکورتی بەرژەوەندی ئێران لە ئاژاوەدایە و ئەگەر ئاژاوە بنبڕ بکرێت شتێک بەناوی کۆماری ئیسلامی ئێران بوونی نییە! ئێران وڵاتێکە کە بۆ مانەوەی خۆی تەنانەت باری کۆمەڵایەتیی وڵاتی ئێرانی تێکداوە بنەماڵەی بێ کێشە و ئاژاوە بەکەمی لەو وڵاتەدا دەست دەکەێت، ئەگەر من لە هەڵەدام و کۆماری ئیسلامی ئێران مرۆڤدۆستە ئەی بۆ یارمەتی بە هاووڵاتیانی بێبەش لە مافی شارۆمەندی وڵاتەکەی ئێران ناکات؟

بەگوێرە زۆرێک لە مێدیا جۆراوجۆرەکانی ئێرانی و دەرەکی، هەروەها بە وتەی بەرپرسی خواردنی کۆمەڵگای ئێران، وڵاتی ئێران لە باری خواردنەوە بۆ منداڵ وڵاتێکی نائەمنە، ڕۆژنامەی ئیسنا نووسیویەتی پارێزگاکانی هورموزگان، سیستان و بلوچستان، کەهکیلویە و بویرئەحمەد سێ پارێزگای نائەمنی ئێرانن لە بواری خواردندا و کارتێکردنی بێ خۆراکی (بێ بژیویی) لە نێو منداڵانی ئەو سێ پارێگایەدا هەست بزوێنە، ئەم باسە و زۆر بابەتی دیکە سەرچاوهایەکن بۆ لە قاودانی سەردەمدارانی ئێران و دەرخستنی ڕووی ڕاستی و بیرۆکەی ئاژاوەگێڕی ئەوان، بەرپرسانێک کە بەقەوڵ خەڵکەکەی خۆیان ئاوەها بە خێو دەکەن چۆن دەتوانن بەقەوڵی ئەوان دڵسۆزی کوردی جودایی خواز بن؟

داعش هێلی سووری تێپەڕاندووە و بێشک ئاڵوگۆڕ لە قەوارە و دەسەڵاتی دا سەرهەڵ دەدات بەڵام ئیمکانی سەرهەڵدانی شتی دیکە لە ناوچەکەدا هەیە.

 

لێرەدا خاڵێکی جێگای سرنج ئەوەیە داخۆ بەرژەوەندیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی بەتایبەتی باڵەکانی دیموکرات  لەم گەمەدا لە چ ئاستێکدایە

تا ئێرە هەرکەسە بە گوێرە خۆی بە هێندێک ئامانج گەیشتووە یان هەوڵی بۆ دەدەن بەڵام مالکی دۆڕاوە و حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتیی کەوتوونەتە نێو بازنەیەکی تایبەتی ڕامیارییەوە و لە ڕووانگە منەوە ئەگەر وەزعەکە بەگوێرەی پلانەکانی ئێران پێش بڕوات دەبنە قۆچی قوربانی ، هۆکاری ئەم شێوە بیرکردنەوەی من دەگەڕێتەوە بۆ زۆر سەرچاوە و ئەزموون لە ڕابردوودا، جا لێرەوە هەوڵ دەدەم کە هۆکارەکانی ئەو بیرۆکە نەرێنییە بخەمە بەر باس و شیکردنەوە.

 

هەر وەک هەمووان ئاگادارن ئیمام خومەینی لە ساڵی ١٣٥٨ (١٩٧٩) دا دەستوری جەهادی دژی گەلی کورد داو هەموو و حیزبەکان بەتایبەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی (ئێران) بە هەڵوەشاوە ناودێر کرد، ئیمام خومەینی مرۆڤێک بوو بەڵام ئەگەر لە باری ئایینی و کۆمەڵناسییەوە چاو لە بابەتەکە بکەین ئەم مرۆڤە ئیمام و کەسێک بووە کە زۆر کەس لە ئێراندا ئەو دەپەرەستن و وتەی ئەو بە وتەی خوا دەزانن، کەوابوو بڕیارەکەی بۆ ئەو خەڵکە شتێک نییە کە مامەڵەی لە سەر بکەین و سەردەمدارانی ئێرانی بەشێوەی ئێستاکەی خۆیان هەوڵ دەدەن بۆ جێبەجێکردنی وتەی نوێنەری خودا و ئەو جێبەجێکردنە بە ئەرکی سەرشانی خۆیانی دەزانن، با ئەوەش لێرەدا باس بکەم کە جیاوازی نێوان داعشێکی سنی و داعشێکی شیعە لە میتۆدیکاریی (شێواز) ئەواندایە یانی یەکێکیان بە شمشێر و چەقۆ سەری دەبڕێت ئەوی دیکەیان بە سیم و پەت دەیخنکێنێت.

 

بۆ ئەوەی کە بتوانم بگەمە ئامانجی باسەکەم سرنجی خۆم دەدەمە بیروبۆچوونی دەسەڵاتدارانی ئێران لە ساڵی ١٣٦٣ (١٩٨٤)، ساڵی ١٩٨٤ ساڵێکی پڕ لە باس و بۆچوون بوو کە هۆکارەکەی دەگەڕایەوە بۆ مەسەلەی دانووستاندنی حیزبی دیموکرات و ڕژیم لەو سردەمە دا.

لە ١٩ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٣ (١٩٨٤) دا ئیزەدی فەرماندەی قەرارگای حەمزە  لە ماڵپەڕی پەیامی شۆڕش ( پیام انقلاب) بابەتێک بڵاو دەکاتەوە بەناوی ” کوردستان – توێژینەوەیەکی ڕامیاریی لە برادەر ئیزەدی بەرپرسی قەرارگای حەمزە سەیدوالشوهەدا”  بەکوردی و کورتی بەرپرسی خوێنمژ لە شیکردنەوە ڕامیارییەکەی خۆیدا دەنووسێت کە ئەو ئاسایشە ڕامیارییە کە لە کوردستاندا هەیە شتێکی کاتییە و دبێت سەردەمدارانی ئێران پلانی ئاسایشی درێژخایەنیان هەبێت و هەوڵ بدەن تا حیزبە کوردیەکان بەتایبەتی حیزبی دیموکرات لە هاوبەری وەلانەنن!

 

دیسان لە هەمان ساڵدا لە ڕۆژی ٢٧ی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٦٣ (١٩٨٤) ڕادیوی ڕژیم لە سنەوە ڕاگەیاند کە سەرهەنگ سەیادی شیرازی بەرپرسی هێزی زەمینی لە گەڵ کوچکزادە فەرماندەی ژاندارمری و سەفەوی جێگری فەرماندەی سپای پاسداران و چەند کەسی دیکە لە بەرپرسانی باڵای ئاسایشی وڵات لە چاوپێکەتنێکدا  لە گەڵ تابش ئوستانداری سنە و دەقیقی فەرماندەی سپای پاسداران لە سەر وەزعی ئاسایشی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکان لە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار دا کۆبوونەوەیەکی ڕامیاریی و ئاسایشییان هەبووە، دوای ئەم خەبەر ڕادیۆیی ڕژیم لە سنە وتووێژێکی تایبەتی لە گەڵ دەقیقی هێنایەگۆڕێ و دەقیقی وتی ئەوان پلانی تایبەتی خۆیان هەیە و شتێک بەناوی وتووێژ لە ئاراد نییە و حێزبی دیموکرات بە فەرمانی ئیمام هەڵوەشاوەتەوە و ئێمەش گوێڕایڵی فەرمانی ئیمامین و تەنها بە گوللە وەڵامیان دەدەینەوە و هتد

ڕۆژی ٩ی مانگی رەشەمەی هەمان ساڵ دیسان ئاغەی هاشمی رەفسنجانی بەرپرسی پەرلمانی ئیسلامی ئێران و نوێنەری ئیمام خومەینی لە ڕێکخراوەی بەرزی بەرگریی (شورای عالی دفاع) وڵات لەو سەردەمەدا لە کۆبوونەوەیەک لە گەڵ هێندێک لە بەرپرسانی چەوسێنەرەوەی خەڵک  ڕایگەیاند کە ئاڵوگۆڕ لە ڕژیمی ئیسلامی ئێراندا بوونی نییە و ئێمە بە ئەرکی خۆمان کە هاودەنگکردنی کوردە هەڵدەستینەوە و ئەو حیزبە دژی گەلییانە لە مێژوویی کوردستان پاک دەکەینەوە!

زۆر خاڵ و بابەت هەن بۆ باسکردن و ئەو چەند خاڵەی سەرەوە بەشێکی زۆرکەمی بۆچوون و ویستی سەر دەمدارانی ڕژیمی حاکمی ئێرانە، بەڵام پێم وایە هەر ئەوندە بۆ باسەکەم بەس بێت. ئەوانە کە لە سەروە ناویان هاتووە هەمووان لە بەرپرسانی بەرزی وڵات بوون و بە گوێرەی شیکردنەوەی خۆم بە گۆترە ئەو باسانەیان نەهێناوەتە گۆڕێ و دەبێت سەرچاوەیەکیان هەبێت بۆ باسەکانیان، یان دەبێت پرۆتۆکۆڵێک لە پێوەندی لە گەڵ رەفتار کردن و جوڵانەوە لە گەڵ ئەو حیزبانە هەبێت و پێکەنینەکەی محەمەد جەواد زەریف بۆ منی کورد بۆی خوێنی لێ دێت.

لە ڕاستیدا دەرفەتێکی زێڕیین بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران سەری هەڵداوە و داعش بووتە هۆکارێک تا ئەو ڕژیمە فاناتیکە لە ژێر چەتری کردەوە نالەبارەکانی برا بچوکەکەیی دا خۆی حەشاردات، هەرچەند ئەم دەرفەتە زێڕینە زۆر کورت دەبێت بەڵام حکومەتی ئێران دەیهەوێت بەپەلە بە هێندێک ئامانج بگات و ئێستاکە بەمەبەستی تایبەت فازیکی نوێی ڕامیاریی و سەربازی کردووەتەوە و هەوڵ دەدات تا هاوکارییەکی خۆی گەورە کاتەوە و تەبلیغی پێوەدەکات ئەم تبلیغ کردنە دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ لەیەک ترازانی یەکگرتوویی کورد و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی فکری لە ڕیزی دۆستانی کورد دا بۆ نموونە بە پێی ئەو هەواڵانەی کە لە میدیاکانی باشووری کوردستانەوە بڵاو بوونەتەوە، هێزێکی زۆری سوپای پاسدارانی ئێران تەیار بە تۆپ و زرێپۆش و کاتیوشا لە میحوەری گەرمیان دامەزراون و بەناو بەشداری شەڕی دژی داعش دەکەن.  وێرای ئەوی کە کورد لە باشووردا لەم قۆناغەدا لە مەوقعیەتێکی لەبار ڕامیاریی و سەربازیدان بەڵام ئامانجی سەرەکی ئەم هاوکارییە تاکتیکیی ئێران تێکدانی هاوبەری لەو پارچەیی کوردستاندایە بەمەبەستی وابەستە کردنی تاقم و لایەنە بۆ ئەو پلانە بە قەوڵ ئاسایشییە درێژخایەنە کە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٦٣ (١٩٨٤) باسێیان لێوە کردووە و هێناویانەتە گۆڕێ! بەکورتی ئەگەر ترازانێک دەستەبەر بکرێت وێرای ئەوەی کە تراجدییەکی گەورەیە و گەلی کورد بەگشتیی دەبێت نرخەکەی بدات بەڵام حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران) بەتایبەتی دیموکراتەکان بە بارودۆخی مەوجودەوە دەبنە قۆچی قوربانی ئەو لە یەکترازانە.

 

تا ڕادەیەک لە پێوەندی وەزعی ڕامیاریی و کۆمەڵایەتیی ناوچەکە بە تایبەتی باشووری کوردستان شیکردنەوەمان هەبوو بەڵام هاوکێشی (مەوقعیەت) ڕامیاریی، سەربازی و ئابووری حێزبەکانی ڕۆژهەڵات هەروەها پلانی دژە پلانی ئەوان لە چ ئاستێکدایە و چۆن دەتوانن لە گەڵ بارودۆخەکە هەڵسوکەوت بکەن لایەنی دیکەی باسەکەیە!

با ئەوەش لێرەدا بێنمە گۆڕێ ئەوەی کە لە سەر حێزبەکانی ڕۆژهەڵات باسی دەکەم شیکردنەوەی خۆمە و ئیمکانی ئەوەی هەیە کە ئاکامی نەرێنی بۆ خۆم لێ بکەوێتەوە بەڵام چوونکە خۆم  بە دڵسۆزی نەتەوەکەم دەزانم و ناتەباییەکانی حیزبە کوردیەکان بەگشیی بەتایبەتی دیموکراتەکان ئازارم دەدات ئاکامەکانیشی بە دڵ و گیان قەبوول دەکەم و هەوڵ دەدەم کە لانی کەم لە گەڵ خۆم درۆ نەکەم

 

هەروەک هەمووان دەزانین هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتیی لە مێژە کە لە گەڵ کێشە و ململانێی نێو خۆیی و دەسەڵات خوازی ڕووبەڕوو بوونەتەوە و ئەم ململانێ ناوخۆیانە هۆکارێک بوون بۆ لاواز بوون و لە بیرکردنی نەیار و هۆکاری دابەزینی ئاستی بیرکردنەوە لە پێشهاتە نادیار و شاراوەکان. چوونکە بۆ خۆم تا نووسانی ئەم بابەتە خۆم بە ئەندامی دیموکرات دەزانم لێرە دا سەرنجی باسەکەم ڕوو لە دیموکراتەکان دەکەم و باسی هێزە سیاسییەکانی دیکە لە باسەکەم دەسڕمەوە، بەکورتی مەبەستی من لێرە بەدواوە تەنها دیموکراتەکانە، هەروەها مەبەست لە وشەی حیزبی دیموکرات  هەردووک باڵەکەی ئەو حیزبە دەگرێتەوە.

حیزبی دیموکرات کە سەردەمێک لە هاوبەریدا بوو و وەک کێوێک لە ئاست ڕووداوە ڕامیاریی و سەربازییەکاندا ڕادەوەستا بە هۆی ئەو قەیرانە نێوخۆیانەوە ئێستاکە وزەی دابەش بووە بە سەر دوو باڵی دیموکراتدا، لە ڕاستیدا دەبێت لە ئەندامانی ڕێبەرایەتیی پێش لە سەردەمەی مەوجود بەدوای هۆکاری ناتەباییەکاندا بگەڕێن و لە ڕووانەگەی منەوە لایەنی زۆرینەی سەرچاوەی ناتەناییەکان دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ململانێی دەسەڵات خوازی و ناوچەگەرایی یان دروستکردنی تاقم لە ژێر ناوی ناوچەدا لە خزمەت بەرژەوەندیدا، باسی ناوچەگەرایی و تاقم  و تاقم بازی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویی مرۆڤایەتی بەڵام بە هێزبوونی لە حیزبی دیموکراتدا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پاش گۆنگرەی شەش.

بەکورتی هوکارەکانی لاواز بوون و هاتنە خوارەوەی ئاستی هاوبەری حیزبی دیموکرات نە ئیمپریالیزم، نە کاپیتالیزم و نە سوسیالیزمی علمی نە سوسیالیزمی دیموکراتیک بووە بەڵکو هۆکاری سەرەکی خودی ئەندامنی ڕێبەرایەتیی ئەو حیزبە بوون کە بە ئامانجی ڕەنگاوڕەنگەوە لەو تەشکیلاتەدا هەڵسوڕانیان هەبووە.

ئیمکانی هەیە کە ئێران بەشێوەهای جۆراوجۆر کارتێکردنی هەبووبێت بەڵام من دەڵێم ئیرانیش نەبووە چوونکە ئەگەر تۆ بۆ خۆت یەکگرتوو بە بڕوایەکی پۆلایینەوە وزەی خۆت بەکار بێنیت کەس لە دەروە یان لە دورەوە ناتوانێت کارتێکردنی وەک ئەوەی دەبێت جیابیتەوە، پاڵ بە ئەندامانی حیزبەوە بنێیت و هتدی هەبێت.

بێشک زۆرینەی بەدەنەی هەردووک لا ئەو جیابوونەوە و لە یەک دابڕانە بەزیان نەتەوەکەمان و بە قازانجی نەیارانی کوردی دەزانن، بەڵام خاڵێکی گرنگ کە دەبێت لێرە قامک بخەینەسەری ئەوەیە کە ئەو بەشە لە بەدەنەی هەردووک باڵی دیموکرات کە ڕادەیان زۆرە و بەباشی دەزانن کە بناغەی ئەو لەیەک دابڕانە کورسی و دەسەڵاتە ناتوانن یەکگرن یان هەڵوێست بگرن،  بەکورتی کەسانێک کە دەیانهەوێت گەلێک ڕزگار بکەن توانی چارەسەری کێشەکەیی خۆیانیان نییە. لە ڕووانگەی منەوە زۆر ئاستەمە کە حیزبی دیموکرات لەم قۆناغەدا بتوانێت لە ئاستێکی بەرزدا لە هاوبەریدا خۆی پیشان بدات یان پلانێکی کۆنکرێتی بۆ کاتی تەنگانە هەبێت چوونکە چاوەڕووانن شتێک ڕووبدات کە قازنجی ئەوانی تێدابێت و ئەو کێشە و ململانێ کە تاک تاکی ئێمە لێی بەرپرسین هۆکارێک بووە کە وزەو بیرەکان بە لاڕێدا بڕۆن و شێوە چاوەڕووانی و ماندووییەک دەستەبەر بێت کە ئاکامەکەی بووە بە لەبیرکردن و ئاڵوگۆڕ لە ئایدیا دا، وێرای ئەوەی کە کوردی پارچەکانی دیکە کوردستان هەرکام هیواو هومێدێکیان هەیە بەڵام ئێمە لە چاوەڕووانیدادەژین.


 ئەم بابەتە بەردەوامی هەیە

 

تکایە بۆ  بابەتەکانی تر کاک فاتح ئێرە کلیک بکەن 

 

نوێترین بابەت و هەواڵ
ئارشیو