گـوڵی پایــز، دایکی سۆلاڤ

ئاواتی دڵی گەشاوەم   

ئەی گوڵی سوور    

ئەی نەخشاوی وەرزی پایز

دایکی سۆلاڤ

 

ئەمڕۆ . سبەی. بە کزەبای بێ بەزەیی

پەڕەت هەڵئەوەرێ بەڕیز

بەڵام تۆی گوڵ خۆزگەم بە خۆت

ئەژێیتەوە .. ماچی لێوی بەهار ئەکەیت

وردە  وردە سەوز ئەبیت و

ئەشنێتەوە

خۆزگە منیش وێنەی تۆی گوڵ

پەڕە زەرد و گەڵای زەردم هەڵئەوەری

جارێکی تر سەوز ئەبووم و ئەڕوامەوە

یان وەک مۆمێکی داگیرساو

دوای ئەوەی کە تیشکم بەخشی

کز ئەبووم و ئەتوامەوە

یان وەک عاشقێکی شەیدا

لە بەردەم پەیکەری خۆشەویستیا

هەمیشە ئەنوشتامەوە

یان وەک سۆفی و  دەروێشەکان

لە مزگەوت و تەکێکاندا

بۆ مەبەستم ئەخولامەوە

خۆشەویستم ئەی گوڵی سوور

هاوڕێی دێرین ئەتبینمەوە

وا بەهارێک بەدی ئەکەم

لە پایزی تەمەنمدا

خەمەکانم پێشێل ئەکەم

 خەندە ئەنێم بە لێومدا

ئەم هەگبەیەی پێمە ئێستا

پڕ لە گۆرانی و ئاوازە

پڕ لە سۆز و بەزەییە

پڕ لە رازە

گەرووی سەوزم هاوار ئەکا

بفڕە ئەی کۆتری ئاشتی

بەسەر مەڵبەندی پیرۆزا

بەسەر ئاگری نەورۆزا

بەسەر هەورا، بەسەر  بەفرا

بەسەر چیای پڕ هەتاوا

بەسەر  گردی شەهیدانا

بەسەر ئاسۆی بەیانمانا

بەسەر هیوا و خەم و ژانا

نامەکانم هەڵپژێنە

بە  رووی مانگ و ئەستێرەکانا

مژدە شادی راپەڕێنە

چڵی سەوزی دار بەڕوویەکم بۆ بێنە

هەواڵ بەرە بۆ ( ئەرخەوان )

دڵی زیندوان راپەڕێنە

کاتالۆگ