دوای ماڵاوایی یاشارکەماڵ!، قادر ئەلیاسی

دوێنێ شەممە، ٢٨/٢/٢٠١٥، یاشارکەماڵ، نووسەری کوردی بە تورکی نووس، لە تەمەنی ٩٢ سالێدا لە نەخۆشانەیەکی ئیستانبول کۆچی دوایی کرد.qader_elyasyi

زۆر کەڕەت سەبارەت بەو هزرڤانە کوردانەی کە بە زمانی کوردی بەرهەمەکانیان بڵاو نەکردۆتەوە، بابەت نووسراوە. منیش یەکێک لەو کەسانە بووم، لە روانگەی خۆمەوە، ئاوڕم لەو باسانە و ئەو کەسایەتییانە داوەتەوە.

بە بۆچوونی من، ئەو خاوەن پێنووسانە دەشێ پۆلین بکرێن بە ٣ بەش. بەشی یەکەم لە خزمەتی نەتەوەی فەرمانڕەوادا بوون. نموونەی رەشیدیاسمی یە. ئەگەرچی ناوبراو هەڵبەستی بە زمانی کوردی نووسیووە، بەڵام ناوەرۆکی کتێبەکەی (کورد و پێوەندییە رەگەزییەکانی) چەواشەکاریی مێژووی کوردی پێوە دیارە و نەتەوەکەی خۆی کردووە بە ژێر تەوشێی فارس. لەو دەستەیە جگە لە یاسمی، عیساپەژمان و عیرفان قانعی فەرد، نموونەی قەڵەمفرۆشی کوردن بۆ دەسەڵاتی شا و شێخ لە ئێران.

دووهەم، ئەو پێنووسانەی کە نووسینەکانیان بە زمانی نەتەوەی فەرمانڕەوایە، بەڵام ناوەرۆکی نووسینەکانیان جگە لە خزمەت کردن بە ئەدەبی نەتەوەی فەرمانڕەوا(فارس، عەرەب و تورک)، زیانی بۆ نەتەوەی کورد نەبووە. نموونەی ئەم بەشە، بەرهەمەکانی ئەبولقاسم لاهووتی، عەلی محەممەد ئەفغانی، عەلی ئەشرەف دەرویشیان، ئیبراهیم یونسی، یاشارکەماڵ، محەممەدقازی و سەلیم بەرەکاتە. ناوەرۆکی بەرهەمەکانی ئەم بەشە، زیاتر باس لە چەوسانەوەی چینایەتی و بەگژداچوونەوەی نیزامە سەرمایەدارییەکان دەکا. لایەنی مرۆڤایەتی بەبێ جیاوازی لەم بەشەدا زیاتر زەق دەکرێتەوە. بەڵام بەرهەمەکە دەچێتە خانەی ئەو زمانەی کە پێی نووسراوە.

بەشی سێهەم، ئەو بەرهەمانەیە کە ئەگەرچی بە کوردی نەنووسراون، بەڵام بۆ ناساندنی مێژووی کورد و کێشەی کورد تەرخان کراون. نموونەی رۆمانی “نزا بۆ ئارمێن”ی یونسی، “کورد و کوردستان”ی واسیلی نیکیتن کە قازی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی، “رۆمانی چیای ئاگری”ی یاشار کەماڵ و

لە بواری گۆرانی و مووزیکدا دیسان نموونە زۆرن. ئیبراهیم تاتلیساس و شارام نازری، دوو نموونەی بەرچاوی ئەو بەشەن. 

ئەم بوارەش دیسان پۆلین دەکرێ بە سەر ئەو سێ بەشەی سەرەوەدا. واتە دەرباری، چەپ و نەتەوەیی. گشت ئەم هزرڤانانە لەو وڵاتەی کە تێیدا لە دایک بوون، رێگایان نەدراوە بە زمانی زگماکی بخوێنن و پەروەردە ببن. بۆیە کاتێک هزر و بیرێکی رووناکبیری یان هونەرییان تێدا دەرکەوتووە، بەو زمانە هاتوونەتە نووسین یان چڕین کە پێی پەروەردە کراون.

بە کورتی، ئەم کەسایەتییە خاوەن هزر و هونەرانە، لە بەر نووسینی بەرهەمەکانیان بەو زمانەی کە پێیان نووسیوە، نابێ لۆمە بکرێن. تەنیا ناوەرۆکی نووسینەکانیانە کە دەیانخاتە بەر رەخنە ئەگەر بە لایەنگری لە دەسەڵاتی داگیرکەر بایاندابێتەوە. 

من، وەک ناوەرۆکی کتێبەکانی یاشار کەماڵ، ئەوانەی کراون بە کوردی یان فارسی و خوێندوومەتەوە، هەست دەکەم بیری ئەو نووسەرە تێکەڵاوێکە لە چەوسانەوەی چینایەتی و نەتەوایەتی لە تورکیە. 

لە کۆتایی ئەم نووسینە سەرپێییەدا، دەمهەوێ روو بکەمە ئەو ئازیزانەی کە زۆر خراپ دادەبارنە سەر یاشار کەماڵی کۆچکردوو، ئەم رابردووە بخوێننەوە. ئەوسا، بە تێبینی زیاترەوە بڕیار بدەن.

بابەتی پەیوەندی دار


کاتالۆگ