لە (کاولان) تا کۆنگرەی هەشتەمی حیزب. بەشی دوازدە. کاووس عەزیزی

ئەوەبوو لە گوندی شەش ماڵ و لە ئێوارەیەکی کڕێوە دا ئێمە پێنج کەس جیابووینەوە بەرەو مەئمووریەتەکە و سێ کەسەکەی تریش گەڕانەوە بۆ لای مەقەڕ. ئێمە ڕۆژی دوایی لە شاخەکانی پشتی گوند ماینەوە و بەرلە دونیا تاریک بوون بەرەو لای کەناربەڕۆژ حەرەکەتمان کرد.kavos_azizi12

بەفرێکی زۆر لە عەرزی بوو. ئێمەش بە ناچار دەبا خۆمان لە جادە و ڕێگاکان نەدەینەوە. باسی ماندوویەتیی ئەو شەوە هاسان نیە و مەگەر بگەڕێینەوە ئەوکات و بزانین ئەو شەوە چەندە دژوار بوو تا گەیشتینەوە گوندی سنجی. وابزانم لە ٦ ماڵ تا سنجی ٨،٩ سەعاتمان پێ چوو . بەرەبەیان بوو گەیشتینەوە گوند و هەر ئەوندەمان بۆ کرا ماشێنێکی بارهەڵگرمان پەیدا کرد و ماڵی ئاوابێ بۆ سەعات پێنجی بەیانی گەیاندینەوە گوندی کۆسە ئەحمەد و بەفر دەباری.

لە ماوەی یەک حەفتە کەلە ناوچەی کەناربەڕۆژ و ئەنزەل ماینەوە ،بێهرەنگ کە هەموو خەڵکی ئەو ناوچەیە دەیناسین و زۆر لەگەل تەشکیلات مابووە و بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دەناسی ، دەستی کردبوو بە پەیوەندی کردن بەوانەوە و لە چارەنووسی کادرەکانی دەپرسی، بەڵام هیچمان دەست نەکەوت.لە درێژەی ئەو مەئمووریەتە دا چەند بەسەرهاتێکی خۆمم هەیە کە باسیان دەکەم.

(( یەکەم شەو کە چووینەوە گوندی کۆسەئەحمەد و بەرەبەیان بوو، ئەو ماڵەی کە چووین ماست و هەنگوین یان بۆ هێناین. بهرەنگ گوتی: کاووس ئەوانیش زانیویانە تۆ هەنگوین ناخۆی بۆیە ئەویان هێناوە. ساحیب ماڵیش پرسی بەڕاستی هەنگوین ناخۆی؟ منیش هەر زوو گوتم نەوەلا قەت هەنگوین ناخۆم! لەوێ زەرەدم کرد. ئێوارەکەی کە حەرەکەتمان کرد بەرەو گوندی مسکینی بەفر دەباری و کڕێوە بوو. گەیشتینەوە نێوان گوندەکانی چڕە و مسکینی و ئەیووب کە بەدوامدا دەهات منی لێ ون ببوو . منیش دیاربوو دوای مەودایەکی زۆر زانیم کە کەسم بە دوادا نایە(دەڵێن کورد کەم تەماشای پشتی سەری خۆی دەکا).

گەڕامەوە دواوە دیتم شوێن پێی ئێمەش دیار نەماوە و بەفر و کڕیوە توندتری کرد. بڕیارێکی سەخت دەبێ بیدەم، بڕۆمەوە مسکینی، یان بگەڕێمەوە دواوە؟ سیگارێکم کێشا و بڕیارمدا بڕۆمەوە بۆ مسکینی و دیار بوو هاوڕێکانیشم درەنگ زانیبوویان کە من و ئەوان لێک دابڕاوین. کە گەیشتمەوە نیزیک گوند سەگ وەڕ نەبوو، واتە زانیم کە هاوڕێکانم نەچوونەتەوە گوند. هیندێک کادێن قەڕاغ گوند بوون و چوومەوە لای ئەو کادێنانە. هەرئەوندە خۆمم لە ناو هاوڕێیان دا دیتەوە. تەنیا ئەیووب هاتەوە پێش و گوتی وەڵا کاووس خەتای من بوو. ئەوانی دیکەش دەمەقاڵەیان ببوو. نوسرەت گوتبووی دەبێ لێرە بمێنین تا شتێک لە کاووس دەزانین. بێهرەنگ ئیسراری کردبوو کە نەڕۆینەوە مسکینی و نەکا بەیانی بگیرێ یان ناچار بێ خۆی تەسلیم بکاتەوە. ئەفەندیش سوور ببوو لەسەر ئەوەی کە کاووس کەوتۆتەوە بیرەئاوەکان. لەو شوێنەی ئەیووب منی ون کردبوو، ٣ بیری ئاوی لێ یە. بە هەرحاڵ یەکترمان گرت و چوویینەوە گوند.

دوای چەند ڕۆژێک چووینەوە گوندی پیرگول . ئەویش هەربە بەفر و کڕێوە گەیشتینەوە ئەو گوندە. ڕۆژەکە لە گوند ماینەوە تا دوا نیوەرۆ کە هەوایەکی خۆش بوو بەڵام بەفرێکی زۆر کەوتبوو. دەوروبەری سەعات ٢ی دوانیوەڕۆ بوو کە لە گوند هاتینە دەر و بەرەو گوندی نۆردیناوا دەچووین. کاتێک هاتینە دەر خانمی ئەو ماڵەی کە ێی مابووینەوە نایلۆنێکی پێدام و گوتی: برا ئەوە نانە و مریشکێکیشم سوور کردووە نەکا درەنگ بگەنە ئاوەدانیەک و منیش لە کۆڵەپشتییەکەم دان .کە وەسەرکەوتنەوە و داگەڕاینەوە لای نۆردین ئاوا هاوڕێیان بە باسکێک دا دەچوون و منیش بە حوکمی ئەوەی مناڵی دێهات و شلووغ بووم، ویستم بچمە شوێنە هەڵدێرەکە و لە سەر بەفر بە خلیسکان بڕۆمەوە ناو شیوەکە ، ڕەنگە ٥٠٠ میترێک دەبوو. هەرئەوندەم زانی کە خوڕەیەک هات و نوقمی بەفر بووم. پێموایە فڕیای نەکەوتم بیر لە مردن ، یان مانەوە بکەمەوە و زانیم کە ڕاوەستام. چەند چرکە هەر هیچم نەدەدیت و وەک کڕێوە وابوو. کە بەفرەکە جێی گرت، بینیم تا نێو قەد لە بەفردام وئەو شێوە پڕبووە. لەوکاتی دا کە هاوڕێیان وایان دانابوو کە تازە کەوتمە ژێر ڕنوو و خەلاس. لە پڕ بینیم ئەفەندی لەو سەری ڕا بانگی کردم: کۆلەپشتییەکە ماوە؟ مەبەستی مریشکەکە بوو. لە فەر خۆم هێنایە دەر و ئەوانیش هاتنەوە، ئەیووب گوتی خۆ منیش هەر بیری مریشکەکەم دەکردەوە. هەر لەوێ کۆلەپشتییەکەم کردەوە وگوتم تازە مریشکەکە دەخۆین. سەیر ئەوەبوو بێ ئەوەی بیرم لەوە کردبێ کە تفەنگەکەم قایم بیگرم، چەکەکەم هە رلە شان دا بوو، سەرەڕای ئەو هەموو سەر و ژێر کەوتنەوەی ڕنووش هەر لە شانم بوو.))

درەنگانی شەو بوو گەیشتینەوە نۆردیناوێ و لەوێ ماینەوە، ڕۆژەکە چەند کەس هاتن و هاوڕێیان قسەیان لەگەل کرد و پرسیاری چۆنیەتیی دەرگیر بوون و بێ سەرەو شوێن بوونی تیمی کادرەکان کرا، بەڵما هیچ سەرەداوێک نەبوو. ئێوارەکەی داگەڕاینەوە سۆما و وابزانم لە هیچ گوندێکی ئەوبەری سۆما لامان نەدا و ئامانجمان ئاواییکەینێسی بوو. گەیشتینەوە لای پردی جۆهنی(ئاوا زەرک) نوسرەت لاقێکی سەرما بردوو ببوو. تەواو وەزعی خەرابوو. هەر چۆنێک بوو بۆ بەرە بەیان گەیشتینەوە کەینێسی و لە ماڵێک هیندێک نەوت و دار و شتەمان هەڵگرت و چووینەوە شوێنێک ماینەوە تا ئێوارەکەی. وەزعی نوسرەت زۆر خەراپ بوو و قامکەکانی پێێ شی شین هەڵگەڕابوون و بەردەوام ئازاری هەبوو.

ئێوار هات و چووینەوە فریزیان و وابزانم ئەو شەوە لەوێ بووین. ڕۆژی دوایی ئێوارەکەی دەبا بچینەوە گەلی دریان(ئەسەن دەرە) و لەوێ ڕا دەرباسی گەلی بەردەڕەش بین بۆ لای مقەر. بەفر دەستی پێکرد و هاوکات بایەکی توند. چووینەوە بەردێزی و هەورازی سەختی کۆتۆل مان گرتە بەر. گەیشتینەوە نێو قەدی هەوارزەکە سەعات دەوربەری ١٢، بۆ ١ی شەو دەبوو. لەنەکاو بە سەر هیندێک ڕەشایی دا کەوتین کە پێمان وابوو بەردن و ویستمان سیگارێکی بکێشین. کاتێک چووینەوە لای ئەو ڕەشایانە، تەماشامان کرد ٤، یان ٥ باری گەورە بوو و دیار بوو مەبەستیان بوو بیبەنەوە لە ئۆرمیە بیفرۆش ، بەڵام ئەسپ دەرنەچووبوون و بارەکانیان بەجێ هێشتبوو و گەرابوونەوە بۆ لای گەلی دریان. ئەوکات سیگاری وینیستۆن تەڵایی و مارلبۆرۆ لە تورکیەوە دەهاتنەوە ئێران و بە قاچاغی دەفرۆشران.

ئەوەبوو بۆ بەیانی گەیشتینەوە قەسران و لەوێ ماینەوە تا ئیوارە و دیسان بە تاریک داهاتنی شەو ملی شیو و دۆڵی بێ ڕێگا و ڕنوومان گرتبەر. ئەگەر لە بیرم بێ بۆ پاشنیوەڕٶی ڕۆژی دوایی گەیشتینەوە لای گەلی بەردەڕەش و چووینەوە گوندی کاولەگوند کە ماڵی کاک عەوڵا عەجەم لەوێ بوو و گوتی ئەبووبەکر و خالید لێرە لەبەر بەفری زۆر گیریان کردبوو ئەوە سێ ڕۆژە چوونەتەوە مقەڕ. ئەو ڕۆژەش لەوێ ماینەوە وئێوارەکەی دەبا دەرباس بین بۆ لای مقەر و تەنیاش یەک ڕێگا هەبوو کە دەبا لە بەردەم پایەگای دێرێ دا دەرباس بین. ڕێگای تر هەبوو بەڵام لە بەر ڕنوو نەماندەتوانی بڕۆین. فاسیلەی جاددەی بەری تورکیە بۆ پایەگا ئەوپەرەکەی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ میتری هەوایی بوو. مانگەشەوێکی ساف ئێمەش لە سەر ئەو بەفرە . چۆن بڕۆین و چێ بکەین؟ ئەفەندی گوتی هەر جارەی یەک نەفەر بڕوات. فاسیلەکەشی زۆر بوو، لە کیلۆمیترێک زیاتر بوو. ئەو یەک کیلۆمیترە وەک دیواری مەرگ و پردی سیرات وابوو. ئەفەندی گوتی کاووس بڕۆ. چەکەکەم لە ژێر باڵتۆکەم دا کردمە شانم و دەستم ڕاوەشاند و شوێن پێی نەفەر هەبوو پێیدا ڕۆیشتم. نیگەبانی پایەگا لە سەر دیواری پایەگا دیاربوو. هیچ خۆم نەشڵەژاند. چوونکی دەمزانی مەگەر ئەوان دەقیق بزانن کە ئەوە پێشمەرگەیە تەقە بکەن دەنا ئیجازەیان نیە تەقە لە خەڵکی تورکیە بکەن کە ئەو شوێنە ڕێگای ٤ گوند بوو.

هەرچۆنێك بوو پردی سێرات و دیواری مەرگم بڕی وکەوتمە نەدیوی پایەگا و بن بەردێک بوو هەناسەیەکم هەڵکێشا و وەک ئەوەی کە تازە لە مردن ڕزگارم بووە سیگارێکم داگیرساند. نەفەری دووهەم نوسرەت بوو کە ئەویش دەرباس بوو، هەرکە گەیشتە لام گوتی سیگارم بۆ هەڵکە. نەفەری سێهەم ئەیووب بوو کە سەربازی نیگەبان فیتووی بۆ لێدا. چوونکی ئەیووب باڵتۆکەی بچووک بوو، کڵاشینکۆفەکەی مەعلووم دەبوو. دوای ئەیووب بێهرەنگ و دوای ئەویش ئەفەندی بوو کە بە قسەی خۆی لە هەموومان زیاتر ترسا بوو، چوونکی پشتی سەریشی کەس نەمابوو بۆیە زیاتر ترسا بوو و ئەویش دەرباس بوو، سەرباز ئەوجار هەر بەڕاستی دڵنیابوو کە ئەوە پێشمەرگەن و دەستی کرد بە گۆرانی فارسی و فیتوو لێدان.

ئەو شەوە چووینەوە کەنداڵۆک و بەیانی چووینەوە مقەڕ. کە چووین ئیمکاناتی مقەڕ تەواو ببوو. تەنانەت پارەشیان نەمابوو. مەڵبەند پارەی کەمیان دانابوو بۆ خەرجی بنکە . گاز و خواردەمەنی کەم ببوو. ڕێگاش نەبوو بۆ کڕین. لەو گوندانەی باکوور جادەکان گیرابوون، لای تەڕگەوەڕیش نە ڕێگا هەبوو ، نە کەس دەیوێرا هیچمان بۆ بکڕێ. وابزانم پەیامیان دابووە مەڵبەند و ئەوان پارەیان لە لای دۆستانی حیزب دانابوو و ئەفەندی و ئەوان چوون پارەیان هێنا و ڕێگاکانیش کرانەوە، توانیان تەداروکات و شتە تا ڕادەیەک دابین بکەن.

سەرووبەندی کۆنگرەی ٨ بوو و ئاگامان لە هیچ نیە. تا سەرەنجام لە ٢ی ڕێبەندان کۆنگرە گیرا و بەیانیەی کۆتایی کۆنگرە لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بڵاوبووە. ئێمەش جێژنێکی بچووکمان گرت بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان و جگەلە پێشمەرگەکان هیندێك خەڵکی ئەو گوندانەی باکووریش بەشدار بوون. چەند جارێک داوامان لە ئەفەندی کرد کە بپرسن وەزعی کۆنگرە چۆن بووە ، ئەوان پەیامیان بۆ مەڵبەند دەنارد و مەڵبەندیش وڵامێکیان نەبوو. هەر جوابیان ئەوەبوو کە وەزعەکە باشە و ئاگاتان لە خۆتان بێ. لەوکاتی دا لە سەر پێشنیار و هیمەتی سادق باقری( ڕووحی شاد) دەستمان کرد بە کلاسی ئامووزیشی. ئەوەی وەک سەرچاوە لەبەر دەستمان هەبوو هیندێک نامیلکە و بڵاو کراوەی حیزبی بوون. هاوکات چەند کەسیش خەریکی فێربوونی خوێندن و نووسینی کوردی و فارسی بوون. بەو شێوەیە تا نیزیکی نەورۆز چووین. فەرەیدوون میرزایی(ڕووحی شاد) لەگەل تیمێک لە پێشمەرگەکان چوونەوە نێو شاری ئۆرمیە و عەمەڵیاتێکیان کردبوو و بە سڵامەتی گەڕانەوە.

ڕۆژێکیان سادق چووبووە وارگەنم بۆ هێنانی نانی مقەر.( نانی ئەو دوو مقەرە لە نێو گوندی وارگەنم دوو ماڵ دەیانکرد. ئەوەی مقەری ئێمە کە ٢٥ کەس بووین دایکە ئەمینە خێزانی مام خورشید دەیکرد. ئەو دایکە دڵسۆز و مێهرەبانە هەموو ڕۆژێ  جگلە نان بۆ ماڵی خۆیان کە ٧، ٨ کەس بوون ، دەبا بۆ ٢٥ کەسی مقەڕیش نانی کردبا. ئەمینەی دڵسۆز و دایکی هەموومان هیندە مرۆڤێکی مێهرەبان و دڵسۆزی پێشمەرگە بوو، لە بیرم نایە بۆ تاقە جارێکیش لای ئێمە گوتبێتی من ماندوو دەبم ئەو هەموو نانە دەکەم. جا هەر ڕۆژەی یەک کەسمان دەچووینەوە نانەکەمان دەهێنا. بەداخەوە دایکە ئەمینە چەند ساڵێکە ماڵئاوایی لە ژیان کردووە . ڕووحێ شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ). سادق دوای گەڕانەوە بانگی کردمە سەر بانی مقەڕ و گوتی کاووس نامەیەک لە گوندی پێیان داوم کە بۆ کاک عەلی کاشفپوور هاتووە. دەڵێی چی بیکەینەوە ؟ ئەگەر نامەیەکی عادی بوو ئەوە دووبارە دەیپێچینەوە و دەدەینەوە ئەفەندی، ئەگەر شتێکی تێدابوو کە پیویست بوو کاک عەلی ئاگادار بێ ئەوە بە ئەفەندی دەڵێین با بە پەیام لە ڕێگای بێسیمەوە کاک عەلی ئاگادار بکاتەوە. منیش کە هیندێک کونجکاو بووم هەر زوو گوتم با بیکەینەوە بەڵام بە جۆرێک کە بۆمان دووبارە چاک بکرێتەوە.

نامەکەمان کردەوە و بە فارسی نووسرابوو. ناوەڕۆکی نامەکە ئەوەبوو کە بڕۆ فریای منداڵەکانت کەوە و ئەوەش ئەو حیزبەی کە هیندە باوەڕت پێبوو و چەندین ساڵ ئەندامی ڕێبەرییەکەی بووی(نقل بە مضمون) ! ئەو ناوەڕۆکە دەریدەخست کە کاک عەلی لە ڕێبەریدا نەماوە و شتێک لە گۆڕێدایە. مناڵەکانی کاک عەڵی ئەوکات لای خزمانی خۆیان بوون لە گوندی دارێی نیزیک گەوەڕ . نووسەری نامە کاوە مەدەنی بوو. (کاک کاوە برای کاک حسین مدنی تا ئەوکات لە ئەندامانی دەفتەری پاریسی حیزب و لە کەسانی باوەرپێکراوی دوکتۆر قاسملووش بوو. لەم ڕۆژانە لە خۆیم پرسی بۆ ئەو نامەیە ، فەرمووی ڕاستە من بۆ کاک عەلی نووسیبووم. ئەوەشی باس کرد کە خۆی خەریکە کتێبێک دەنووسێ و باسی ئەو نامەیە و زۆر نامەی دیکە دەکاتەوە کە ەئوکات نووسیونی بۆ هاوڕێیانی حیزبی ).

ئەوەبوو من و سادق بێ ئەوەی بە کەس بڵێێن کەوتینەوە گومان کە کێشەیەک لە کۆنگرە ڕوویداوە. بۆیە کەوتینەوە جم و جۆڵێکی دووکەسی ، بەڵام هیچمان دەست نەکەوت. ڕۆژی نەورۆز کاک دوکتۆر قاسملوو پەیامێکی لە ئاهەنگی نەورۆزی بنکەی دەفتەری سیاسی دا پێشکەش کردبوو، ڕۆژی دوایی لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران بڵاو کرایەوە. لەوێش دا دوکتۆر فەرمووی:… (بێگومان ئەو ئاڵ و گۆڕانەی لە ڕێبەریی حیزب دا کراون دەتوانرێ هەنگاوی مۆئەسیر بن لە بەرەو پێش بردنی کاروباری حیزبی دا). لەوێش دا گومانمان زیاتر بوون کە لە ڕێبەری دا ئاڵ و گۆڕی جیدی کراوە. وابزانم ڕۆژی ٣ی خاکەلێوەی ١٣٦٧(٢٤ی ئاداری ١٩٨٨) بوو کە ئەوەی لە بیرم بێ من و سادق و چەند کەسێک لە بەردەرکی مقەر دانیشتبووین و سادق ڕادیۆی موجاهیدینی گرتبوو. ئەوان بە خەبەرێکی کورت باسیان لە ئینشیعاب لە حیزب دا کرد، بەڵام شتێکی ئەوتۆیان باس نەکرد.

ڕۆژی ٧ی خاکەلێوە لە سەر نانی نیوەڕۆ بووین کە ڕادیۆ دەنگی کوردستان بەرنامەکانی دەستپێکرد و یەکەم شت ڕاگەیاندراوێکی کۆمیسیۆنی سیاسی_نیزامیی حیزبی بڵاو کردەوە و ناوی ١٥ کەس لە ئەندامانی پێشووی ڕێبەریی حیزبی کە جگەلە سێ، چوار کەس ، ئەوانی تر هەموویان کادری هەرە دیاری حیزب بوون بڵاو کردەوە کە گوایە لە حیزب دەرکراون. ئەو خەبەرە وەک شۆکێک بوو، هەموومان تاساین. لە بیرمە سەرپەلی ئێمە لاوک حشمەت خیز نانەکەی بەجێ هێشت و چووە دەر. سەیر لەوەدا بوو کە ئێمە ٤٥ پێشمەرگە و هەموو ڕۆژێک پەیوەندیمان لەگەل مەڵبەند و ڕێبەری هەبوو، کەچی هیچ کەس تاقە ئیشارەیەکیشی بە وەزعی حیزب بە گشتی و مەڵبەندی شیمال بەتایبەتی بۆ ئێمە نەکردبوو. تەنانەت تا دوای جیابوونەوە نەمانزانی بوو کە کاک تەیموور بۆتە بەرپرسی مەڵبەند .

درێژەی هەیە…..

بەشی یازدە…

کاتالۆگ