چۆن پرۆسەی ئاڵوگۆڕ لە حیزبدا سەرکەوتوانە بەرینە پێش؟، ئیبراهیم لاجانی

زۆربەی تیئوریسێنەکانی زانستی رێکخراوەیی و کاری حیزبی و تەشکیلاتی لەسەر ئەو بڕوایەن کە پەرەپێدانی تەشکیلات واتە Organisasjonsutvikling, باشترین میتۆدە بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆر و بەرەوپێشبردنی حیزب. braym-lajani-00

بەڵام French و Bell کە دووکەس لە پسپۆڕە بەناوبانگەکانی ئەو مەیدانەن پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە پڕۆژەیەکی لەو چەشنە تەنیا ئەو کاتە بەسەرکەوتوویی دەچێتە پێش کە ئەو مەرجانە لە گۆرێ دابن. (French & Bell. 1984)

یەکەم.

ئەکتەرە سێنتراڵەکانی نێو تەشکیلات هەست بەوە بکەن کە هەندێک گیروگرفتی گەورە بەرۆکی تەشکیلات و حیزبیان گرتووە و بوونەتە قەیران خوڵقێن و وەزعێک هاتۆتە پێش کە پێویستە حیزب ئەو گیروگرفتانە چارەسەرکات تا لەو قەیرانە دەرباز بێت. ئەوە کە سکرتێری حیزبی ئێمە بۆخۆی پێ لەسەر زەرورەتی ئالوگۆر دادەگرێ دەبێت بە کارێکی پۆزەتیف لە قەڵەم بدەین. دووهەم:

رێبەریی حیزب بە گشتی یا لانیکەم ئیئتلافێک لە رێبەریدا کە خاوەنی دۆمینانس و کاریگەریە، پشتیوانی خۆی لە پڕۆژەکە دەربرێ و بچێتە پشتیەوە.

ئەگەر نا ڕەنگە بردنە پێشی پرۆژەکە ئاکامی نیگەتیڤی بە دوادابێ. Grønhaug & Hansen. 2001:224-225))

سێیەم:

بەدەنەی حیزب و لەوەش گرنگتر رێبەرە مەیدانیەکانی حیزب، واتە ئەوانە کە لە ئۆرگانەکاندا کار و بەرپرسایەتی حیزبیان لەسەر شانە پشتیوانی لە پڕۆژەکە بکەن.

چوارەم:

پڕۆژەی ئالوگۆڕ لە سەرەتادا لە شوێنێکەوە دەست پێبکات و بەرە بەرە بچێتە پێش. باشترە لەسەرەتادا ئاڵوگۆرەکان بچکۆلەبن و دواتر بکڕێنە سەرتاسەری.

پێنجەم:

کەش و هەوا واتە فەزا یا ئەتمۆسفیری گۆڕانکاری لە تەشکیلات و حیزبدا درووست کەین. (Quinn,J.B 1988)

شەشەم:

دەبێ پڕۆژەکە ئاشکراو کراوە بێت، ئامانجەکانی دیاربن، ئەو تکنیک و میتۆدانەی بۆ پیادەکردن و بردنەپێشی پڕۆژەکە پێویستن دەبێ دەست نیشان بکرێن. دەبێ تەشکیلات بە گشتی و بەدەنە بە تایبەتی لەوە حاڵی بن کە ئاڵوگۆر بە مانای ئەوەنیە کە هەموو شتێک توور هەڵدەدەین و هەرچی هەمانە بەکەڵک نایە. دەبێ ئاڵوگۆڕ زۆرتر وەک رێفۆڕم و چاکسازی و تەعدیل کردنی کارەکانی ڕابردوومان واتە Justering تێبگەین یا لێک دەینەوە.

حەوتەم:

زۆر جار وا باشە لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە دەرەوەی تەشکیلاتیشدا کەڵک وەرگرین و نەزەری تەخەسوسی و کارناسانەیان وەرگرین و پڕۆژەکەی خۆمانی پێ دەوڵەمەند کەین. ئەو کارناسانە دەتوانن لە بردنە پێشی پڕۆسەکەدا یارمەتی دەربن. بەڵام ئەوان تەنیا کۆمەگ دەکەن .(Lyngdal. 1992)

هەشتەم:

حیزب بە گشتی دەبێ ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت کە کات و سەرمایەی مادی و ئینسانی و تکنیکی خۆی بخاتە خزمەت بردنەپێشی ئەو ئاڵوگۆڕانەوە. کؤر و سیمنار و نوسین و دیالۆگ و باس و دیبەیت کردن لەسەر ئەو باسانە دەبێ لە تەشکیلاتدا سازمان بدرێ و بە هێند بگیرێ.

تیۆریسێنەکانی ئەو بوارە زۆر پێ لەسەر گرنگی خاڵی ئاخر دادەگرن و پێیان وایە دەبێ تموح واتە حەمماسەت و مۆتیڤاشون بۆ ئاڵوگۆڕ نەک هەر لە رێبەریدا، بەڵکو لە بەدەنەشدا پێکبهێنرێ.(Cohen & Levinthal , 1990)

ڕەخنە لە پڕۆژە و پرۆسەی ئاڵوگۆڕ پێکهێنان

ئەو رەخنانەی ڕووبەرووی پڕۆژەکانی ئالوگۆڕ لە حیزب دا دەبنەوە زۆرن بەڵام ئەدەبیاتی پێوەنیدار بەو بوارە لەو چەند خاڵەدا پوختە دەبێتەوە.

یەکەم: زۆرجار ئاڵوگۆر گوێ ناداتە لایەنە ئینسانیەکان و تکنۆلۆژی و سترەکتوور و ساختاری تازەی تەشکیلاتی لەسەر حیسابی پێوەندیە ئینسانیەکان دێنە مەیدان. زۆر جار لەو ئاڵوگۆرانەدا تەنیا مەسەلە دەروون حیزبی وتەشکیلاتیەکان بایەخیان پێ دەدرێ و پێوەندیەکانی حیزب لەگەڵ دەرەوەی خۆی و خەڵک و ژینگەی حیزب بایەخیان پێ نادرێت.( French & Bell. 1984:326-334)

دووهەم:

بە پێی ئوسوڵ وا باشە کە پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە رێگای هاوکاری و تەوافوق و سازان و کۆمپرۆمیسەوە بێت لە نێو ئەکتەرەکانی سەر مەیدانەکە. بەڵام زۆر بە دەگمەن شتێکی ئاوا هەڵدەکەوێت. بە پێچەوانەوە پرۆژەی لەو چەشنە دەبێتە مایەی سەر هەڵدانی کێشە و ململانێ و بە دەکارکردنی قودرەت یەکلا دەبیتەوە. (Cobb.1986, Mastenbroek 1987)

سێیەم:

لە زۆربەی حالەتدا حیزب کات و ئینێرژی و سەرمایەی کافی ئلە بەردەست دانیە تا بیخاتە خزمەت پرۆسەی ئالوگۆرەوە تا بتوانێ بە شێوەیەکی بەرین بەشداری زۆربەی هەرە زۆری تەشکیلات بۆ تەفهیم و پشتیوانی پرۆژەکە دەستەبەرکات.(Nadler &Tushman 1990)

کەواتە دەبێ:

سازان و کۆمپرۆمیسێکی بەرین بۆ ئەوە لە حیزب دا هەبێت کە ئالوگۆڕ زەرورەتی هەیە و ئەگەر ئەنجام نەدرێت ، حیزب ناتوانێ بەوجۆرەی ئێستا ئەرکەکانی ڕاپەرێنێ.

سەرتاسەری حیزب و تەشکیلات دەبێ حاڵی و تەفهیم بکرێن کە چ دەگۆڕین و چی لە جێ دادەنێین. واتە دەبێ ئیحساسی ئەوە لە حیزب و تەشکیلاتی حیزبدا درووست کەین کە بە ئاگاهیەوە دەمانەوێت نوێبینەوە و چاکسازی و رێفۆڕم بکەین.

باشترە ئیئتلافێکی بەرین لە رێبەری و رێبەرە مەیدانیەکانی حیزب لە پشتی سەری پرۆژەکەوە بن.

دەبێ ئەوە روونکەینەوە بۆ تەشکیلات کە ئەو ئالوگۆرانە چ ئاکامێکی باشیان بۆ حیزب و بزووتنەوەی میللی و دێموکراتی گەلەکەمان بە دواوەیە. لە سەرتاسەری ئەو پڕۆسەیەدا کۆمیۆنیکاشێۆن و تۆڵیرانسە و تەحەممولی نەزەری موخالیف و مەسڵەحەتی حیزب کلیلە وشەن.

ئیبڕاهیم لاجانی

٣٠ی مارسی ٢٠١٧

ئۆسلۆ


ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو