حیزبی دێموکرات و ئاڵوگۆڕ!، برایم لاجانی

لەهەلومەرجێکدا دەژین کە کۆمەڵگا ئینسانیەکان زۆرخێراتر لە رابردوو لە ئاڵوگۆڕدان . ئەوە کۆمەڵگای کوردستانیش دەگرێتەوە. braym-lajani-

هەربۆیە بە گشتی حیزب و ریکخراوە سیاسیەکانیش کە لە کۆمەڵگادا کار و چالاکی سیاسی دەکەن، ناچارن دەگەل ئەو ئاڵوگؤرانە بڕۆنە پێش. لەوەش زیاتر تادێ ئەوە باشتر دەردەکەوێ کە ئەو حیزب و رێکخراوانەی کۆمپیتانسە و لێوەشاوەیی بۆ ئاڵوگۆر لە خۆیاندا پەروەردە ناکەن ، ناتوانن بمێننەوە. ئەو قاعیدە گشتییە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانیش دەگرێتەوە.

لەو وتارەدا تێدەکۆشم ئەوە ڕوونکەمەوە کە مەبەست لە ئاڵوگۆر چیە و چۆن دەکرێ ئاڵوگۆڕ لە حیزبی خۆماندا درووست کەین.

لە ئاڵوگۆڕ چیە؟

لە زۆر حاڵەتدا ئاڵوگۆڕ بریتیە لە بیرکردنەوە و هێنانەگۆڕی ئیدەی تازە. واتە کارەکان بە شێوەیەکی تازە ڕاپەرێنین. بەوپێ یە دەکرێ بڵێین ئاڵوگۆڕ تا ڕادەیەکی زۆر بریتیە لە داهێنان یانی Innovasjon 1985:19).(Deutcsch,K.W.

بەوحالەش داهێنان مانای قوڵتر و بەرینتری هەیە و لە ئاڵوگۆڕ تێدەپەڕێ. تەنانەت جاری وایە لە حیزب و تەشکیلاتدا داهێنان دەکرێ، بە بێ ئەوەی ئاڵوگۆرێکی ئەوتۆش بێتە پێش. جاری واشە ئاڵوگۆر حەتمەن بە مانای هێنانەگۆڕی شتی تازە نیە. واتە هەموو ئاڵوگۆرێک نوێبوونەوەو چوونەپێش نیە. جاری وایە رێکخراوەکان دەگەرێنەوە بۆ سەر شکڵ و قەبارە ئاشناو جێکەوتووەکان کە عادەتیان پێیانەوە گرتووە.

بەڵام دەتوانین ئاڵوگۆڕ لە سێ خاڵدا پوختەو کورتکەینەوە.

1. ئاڵوگۆڕ پێکهێنان لە شێوە و میتۆدی راپەڕاندنی کار و ئەرکە حیزبیەکان وچالاکیەکاندا. لە تیکۆشان و خەباتی رۆژانە دا، یا بریتیە کەڵک وەرگرتن لە تکنۆلۆژی تازە هەروەها دەکرێ دارشتنی ستڕاتیژی و بەرنامەو ئامانجی نوێ بۆ کارو خەبات دەگرێتەوە. بەو مانایە کە ئۆرگانە حیزبیەکان و کادرو ئەندامانی حیزب بە شێوەیەکی تازە ئەرکە حیزبیەکان بەرێوەدەبەن. بۆ نموونە تکنۆلۆژی تازە دەخەنە خزمەت حیزب و تەشکیلات. یا بۆ نموونە ئاڵوگۆر لە ئامانج و ستراتیژی حیزبدا پێک دێنن.

2. پێکهێنانی ئاڵووگۆڕ لە ساختاری تەشکیلاتی و ئەساسنامەو چۆنیەتی ساختمانی قەوارەی حیزبدا. واتە چۆن کار و ئەرکەکان دابەش کەین، چۆن هاوئاهەنگی پێک بێنین. چۆن کۆنتڕۆڵ و لێ پرسینەوەمان هەبێ. پێوەندی ئۆرگانەکان دەگەڵ یەکتر چۆن بێ، مافەکانی ئەندامان، پێوەندی نێوان زۆرایەتی و کەمایەتی. رێبەرایەتی و دەستەڵاتی رێبەری و دابەش کردنی ئەرک و سەڵاحیەتەکان و بەرپرسایەتیەکان. تەشویق و سزاو تەمبێ. کۆنگرەو کۆنفرانسەکان و چۆنیەتی بەرێوەچونی ئەوان.

3. ئاڵوگۆڕ پێکهینان لە کردار و رەفتار و هەڵسوکەت و کولتوری حیزبی و فەرهەنگی رێکخراوەیی، ئاڵوگۆڕ پێکهێان لە شێوەی کۆمیونیکاشیون و چۆنیەتی بریاردان و سیاسەتگۆزاریدا، گۆرینی سیاسەت و هەلووێستەکانی حیزب بە گوێرەی هەلومەجی تازە وەزعێک کە هاتۆتەپێش.

دیارە هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانەش کاریگەریان لەسەر موناسەبەتی قودەرت و دەستەلات لە نێوان ئەکتۆرەکانی نێو تەشکیلاتی حیزبدا دەبێ و لەئاکامدا ئاڵوگۆڕ لە دەستەڵات و چۆنیەتی دابەشکردنی دەستەڵاتیشدا روودەدا. هەروەها هەر لە درێژەی ئەوەدا حیزب ناچار دەبێ لە ئاکامی ئەو گۆڕانکاریانەدا ئاڵوگۆڕ لە پێوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ژینگەی تێکۆشانی خۆی و ئەکتەرەکانی سەر گۆرەپانی سیاسەتی ئێران و کوردستانیش دا پێکبێنی.

شێوەکانی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ

ئاڵوگۆڕ فۆرم و شێوەی جۆراوجۆر بە خۆوە دەگرێ. دەکرێ ڕادیکاڵ و عەرەب وتەنی جەزری بێت. دەکرێ هێواش و لەسەرەخۆش برواتە پێش. ئەوەش زۆرتر پێوەندی بەوەوەیە کە ئایا حیزب دەیەوێ ئالوگۆر لە بەرنامەدا، لە ستراتیژی و ئامانجدا درووستکات، یا لە ساختاری تەشکیلاتیدا، یا لە دەکارکردنی تکنۆلۆژی تازەدا، یا لە دابەشکردنی دەستەڵات لە نێو ئەکتەرەکانی نێو تەشکیلات و رێبەریدا .

بەو پێ یە ئالوگۆر پێکهێنان بوار و لایەنی جۆراو جۆر دەگرێتەوە وەک:

• شۆڕش یا تەکامولی سروشتی Revolusjon , Evelusjon

لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە ئەو ئاڵوگۆرەی کە قەرارە پێک بێ ، تا چ ڕادەیەکە و مەوداکەی تا کوێ یە؟ چ دەگرێتەوە؟ ئایا ئاڵوگۆڕ هەر بۆ ماوەیەکی دیاری کراوە و لە فترەیەکی زەمەنی تایبەتیدایە یا هەمیشەیی و بەردەوامە، ئایا ئاڵوگۆڕ تاکتیکیە یا ستراتیژیک(March& olsen1989, Quinn.J.B 1988ba, Nadler & Tushman 1990, Petti griw et al 2001).

ئایا ئاڵوگۆر شۆرشە یا تەکامولی سروشتی (Gersick 1991,Van De ven& Poole 1995)

مەبەست لە تەکامولی سروشتی ئەوەیە کە حیزب بە شێوەیەکی سروشتی لە حاڵی گەشە و چونەپێش و تەئسیر وەرگرتن لە ژینگەی خۆی و ئەزمون وەرگرتن لە کار و خەباتی خۆی و خەڵکانی ترە. ئەو جۆرە ئاڵوگۆرە لە ماوەیەکی درێژ دا ڕوودەدا. ئەو جۆرە ئاڵوگۆڕە لە ئاکامی پیکهێنانی ئاڵووگۆرێ بچوک بچوک بەڵام بەردەوامدا روودەدا. هەروەها ئەو جۆرە ئاڵوگۆڕانە زۆرتر لە ئاستی محەللی و لۆکالدا روودەن و پاشان دەبنە سەرتاسەری. واتە ئەو ئاڵوگۆرانە لەیەک وەختدا بەسەر هەموو حیزب و تەشکیلاتدا نایەن ، بەڵکو هەنگاو بە هەنگاو دێنە پێش. واتە سەرجەمی ئاڵوگۆرە بچوک و محەللی یە کان سەرەنجام دەبێتە ئاڵوگۆری سەرتاسەری و کەیفی گەورە بەڵام لە دریژخایەندا.

ئەگەر ڕۆتین و ستانداردەکانی حیزب و کاری حیزبی لە ماوەیەکی درێژدا بگۆڕین، گۆرێنی بەر چاو ررودەدا. تێکەوڵاو کردنی رۆتینە کۆنەکان لەگەڵ شتی تازە، لەگەڵ میتۆدی تازە و ئاوێتە کردنیان دەبێتە هۆی نوێ بوونەوە و هاتنەکایەی شتی تازە. (Roste 1998, house & Adytya 1997:445)

ئەو جۆرە ئاڵوگۆرانە زۆر موناسەبەت و پێوەندی و بارودۆخ دەگرنەوە. بە شێوەیەکی ئاسایی دەزانین کە هیچ ڕۆتینێک تەواو نیە. هەربۆیە ئەو جۆرە ئالوگۆرانە دەکرێ بە شیوەیەکی سەخسیش لێک درێنەوە. هەربۆیە کادر و ئەندامانی حیزب بۆچونی تایبەتیان لەسەر ڕۆتینەکان دەبێ و جاری واشە کادرێکی حیزبی لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر بۆ چونی جیاوازی لەسەر رۆتینێکی دیاری کراو دەبێت. زۆر جار ئەو ئاڵوگۆرانە ، ئەو ڕۆتین گۆڕینانە لە ئاکامی فێربوون و ئاگاهی و وشیار بوونەوە و ئەزموون وەرگرتندا روودەدەن.. ئاخر حیزبێکی زیندوی وەک حیزبی ئێمە کە بەردەوام لە حاڵی کاروخەباتدایە، لە کارو خەباتی خۆی و دەوروبەری خۆی فێردەبێ و بەردەوام ڕۆتینی کار و خەبات و تیکۆشانی خۆی چاک دەکات و لەگەڵ پیداویستیەکانی خەبات و هەڵومەرجی تێکۆشانی حیزب دەیان گونجێنی.

بەڵام ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی و ستڕاتیژیک ئەوکاتە روودەدا کە حیزب ئاڵوگۆری جەزری و بنەرەتی و بەرین و قوڵ و هەموو لایەنە لە خۆی و سازمان و بەرنامە و کارو شیوە خەباتی دا لە ماوەیەکی کورتدا پێک دێنێ.

ئەو جۆرە ئاڵوگۆرە ئەوکاتە دێتە پێش کە حیزب ئامانج و ستراتیژی خۆی دەگۆرێ. ئەوە ئاڵوگۆڕی ڕادیکاڵە. زۆرتر کاتێک دێتە پێش کە قۆناخی خەبات، هەلومەرجی تێکۆشان دەگۆرێ یا حیزب لەگەل وەزعێکی تازە بەرەوە روودەبێت. بۆیە لەو حالەتەدا ئالوگۆڕ وەک شۆڕشێک خۆی نیشاندەدات.

لەلایەکی دیکەشەوە ئەوەش دەزانین کە ئاڵوگۆڕی لەسەرەخۆش، ئەگەر بەردەوام بێ ،لە درێژماوەدا، هەر دەبێتە هۆی ئاڵوگۆری بەرین و ڕادیکاڵ و کەیفی لە وەزعی حیزبدا.

• دژکردەوە یا وەڵام دانەوە بە چاوەڕوانیەکان (Reaktiv & Proaktiv

شێوەیەکی دیکەی ئاڵوگۆر ئەوەیە کە ئایا ئەو ئاڵوگۆڕە کە حیزب پێکی دێنێ دژ کردەوەیە یا وەڵام دانەوەیە بە چاوەڕوانیەکان.(Naler & Tushman 1990)

ئاڵوگۆری ریئەکتیڤ وەلام دانەوەی حیزبە بە وەعێک کە تازە روویداوە و حیزب دەبێ خۆی دەگەڵ بگونجێنێ. جا دەکرێ ئەو ئالوگۆرە تازە لە نێوخۆی حیزبدا هاتبێتە پێش یا لەو شوێنەو لەو جێیە کە حیزب کاری تێدادەکات رووی دابێت. بۆ نمونە شکان، پاشەکشە، هاتنەکایەی وەزعێکی سیاسی تازە …. هتد .

ئەو ئاڵوگۆڕانەش کە حیزب بۆ وەلام دانەوە بە چاوەروانیەکان پێکی دێنێ، پێی دەوترێت ئاڵوگۆری پرۆئەکتیڤ . ئەوە ئەو ئاڵوگۆرەیە کە حیزب پێکی دێنی بۆ ئەوەی وەڵام بە و چاوەڕوانیانە بداتەوە کە لێی دەکرێن ، یا وەڵام بەو وەزعە بداتەوە کە بۆی دێتە پێش. بۆ نموونە ئێستا رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگای کوردستاندا زۆر بەرچاوە و حیزب دەبێ وەڵام بەو وەزعە تازە بداتەوە و میکانیزمێک درووستکات کە لە تەشکیلات و رێبەری حیزبیشدا جێ و مەیدان بۆ ژنان بکاتەوە. ئاڵوگۆری کەم یا لە بەشێکی تەشکیلاتی حیزبدا بریتیە لە تەتبیقدانی بەشێک لە تەشکیلات لەگەل چاوەڕوانیەکان، ئەوە خۆ گونجاندنی پێ دەلێن. یا FININNSTILLING

ئەوە خۆ گونجاندنی حیزبە لەگەڵ شتێک کە خەریکە دێتە پێش. جۆرێکی دیکەش لە لە خۆ گونجاندن هەیە کە وەڵام دانەوەیە بە چاوەڕوانیەکان، بەلام لێرەدا ئالوگۆرەکان گەورەترن . بەوە دەوترێت Reorentering.

لێرەدا حیزب ئاڵوگۆری تەوا و و بەرین بەسەر ساختار و سازمان و قەوارەی خۆیدا دێنی. شوێنی کار و بەرپرسایەتی کادرەکان دەگۆرێ. بەرپرسایەتیەکان لەنێوان کادرەکانی حیزبدا دەگۆردرێن. جاری وایە حاڵەتی قەیرانی دێتە پێش و حیزب ناچارە سەرلەنوێ خۆی سازمانداتەوە. بۆ نمونە ئەو دەم کە حیزب کەوتە حاڵەتی خەباتی نهێنی و ژیرزەمینیەوە.(wadel1992,Nesheim 1993,Galbraeith 2000,Hirschborn 2000)

• ئاڵوگۆڕ لە نێوەرۆک دا.

لایەنێکی دیکەی ئاڵوگۆر بریتیە لە ئاڵوگۆرپیکهێنان لە فەرهەنگ و کوکتوری حیزبی و سترەکتوری حیزبدا.

ئاڵوگۆر لە سترەکتوردا زۆرتر دابەشکردنەوەی ئەرکەکان و بەرپرسایەتیەکانە. دانانی گروپەکانی کاری تایبەتیە، تەقسیمی دەستەلاتە، چۆنیەتی پێکهێنانی هاوئاهەنگیە، چۆنیەتی ئیدارەی ئۆرگانە حیزبیەکانە، چۆنیەتی تەشویق و سزادانە، چۆنیەتی لێ پرسینەوەیە. لێرەدا فوکوس دەکەویتە سەر ئالوگۆڕ لە قەوارەی ساختمانی حیزبدا.

ئاڵوگۆر لە فەرهەنگ و کولتوری حیزبدا بریتیە لە ئاڵوگۆر لەو بایەخ و نرخ و نۆڕم و بیرو باوەڕ و نەزەرو بنەما ئەخلاقیانەی کە کادرەکانی حیزب و تێکۆشەرانی حیزب لە کەسایەتی خۆیاندا هەڵیان گرتوون. لێکۆڵینەوەی زۆر سەبارەت بەوە کراوە کە کام لەو ئاڵوگۆرنە دەتوانێ زۆر کارا و کاریگەر بێت.(Antonakis et al.2003,Hunt et al.2004,Yukl.2006)

ئاخر ئالوگۆر لە سترەکتور و سازمانی حیزبدا لە درێژ خایەندا دەبێتە هۆی ئالوگۆر لە فەرهەنگ و کولتوری کاری حیزبیشدا. هەر بەو شیوە لیکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە ئاڵوگۆر لە فەرهەنگ و کولتوری حیزبیدا ،دەبێتە هۆی ئەوەی کە سەرەنجام ئاڵوگۆر لە سازمان و قەوارە و ستڕەکتوری حیزبیشدا بێتە پێش. لێرەدا هونەر ئەوەیە کە حیزب بە پێی وەزعی خۆی دەبێ قورسایی زۆرتر بخاتە سەر یەکیان و بەڵام لەهەردوو کیانیش کەڵک وەرگرێ. لێکۆڵەرەوەی ئەوتۆ هەن لەسەر ئەو بروایەن کە ئەگەر حیزبێک دەی هەوێت ئالوگۆر دروستکات و لەو کارەشدا سەرکەوێ. دەبێت هەردووکیان هاوتەریب بەرێتە پێشێ.

کەواتە تەوافوقی ئەکادیمیک لەسەر ئەوە هەیە کە حیزب بۆ چونەپێش، بۆ وەڵامدانەوە بە چاوەڕوانیەکان، بۆ ئاڵوگۆر دروست کردن دەبێ لەیەک کاتدا و هاوتەریب هەم کار لەسەر گۆرینی ساختاری تەشکیلاتی خۆی و هەم کار لەسەر گۆرێنی کولتوور و فەرهەنگی خۆی بکات.

ئێستا پرسیاری ئەساسی ئەوەیە کە بۆ ئەوکارە دەبێ لە گوێ را دەست پێبکەین؟ لە فەرهەنگەکەوە یا لە ساختارەکەوە؟

لێکۆڵەرەوەی ئەوتۆش هەن لەسەر ئەبروایەن کە ئەگەر دەمانەویت ئاڵوگۆر سەرکەوتوبێت و کارا بێت، دەبێ دەپێشدا بزانین کە بە و ئاڵوگۆڕەی پێکی دێنین دەمانەوێت چ دەست خەین واتە مەبەستمان چیە و ە دوای چ ئامانجێکەوەین. بۆ نموونە ئاڵوگۆڕ لە ساختاردا پێویستە ئەگەر دەمانوێت ئەرک و مەسئولیەت و سەلاحیەتەکان دابەش کەینەوە. بەڵام ئەگەر بەدوای ئەوە وەین کە پێوەندیەکانی نێوان حیزب و کۆمەڵانی خەلکی کوردستان گەرمتر، سەمیمیتر، ڕاستەوخۆتر، کاراتر، بەرینتر کەینەوە، باشترە کار لەسەر کولتور و فەرهەنگی حیزبی بکەین و لەوان دا ئاڵوگۆر دروست کەین. تا باشتر سیاسەتەکانمان ئآوینەی ویست و داخوازەکانی ئەوان بن. ئەوە کاریکێ ڕاستەو خۆیە بۆ بە جەماوەری کردنی خەبات و لێکگرێدانی خەباتی پێشمەرگە و خەڵکی شارو گوندەکانی کوردستان. دەکرێ لە پاڵ ئەوەدا ئالوگؤر لە سازمانی حیزبیشدا درروست کەین، بۆ وەڵام دانەوە بەو ئەرک و چاوڕوانیانەی کە لەو قۆناخەدا حیزبی ئێمە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران چالێنج دەکەن (Cohen.2000)

ئەگەر تێکۆشین بنەماڵەی گەورەی دێموکرات بخەینەوە سەر یەک، ئەوە لە یەک کاتدا سیاسەت و بە شێک لە کولتوری حیزبیمان گۆرێوە. هەر لەو کاتەدا یەکگرتنەوەی ریزەکانی حیزب دەبێتە هۆی گۆرانی بەرپرسان و مەسئولیەتەکان و تەرکیبی ریبەریی و ئۆرگانە جۆراو جۆرەکان. ئەوە هەم سازماندانەوەی حیزبە، هەم گۆرینی ساختارە، هەم کولتور و فەرهەنگ گۆڕینە، هەم بە هێزبونی حیزب وجوڵانەوەیە. هەم وەڵام دانەوەیە بەو چاوەڕوانیانەی لە حیزب دەکرێن. هەم چارەسەری یەکێک لە گیروگرفتانەیە کە حیزبەکەمان لەگەڵی بەرەوڕوویە.

ئیبراهیم لاجانی

٢٨ی مارسی ٢٠١٧

بابەتەکانی تری نووسەر


کاتالۆگ