مستەفا هیجری: بەدەستهێنانەوەی مافەكانی گەلی كورد بەندە بە رۆخانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و ئەوەش ستراتیژ و سیاسەتی حدكایە

سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) رایدەگەیەنێت ئارامی ناوچەكە و بەدەستهێنانەوەی مافەكانی گەلی كورد بەندە بە رۆخانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و ئەوەش ستراتیژ و سیاسەتی حدكایە.mustefahijri12

مستەفا هیجری، سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ خەندانی وتی ” لەوەتەی رژێمی كۆماری ئیسلامی لە ئێران هاتووەتە سەر حوكم ناوچەكە تووشی ئاڵۆزی زۆر بووە، چونكە ئەو رژێمە لە فیكری پێكهێنانی ئیمپراتۆریەتێكی ئیسلامی شیعە دایە لە ناوچەكە، خۆی بە رێبەری مسوڵمانانی جیهان دەزانێت: وتیشی “ئەوەی لە باكووری كوردستان و بۆ حكومەتی ئێستای توركیا سازدەكرێت بەشێكی دەستی ئێرانی تێدایە“.

 

خوێندنەوەی ئێوە بۆ دۆخی ناوچەكە چییە؟

مستەفا هیجری: بارودۆخەكە لەباری سیاسییەوە زۆر ئاڵۆزەو سەر لێدەركردنی بڕێك زەحمەتە، ئاڵوگۆڕەكان زۆر خێرا روو دەدەن، خاڵی سەرنجڕاكێش لێرەدا ئەوەیە كە ئەوەی بڕیار لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە دەدات خەڵكی ناوچەكە نین، بەڵكو خەڵكانی دیكەن و هەریەكە و بەرژەوەندییەكان بەرەو لای خۆیان رادەكێشن، لەبەرئەوەی بەرژەوەندییەكانیش جیاوازن، بۆیە خاڵی هاوبەش و رێككەوتنیان زۆر كەمە.

بۆیە دۆخەكە لە ناوچەكەدا بەو شێوەی لێهاتووە كە لە سوریادا رۆژانە خەڵك دەكوژرێن و ئاوارە دەبن، لە عیراق بێ دەوڵەتی دەبینرێت و لە زۆر لاوە دەستیان تێوەرداوە، بڕیاردەرەكان زیاتر عیراقی نین. كوردستانی عیراقیش دوور نییە لەم ئاڵۆزیانە، زیاتر لە یەك ملیۆن ئاوارە رووی تێكردووە، قەیرانێكی ئابووری توند بەرۆكی گرتووە، بەداخەوە و لە هەمووشی ناخۆشتر ئەوەیە كە لە نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان ناتەبایی هەیە، ئەوەشی لە پەیوەندی بە چارەسەركردنی كێشەكان دەبینرێت ئەوەیە كە هەر حزبە و تەنها لە بیر و خەمی بەرژەوەندییەكانی خۆیدایە، بۆیە ناتوانن چارەسەری كێشەكان بكەن، كاریگەری خراپی ئەو دۆخەش زیاتر دەكەوێتە سەرشانی خەڵك و، ئەوەش خەڵكی بێ هیوا كردووە لە ئاكامدا ژمارەیەكی زۆر كۆچ دەكەن لە بەر ئەوەی  هیچ ئاسۆیەك بۆ چارەسەر نابینن. دەسەڵاتداران ئاسۆی چارەسەر نادەنە خەڵك و لە نێوان حزبەكاندا شەڕە پرۆژە هەیە و كەسیان پرۆژەی ئەویتر ناخوێننەوە.

 

پەیوەندیدار بەم دۆخە ئێران چۆن سیاسەتەكەی ئاراستە دەكات؟

مستەفا هیجری: لەوەتەی رژێمی كۆماری ئیسلامی لە ئێران هاتووەتە سەر حوكم ناوچەكە تووشی ئاڵۆزی زۆر بووە، چونكە ئەو رژێمە لە فیكری پێكهێنانی ئیمپراتۆریەتێكی ئیسلامی شیعە دایە لە ناوچەكە، خۆی بە رێبەری مسوڵمانانی جیهان دەزانێت .ئەمە وایكردووە كە دەستتێوەردانی تەواو بكات بەتایبەت لە عیراقدا، تا ئەو رادەیەی كە دەسەڵاتی تەواوی هەیە و دەتوانیت سوپا دروست بكات وەكوو حەشدی شەعبی، هەر خۆی پارە و چەكیان دەداتی و پەروەردەیان دەكات. بەهەمان شێوە لە لوبنان و سوریا كە ئەو هەموو كارەساتەی تێیدا روو دەدا، كۆماری ئیسلامی ئێران بەشی زۆری بەردەكەوێ  چونكە پێداگرە لەسەر مانەوەی بەشار ئەسەد. هەروەها ئەو رووداوانەی ئێستا لە توركیا روو دەدات بەشێكی پەیوەندی بە دەستتێوەردانەكانی ئێرانەوە هەیە.

 

مەبەستت لەوە چییە كە ئێران دەستی لە ئاڵۆزییەكانی نێو توركیا هەیە، ئایا مەبەستت لەو ئاڵۆزیانەیە كە لە باكووری كوردستاندا هەن؟

مستەفا هیجری: ئەوەی لە باكووری كوردستان و بۆ حكومەتی ئێستای توركیا سازدەكرێت بەشێكی دەستی ئێرانی تێدایە ئەوە روونە كە حكوومەتی توركیا هەڵگری بیروباوەڕی ئیسلامی سوننەیە و، ئێرانیش خۆی بە رێبەری شیعەكانی جیهان دەزانێت، لە لایەكی دیكەوە لەبەرئەوەی توركیا هێزێكی گەورەی ناوچەكەیە بۆیە ئێران بەمە قەڵسە و دەیەوێت كێشەی بۆ دروست بكات بۆ ئەوەی كاتی نەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی، لەبەرئەوەی بەهەر شێوەیەك ئێران بتوانێت دەستتێوەردان دەكات.

 

 بەشێكی ئەو دەستتێوەردانە فراوانەی ئێران پەیوەندی بەوەوە نییە كە روسیاش بە هێزی سەربازی بەشداری شەڕی سوریا دەكات و ئاڵۆزییەكان هێندەی تر زیاتر بوون؟

مستەفا هیجری: روسیا پێشتر بنكەی سەربازی لە كەنارئاواكانی دەریای سپی و سنوورەكانی سوریا هەبووە، بەڵام ئێران روسیای زیاتر هاندا بۆ ئەوەی جدیتر بەشداری بكات و بێتە پێشەوە ئەویش بۆ دوو مەبەست:

یەكەمیان ئەوەیە كە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا زۆر چوونە پێشەوە و زۆر ناوچەیان كۆنترۆڵ كرد بەڕادەیەك مەترسی كەوتە سەر مانەوەی رژێمەكەی ئەسەد و لە كەوتن نزیك بووە، ئەمە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران وەكو قومارێكی گەورە بوو كە دەیدۆڕاند، ئەمە وایكرد روسیا لەلایەك لەبەر بەرژەوەندییەكانی و نزیكی لە ئێران و هەروەها لەبەر نیشاندانی هێزی خۆی بەتایبەت دوای قوڵتربوونەوەی كێشەكانی لەگەڵ رۆژئاوا لەسەر “نیوەدوورگەی كریمە”، بۆیە بەو شێوەیە هاتە پێشەوە. بەتایبەت بەشێكیشی پەیوەندی بەوەوە هەیە كە روسیا بەهۆی ئاوارەكانی سوریاوە دەیەوێت كێشە بۆ ئەروروپا دروست بكات.

دووەمیان ئەوەیە كە بەرژەوەندی ئێران و روسیا لەوەدایە ئەسەد بمێنێتەوە، بە مانەوەی ئەسەدیش چارەسەری كێشەكانی سووریە زۆر بەزەحمەتە، دۆخەكە بەجۆرێكە هەر لایەنە و هەوڵی بەدەستهێنانی ئامانجەكانی دەدات، لە هەرێمی كوردستان ئەزموونێك هەیە، لە باكوور ئاڵۆزییەكان چووەتە ناو شارەكان و لە رژئاواش كانتۆنەكان دورستبوون، ئێوە وەكو حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بەتەمای چین و ستراتیژتان چییە؟

مستەفا هیجری: سیاسەتی ئێمە بەرانبەر رژێمی ئێران دوای تێپەڕبوونی 37 ساڵ بەسەر تەمەنی ئەو رژێمەدا هەمان سیاسەت و هەڵوێستە و دووپاتی دەكەینەوە كە تاوەكو رژێمی ئیسلامی ئێران لەسەر حوكم بێت نە مافی كورد و نە مافی گەلانی تری ئێران دابین ناكرێت. كۆماری ئیسلامی ئیران نەك هەر رازی نییە بەپێدانەوەی مافی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵكو بە دابین بوونی مافی كورد لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیش ناڕازییە و كێشەیان بۆ ساز دەكات. هەروەك دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران رازی نین گوێ لە پێشنیازی وەفادارترین كەسانی بەشداربوو لە دامەزراندنی ئەم رژیمە گوێ لێ بگرن كەسایەتیەكانی وەكو مونتەزیری و مەهدی كەڕوبی و هاشمی رەفسەنجانی و حسێن موسەوی.

بەڕای ئێمە تەنیا چارەسەر ئەوەیە كە ئەو رژێمە بڕوخێ هەڵبەت مەبەستم ئەوە نییە بەتەنیا ئێمە دەتوانین ئەو كارە بكەین، بەڵكو پێویستە هێز و لایەنە سیاسییە ئازادیخوازەكانی ئێران یەكگرتووبن و پێكەوە هەوڵی لەسەر كار لابردنی ئەو رژێمە بدەن. بۆ نموونە حەسەن رۆحانی لەسەروەختەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنیدا كە سنووری ئازادییەكان فراوانتر بكات، بەڵام ئێستا ئامارەكان وادەردەخەن بە بەراورد لەگەڵ پێش رۆحانی لەئێستادا خەڵك زیاتر لەسێدارەدراون. رژێمی ئێستای ئێران زیاتر لە وڵاتانی رۆژئاوا، لە خەڵكی ئێران دەترسێت، چونكە دڵنیان ئەگەر خەڵك ئازاد بن ئەوا ئەم رژێمەیان ناوێ و لە ناوی دەبەن.

 

ئەوەتان وت كە بۆ روخاندنی كۆماری ئیسلامی ئێران یەكگرتوویی هێزە سیاسییەكان پێویستە، پێشتر باس لە دروستكردنی بەرەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكرا، لەم رووەوە هەنگاوەكان بەكوێ گەیشتن؟

مستەفا هیجری: بەڵێ، ئێمە یەكەمین حیزب بووین كە چەند ساڵ پێش ئێستا هەوڵی زۆرمان داوە كە بەرەیەك پێكبهێنن، بەڵام بەهۆی ئەو كێشانەی لەنێوان حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەیە نەتوانرا ئەو كارەبكەین. كێشەی نێوان حزبەكان و جیابوونەوە و دووركەوتنەوەی حزبەكان لەیەكتر وایان كرد كە ئەو كارە بە ئاكام نەگا.

هەوڵی تری لە بابەتی یەكگرتوویی هەیە، ئێستا ئێمە لە هەوڵداین لەگەڵ ئەو بەشەی كە لە حزبی دیموكرات جیابوونەوە یەكبگرینەوە، لەسەر بابەتە پەیوەندیدارەكانی ئێران و كوردستان گفتوگۆ دەكەین، دەمانەوێت پەیوەندییەكان تەواو ئاسایی بكەینەوە، چونكە ئەو یەكگرتنەوەیە دەتوانێت كاریگەری باشی هەبێت و هەنگاوەكان خێراتر بكات. هەروەك ئێمە لەگەڵ كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران پەیوەندی نووسراو لەنێوانمان هەیە، بەڵام ئەوە بەس نییە و پێویستە كاری هاوبەشی زیاتر بكەین.

 

باس لە كاریگەری نەرێنی و رێگری یەكێتی و پارتی دەكرێت سەبارەت بە یەكگرتنەوەی ئێوە، ئایا هەست بەشتێكی لەو جۆرە دەكەن؟

مستەفا هیجری: نەخێر ئەوە راست نییە، بەڵكو ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەوان هانمان دەدەن بۆ یەكگرتنەوە، هەر لە رۆژی یەكەمەوە لەسەر ئاستی باڵا یەكێتی و پارتی هەوڵیان دا لەگەڵ ئەو بەشەی كە لە حزبی دیموكرات جیابوونەوە، بەڵام كێشەكان لای خۆمانەو ئەو خراپە هەرچی شتێكی خراپ كە روودەدات بیخەینە ئەستۆی ئەوانی تر، بەڵكو ئەوە پەیوەندی بە ئیرادەی خۆمانە هەیە و دەتوانین یەكبگرینەوە. من لە هیچ حزبێكی كوردی و كوردێكی نیشتیمانپەرورم نەبیستووە كە پێی خۆش نەبێت ئێمە یەكبگرینەوە.

 

بەربەستە گەورەكانی بەردەم یەكگرتووەتان چین وا بەو شێوە هاندەدرێن و هێشتاش یەكناگرنەوە؟

مستەفا هیجری: هەمان ئەو گرفتانەن كە بوون بەهۆی جیابوونەوەی زۆربەی حزبەكانی ئەو ناوچەیە. زۆربەمان باسی دیموكراسی ئەكەین، بەڵام ئەمە هەر بەشكلێیە، هەربۆیە ئەو هەموو جیابوونەوانە روو دەدەن. كاتێك كە دیموكراسیەت نەچەسپا بێ، كۆنگرەیەك دەگرێت و هەندێك لە بەشداربووانی كۆنگرەكە ئاكامەكەی لە بەرژەوەندییان نابێت و لەئاستی چاوەڕوانییەكانی ئەواندا نابێ، ئیدی جیابوونەوە روودەدات، كەمجار وابووە جیابوونەوەكان لەسەر بنەمای جیاوازی قوڵی فیكری و پرۆژە بووبێت. دوو جیابوونەوەی پێشتری حزبی دیموكراتیش هەر لەسەر بنەمای فیكری نەبوون، بەڵكو لەبەر ئەوە بووە لایەنێك پێوابووە كە دەسەڵاتی هەبووە و پێویستە بەردەوام بێت لە دەسەڵاتدارێتی كردن. ئەم جیابوونەوەش هەر لەسەر هەمان شتە.

 

ئێوە ئەمە ناو دەنێت یەكگرتنەوە یان گەڕانەوەی ئەو باڵە بۆ نێو حزبی دیموكرات؟

مستەفا هیجری: ئێمە ناوی دەنێین یەكگرتنەوەی ئەو بەشەی جیابوونەوە، لەگەڵ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران.

 

پەیوەندی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی وەكو ئەمریكا و ئەوروپا چۆنە و لەچی ئاستێكدایە؟

مستەفا هیجری: پەیوەندی لەنێوان ئێمە وئەو لایەنانەدا هەیە، بەڵام كێشەی سەرەكی ئەوەیە كە ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران نابینرێت، كاتێك كە ئەوە نییە وڵاتانی وەكو ئەمەریكا و ئەوروپا نایەن خۆیان راستەوخۆ حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران بروخێنن با حكومەتەكە زۆریش دیكتاتۆر بێت. خۆ ئەگەر جوڵانەوەیەكی چالاك دروست بوو ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەوانیش سەرەڕای بوونی پەیوەندیان لەگەڵ ئێران، هاوكاری دەكەن.

 

پێتوایە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو جۆرە بزووتنەوە چالاكە دروست ببێت؟

مستەفا هیجری: نازانرێت لە داهاتوویەكی نزیك دروست دەبێت یان نا، بەڵام وەكو شتێكی ئوسوڵی لە داهاتوودا حەتمەن ئەوە روو دەدات، خەڵكی زیاتر بێزاردەبێت، نەوەی نوێ ئەو شێوە ژیانەی ناوێت و ئازادی دەوێت، دژی جیاوازییەكانی ژن و پیاو و نەتەوەكان دەبنەوە، خەڵكیش بۆ هەمیشە تەحەمولی ئەو بارودۆخە ناكەن، ئەوەش سەلمێنراوە كە مۆدیلی حوكمی دیكتاتۆری بەسەرچووە و دەبێت زوو یان درەنگ لەناوبچن.

 

سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكدرای چی بڕیارێكتان داوە؟

مستەفا هیجری: ماوەی ساڵێك زیاترە ئێمە لەسەر ئەو مەسەلەیە كاردەكەین، مەفرەزەكانمان ناردەوە سنوور و ناردماننەوە رۆژهەڵات و چالاكی خۆیان دەكەن و وردە وردە ئەو كارە پێش دەخەین. دەمانەوێت بزووتنەوەی چەكداری بەلەبەرچاوگرتنی هەل و مەرجی خەڵكی كوردستان لە رۆژهەڵات و كوردستانی عیراق و بەگشتی بە شێوەیەك كە لەگەڵ دنیای ئێستا بێتەوە رێكبخەین.

 

لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هیچ رێگرییەكتان لێدەكرێت؟

مستەفا هیجری: ئێمە وەكو هێزێكی سیاسی دەبێت هەندێك یاسای دراوسێتی و پەیوەندیدار بەدۆخەكەوە لەبەرچاو بگرین، بۆ نموونە حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرچاو بگرین، رەنگە ئەوان ئەوەیان پێخۆش نەبێت كە ئێمە لێرە بارەگامان هەبێت و ئەو شێوە خەباتەیش بەڕێوەبەڕین، بەڵام لەسەر ئێمەیە كە شێوازێكی تازە بدۆزینەوە كە لەگەڵ ئەو هەل و مەرجەدا گونجاو بێ.

 

دوای ئەو كێشەیەی لەگەڵ پەكەكە هەتان بوو ئێستا پەیوەندیتان چۆنە؟

مستەفا هیجری: بەداخەوە ئەوكاتە پەكەكە شەڕی پێ فرۆشتین، دوای ئەوە دانیشتین و پەیوەندییەكانمان ئاسایی بوونەوە.

 

پێشتر ئێوە و تازەش باڵی جیابووەوەی حزبی دیموكرات بەندی “ماوەی سكرتێری تەنیا بۆ دوو خول دەبێت” لابرا، ئەمە بۆچی؟

مستەفا هیجری: كاتێك ئێمە ئەو بەندەمان لابرد پێمان وابوو حزبێكی شۆڕشگێڕ خۆی بەرژەوەندییەكانی خۆی دەزانێت و پێویست بەوە ناكات بەندێكی وەها لەنێو پەیڕەو و پرۆگرامدا هەبێت، بەتایبەتی لە حزبی دیموكراتدا ئەو بڕیارە هەیە كە كۆمیتەی ناوەندی هەركات بیەوێت و بەپێویستی بزانێت دەتوانێت سكرتێری گشتی بگۆرێت، چونكە دیاریكردنی سكرتێر لەلایەن كۆنگرەوە نییە، بەڵكو كۆمیتەی ناوەندی ئەو كارە دەكات. ئێمە ئەوكاتە لەسەر ئەو بنەمایە ئەو كارەمان كرد، بەڵام ئەوان پێیانوابوو كە ئەوە هەنگاوێكی نادیموكراتیكە، كەچی تازە ئەوانیش ئەو بەندەیان لابردووە و هەستیان بەو راستییە كردووە. بەس بۆ دەستكەوتنی ئەو وەڵامە باشترە لەگەڵ خۆیان قسە بكەن.

 

دوای بەستنی كۆنگرەكەیان سەردانت كردوون بۆ پیرۆزبایی؟

مستەفا هیجری: سەردانم نەكردوون، بەڵام بە تەلەفون قسەمان لەگەڵ كاك خالید عەزیزی كرد و پیرۆزباییم لێكردن. بڕیارە دوای رێكخستنەوەی كاروبارەكانیان دانیشتەكان بۆ یەكگرتنەوە دەستپێبكەینەوە.

 

ئامادەی دەستبەرداری پۆستەكەت ببیت ئەگەر رێگر بێت لە یەكگرتنەوە؟

مستەفا هیجری: نە لە رابردوو و نە لەئێستا و نە لە داهاتووش پۆستەكەی من نەبووە و نابێتە رێگر لەبەردەم هیچ شتێك كە خزمەت بە حزبی دیموكرات و بەرژەوەندی گشتی بكات، كۆمیتەی ناوەندی بە بەرژەوەندی حزبی زانیوە من سكرتێر بووم و هەركاتێكیش بە بەرژەوەندی زانی من نەبم، ئەوا هیچ بۆم گرنگ نییە و وازی لێدەهێنم.

 

سەرچاوەی دارایی حدكا لەكوێوەیە؟

مستەفا هیجری: لەناوخۆی كوردستانی رۆژهەڵات كەسانی نیشتیمانپەروەر و رێكخستنەكانی خۆمان هاوكاریمان دەكەن، پێش قەیرانی دارایی هەرێم، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕێك هاوكاری دەكردین، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە و كاریگریشی لەسەر ئێمە دروست كردوە.

 

باس لە هاوكاریكردنی وڵاتانی كەنداو دەكرێت بۆ ئێوە و حزبەكانی تریش رۆژهەڵات؟

مستەفا هیجری: تائیستا هیچ جۆرە هاوكارییەكانی لەو شێوە و لەو وڵاتانەوە بەئێمە نەگەیشتووە، لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی كەنداو دژی ئێرانن، بەڵام لە ئێران دەترسن و ناوێرن كۆمەك بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران بكەن.

پەیوەندی سیاسیش لەنێوانتان هەیە؟

مستەفا هیجری: نەخێر هیچ پەیوەندیمان نییە، لەگەڵیان.

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو