گۆڕانکاری لە حیزبدا!، ئیبراهیم لاجانی

لە یەکەم ڕوانیندا وا دێتە بەرچاو کە گۆڕانکاری و رێکخراوی حیزبی لەگەڵ یەک ناتەبان. چونکە رێکخراوی حیزبی شتێکی سابیت و قەوارە بۆ داڕێژراوە. ئاخر ئاڵوگۆڕ زۆرتر دەبێتە هۆی تێکچونی ئەو سەباتە کە تەشکیلاتی حیزب عادەتی پێوە گرتووە.braym-lacani-2013-2

سەرەڕای هەموو ئەوەش دەبینین کە حیزب و تەشکیلاتی حیزب گۆڕانیان بەسەر دادێ. هەندێک جار ئەو گۆڕانکاریە بەسەر حیزب و تەشکیلات و بەدەنەکەیدا دەسەپێ و لە ڕووی ناچاریەوە حیزب مل بە ئاڵوگۆڕدەدا. ئەو جۆرە ئاڵوگۆڕە کە بەسەر حیزبدا دەسەپێ، وەڵام دانەوەیە بە وەزعێک کە بۆ حیزب هاتۆتە پێش. بە واتایەکی تر ئەو ئاڵوگۆرە بۆ ئەوەیە حیزب بتوانێ لەو هەلومەرجە تازەدا کە بۆی هاتۆتە پێش وەمێنی و درێژە بە ژیانی خۆی بدات.

بەڵام بە گشتی لە ئاستی حیزب و تەشکیلاتدا پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ بریتیە لە ئاکامی مەنتقی بیرکردنەوەی مەعقول لە پرۆسەی کاری رێکخراوەییدا. واتە لێرەدا ئاڵوگۆڕ بریتیە لە ئاکامی ئەو رێکار و سیاسەت و میتۆدانەی کە ئەکتۆرە چالاکەکانی نێو حیزب و تەشکیلات هەڵیان دەبژێرن. ئەو جۆرە ئاڵوگۆڕە لە حیزبدا پێوەندیی راستەوخۆی بەوەوە هەیە کە ئایا ئەندامان و کادرو تێکۆشەرانی حیزب و ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزب تا چ ڕادەیەک توانای فێربوون و گەشەکردنیان تێدایە. واتە چەندە دەتوانن رەفتار و هەڵسوکەتی خۆیان بگۆڕن تا لە پرۆسەی کاری حیزبیدا باشتر بڕۆنە پێش و هەڵدەن.

هەروەها دەبێ ئەوەش بزانین کە پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە حیزبدا، چ بە پێی بەرنامەبێت و چ ئاکامی هەلومەرجێکی نەخوازراو بێت، خۆی لەخۆیدا دەرفەت و شانس بۆ هەڵدان و گەشەکردنی تەشکیلات وەدەستهێنانی ئەزمونی تازە دەخوڵقێنێ.

لەسەر یەک بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕ لە حیزب و تەشکیلاتدا پێکبێنین، حیزب و کادر و تێکۆشەرەکانی دەبێ هەموو ئەو مەسەلە تەشکیلاتی و لایەنە جۆراوجۆرانە وەبەر چاوبگرن کە سەبات و ئیستقراری سیاسی و تەشکیلاتی حیزبیان لەسەر ڕاوەستاوە. ئەو ئەکتۆرانەی کە بە باشترین شێوە دەتوانن ئەو پڕۆسەیە بەرنەپێش ئەوانەن کە لە حیزب و تەشکیلاتی ئێمەدا پۆزیشونی رەسمی و تەخەسوسیان هەیە. واتە رێبەرایەتی حیزب و کادرەکانی بەرێوەبەری ئۆرگانە جۆراو جۆرەکان. بەو پێ یە بە واتایەک دەتوانین بلێێن کە رێبەرایەتی بۆخۆی بەمانای ئاڵوگۆڕ دێت.

ئاکامی ئەو قسە ئەوەیە کە ئاڵوگۆڕ پێکهێنان ئەرکی رێبەری یە. لەوەش زیاتر بە وتەی یەکێک لە شارەزاکانی زانستی رێبەری واتە داگ ئینگڤار یاکوبسن، ئەوکارە لە حیزب و تەشکیلاتدا بۆ ئێمە بە گرنگترین ئەرکی رێبەری و بەتایبەتی سکرتێر دادەنرێت.

بۆیە ئێستا کە سکرتێری گشتی حیزبی ئێمە بۆخۆی دەرگای هێنانە گۆرێ ئەو باسەی لە حیزبدا خستۆتە سەرپشت، بەدەنەی حیزب و کادرەکانی و تێکۆشەرەکانی دەبێ تێکۆشن بە باشترین شێوە لەو باس و دیالۆگ و گفتۆگۆیانەدا بەشداری بکەن کە لەو بارەوە لە تەشکیلاتدا لە گۆڕێدان. ئەوەش بۆ ئەوەی کە بتوانین لەو ماوەدا کە تا گرتنی کۆنگرە لە پێشمانەدایە، چاک کەڵک وەرگرین. بە جۆرێک کە لە کۆنگرەدا بتوانین سیاسەت گوزاریەک بکەین کە هەموو حیزب لە مەیدانی خەباتدا کاریگەرتر بکات و تەشکیلاتی حیزب بەجۆرێک تەییار بکات تا بتوانێ ئەرکەکانی قۆناخی ئێستای خەباتی حیزب و بزووتنەوە رەواکەمان ڕاپەرێنی.

هەوڵ دەدەم لە داهاتوودا تا ئەو جێیەی وەخت رێگام پێدەدا لەو بارەوە ئاکتیوبم.

ئیبراهیم لاجانی

٢٢.٣.٢٠١٧

ئۆسلۆ

Dag Ingvar Jacobsen , Hvordan organisasjoner fungerer 375, Fagbokforlaget.2007,

کاتالۆگ