بەرخۆدان لە کۆبانی و وردەشیشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، بەشی دووهەم. فاتح ئارەش

بەردەوامی بابەتەکە: کاتێک باس لە بەرخۆدان دەکەین ئەوە بەو مانایە نییە کە هەموو تاکەکانی ڕیز خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان شۆڕشگێر و شۆڕشگێرانە بیردەکەنەوە، لە ڕیز شۆڕشدا مرۆڤی جۆراوجۆر بوونی هەیە بەڵام بەخۆشییەوە ڕادەی ئەو کەسانە کە بەهەست و ویستی تایبەتی دیکەوە خۆیان خزاندووەتە ڕیزی خەباتکارانەوە زۆر کەمنfatih-aresh

کارڵ گۆستاویوونگ دەروونناسی بەناوبانگ ئەخلاقی مرۆڤەکان بە دوو دەستە دابەش دەکات” مرۆڤی ڕەووشت بەرز و مرۆڤی رەووشت نزم” و منیش لە بەشەکەی دیکەی ئەم بابەتەدا بە هێنانەوەی فاکت و بۆچوون لە سەر بیرکردنەوەی کەسانی تێگەیشتوو لە سەر کۆمەلگایەکی باش هەوڵم داوە تا لە ڕوانگەی واقع بینانەوە پێوەندییەک لە نێوان بەرخۆدان و بۆچوونەکان لە سەر کۆمەڵگایەکی باش و دانیشتوانی دابین بکەم و ئەوە ڕوون بکەمەوە کە ئەو کەسانە کە بۆ وەرچەرخان و ئاوگۆڕی لەبار و بەقازانجی خەڵک خۆیان فیدا دەکەن زۆربەیان مرۆڤی تێگەیشتوو و پێگەیشتوون و لەباری دەروونیی و فکریەوە سەربەخۆ و لەو کەسانەنن کە بە ڕەووشتی بەرزی مرۆڤایەتیی گەیشتوون هەر بۆیە ناتوانن لە ئاست خەڵک و کۆمەڵگا بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستنەوە.

ژنان و کچانی یان گەلی کورد لە کۆبانی بە بەرخۆدانی خۆیان مێژوویان دروستکردو هۆکاری سەربەرزی و پێناسەکردنی نەتەوکەیان بوون بەڵام با بزانین دەستەی دووهەم کە بە وردەشیشە پیناسە دەکڕێن چن و چۆن بیردەکەنەوە و بۆچی وا بیردەکەنە یان دەیانهەوێت چ بۆ خۆیان ژینگەکەیان بەدیاری بێنن!!

هەستی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کەمتر نییە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و کوڕان و کچانی نتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتدا لە باری نەتەوایەتییەوە جێگای ڕێز و حورمەتن بەڵام بەداخەوە کە هێندێک ئاستەنگ و بیرۆکە کۆسپیان لە سەر ڕێگا خەباتی هەمەلایەنەیی ئەوان داناوە وا باشە بۆ دەرباز بوون و ڕاماڵینی کۆسپ تا درنگ نەبووە بەخۆدا بێنەوە.

گەورەترین ئاستەنگ ڕژیمە کە هەوڵ دەدات تا کۆمەڵگایەکی بەپێچەوانەی کۆمەڵگایەکی باش لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتی ڕەشدا دابین بکات بەڵام من لێردا بە مەبەستی کورت کردنەوەی بابەتەکە چاوپۆشی لە کردەوەکانی ڕژیمی مەلاکان دەکەم و تیشک دەخەمە سەر هێندێک ئاستەنگی دروستکراو لە کوردستاندا، یانی ئەگەر ئێمە وەک کورد بتوانین ماڵی خۆمان قایم بکەین کەسانی دەرەکی ناتوانن کارتێکردنی زۆریان هەبێت.

لە ڕوانگەی منەوە شیشە ماددەیەکە کە دەتوانێت زۆر زیان بگەیەنێت بە ژینگە چوونکە پارچە شیشەیەک دەتوانێت تا یەک ملیون ساڵ لە ژینگەدا بمێنێتەوە و هۆکارێک بێت بۆ زیان گەیاندن بە ژینگە، لەم ڕوانگەوە ئەو مڕۆڤانە کە وەک کۆسپ لە ئاست خەباتی نەتەوایەتی و ئازادیخوازی دا بەشوەیەکی نەرێنی (مەنفی) دەردەکەون دەبێت وەک وردەشیشە (شیشەی شکاو) چاویان لێ بکەین، بێشک بۆ پاراستنی ژینگە پێویست بە مرۆڤی ژینگە پارێزی وەک خەڵکی کۆبانی هەیە.

بەداخەوە ئەمڕۆکە زۆر فاکتەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا (ئێران) دەستیان لە دەستی یەک ناوە و هۆکارێک بوون بۆ سەرهەڵدانی بۆچوون و ئاکار و ئایدیایی جۆراوجۆری نەرێنی کە من لێرەدا ئەو مرۆڤانە وەک ئاستەنگێک چاو لێدەکەم و پێم وایە ئەگەر هۆکارەکانی ئاڵوگۆڕی ئەرێنی (باش) دەستەبەر نەکرێت زۆر زیانبارتر دەبن بۆ کۆمەڵ و کۆمەڵگا و ژینگەکەمان نخۆش تر دەکەن.

ئەم وردەشیشانە بریتین لە یەکەم ئەو کوردانە کە سیخوڕی دەکەن بۆ ڕژیم، دووهەم ئەو کەسانە کە لە ڕاوی سەرمایە کۆکردنەوەو بەرژەوەندی تایبەتیی دان، سێهەم ئەو کەسانەنن کە چەکیان دژی ئازادی و کۆمەڵگایەکی باش هەڵگرتووە.

بە دڵنیاییەوە بەشی زۆرینەی سیخوڕەکان لە باری کەسایەتییەوە مڕۆڤی ڕەووشت نزم و کەسایەتیی خۆیان لە ئازاردان و سەرکوتی خەڵکدا دەبیننەوە و هەمووکات هەوڵ دەدەن تا زۆرترین کەس تاوانبار بکەن و سزا بدرێن و پێیان وایە بەو شێوەیە کەسایەتیان لای ساحێبەکانیان دەڕواتە سەر و ئاستی فکری زۆربەیان لە خوارە و ئەم لە خوار بوونەی ئاستی بیرکردنەوەیە کە وا لەوان دەکات تا سیخوڕی لە سەر هاووڵاتی بێ دەسەڵات بکەن و هۆکارێک بن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی نەخۆش و …

لە کۆمەڵگایەکی بەپێچەوانەی باشدا هێندێک ئایدیایی دژ بە بەها کۆمەڵایەتییەکان سەرهەڵدادات کە دەبێت بڵێن بەداخەوە ئەمڕۆکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هێندێک کەس پەیدا بوون کە ئەگەر باسی کورد و بەرخۆدان یان ئاڵوگۆڕ بکەیت دەڵێن کاکە باسی چ دەکەیت شۆڕشی چیو کوردایەتی چی و هەمووشتێک دەکات بە قوربانی پارە. ئەم تاقمە مڕۆڤانە بە خانووی چەند نەهۆمی و فکریەتی پارە کۆکردنەوە بە هەر قیمەتێک ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا لە گەڵ دابین کردنی بناخەی کۆمەڵگایەکی باشدا دژایەتی دەکەن و حازر نابن خۆیان لە هیچ بابەتێکی ڕامیاریی (سیاسی) و نەتەوەیی بدەن و بە ناردنی سیگناڵی ڕەنگاوڕەنگ بۆ دەسەڵات پێیان وایە بەرژەوەندی ئابووری خۆیان دەپارێزن و بە بڵاوکردنەوەی هەستی خۆ بەزلزانی و لە خۆ بایی بوون بە ئابوورییەوە لە کۆمەڵگادا کارتێکردنی نەرێنییان هەیە لە سەر ئاستی دەروونی خەڵک، بەخۆشییەوە ئەم تاقمە ڕادەیان زۆر نییە بەڵام بەداخەوە کارتێکردنی نەرێنییان زۆرە و دەڵێن ئێمە بە پارە داهاتوو بۆ منداڵەکانمان دەستەبەر دەکەین و خەڵک چیان بەسەر دێت بۆ ئێمە گرنگ نییە. لە ڕاستیدا کەس دژی کۆکردنەوەی سەرمایە نییە و سەروەت و سامان کارتێکردنی ئەرێنی خۆی هەیە و بە یەکیک لە مافە نەرێنییەکانی تاک پێناسە دەکڕێت و هەموو ڕژیمەکان ئەو مافە بە ئەندامانی کۆمەڵگا دەدەن و کاپیتاڵی تایبەتیی پارێزراوە بەڵام ئەو چەشنە مرۆڤە چوونکە لە باری فکرییەوە کەموکوڕییان هەیە بەپێچەوانە بیر دەکەنەوە و بە هێندێک ڕەفتار و کردار داهاتوو لە پێناو پاراستنی پارە و ساماندا فیدا دەکەن کە لە ڕوانگەی منەوە ئەم فیداکردنە تاوانێکی گەورەیە. تۆ بە گوێرەی فکریەتی نەخۆشی خۆت پێت وایە داهاتوو بۆ منداڵەکانت دابین دەکەیت، داخۆ زۆرینەی خەڵک کە ئەو ئیمکانەیان نییە دەبێت چ بکەن؟

ئەمانە دژی دروست بوونی ئاڵوگۆڕن چوونکە پێیان وایە لە قۆناخێ گواستنەوەی دەسەڵاتدا بۆ ماوەیەک داهات و دەسکەوتی ئابووری ئەوان دێتە خوارەوە.

پرۆفێسۆر هارون نەهیا مامۆستای بەرز لە یەکێک لە زانکۆ گرنگەکانی جیهاندا لە سەر کارتێکردنی مەسەڵەی ئابووری لە سەر دەروونی مرۆڤەکان دەڵێت” ئێمەی مرۆڤ هەرکات بەدوای داهاتدا دەگەرێن چوونکە پلە و پایی خۆمان لە دڕاو دا دەبینینەوە و هەمووکات لە فکری داهات و دەستکەوتی زیاتر لە خەڵکانی چواردەوری خۆمانین و خەڵک دەکەین بە ئیدیال (نموونە) بۆ خۆمان و دەمانهەوێت بەوانە بگەین کە سەرمایەدارترن، ئەم شێوە بیرکردنەوە وا لە ئێمە دەکات کە بە شێوەهای جۆراوجۆر لە شکاری پارە کۆکردنەوەی زیاتردا بێن، یانی لە پێناو پارەدا تاوانی گەورەش دەکەین.

ئەم تاقمە دەوڵەمەندە تازە پێگەیشتووانە یان ئەو مرۆڤانە کە بەپێچەوانە بیر لە پارە دەکەنەوە وێرای تاوان دژی کۆمەڵ و کۆمەڵگا، دژی منداڵ و نەوەیی داهاتوویی خۆشیان تاوان دەکەن، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی زانایان منداڵ تا‌ ته‌مه‌نی ٧ ساڵه‌یی هه‌شتا له‌ سه‌دی ئه‌و زانیارییانه‌ که‌ له‌ ژیانی گەورە ساڵی دا پێویستی پێیه‌تی له‌ ماڵ دا له‌ نێو بنه‌ماڵه‌که‌یدا فێریان ده‌بێت و لە سەردەمی گەورەیی دا بەکاریان دێنێت، یانی زۆربەی منداڵانی ئه‌م تاقمه‌ مرۆڤانە هێزی بڕوا بەهاووڵاتی و گرێدراویی کۆمه‌ڵایه‌تی و نەتەوایەتییان زۆر لاواز دەبێت‌.

ئەگەر ئەمڕۆکە ڕادەی دانیشتوانی ئێران ٧٥ ملیونە تۆ دەتوانیت داهاتوو بە پارە بۆ منداڵەکانت کە دەبنە میراتگرت دابین بکەیت ئەی ئەگەر بۆچوونەکەی ئایەتولا خامنەیی سەرکەوت و جەمعیەتی ئێران گەیشتە ٣٠٠ میلیون نەفەر ڕەشوڕوت ئەوکات چەند کەس دەتوانن بۆخۆیان داهاتوو بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن؟

دەمهەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە کە هەرکام لەو کچ و کوڕانە کە لە ڕیزی خەباتی ئازادیخوازیدا لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بەرینەدا بەرخۆدان دەکەن ڕێز و حورمەت و تێگەیشتوویی هەزاران پیاوی پوڵداری وەک ئەو چەشنە مرۆڤانەیان هەیە چوونکە ئەوانە بە ڕەووشتی بەرزی خۆیان دەیانهەوێت بەردی بناخەی کۆمەڵگایەکی باش دانێنن بۆ ئەوەی کە منداڵی هەمووان داهاتوویان هەبێت!

ئەو تاقمە دەوڵەمەندانە یان ئەو کەسانە کە کەسایەتی مرۆڤەکان لە سەروەت و ساماندا دەبیننەوە یان هەستی لوت بەرزی لەڕادەبەردریان تێدایە هۆکاری هاتنە خوارەوەی رەفاهی دەروونیی و هەستی خۆشەویستی مرۆڤەکانن بۆ یەکتر و لەو چەشنە مرۆڤانەنن کە دەڵێن ئێمە هەین و بەڵام تۆ کە بێ پارەیت (سەرمایەدار) بوونت نی یە.

مرۆڤەکان دابەش دەبن بە سەر چوار تاقم دا کە هەر تاقمێک کارتێکردنی تایبەت بە خۆی هەیە و بریتین لە: (من هەم تۆ نیت، من + تۆ- )= نەرێنی. (من نیم تۆ هەیت، من – تۆ +) = نەرێنی تر. (من نیم و تۆش نیت، من – تۆ – )= نەرێنی ترین. (من هەم و تۆش هەیت، من + تۆ +) = باشترین یان ئاسایی، یانی مرۆڤی باش دەبێت وەک من + و تۆ + بیربکاتەوە.

 ئەم بابەتە بەردەوامی هەیە


نەمر شێرکۆ بێکەس بۆ قاسملوو
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
کاتالۆگ