رۆمانی “دەربار”، قادر ئەلیاسی

یەکێک لەو کتێبانەی کە لەم ماوەیەدا خوێندوومەتەوە، رۆمانی “دەربار” لە نووسینی بەڕێز خوسرەو جاف بوو. ئەم کتێبە پێکهاتووە لە ٨ بەرگ(١٦٦٣ لاپەڕە).  “دەربار”، رۆمانێکی مێژوویی نووسەرە. ناوەرۆکی ئەم پەرتووکە دابەش دەکرێ بە:xasraw-jaf-2010

١ـ سەردەمی پاشایەتی ئێران کە لە سەرەتای ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٩٦١ی زایینی دەست پێدەکا. لەو ساڵانەدا رێژیمی پاشایەتی بۆ ئەوەی خۆی لە قەیرانی رووخان رزگار بکا، بەرنامەی ئیستلاحاتی ئەرزی واتە چاکسازی و  دابەش کردنی زەوی و زاری هێنایە بەرباس و ناوی لێنا: ( شۆڕشی سپی). نووسەر، وەک کەسێکی شارەزا لەو سەردەمە و نزیک لە دام و دەزگای پاشایەتی، توانیویەتی رووداوە نهێنییەکانی نێو دەربار و بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکانی دەور و بەری دەرباری پاشایەتی بۆ خوێنەر بگوێزێتەوە. بەڕێز جاف، هاوکات لە گەڵ هاتنەکایەی کێشەی زەوی و دژایەتی مڵکدارە خاوەن زەوییەکان بەرامبەر بەو بڕیارەی دەربار، جم و جووڵی سیاسی ئەو کاتە و سەرکوتی ئەو بزووتنەوانە لە لایەن ساواکەوە دێنێتە بەرباس. “ساواک” کورتکراوەی( سازمان امنیت و اطلاعات کشور)ە کە واتاکەی دەبێتە “رێکخراوی ئاسایش و زانیاری وڵات”. نووسەر لە درێژەی ئەو بەشەدا بە بێ ئەوەی ناوێک لە بەرهەڵستکاران بێنێ، وەک دژکردەوەیەک لە بەرامبەر سەرکوتی ساواکدا، ئاماژە بە چەند چالاکییەکی چەکدارانەی ئەو قۆناغە دەکا.

٢ـ هاوکات وێڕای ئاماژە بە بارو دۆخی عێراق و باشووری کوردستان، بە پێناسەیەکی کورت سەبارەت بە دەسەڵاتی ئەوکاتی ئەو وڵاتە تا دەگاتە رێژیمی بەعس و شۆڕشی باشووری کوردستان، بە رێبەرایەتی نەمر مەلامستەفای بارزانی، سووکە ئاوڕێکیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەداتەوە.

٣ـ تەوەری سێهەم، تەرخان کراوە بە رووخانی رێژیمی حەمەڕەزای پاڵەوی و هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان و؛ شەڕی عێراق ـ ئێران و وێرانییەکانی ئەو قۆناغە لە مێژووی ئەو دەڤەرەدا.

٤ـ لە باری زمانی نووسینی کتێبەکەوە، تا بڵێی، خۆماڵیانەیە و بۆ من کە ئاشنای زاراوەکانی کوردی ناوچەی کرماشان و ئەو دەوربەرەم، ئەوپەڕی سەرنجڕاکێش بوو.

وەک خوێنەرێک، لە گەڵ ئەوەی دەستخۆشی لە نووسەری رۆمانی “دەربار”، بەڕێز خوسرەوجاف دەکەم کە وەستایانە و راشکاوانە ژیانی خەڵکی ئەو دوو وڵاتەی لەو قۆناغانەدا خستۆتە بەر چاوی خوێنەر، چەند وردە سەرنجێکیشم سەبارەت بە ناوەرۆکی کتێبەکە هەیە کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەکەم:

١ـ لە مەڕ جوغرافیای رۆمانەکە:

دەڵەشێر، چەمێکە لە کانیاوەکانی داڵەهۆ سەرچاوە دەگرێ و لە دەشتی زەهاو تێدەپەڕێ و لە کەژی گەڕی ئۆسمان، لە تەنگی حەمامەوە، سنووری دەسکردی نێوان عێراق ـ ئێران دەبڕێ و لە گەرمیان، تێکەڵ بە سیروان دەبێ. کەچی نووسەر، وا خوێنەر تێدەگەیەنێ کە چەمی دەڵەشێر لە نزیک سەرتەکی چیای بەمۆ هەڵکەوتووە.

گاڕێ، کەژێکی درێژی ناوچەی باوەجانی یە. ئەم کەژە زیاتر لە تیرەشانێک دەچێ تا چیایەکی بەرز. واتە ئەوەندە درێژە، ئەوەندە بەرز نییە. هەر بۆیە ناویشیان ناوە، گاڕێ، چوونکە گا بە بارەوە توانیویەتی بە ئاسانی بە سەریدا تێپەڕێ یان رێگەی ئەو کات بە چوارپێ بووە، باریان بە گا لەو شوێنەوە تێپەڕاندووە. بەڵام لە رۆمانی دەرباردا، وەک ئەوەی چیای داڵەهۆ یان شاهۆ بە خوێنەر بناسێنێ، ئاماژەی پێکراوە.

گوندی باوەنوور کە بۆ پەڕێنەوەی پێشمەرگە بریندارەکانی شۆڕش لە ئاوی سیروان دەست نیشان کراوە، لە باری جوغرافییەوە لە کەلارەوە نزیکە نەک لە سلێمانی. ئەوەی لە کتێبەدا هاتووە، کە بنکەی پێشمەرگەکان لە شەمێران، لەوبەری دەربەندیخانەوە هەڵکەوتووە، بۆ گواستنەوەی بریندارەکان لە ئاوی سیروان، بە مەبەستی گەیاندنیان بۆ سلێمانی، باوەنوور وەک شوێنی پەڕینەوە دیاری کراوە. ئەگەر مەبەستی نووسەر ئەوە بێ کە دوژمن بە بریندارەکان نەزانێ، دەبوو ئاماژەی پێکردبا. ئەگینا شەمێران لە ناوچەی هەڵەبجەوە نزیکە و پەڕینەوەش لەو شوێنەوە گونجاترە.

٢ـ لایەنی زمانەوانی و زمانی نووسینی کتێبەکە:

نووسەر تا بەرگی چوار، دیالۆگی کەسەکانی نێو کتێبی “دەربار” کە خەڵکی داڵەهۆ و کوردی یارسانین، بە زاراوەی کوردی خوار( کرماشانی، فەیلی، گۆرانی)، دەخاتە بەر دیدی خوێنەر، بەڵام دوای ئەو بەرگە، واتە لە بەرگی پێنجەوە تا کۆتایی، زۆر بە کەمی ئاوڕ لەو دیالکتە دەداتەوە. تەنانەت، هەندێجار دەنووسێ: ” هەر کات فەرهاد و کورش کەیفیان سازبا، بە زاراوەی خۆیان واتە ئەڕازوان، قسەیان دەکرد”. لە کاتێکدا، بە کردەوە وا نییە. واتە کەسێک بە زاراوەیەک لە زمانی کوردی گۆش کرابێ، لە گەڵ ئەو کەسانەی کە سەر بەو زاراوەیەن، هەر بەو زاراوەیە قسە دەکا. بە تایبەت لە کرماشان و شائاوا و سەرپێڵ و ئیلام و…

فارس دەڵێ: … پشیزی نمی ارزد. بە کوردی دەبێتە پووڵێکی قەڵب ناهێنێ. یان فلسێک ناهێنێ و… لە کاتێکدا ئێمە هاوتای کوردی ئەو چەمکە یان دەستەواژەیەمان هەیە. نووسەر دەبوا بە کەڵک وەرگرتن لەو زاراوە کوردییانەی کە شارەزایە، هاوتای ئەو رستە باوەی دۆزیباوە و بە کاری هێنابا. لە زۆر جێگادا وشەی پێداویستی کە ئاماژە بەو کەرەستانەیە مرۆڤ پێویستیەتی، لە رۆمانی “دەربار”دا بە داپێویست هاتووە. من پێم وایە، ئەمە تۆزێک شێواندنی وشەی تێدایە تا دەوڵەمەنکردنی زمانی کوردی.

وشەی “لە مێژ”دا کە لە زۆربەی نووسینەکانی مامۆستاخوسرەودا هاتووە، لە رستەدا واتای “لە مێژە، لە زووەوە و…” دەبەخشێ. بە رای من، لە بەکارهێنانی ئەم وشەیەشدا هەست بە لەنگی دەکرێ. دەکرا و ئێستاش دەگونجێ، نووسەر لە باتی بەکارهێنانی ئەو وشەیە، لە هاوواتاکەی کە وشەیەکی جێگرتووە، کەڵکی وەرگرتبا.

لە کۆتایی کتێبەکەدا، بە ناردنی نامەیەک لە لایەن ئەو ژنەی لە دەستی فەرهاد و کوورش هەڵهاتووە و لە پاریسە، گوایە خومەینی و دەزگای کۆماری ئیسلامی ئەو دوو خۆفرۆشە بێ ئەخلاقەی نێو رۆمانەکە(فەرهاد و کوورش) لە سێدارە دەدەن! وەک ئەوەی دەسەڵاتی ئاخوندی، دەسەڵاتێکی خەڵکی بێ و گوێ بۆ هاوار و داوای خەڵک بگرێ!؟ ئەمە ئەگەر لە کتێبەکەدا وا وێناکرابایە، رەنگە کێشەیەک نەبوایە و خوێنەر وای لێک دابایەوە کە نووسەر لایەنگری رێژیمی ئاخوندییە. بە پێچەوانە، نووسەر، بە خستنە بەرچاوی شێوەی دەسەڵاتداری رێژیمی پاشایەتی و ئیسلامی ئاخوندی، بە خوێنەر دەڵێ: هەر دوو رێژیمەکە دیکتاتۆر، زاڵم و دژی کوردن. بۆیە ئەم خاڵە و بە هاناوە هاتنی ئەو نیزامە بە نامەیەکی ژنە کوردێکی هەڵهاتووی نیشتەجێی پاریس، لە گەڵ ناوەرۆکی کتێبەکە یەک ناگرێتەوە. راستە رۆمان، زۆر جار خەیاڵی نووسەرە و دەکرێ ئەو شتە یان رووداوە هەر رووی نەدابێ، بەڵام دەبێ رووداوە خەیاڵییەکان یان مێژووییەکان پێکەوە هاوتەریب بن و لە گەڵ یەک ناتەباییان نەبێ.

نرخاندنی کۆتایی:

جگە لەو سووکە سەرنجانەی سەرەوە، ناوەرۆکی کتێبەکە ئەوەندە جوان داڕێژراوە، خوێنەر هەر کە دەستی بە خوێندنەوەی کرد، حەز ناکا وازی لێبێنێ تا سەر لە بەری نەخوێنێتەوە.

بۆیە بە نووسەری رۆمانی دەربار دەڵێم: خەرمان بەرەکەت و تەندروستی و بەردەوامیت لەو بوارەدا بە ئاوات دەخوازم.

کاتالۆگ