محەممەد ساڵح قادری: پێویستە داوای لێبوردن لە خەڵكی خۆمان بكەین كە بەو دابڕانانە ئەوانمان تووشی نائومێدی و ناراحەتی كردووە

محەممەد ساڵح قادری:”جێگیرنەبوونی كەلتوری دێموكراسی و یەكتری قبوڵكردن بۆتەهۆی دروست بوونی دابڕان.pdki_12

تۆڕی میدیایی “خەڵک” بە بۆنەی ٦٩هەمین ساڵوەگەری شەهیدبوونی پێشەوا قازی محەممەد” سەرۆک کۆماری کوردستان” وتووێژێکی لەگەڵ کاک محەممەد ساڵح قادری بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر و کاک قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسی حدک ئەنجام داوە. ماڵپەری پێشمەرگەکان دەقی ئەو وتووێژەی جارێکیتر لێرە بڵاو دەکاتەوە.

خەڵک:هەردوولا بەرپرسیارن

قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك)، بە (خەڵك)ی راگەیاند:”بەهۆی بوونی چین و توێژی جۆراو جۆر لە كۆمەڵگا و هەبوونی بیروبۆچوونی جیا جیا لە نێوان لایەنە سیاسییەكان‌  و بەرژەوەندی  جۆراوجۆر، زۆرجار كێشەو ناكۆكی دروست دەبێت و كەلێن دەكەوێتە ریزەكانی  لایەنە سیاسییەكان و خەڵك، گرنگ ئەوەیە دەسەڵات بەدەستان و بڕیاردەران، چۆن بەرەو رووی ناكۆكی و جیاوازییەكان دەبنەوە، ئەگەر لایەنە سیاسییەكان دڵسۆز و خەمخۆری یەكیەتی و یەكگرتوویی بن، دەبێ وەك پێشەوا قازی محەمەد لەگەڵ جۆراوجۆری و جیاوازییەكانی نێۆ كۆمەڵ و نێو ڕیزەكانی خۆیان، هەڵسوكەوت بكەن، چونكە پێشەوا ڕێزی هەموو كەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەكانی دەگرت، هەموو توێژەكانی نێو كۆمەڵگەی ئەو كاتی كوردستانی دەخوێندەوە و ڕێزی دەگرتن و هەوڵی سڕینەوە و سەركوت و لە پەراوێزخستنی هیچ لایەكی نەدەدا، تەنانەت ئەوانەی لە سەردەمی سەركۆماریی ئەو دا توندترین ڕەخنەیان لێ گرتووە، دژایەتیی نەكردوون و هەر ڕێزی گرتوون.”

قادر وریا باسی لەوەشكرد:”لەتبوونی حیزبی دیموكراتیش ڕووداوێكی نەخوازراو بوو، كە هەر دوو لایەن- هەر كامێك بە ڕادەی خۆی-  لێی بەرپرسیارن، سروشتییە ئەگەر ئەو سینگفراوانی و حیكمەت و دووربینییەی لای پێشەوا هەبوو، لە دوای پێشەوا و بە تایبەتی لەم ساڵانەی دوایی دا، لای ڕێبەران و بەڕێوەبەرانی حیزب هەبایە، لەوانەیە لە حیزبی دیموكڕات دا لەتبوون و جیابوونەوەكان ڕوویان نەدابا، بەو حاڵەش ئەم  جۆرە ڕووداوانە بەو مانایە نیین، كە دیموكراتەكان رێزیان نەبێت بۆ پێشەوا و ڕێگا و ئامانجەكان و وەسێتنامەكەیان لە بیر چووبێتەوە“.

راشیگەیاند :”پێشەوا لای هەموو دیموكراتێك، ڕەمزی خۆبەختكردن لە پێناوی ڕزگاریی نەتەوەیی لە بندەستییە، حیزبی دیموكراتی كوردستان لەم ساڵانەی دوایی دا، هەوڵی داوە زیاتر لە پێشووش بگەڕێتەوە سەر بیروباوەڕ و تایبەتمەندییە بەرزەكانی كەسایەتیی پێشەوا قازی محەمەد و لە تێكۆشان و كاری سیاسیی خۆی دا ڕەچاویان بكات، لە ئێستاش دا پرسی پێویستیی یەكگرتن‌و یەكگرتنیش لە نێو هەر دوو لای دیموكڕات، بە گەرمی و جیددی لە ڕۆژەڤ دایە و پێمان وایە ئەگەر دۆستانمان لە حدكا، قبووڵ بكەن كە حیزبی دیموكراتی یەكگرتوو بە هاوبەشیی هەر دوو لای دیموكرات دادەمەزرێتەوە، كە ئەمەش پێویستی بە ئازایەتیی داننان و قبووڵكردنی حیزبی دیموكراتی كوردستان وەك بەشێك لە بنەماڵەی گەورەی دیموكرات هەیە“.

لەسەر بەشداریكردنی بۆنەكانیش رێكناكەون

ئەندامەكەی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوەشدەكات :”كە ماوەی چەند ساڵە وەكو حزبی دیموكراتی كوردستان پێشنیاری ئەوەمان  بە حدكا كردووە كە وەرن با هەندێك لە بۆنەكان بەیەكەوە بەرز ڕابگرین بەتایبەت 10ی خاكەلێوە، كە رۆژی شەهید بوونی  پێشەوا قازی محەمەدە، دامەزرێنەری حیزبی دیموكرات و رۆژی شەهیدانی كوردستانە، ئەم ساڵیش پێشنیاری ئەوەمان بۆ كردن، كە  بۆ ئەوەی بە خەڵكی كوردستان بڵێین، ئێمە لە رەوتی یەكگرتنەوە دا هەنگاوێك چووینە پێش و پتر لێك نزیك بووینەوە، وەرن با بەیەكەوە سەردانی گڵكۆی شەهیدان بكەین، بڵێین ئێمە لەو ڕۆژە دا، ڕێز بۆ پەیامی بنەماڵەی شەهیدان و هەموو خەڵكی كوردستان كە یەكگرتن و یەكتر قبووڵكردن و پێكەوە بوونە، دادەنێین و ئامادەییمان هەیە لە داهاتوو دا لەمەش زیاتر بچینە پێش“.

وتیشی: “بەڵام دۆستانمان لە حدكا دەڵێن بە هۆی بڕیارێكی كۆنگرەی خۆیان ئیجازەی ئەوەیان نییە كارو چالاكیی هاوبەش لە گەڵ حیزبی دیموكراتی كوردستان بكەن، پێیان وایە كاری هاوبەش لە گەڵ حیزبی دیموكراتی كوردستان، واتا قبووڵكردن و بە ڕەسمی ناسینی ئەم حیزبە! خۆ دیارە لە كاتی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی، سەرەڕای ئەم بڕیارەشیان، جۆرێك لە هاوكاری و هاوهەنگاوییان لەگەڵ حیزبی دیموكراتی كوردستان قبووڵ كرد و ئەم كارەش نەك هەر زیانی پێنەگەیاندن، بەڵكوو بۆ هەر دوو لای دیموكرات بە سوود بوو، هیوادارین لە كۆنگرەی داهاتووی خۆیان دا ئەم كۆسپە لە سەر ڕێی خۆیان لاببەن بۆ ئەوەی ڕێخۆشكەر بن بۆ یەكگرتنەوە و پێكەوەبوونێك كە جێگای رەزامەندیی هەموو دیموكراتەكان بێت و هەموان حیزب بە هی خۆیان بزانن“.

لە كۆتایدا ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان وتی: “دیارە ئێمە پێمان وایە كار و چالاكیی هاوبەش بە تایبەتی لە بەرزراگرتنی ناو و یاد و ئامانج و ڕێبازی پێشەوا قازی محەمەد دا پێویستە لە نێوان هەموو حیزبەكانی رۆژهەڵات هەبێت، نەك هەر دیموكراتەكان، چونكە پێشەوا سەمبولێكە كە هەموو لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵات دەتوانن لە دەوری كۆ ببنەوە، ئەم پێكەوە بوون و هاوخەباتی و هاوپشتییە، بە دڵنییایەوە هەم گیانی پێشەوا شاد دەكات، كە لە وەسێتنامەكەشی دا داواكاری یەكگرتن و پشت پێك بەستنە، هەم دوژمنان و نەیارانی خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، نیگەران و بێهومێد دەكا“.

كار بۆ یەكگرتنەوە دەكەن

محەمەد صالح قادری ؛بەرپرسی پەیوەندییەكانی هەولێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا)؛ لەسەر هەمان پرس، بە (خەڵك)ی راگەیاند: “ئێمە قوتابی قوتابخانە‌ی پێشەوا قازی محەمەدین و بناغەی دێموكراتیش پێشەوا دایڕشتووە“.

قادری وتیشی”: هەمووكاتێك یەكگرتوویی ‌بەرهەمی باشی هەبووەو بە پێچەوانەوە ناكۆكیەكان و دووبەرەكی بۆ دوژمن و نەیاران بوونەتە جێگەی سوودمەندی ، بۆیە پێشەواش بۆ خزمەتی گەلی كورد لە وەسێتنامەكەیدا باسی زاڵبوون بەسەرناكۆكیی و هەوڵدان بۆ تەبایی و یەكگرتووی كردووە ، پێوستە دان بەو راستییە تاڵەدا بنێین، كە بەو ناكۆكیانەی كە هەمانە، دوژمن سوودمەند بووە ، چونكە كاری دوژمن دروستكردنی ناكۆكیە لە نێوان بەرامبەرەكەی“.

قادری باسی لەوەشكرد :”جێگیرنەبوونی كەلتوری دێموكراسی و یەكتری قبوڵكردن بۆتەهۆی دروست بوونی دابڕان ،  بەو حاڵەش خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین كە بۆ یەگرتنەوە‌ لەگەڵ هاوڕێیانی جیابووەمان هەوڵی جیدی بدەین، هەر بۆیە لە لای خۆمانەوە بەوپەڕی باوەڕ بە یەكگرتنەوە كار لەسەر پرۆسەی یەكگرتنەوە دەكەین و بە هیواین ئەو هاوڕێیانەشمان ئەو بەرپرسیاریەتیە هەڵگرن و كار لەسەر یەكگرتنەوە بكەن“.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی هەولێری حزبی دیموكراتی كوردستان ئێران ، دەشڵێت :” بۆ ئەو مەبەستە قەبوڵكردنی 11خاڵەكە لە لایەن ئێمەوە بەشی زۆری داواكاریەكانی ئەو هاوڕێیانە بوو كە ئێمە بۆ رای گشتی بڵاومان كردەوە ، دوایین نامەشمان بۆ كۆنگرەی ئەوان لە ئاست بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی یەكگرتن بوو بۆ ئەوەی پرۆسەی یەكگرتنەوەی دیموكرات خێراتر بكرێت “.

قادری ئاماژە بەوەشدەكات :”گەر بە دیاردەی دوو دیموكراتی خاوەن یەك مێژوو و هێمای هاوبەشەوە سەردانی مەزاری شەهیدان  و بۆنەكانی دیكەمان بكەین، لە لایەك شەرعیەت دانە بە جیابوونەوەی دیموكرات و لە لایەكی دیكەش ئازاردانی روحی شەهیدانمانە ، كە وایە ئەم هۆكارانە و چەند هۆكاری ترن، كە پێویستە  هەموومان كار لەسەر خاڵی هاوبەش بكەین و لە سەر بناغەی  كۆمەڵێك پرەنسیبی هاوبەش یەكگرتنێك بەرهەم بێنین، بۆ ئەوەی لەومەو دواش روحی تەبایی و بەیەكەوەكاركردن گرەنتی بكات و جارێكی  تر دیاردەی جیابوونەوە روونەدات، كە وایە هەرلایەنێك ئەو هەوڵە نەدات لەبەرامبەر خەڵكی رۆژهەڵات بەرپرسیار دەبێت و دیار دەبێت كە ئەو لایەنە بۆ بەرژەوەندی حزبی كار دەكات، نەك بەرژەوەندی نەتەوەیی، لێرەشدا هیچ بیانۆیەك نییە  بۆ ئەوەی یەك نەگرینەوە“.

لە كۆتایدا قادری وتی”:ئەمرۆ یا سبەی پێویستە یەكبگرینەوەو بگەڕێینەوە سەر وەسێتنامەی پێشەواو داواكاری خەڵكی رۆژهەڵات وچیتر بەرژەوەندی حزبی بە ئامانج نەگرین و لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا سازش بۆیەكتر بكەین ، هەروەها  پێویستە داوای لێبوردنیش لە خەڵكی خۆمان بكەین كە بەو دابڕانانە ئەوانمان تووشی نائومێدی و ناراحەتی كردووە ، ئەم كارەش بۆ كەم وكوڕی نییە ، بەڵكو بۆ پتەوكردنی متمانە و باوەڕی نێوانمان لەگەڵ خەڵكی كوردستانە بۆ خەباتی پاشەڕۆژ و لە روویەكی ترەوە لایەنی ئەخلاقی و ویژدانی خۆشمان ئاسوودە دەكات و بەرپرسیاریەتی زیاترمان دەخاتە ئەستۆ بۆ ئەوەی كاری لەم شێوەیە لە داهاتوودا روو نەداتەوە”.

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو