نە ئێمە وەک قەرەیڵان تورکیا دەناسن و نە قەرەیڵان وەک ئێمە ئێران !مەجید حەقی

لە چاوپێکەوتنێکدا چەند مانگ لەمەوبەر موراد قەرەیلان ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان پێوەندی لە گەڵ پرسیاری جۆری خەباتی خۆیان لە باکووری کوردستان و تورکیا وتی: “ئێمە لە تورکیا گەورەبووین، ئێمە لە گەل سیستەمی پەروەردەیی تورکیا راهاتووین، مێژوو، زمان و سیاسەت و هەڵسوکەوتمان لەوێ خوێندووە… کەس وەک ئێمە دەوڵەتی تورکیا ناناسێ و وەک ئێمە شارەزای ئەوە نیە چۆن لە گەڵ دەوڵەتی تورکیا هەلسوکەوت بکات و دژبەری بکاتmajid_hakki14.”

لە شەوانی رابردوو بەرێز موراد قەرەیلان لە گفتگۆ لە گەل تەلەڤیزیۆنی “نەورۆز”دا لە پێوەندی لە گەڵ خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان و شێوازی خەباتی ئەوبەشە دەلێت: ” نابێ خەباتی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامی بکرێ ، بەڵكو پێویستە خەباتی مەدەنی پێشبخرێ ، چونکا ئەگەر تۆ خەباتێکی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێ بخەی دەکەویتە خزمەتی تورکیا و عەرەبستانی سعودی“.

بە شێوەیەکی لۆژیکی لە وەڵامی قەرەیلاندا زۆر روون و ئاشکرایە کە ناوبرا  و خۆیان (پ ک ک )  بە بەشێک “هلال شیعە” دەزانن وتەکانی ئەوان دووپاتکردنەوەی هەمان ئەو تۆمەتانەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە زاری کاربەدەستانی سیاسی و نیزامی باڵا دەستی خۆیان باسکردووە و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ناسیۆنالیستی ئێرانیش هەمان شتیان کاوێژ کردووە.

بەڵام بۆ کورت بڕینیش بێت جێی خۆیەتی وەبیر قەرەیڵان بهێندرێتەوە: “ئێمە بەسەدان ساڵە لە گەڵ دەوڵەتانی ناوەندی ئێران خەبات دەکەین، لە چوارچێوەی سیستەمی پەروەردەیی ئەو وڵاتەدا پەروەردەکراوین، لە گەڵیان هەڵسوکەوتمان کردووە، زمانیان دەزانین، یاسایان دەناسین، ئاشناین بە سیستەمی ولایەتی “مطلق فقیە” و شارەزای کولتوور و سیستەمی بیرکردنەوەی ئێرانین. کەوابوو ئێمە چاکتر لە تۆ دەزانین چۆن خەبات بکەین و چ رێگایەک بۆ خەباتی خۆمان هەڵبژیرین. ئێمە زۆر بەرلە تۆ دەستمان داوەتە خەبات و ئەزموونی رزگارکردنی شارو گوندی کوردستانمان هەیە. ئەوەندە بەرپرسانە جۆڵاوینەتەوە کە لەکاتی پێویستدا بۆ ئەوەی خەڵکی بێتاوان و سیڤیل نەبێتە قوربانی هێرشەکانی رژێمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی، سەرۆکۆمارمان پێشەوا قازی محەمەد خۆی کردۆتە قوربانی گەلەکەی و لەبەرامبەر مەرگ دا “ترسەنۆکترین کەس” نەبووە. پێشمەرگەکانمان لە کاتی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر شاروگوندەکان بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان پاشەکشەیان لەو شوێنانەیان کردووە و شارو گوندی کوردستانیان نەکردووە قوربانی سیاسەتەکانی خۆیان“.

کە حیزبێک بوو بە “مەداح” و پارێزەری بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتێکی داگیرکەر، ئایدیۆلۆژیەکەی بوو بە هۆی بەلارێبردنی هێز و توانای نەتەوایەتی، هەرکات هەگەری ئەوەی هەیە بەناوی بەرژەوەندی بەشێک، بەرژەوەندی نەتەوایەتی و مرۆڤی نەتەوەکەی بخاتە مەترسیەوە. رۆژهەڵاتی کوردستان سەرەرای هەموو کێشەکان و کەموکۆریەکانی پێوەندیدار بە بزاڤی سیاسی و رێبەرایەتی سیاسی خۆیەوە، لە ئاستێکی ئەوەندە بەرزی رۆشنبیری، کولتووری و ئەخڵاقی هەیە کە چاک دەزانێت چۆن خەبات بکات و بێ دروشمدان و بە بێ ئەوەی دەست بکا بە دێمارگورژی خەباتێکی ئایدیالیستانە و سەربەخۆیانە و تەنیا لە چوارچێوەی بەرژەوەندی و قازانجی نەتەوایەتیدا بەرێوە ببات. ئەگەر حیزبەکانی رۆژهەڵات بەتایبەت حیزبی دێموکرات بە رادەی ١%ی حیزبی قەرەیڵان خۆشخزمەتی بۆ دەوڵەتی تورکیا و “پرۆژەی عەرەبستان” بکردایە، ئێستا خاوەنی چەندین کاناڵی تەلەڤیزیۆنی و راگەیاندنی گەورە دەبوو و پێویست و شەورۆژ سیاسەتی چەواشەکارانە بڵاو دەکردەوە. جیاوازی ئێمە ئەوەیە کە ئێمە هاوپەیمانی گەمەکانی دیکتاتۆر و شەرخوازەکانی ناوچە نین.

کاتالۆگ