بە بۆنەی حەفتاسالە بوونی ح.د.ک ، حەسەن ماوەرانی

حەفتا ساڵ خەبات و تێکۆشان ، حیزبی دێموکراتی کوردستان، تەمەنی گەیشتە حەفتا ساڵ. ساڵانێکی دور و درێژ تێپەری و بە هەزاران کەس لە ریزەکانی ئەو حیزبەدا، ژیان و تەمەنی خۆیان کردە قوربانی لە پێناو وەدی‌هێنانی ئامانجەکانی ئەو حیزبەدا.hasan_mawerani

بەداخەوە پاش حەفتاساڵان، هێشتا ئەو کەموکۆڕییانەی کە لەسەرەتای پێکهاتنی ئەو حیزبەوە بە درێژایی تەمەنی لەگەڵی بوون، هەر لە ئاڕا دان و هەوڵ و تێکۆشانێکی ئەوتۆ لەلایەن هێچکام لە لاباڵەکانی بە میرات بەجێماوی ئەو حیزبە بۆ کار کردن لەسەر ئەو کەم و کۆڕییانە لە گۆڕێ دانییە.

ئەو حیزبە کە لە تەمەنی خۆێدا چەند ڵاپەڕەیەکی زێڕینی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوایەتی کوردی تۆمار کردووە، حەیفە کە تووشی ئەو بارودۆخە هاتووە کە نەکراوە ئەو کەم و کۆڕییانە چارە بکا.

بەر لەوەی کە پەنجە بۆ ئەو کەم و کۆڕییانە ڕاکێشم کورتەیەک لە لاپەڕە زێرینەکانی تۆمار کراو لە لایەن ح.د.ک ەوە دەدوێم.

ح.د.ک لەسەرەتای دامەزرانیەوە بە پشت ئەستوور بوون بە خەباتی پێشووی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ، کە دەکرێ بڵێێن بێجگە لە بەڕێوەبەرایەتیەکەی هەموو دامەزراوەکانی لەسەر بنچینەی ک.ژ.ک ەوە پێکهاتبوو، توانی کۆماری دێمۆکراتی کوردستان  بە پێشەوایەتی شەهیدی نەمر قازی محەمەد و بەشداری و پشتیوانی کوردەکانی پارچەکانی تری نیشتمانی داگیرکراومان بە تایبەت بارزانی نەمر و پێشمەرگەکانی ، دابمەزرێنی. لاپەڕەیەکی زێرین لە مێژووی کورددا کە هەتا ئیستا وێنەی نەبۆتەوە. (١٩٤٥- ١٩٤٦)

ڵاپەرەیەکی زێڕینی تر کە دەبێ ببێتە نمونەیەکی ڕاهێنان  بە دەست پێشەوای نەمر لە  بێدادگای سپایی ئێران و لە پشت دەرگای بەستراو تۆمار کرا، ئەویش داکۆکی ئازایانە و بوێرانەی پێشەوا بوو کە سەرەڕای ئەوەکە دەیزانی دوژمن هەتا نەیکوژێ وازی لێناهێنی، بە حیماسەوە لە کورد و کوردستان داکۆکیی کرد. ئەو لە زیندانی دوژمندا دوژمنی محاکمە کرد. بە هۆی هەوڵی تێکۆشەرە ئازادیخوازەکانی ئێرانی ئەم داکۆکیە بوێرانەی  پێشەوا وەبن خۆڵەمێشی مێژوو نەکەوت و بۆ وەچەی دواڕۆژ تۆمار کرا. (١٩٤٦)

دیارە هەتا ئێستا گەڵێک کوردی خەباتگێر لە بێدادگاکانی داگیرکەران لەڕوی دوژمندا وەستاون و داکۆکیان لە ئامانج و ویستەکانی گەلەکەیان کردووە و مەرگ نەیتوانیوە ئەم مەبەستەیان لەبیر بباتەوە. بەڵام  گرنگی داکۆکی پێشەوا لەوەی دایە کە ئەو وەک سەرۆکی کورد بە وریایی بەم ئەرکە هەستا. (١٩٤٦)

 

پاش ڕووخانی کۆمار، هەستانی کۆمەڵێک گەنج بە ئەرکی بووژاندنەوەی ح.د.ک، کە زۆربەی بەڕێوەبەرەکانی خۆیان بە خۆپارێزی گۆشەگیر بوون، هەستان. ئەم کۆمەڵە گەنجە لە هێج ڕا حیزبیان بووژاندەوە و لە ماوەەی چەندساڵاندا توانیان ببن بە هێزێکی سیاسی بەرچاو و پاش سەردەمی ک.ژ.ک  هەمدیسان جارێکی تر بە بردنەوەی هەڵبژاردنی پارڵمان ١٩٥٢دا لە مەهاباد لە ڕاستیدا پشتی ڕژیمیان لە ئەرزدا. لە ساڵی ١٩٥٨ بەڕێوەبەری حیزب عەزیز یۆسفی و هاورێیەکانی محاکمە کران. ماوەی سێ ساڵان عزیز یۆسفی ، مامە غەنی بلوریان و شریعەتی لەژێر حوکمی ئیعدام ڕاگیران. کؤڵیان نەدا و لەئەنجامدا بە هۆی زەختی لایەنگرانی مافی مرۆڤ و گەلێک لە سیاسەتمدارە ناوخاسەکانی نێونەتەوەیی، ئیعدامەکەیان  کرا بە زیندانی ئەبەد. کاک عزیز و مامە غەنی هەرکام بە کۆڵەباری ٢٥ ساڵەیی زیندان بوون بە قارەمانی نەتەوەیی.

بزوتنەوەی شەستەکانی کۆمیتەی شوڕشگێڕی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ، ڵاپەرەیەکی دیکەی زێڕین بوو کە لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتی کورددا تۆمار کرا. لەبارو دۆخێکدا کە ئەحمەد تۆفیق ، سکرتێری هەڵبژێردراوی حیزب لە کۆنگرەی دەرکە لەسەر زۆری ئەندامان داخراودا، بە کەڵكوەرگرتن لە پێوەندیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوڕشی بارزانی گەورە، سیاسەتی لادان و ترۆری ئەندامە چاڵاکەکانی حیزبی ڕەپێشگرتبوو، دوو ئەندامی بە نرخی حیزب  دوو ڕۆلەی بڵێمەتی کوردستان کە جێگایان پڕ ناکرێتەوە، واتا شەهید سەدیقی ئەنجیری و شەهید ئەسعەدی خودایاری  ناجوانمێرانە ترۆر کران. بەشیک لە ئەندامەکانی حیزب کە زۆربەیان ڕووناکبیر بوون ، ملیان بە ویستەکانی سکرتێر و زەختی بەڕێوەبەڕایەتی شورشی باشور نەدا. بەڕێوەبەرایەتی شوڕشی باشور بە هۆی پێوەندیی لەگەڵ ئێران، هەر چەشنە دەرەتانێکی  لە جوڵانەوەی خەباتکارە کانی ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستان لە دژی ڕژیمی ئێران  بڕیبوو. کۆمیتەی شوڕشگێری حیزبی دێمۆکرات  بۆ نەجات دانی حیزب لەو قەیرانەی بەڕێوەبەریی تاکە کەسی  بێ بەرنامەیی و سیاسەتی ملكەجی بە بەشداریی حەمەدەمینی سیراجی، مەلا ئاوارە، سمایلی شەریفزادە، سالاری حەریدەری و سەناری مامیدی  دامەزرا. پاشان بە  یەکگرتن ئەو کۆمیتەیە  لە گەڵ شەهید سولەیمانی معینی کە نەیدەتوانی لەوە زیاتر تەکرەوی و سەرەڕۆیی ئەحمەد تۆفیق قبول کات،  و بەشێکی زۆر لە پێشمەرگەکان لە ڕاستیدا پێگەی ئەحمەد تۆفیق و ڕاسترەوەکانی وەفادار بەویان کز و تەق و لەق کرد. کۆمیتەی شوڕشگێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بە ناچاری  بە هۆی زەختی شورشی باشور لەسەریان، لەناوچیا و دؤڵەکانی  ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو بوونەوە و بەداخەوە پتر لە ٢٠٠ شەهیدیان دا. هەر لەهەمان کاتیشدا لەلایەن بارزانیەوە یەكی لە هەڵە گەوەرەکانی ژیانی ئەنجام درا کە بریتی بوو لە فەرمانی کوشتنی شەهید سولەیمانی معینی ، وتەبێژی  کۆمیتەی شوڕشگیڕی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و  رادەستکردنەوەی بەشێک لە پێشمەرگەکان بە ئێران.

قۆناخێ زێڕینی دیکەی تۆمارکراو لە مێژووی کورددا، بەرخۆدانە لە ئاست کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامی  کە  ماوەیەکی هەشت ساڵانەی  شەڕی چەکدارانەی خایاند. گەرچی لەم قۆناخەدا هەڵە و هەڵەکاریی  زۆر کرا کە بوو بە هۆی جیابوونەوە و دەرکردن و تەنانەت تیرۆری کەسایەتیش، بەڵام بایخی مێژوویی خۆی هەیە و بەرگێکی زێڕینی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتیە.

ئیستا بەداخەوە ئەو حیزبە  حەفتا ساڵەیە بۆتە دوو هێڵی جیا لێکتر و لەڕاستیشدا لە ناو هەر هێل چەندین هێلۆچکە.

بە ناچار یان بە زانستە هەر هێڵ پشت ئەستور بە پاڵپشتیی  زلهێزێکی باشور. باشوریش بەبێ وەرگرتنی ئەزمون لە شوڕشی بارزانی گەورە، هەمدیسان  ڕیگر و کۆسپ لەسەر  چاڵاکی کوردی ڕۆژهەڵات لە دژی کۆماری ئیسلامیە.

ح.د.ک بەهەردوولاباڵیەوە لە ئاست گەلێک کەم و کۆڕیی خۆیان  کەمتەر خەم بوون. هەتا نووسینی ئەو دێڕانە  هیچکام لە لاباڵەکانی حیزب نەیانتوانیوە مێژووی ئەو حیزبە بە شێوەیەکی زانستیانە تۆمار بکەن. ئەگەرچی لێرە و لەوێ چەند کتێبێک وەک بیرەوەری تاکە کەسی نووسراون، کە بەداخەوە زۆربەیان بەهۆی رقەبەرایەتی نووسەرەکە لە ئاست زۆر کەس و  زۆر رووداودا جێگای متمانە نین. لەڕاستیدا تۆمارکردنی مێژووی حیزب  بەشێکە لەخەبات بۆ بەرگری لە دووپات و چەندپاتکردنەوەی هەڵەکان. هەر حیزبێکی پێشکەوتوو لە  دەورەی ڕاهێنان و پەروەردەی کادیردا مێژووی خۆی  بۆ ئەندامەکان شیدەکاتەوە و دەیخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. تەنانەت  بەڕیوەبەڕایەتی  هەردوو هێڵی حیزب  بە ئاشکرا تەنانەت یادکردنەوەش لە بەشێک لە کەسایەتیەکانی حیزبی دێمۆکرات،  کە لە مێژووی کورددا شانازیان پێدەکرێ خۆ لادەدەن. تەنیا لە مساڵدا بەڕێز خالید عزیزی بۆ یەکەمجار لە سێ دەیەی ڕابردوودا،  بەڕێزەوە یادی لە بەشێکیان کردەوە.

حدک بە هەر دوو لاباڵیەوە هەتا ئێستا نەیانتوانیوە ئارشیڤێکی ڕێک و پێکیان هەبێ هەتا وەچەی ئێستایان  بیکاتە سەرچاوەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە.

ڵێکدابڕاویی دوو هێڵ  لە ڕاستیدا بەبێ ڕوون بوونی سنورێکی ئیدیۆلۆژیک و تەنیا دەکرێ بڵێێن لەسەر کورسی لەگۆڕێ دایە.  

بێ بەرنامەیی زەق بۆ چالاکی و تەنیا وەدواکەوتنی ڕووداوەکان. نموونەی دیار و ئاشکرای دانانی مقەرە لە سنوورەکانی کێلەشین کە بەداخەوە بوو بە هۆی پێکهەڵپرژان و تەقە لە گەڵ پ.ک.ک . کە بەخۆشیەوە بە هۆی هەوڵی ح.د.ک و پ.ک.ک  کۆتایی هات.

کەم بایخدان بە  باری پاراستن. شەهید بوونی دوو سکرتێر، ژاراوی کردنی خواردنی مقەر، بە ڤیدیۆ فیلم هەڵگرتن لە میوانەکان لە کۆیە و لە پاشان  نیشاندانیان لە لایەن بازجوەکانی کۆماری پەت و سێدارە بۆ وەگرتنی ئیعتیراف، وە دەیان ڕوداویتر لە باشور کە بە دەیان کەس لە ئەنجامیدا شەهید بوون ئەوە بە ئاشکرا روون دەکەنەوە کە ئەو حیزبە پێویستیی بە سیستمێکی پاراستن هەیە کە لە بەرانبەر خۆتێخزاندنی  سیخور و تیرۆریستەکانی باشوری و ڕۆژهەڵاتیی ئێراندا بیان پارێزێ.

ناڕوونی و ڵێڵی لە ستراتێژی و تاکتیک دا. هێڵی حدکای  ئەو حیزبە هەر نەوەک باهاتبێ و نە باران تەنیا دووپاتکەرەوەی ئەو بەرنامەیە کە ٤٥ سال لەمەوبەر لە لایەن شەهید قاسملو، کاک کەریمی حیسامی و کاک حەمەدەمینی سیراجی دیاریکرا و لە کۆنگرەی سیهەمدا پەسند کرا. واتا ٤٥ ساڵ گۆڕانی بەسەر هیج نە‌هێناوە. گەرچی لەم دوایەدا فیدراڵیان لە جێگای وشەی خودمختاری داناوە بەڵام ناوەرۆکی بەرنامەکە هەمانە کە بوو.

هێڵی حدک گەرچی لەسەرەتای جیابوونەوە پەنجەیان بۆ چەند شت و یەک لەوان سەربەخۆیی دۆفاکتۆ بە شێوازی فیدراڵی ڕاکێشا بەڵام پاش تێپەڕ بوونی چەند ساڵ، تەنانەت کەوتنە ( یان خستیاننە) سەر میزی  وتووێژ لە گەڵ ڕێکخراوەی سیخوڕیی  کۆماری ئیسڵامی.  بەمجورە دیار نییە کە ئەو حیزبە چی دەوێ. ئایئا هەڵگەراوەتەوە سەر داواکارییەکانی کۆنگرەی چوارەم؟

کەمو کۆڕییەکی تر بایخنەدانە بە ڕێکخراوەی سیاسی لە ناوخۆدا و دیتنی هەموو شتێک  تەنیا  بەشێوازی پێشمەرگایەتی سەدەی ڕابردوو. لەم کارەشدا هەردوو لایەن  کەمتاکورتێک وەک یەکن و تەنانەت رقەبەرایەتیش دەگەڵ یەکتر دەکەن. ناردنەوەی بە پەلەی پێشمەرگە بۆ سەرسنور وێنەیەکی بەرچاوی ئەو  کردەوەیە کە بەداخەوە نەک وەک ڕابردووش بە نهێنی بەڵکو بە کامێرا و  وێنەهەڵگرتن و پرۆپاگەندەشەوە. دیار نیە دەبێ چەند کەسیش لە ئەنجامی ئەو کارانەدا شەهید بن هەتا  بەو هەڵەیەش بزانرێ. دەکرێ بڵێین کاتێک  حیزبێک کە بیهەوی  خەباتی چەکداری بکا، بەر لەخەبات ڕێکخستنێکی بەهێز لەناوخۆدا پێکدێنی. بە دەیان شانەی ثێشمەرگەی ناوشار ڕێکدەخا. سەرچاوەی چەک و دارایی پتەو دەکا و لە پاشان بە نهێنی بنکە و بارەگا لە ناو  چیا و  دارستان و شوێنە چەتونەکانی ناوخۆ دادەمەزرێنی و گرتنی هەر چەشنە وێنەیەکیش لەو شوێنانە  قەدەغە دەکا. پاشان ڕادەگەێەنێ کە  دیسان پێشمەرگە وەجموجۆڵ دەخا.

سەرباری هەموودەردان  خود بوونی دوو هێڵەکەیە کە بە هیچ کلوجێک  نایەنە سەر ڕێگای یەکگرتنەوە. بازاری شەڕ و دمەقواڵەی ناو ئینتیرنت لەناو لاینگرە بەستەزمانەکانیان وەها توندە کە گەر چەکیان بەدەست بایە سینگی یەکتریان کوناوژن دەکرد. بەداخەوە بە فەرمی هیچکامیان  بۆ ئەندامەکانیان یاساخ نەکردووە کە خۆ لەمجۆرە کارانە نەدەن کە دیاریش نییە چندە سیخوڕی ڕژیم لە  سەر ڕایەڵەی ئینتیرنت دنەدەدەنە ئەم کارە نالەبارانە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کەم و کۆڕیانە هەر دەبێ چاوەڕوان بین کە  بەڵکو کارێکی کارا  و شەهامەتێکی بێوێنە  لە کادر و ئەندامەکانی ئەو حیزبە  بتوانێ ئەو بارودۆخە بگۆڕێ و ح.د.ک بخاتەوە سەر ئەو شوێن و پایەیەی کە لەڕاستیدا دەبوایە هەیبێ و شایانێتی.

هیوادارم حەفتاسالەی لەدایکبوونی حیزبی دێمۆکرات ببێتە نوختە وەرچەرخانێکی مێژوویی لەم حیزبەدا  کە مایەی شادی رەوانی هەموو شەهید  و خۆبەختکەرانی  پێشووی بێ و دوستان و ئەندامەکانی  ئێستاشی شاد کات.

 

 

 

 

 

کاتالۆگ