رێبەریی چ رۆڵێک لە کارابونی حیزب دا دەگێڕێ؟، ئیبڕاهیم لاجانی

لێکۆلێنەوەکان وئەزمونی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلان ئەوە دەردەخەن کە رێبەری لە بردنە پێش وکارابونی حیزب و بزووتنەوەدا نەک هەر رۆڵ دەگێڕێ،braym-lajani-

بەڵکو لە سەرکەوتن یا شکان و پاشەکشە و بێ ئاکام مانەوەی هەر حیزب و بزووتنەوەیەکدا بە فاکتۆری هەرە گرنگ بە حیساب دێت(Andersen, J.A,1995,Yukl,2006).

ئایا ئەوە هەمیشە راستە؟ لە ئەدەبیات و زانستەکانی رێبەریدا لەوبارەوە ڕوانگەی جۆراوجۆر هەن. بەشێک لە تیئوریەکانی پێوەندیدار بە رێبەرایەتی لەسەر ئەو بڕوایەن کە نەخشی رێبەرایەتی لە حیزب و بزووتنەوەدا، نەخشێکی بڕیاردەرە. ڕوانگەو بۆچوون و تیئۆری ئەوتۆش هەن کە پێیان وایە لەوبارەوە ئەسڵەن رێبەری هیچ نەخشێکی نیە، بەڵکو ئەوە فاکتۆرگەلێکی ترن کە کاریگەرن و رۆڵی چارەنوس ساز دەگێڕن. بۆ نموونە هەندێک لەو تیئۆریانە پێیان وایە ئامانجەکانی حیزب و بزووتنەوەکە، یا کولتوری ئەو حیزبە، یا موناسەباتی دەروونی رێکخراوەیی یا تەوازونی هێزەکان لەهەلومەرجی ژیان و خەبات و تێکۆشانی ئەو حیزبەدان کە لە چونەپێش و کارابون یا شکان و ناکام بوونی ئەو بزووتنەوەدا رۆڵی ئەساسی دەبینن.

ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ڕیبەر یا رێبەریی بەگشتی چەندە دەتوانێ لە چوارچێوەی ئەو مەحدودیەتانەدا کە هەل و مەرجی تێکۆشانی حیزبەکە، کولتور و فەرهەنگی حیزبەکە، سترەکتۆر و ڕادەی هیزو توانای حیزب و بزووتنەوەکە بۆی دیاری دەکەن، مانۆڕان بدا و شوێن دانەربێت؟ ئەو تیئوریانەی پێیان وایە کە رێبەر و رێبەرایەتی ڕۆڵێکی ئەوتۆیان لە کارابوون و چوونەپێشی حیزب و بزووتنەوەدا نیە، پێ لەسەر هەندێک فاکتۆری دیکە دادەگرن کە ئەوان پێیان وایە لەدەرەوەی کۆنتڕۆڵ و دەستەڵاتی رێبەرین. وەک هێز و قودرەت، تکنۆلۆژی کاریگەر، هەلومەجی ژیان و کارو تێکۆشانی حیزبەکە و وەزعی سیاسی ناوچەکەو چۆنیەتی سیاسەتی دەسەلاتداران و حکومەتەکان. لەو بارەوە دەتوانین Pfeffer & Salanic وەک نموونە بێنینەوە. ئەوان لەسەر ئەو بڕوایەن کە مانەوە و چوونەپێشی هەر حیزب و رێکخراوێکی سیاسی بەستراوەتەوە بەو سەرچاوانەی کە ئەو حیزبە لە ژینگەو موحیتی کار و خەباتی خۆیدا لەبەردەستی دان و دەتوانێت کەڵکیان لێوەرگرێ. هەربۆیە ئەوان لەو بڕوایەدان کە ئەوە سەرچاوە و مەحدودیەتەکانی مەیدانی خەبات و ژینگەی حیزبن کە چۆنیەتی ڕەفتار و کردەوە و مەیدانی مانۆڕ و هەڵسوڕانی رێبەر و رێبەریی دەستنیشان دەکەن. بۆیەشە پێیان وایە تەنانەت لە باشترین حاڵەتیشدا رێبەر هەمیشە دەستەڵات و توانایەکی دیاری کراو و مەحدوودی بەسەر وەزعەکەدا هەیە .هەر لەبەر ئەوەش نفوز و کاریگەریەکەی سنوردارە. سەختە بڕوابکەین کە لە کارابون و چونەپێشی حیزب و بزووتنەودا ئەوە نەک رێبەر بەڵکو هەندێک فاکتۆری دیکەن کە کاریگەرن. ئەو فاکتۆرانەی راستەخۆ پێوەندیان بە ژینگە و هەلومەرج و باروودۆخی عەینی و موحیتی تێکۆشانی حیزبەوە هەیە.

کاتێک دەپرسین بۆچی هەندێک حیزب و رێکخراو باشتر لە حیزب و رێکخراوەکانی دیکە دەتوانن بڕۆنە پێش و سەرکەوتنی زۆرتر دەستخەن و چاکتر خۆیان لەگەڵ هەلومەرجە سەخت و دژوارەکان بگونجێنن؟ بەشێک لە تیئوریەکانی رێبەریی هۆکاری ئەوە بۆ فەرهەنگ و کولتووری تایبەت بە حیزب و بزووتنەوەکان دەگێڕنەوە. Mead لە کتێبەکەی خۆیدا ئیشارە بەوە دەکات کە ئەو نرخ و بایەخە فەرهەنگی یە بنەرەتیانەی کە هەر میللەتێک لەسەریان درووست بووە و ئەو میللەتە لە میللەتانی دیکە جیادەکاتەوە، کاریگەریی بەرچاویان لە سەرکەوتن و چونەپێشی خەبات و بزووتنەوەی ئەو میللەتەدا هەیە. چونکە ئەو نۆرم و نرخ و بایەخانە کە لە نێو میللەتەکەدا بەهێزن، راستەوخۆ لە کەسایەتی و کرداری ئەندامانی حیزب و رێکخراوەکانی سەر گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشانی سیاسی ئەو میللەتەش رەنگدەدەنەوە و خۆنیشان دەدەن. هەر بۆیە تا لەنێو ئەو میللەتەدا ئاڵوگۆر بەسەر ئەو نرخ و بایەخ و نۆرمانەدا نەیەت، لە حیزب و رێکخراوەکانی ئەو میللەتەشدا، ئەو نرخانە، ئەو نۆرمانە، ئەو فەرهەنگ و کولتورە، هەر لە جێی خۆی دەمێنیتەوە. بەو حاڵەش ناوبراو پێی وایە کە رێبەرایەتی و رێبەر دەتوانن نەخشیان لە هیدایەت کردن ، بە هێزکردن و ئیدارەکردنی فەرهەنگ و کولتوری ناو حیزب و بزووتنەوەکەدا هەبێت. لێرەدا لە وەڵامی یەکەم پرسیارماندا کە لەسەرەوە هێنامانە گۆرێ، دەتوانین بەو نەتیجە بگەین کە رێبەر، رێبەرایەتی، سکرتێر، دەتوانێ رۆڵی کاریگەری لە کاراکردن و چالاک کردن و effectivit کردنی حیزب و بزووتنەوەدا هەبێت.

ئێستا کاتی ئەوەیە هەر لە درێژەی ئەو پرسیارەی سەرەوەدا پرسیارێکی دیکە بکەین:

ڕۆڵی رێبەر و رێبەرایەتی بە بەراورد لەگەڵ فاکتۆرەکانی دیکە لەسەر کارابونی حیزب و بزووتنەوە چەندە کاریگەرە؟

لەو بارەوە ئەدەبیاتێکی زۆرمان لەبەردەست دایە، جگەلەوە بە دەیان لیکۆڵینەوەی زانستی و نامەی دوکتۆرا لە ئارشیوی زانستگاکاندا لەبەردەستدان کە بۆ وەڵام دانەوە بەو پرسیارە دەتوانن یارمەتیمان بدەن. بە چاوگێرانێکی خێرا بە سەرکورتەی ئەو باسە زانستی و ئەکادیمیانەدا، وێنەیەکی باشمان لەوە دەست دەکەوێت کە رێبەر چدەکات و دەتوانیت چ بکات. وە بە بەراورد لەگەڵ فاکتۆرەکانی دیکەدا چەندە دەتوانێت لەسەر کارابوون و چونەپێشی حیزب و ریکخراوێک و بزووتنەوەیەک کە رێبەری دەکات شوێن دانەر بێت .Meindl et al(1984).

لێکۆڵینەوە مەیدانیەکان ئەوە دەردەخەن کە بە شێوەیەکی گشتی خەڵک و میللەت لەو پێوەندیەدا رۆڵی ئەساسی دەدەنە رێبەر و رێبەرایەتی. واتە وای دەبینن کە ئەوە رێبەرایەتیە کە لە کارابوون و چوونەپێش و سەرکەوتن یا شکان و پاشەکشەی بزووتنەوەدا نەخشی ئەساسی و سێنتڕاڵ دەگێڕێ.

ئێستا بزانین هۆی ئەوە چیە؟ هەر ئەو لێکۆڵینەوانە لەسەر ئەوبڕوایەن کە ئەو جۆرە تێگەیشتنە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە ڕۆڵی رێبەرایەتی بەگشتی و بەتایبەتی نەخشی رێبەر وەک شەخس، بەبەراورد لە گەڵ فاکتۆرەکانی دیکەی وەک فەرهەنگ و کولتوور و ساختار و سترەکتوری حیزب ، هەلومەرجی عەینی، بارودۆخی مەیدان و ژینگەی تێکۆشانی حیزب ، هێز و تکنۆلۆژی و هتد..زۆر لەبەر چاوان ترە. واتە فاکتۆرەکانی دیکە لە تاریکی دان، لە پشتی پەردەوە کاردەکەن. وەک ئینێرژی تاریک کە نابینرێ بەڵام بە خێرایی باوبروسکە کەهکەشانەکان لە گەردووندا پاڵ پێوەدەنێ، ئەو فاکتۆرانەی دیکەش ئاوا کاردەکەن. لە فیزیادا ئێمە لە قوتابخانەدا کاتێک باسی هێزی جازبە دەکەین بۆ قوتابیەکانمان، دەلێین هێزی جازبە نابینین بەڵام ئاسارەکەی هەست پێدەکەین. قەڵەمیک بەردەدەینەوە خوارەو دەبینین بۆلای زەوی دەکشێ. بەو جۆرە قوتابیەکانمان لە کاریگەری هێزی راکێشانی زەوی حاڵی دەبن، با راستەوخۆ نەشی بینن. ئەوە لە پێوەندی دەگەڵ ئەو باسەشدا هەر راستە کە ئێمە لیرەدا قسەی لەسەر دەکەین. رێبەر و رێبەرایەتی لەبەر چاوانن، هەرر بۆیە خەڵک پێیان وایە نەخشی ئەساسی لە شکان یا سەرکەوتنی بزووتنەوەدا لە واندا خولاسە دەبێتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە لێکۆڵینەوەکان ئەوەش دەردەخەن کە رێبەران بۆخۆیان تەمایولی ئەوەیان تیدایە کە فوکوس بخرێتە سەر ئەوان و نەخشی خۆیان. هەر بۆیە خۆشیان رۆڵی خۆیان لەو پرۆسەیەدا زەق نیشان دەدەن. بە تایبەتی کاتێک حیزب و بزووتنەوە سەرکەوتن وەدەست دێنن، یا بە شێوەیەکی مەتڵوب دەچنە پێشی، ڕێبەران و رێبەرایەتی تێدەکۆشن کە بەشێکی هەرەگەورەی ئەو سەروەری و شانازیانە کە وەدەست هاتوون بۆ نەخشی خۆیان بگێرنەوە. هەرکاتێکش کە شکان و پاشەکشە بۆ حیزب و بزووتنەوە هاتنە پێش، زۆرتری خەتایەکە دەخەنە پاڵ هەلومەرج و بارودۆخە عەینی یەکە کە حیزب و بزووتنەوەی پێدا تیدەپەڕن.Salanic & Meindl(1984)

بەوحاڵەش لە هۆشیاری و ئاگاهی خۆماندا حەزمان لێ یە رۆڵی رێبەرێکی کاراو لێوەشاوە و رێبەرایەتی بە ستراتیژیک بزانین. لەبەر ئەوەی پێمان خۆشە بڕاوبکەین کە کەسێک هەیە کۆنترۆڵی وەزعەکەی لە دەست دایە. ئەوە دەگەرێتەوە بۆ کولتووری ئێمە. ئەوەش هەندێک جار دەرفەت بۆ دەرکەوتنی رێبەرانی کاریسماتیک دەخولقێنێ و هەندێک جاریش کێشی شەخسیەت لە حیزب و تەشکیلاتدا گەورەدەکاتەوە. لێرەدایە کە ناتوانین بە چاوێکی واقعبینانەوە نەخشی رێبەری هەڵسەنگێنین.

بەکورتی لێکۆڵینەوە مەیدانیەکان لە پێوەندی دەگەڵ نەخشی رێبەرایەتی لە بردنەپێش و سەرکەوتنی حیزب و بزووتنەوەدا یا شکان و پاشەکشەی ئەو حیزبدا، ئاکامی جۆراو جۆر نیشان دەدەن. هەندێکیان پێیان وایە کە لەو بارەوە رێبەر یا ڕێبەرایەتی نەک هەر دەورێکی گرنگی هەیە، بەڵکو ڕۆڵی هەرەگرنگ و ستراتیژیک و یەکلاکەرەوەی هەیە.Smith et al.(1984),Thomas(1988, Throlindson(1988)

لە لایەکی دیکەشەوە هەندێک لێکۆڵینەوەی دیکە وەک پێشتر باسمان کرد، هیچ پێوەندیەک لە نێوان رۆڵی رێبەر و رێبەرایەتی لە کارابون و چالاکبون و ئیفێکتیڤ بوونی حیزبدا نابینن. Liberson & O Connor(1972), Salanick & Pfeffer(1977), Jacobsen, D.L.(1996).

بۆیە دەکرێ لە ئاکامی ئەو باسەدا بەو نەتیجەگیریە بگەین کە لێکۆڵینەوە ئاکادیمیک و ئەزمونەکانی خەباتی خۆمان و حیزبی خۆمان و میللەتانی دونیا ئەوەما پێدەڵێن کە ڕێبەرایەتی بۆ کارابونی حیزب و بزووتنەوە و چوونەپێشی دەتوانێ نەک هەر گرنگ بێت، بەڵکو یەکێک لە فاکتۆرە گرنگەکانیش بێت. بەڵام ئەوە کە فاکتۆری رێبەرایەتی لەو بارەوە تا چ ڕادەیەک بە بەراورد لەگەڵ فاکتۆرەکانی دیکەدا گرنگتر و کاریگەرترە بەستراوەتەوە بەو هەلومەرج و قۆناخەی خەبات کە حیزبی تێدایەو بەو سەرچاوە و مەحدودیەتانەی کە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی حیزب لە ئیختیار حیزب و بزووتنەوەی دەنێن و لەوەش زیاتر ئەوەکە کە چۆن رێبەرێک یا رێبەرایەتی دەتوانی کەڵکیان لێوەرگرێ و بەکاریان بێنێ.

مەبەستم لەو قسانە ئەوەنیە کە بلێم رێبەری حیزب لەو وەزعەدا کە ئێمەی تێداین، نەخشێکیان نیە. مەبەست ئەوەیە بە چاوێکی واقعبینانەوە حیزب و سکرتێر و رێبەریەکەی هەلسەنگێنین و لە هەر هەڵسەنگاندنێکدا فاکتۆرەکانی دیکەش ببینین و بایەخیان بدەینێ. واتە بە شناختەوە بڕۆینە پێش. ئەوە کە رێبەری و بەدەنە ئیرادەمان بۆ ئاڵوگۆڕ پێکهێنان لە خۆ نیشانداوە جێگای شانازیە. بەڵام ئیرادە بە بێ شناختی دروست دەبێتە موسیبەت. لەولاشەوە ئاگاهی و شناخت نابێ ئیرادەمان سست کەن بۆ گۆرانکاری. چونکە شناختی بێ ئیرادەش دەبێتە ناتەوانی و دەست بەخۆدا بەردانەوە و تەسلیم بوون بەوەزعی مەوجود. لە یەک قسەدا دەبێ ئاگاهی ئیرادەو ئاگاهی شناخت بخەینە خزمەت یەکتر. نابێ رێگا بدەین ئەو دوانە بکەونە بەرانبەر و دژایەتی یەکتر. تەنیا لەو حاڵەتەدایە کە دەتوانین ئاڵوگۆڕی پێویست بکەین و حیزب بە ئاسمانە بڵندەکاندا وە پەرواز بخەین.

ئیبڕاهیم لاجانی

٢٥مارسی ٢٠١٧ ئۆسلۆ

…..

چۆن فەزا بۆ ئاڵوگۆڕ لە حیزبدا درووست کەین؟

ئەگەر دەمانەوێ لە کۆنگرەی ١٦ی حیزبدا دەرگای ئاڵوگۆڕ لە حیزبدا بکەینەوە، پێویستە بەو جۆرەی خوارەوە هەنگاو هەڵگرین.

یەکەم:

پێویستە ئۆرگانە دەستەڵاتدارەکان لە حیزبدا بکەینەوە، بەجۆرێک کە مەیدانی گەشەکردنی زۆرتر بۆ تەشکیلات و ئەندامان پێک بێت.

دووهەم.

دەستەڵاتی ئیجرایی لە حیزبدا بەجۆرێک دابەش بکرێت کە هەموو تەشکیلاتی حیزب بگرێتەوە. واتە نەیەڵین دەستەڵاتی ئیجرایی هەمووی لە جێگایەک و ئۆرگانێک و شوێنێکدا کۆبێتەوە. دەبێ هەموو سەرتاسەری تەشکیلات ئەرک و وەزیفەی خۆی هەبێت و مەسئولیەت و سەڵاحیەت پێکەوە بێن. ناکرێ سەڵاحییەت بدەی بە کەسێک ومەسئولیەتی نەبێ . هەر بەوجۆرە ناکرێ مەسئولیەت بدەی بە کەسێک یا ئۆرگانێک بەڵام سەڵاحیەتی نەبێت.

سێهەم.

پرۆسەی ئاڵوگۆڕ دروستکردن لە حیزب و ئۆرگانەکانیدا دەبێت پێوەندی راستەوخۆی بە بەرێوەبردنی ئەرکەکانەوە هەبێت. واتە گۆرنکاری دەبێت لە سیاست و بەرنامەو کاری رۆژانەماندا رەنگ بداتەوە.

چوارەم:

گۆڕانکاریەکان و پرۆسەی گۆڕانکاری دەبێ ببنە مایەی دەوڵەمەند بوونی ئەزمونی خەباتگێرانەی حیزب و کادر و تێکۆشەرەکانی حیزب. واتە دەبێت ببنە مەیدانێک بۆ فێربوون و هەڵدان و خەملاندنی کەسایەتی سیاسی و تەشکیلاتی کادرەکانی حیزب نەک شکاند و تەحقیرکردنیان.

پێنجەم:

پرۆسەکانی ئاڵووگۆڕ پێویستە سەرتاسەری تەشکیلاتی حیزب بگرنەوە . ئەویش لە رێگای دابەشکردنی بەرپرسایەتیەکان، دیاریکردنی ئەرکەکان، تەقسیمی حەقائیب و پێکهێنانی کۆمیۆنیکاشؤنێکی گەرم و سەمیمی و هاوڕیانەو حیزبیانە لەسەر تاسەری حیزبدا.

شەشەم:

پرۆسەکانی ئالوگۆرپێکهێنان لە حیزبدا دەبێ بە دیقەتەوە هەل و مەرجی تێکۆشانی حیزب و ژینگە و مەیدانەکانی تێکۆشانی حیزب ، دەرفەت و مەحدودیەکانی حیزب وەبەرچاوبگرن.

حەوتەم:

سەرتاسەری تەشکیلات دەبێ لە رێگای کۆڕو سیمنار و کۆبونەوەی تەشکیلاتیەوە بۆ ئاڵوگۆری هۆشمەندانەو ئاگاهانە ئامادەبکرێت.

هەشتەم:

کولتوور و فەرهەنگێک لە تەشکیلات و حیزب و ئۆرگانەکانیدا درووستکەین کە تۆڵێرانسەی بۆ موخالەفەت و موافەت و ئەزمونکردنی شتی تازە هەبێت و بتوانێ تەحەمولی نەزەری موخالیف بکات.. واتە فێری دیالۆگ و باس و موناقەشە و دیبەیتی حیزبی و تەشکیلاتی و ئەکادیمیک بین، بێ ئەوەی وەحدەتی سیاسی و تەشکیلاتی حیزب بخەینە مەترسی. دەبێ هەموو ئینێرژیەکان بۆ بردنەپێشی حیزب و ئامانجەکانی حیزب سەرف بکرێن. کەڵەوەوکێشی زیان بە تەشکیلات دەگەیەنێ.

نۆیەم:

پرۆسەی ئاڵوگۆڕ پێویستە نەک هەر حیزب و ئۆرگانەکانی، بەڵکو پێوەندیەکانی حیزب لەگەڵ ژینگەی خۆشیدا بگرێتەوە و توانای حیزب و کیفایەتی حیزبەکەمان بۆ مانۆڕدانی سیاسی و هاوکاری و هاوئاهەنگی زۆرتر لەگەل هێزە سیاسەکانی سەرگۆرەپانی خەبات لە کوردستان و ئێران دا بباتەسەر.

ئیبڕاهیم لاجانی

20170325

بۆ بابەتەکانی تری نووسەر، بەشی نووسەران چاو لێ بکەن


ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو