ڕۆمان یان چێت؟، ئیبڕاهیم لاجانی

جیا لەوەی کە لە مێژە لە ریزەکانی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا کەم و زۆر تێکۆشانم هەبووە، لەوەتەی پەریوەی دەرەوەی وڵاتیش بوومbraym-lajani-

هەر بەوجۆرە لە نێو کۆمەلگەی کوردی و دیاسپۆرای کورد لە نۆروێژیش دا چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتیم هەبووە و هەیە. لە کۆڕوکۆبوونەوە سیاسی و حیزبی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکاندا چاوم بە سەدان و بگرە هەزاران کەس، لە ژن و پیاو، پیر و لاو، کیژ و کوڕ دەکەوەێ. دڵم پێیان دەکرێتەوە. چاوم پێیان ڕوون دەبێتەوە. شانازی بە خۆم دەکەم کە ئیفتیخاری ئەوەم هەیە لە نێویان دام و یەکێک لەوانم.

لە لایەک بە حوکمی پسپۆڕیم وەک مامۆستا کارم بریتیە لە بردنە پێش و گەشە پێدانی توانا و لێوەشایی مرۆڤەکان. لە لایەکی دیکەش وەک رێبەرێکی تەشکیلاتی هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی لە نێو تەشکیلات و بزووتنەوەدان گەشەبکەن تا بتوانن بەرپرسایەتی وەئەستۆ بگرن و توانا و لێزانی و زەرفییەتەکانیان بخەنە خزمەتی حیزب و بزووتنەەی ئازادیخوازانەی میللەتەکەمان.

بۆیە کە دەچمە نێو ساڵۆنەکانی کۆڕوکۆبوونەوەکان و ئەو هەموو خەڵکە دەبینم دڵم خۆش دەبێ و رووحیەم بەرز دەبێتەوە. ئەو سەرمایە گەورە ئینسانیە دەتوانی ببێتە هێزێکی گەورە و شوێنەوارێکی زۆر کاریگەر لەسەر چوونەپێشی خەباتی ئێمە دانێ. ئەوەی ئازارم دەدات ئەوەیە کە ناتوانین لەو هەموو هێزە گەورە، لەو هەموو لێوەشاوەییە، لە هەموو زەرفییەتە، لەهەموو حەمماسەتە وەک پێویست و بەجێ و لە شوێنی خۆیدا کەڵک وەرگرین. ڕەنگە بەشێکی ئەو خەتایە لە ئەستۆی من و کادرەکانی دیکەی تەشکیلاتی حیزب بێت. بەڵام هەر ئەوەنیە.

تا ئەوجێیەی من بزانم ئەو خەلكە هەمیشە ئامادەی فیداکاری و مایە لەخۆ دانانن. بە تاقیکردنەوە ئەوە دەرکەوتووە کە هەرکات ئێمە روومان تێکردوون و داوایەکمان لێکردوون ، بە دڵەوە بە پیر بانگەوازی حیزبەوە هاتوون و وەڵامی موسبەتیان بە داوای حیزب داوەتەوە.

بە ڵام واقعیەت ئەوەیە کە ئێمە وەک وتم هێشتا نەمانتوانیوە لەو هەموو سەرمایە گەورەیە کەڵک وەرگرین. ئەوە شتێکە کە بەشی زۆری تێکۆشەرانی حیزب کە کاری حیزبی دەکەن لەدەرەوە بە ئێسک و پێستەوە هەستی پێدەکەن. ماوەیەک لەمەوبەر لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ بەرێز کاک حەسەنی شەڕەفی پێکهاتبوو، کاک شەهریار، یەکێک لە بەرپرسانی حیزب لە ئاڵمان، هەمان مەسەلەی هێنا گۆر و داوای کرد کە ئەو مەسەلە بخرێتە بەر باس و موتالەعەو لێکۆلینەوەی لەسەر بکرێت.

من پێم وایە رێبەری حیزب بەگشتی دەبێت لەو بارەوە ئاڵوگۆڕ بەسەر ڕوانگەی خۆیدا سەبارەت بە تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات دا بێنێ و دیاسپۆرای کورد و کۆمەڵگەی کوردی و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و بزووتنەوە وەک هێزێکی گەورەی خاوەن پوتانسێل بۆ خەبات ببینێ.

تا ئەو ئاڵوگۆڕە پیک نەیە و نەبێتە جەوهەری کاری تەشکیلاتی ئیمە لە دەرەوەی وڵات، ناتوانین ئەو زەڕادخانە گەورەیە بۆ بردنە پێشی ئامانجەکانی بزووتنەوە مۆبیلیزە بکەین.

رێبەری حیزب دەبێ هەموو تواناو لێوەشاوەییەکان بۆ بردنە پێشی ئامانجەکانی حیزب هەڵخرێنێ.

ئەوانەئ فیلمی the Great outdoors

دیتووە ڕەنگە ئەو سەحنەیان لە بیر بێت کە بە باشترین شێوە ئەو مەسەلەیەمان بۆ بەیان دەکات.

لەو فیلمەدا قارەمانی فیلمەکە،چێت، لە کۆمۆنێکی بچکۆلە لە قەراغ دەریاچەیەک پشووی هاوینی بەسەردەبا. ئەو لە هیتەیەکی بچکۆلە دایە. لە پێش هیتەکەدا هەیوانێک هەیە کە لەوێرا لەو بەری دەریاچەکە گردێکی گەورە دیارە کە بە جەنگەڵ داپۆشراوە و سەدان هەزار دار سنەوبەر سەریان لێک داوە. چێت لەوێ دانیشتووە. لە پڕ زاواکەی لەگەڵ خوشکی لەوێ پەیدادەبن. چیت لەگەڵ زاواکەی لە بەردەرگای هیتەکە دادەنیشن و پێکەوە دەکەونە گفتوگۆ. هەر دوو چاویان بڕیوەتە دەریاچە و جەنگەڵە جوان و سەرسەوزەکەی بەرانبەریان. ڕۆمان، کە پیاوێکی سەنعەتکار و توجارە، روو دەکاتە چێت و دەپرسێ، کە تەماشای ئەو دیمەنە دەکەی چ دەبینی؟ ئەو دەیەوێ پەیامی خۆی ڤیزشونی خۆی لە گەڵ چێت بێنێتە بەرباس. دەڵێ دەزانی من چ دەبینم؟

کە تەماشای ئەو دیمەنە دەکەم سەرچاوە و سەرمایەیەکی بەکر و گەورە دەبینم کە بە دەست لێنەدراوی ماوەتەوە و هێشتا دەکار نەکراوە. لە زەینی من دا نەخشەی ئەوە شكڵ دەگرێ کە دەکرێ لێرە کارخانەیەکی گەورەی قاغەز و کارتۆن سازی دامەزرێنین. بە سەدان کارگەی بچکۆلەشی لە دەوروبەر سازکەین کە بتوانن پێداویستیەکانی دیکەی ئەو کارخانە ئامادەکەن و شاڕۆچکەیەکی بچکۆلەش لێرە دروست کەین کە بە هەزاران کرێکاری ئەو کارخانە و کارگە بچکۆلانە لەوێدا نیشتەجێبن و لە رەفاه دا بژین. بەو جۆرە من ئەو دیمەنە وەک ئیمکان و زەرفیەتێک بۆ گەشەکردنی ئۆکۆنۆمیەکی گەورەی چەند ملیارد دۆلاری دەبنم.

ئێستا پێم بڵێ تۆ چ دەبینی؟

چێت لە وەڵام دا دەڵێ من جگە لە دارستان سروشتێکی جوان و سەر سەوز بەولاوە هیچ نابینم.

ڕۆمان ڕووی تێدەکا و دەڵێ ڕاست دەکەی. تا ئێستا کەس ڕەخنەی ئەوەی لێنەگرتووی کە بۆ ڤیزشونێکی گەورە ت بۆ خۆت دیاری نەکردوە.

بەڵێ جێت تەنیا دارستان و سروشتێکی جوان و سەر سەوز دەبینێ، چونکە لەوێ یە تا لە سروشتی جوانی ئەو مەڵبەندە دا پشوی هاوینی بەسەر بەرێت. بەڵام رۆمان دەرفەت و ئیمکانات و زەرفیەت و سەرچاوە و سەرمایەیەکی بەکر دەبێنێ کە توانای ئەوەی تێدایە ببێتە ئۆکۆنۆمیەکی گەورە. وەختی ئەوەیە تەشکیلاتی حیزبی ئێمە بە چاویلکەی رۆمان تەماشای کۆمەڵگای کوردی لە دەرەوەی ولات و تەشکیلاتی دەرەوەی ولاتی حیزب بکات.

ئیبڕاهیم لاجانی

٤.١٢.٢٠١٦

ئۆسلۆ

کاتالۆگ