پێرسپێکتیڤی جۆراو جۆر سەبارەت بە ئاڵوگۆڕ لە حیزبدا.، ئیبراهیم لاجانی

پێستریش باسمان کرد کە ڕوانگەی جۆراوجۆر سەبارەت بە ئاڵوگۆڕ لە حیزبدا هەن. بۆ نمونە ئاڵوگۆر لە ئاستی میکرۆدا. ئەو جۆرە روانگەیە موتالەعەی ئالوگۆر لە ئاستی یەک حیزب و ریکخراوەدا دەکات.braym-lajani-

یا ئاڵوگۆر لە ئاستی ماکرۆدا. ئەو روانگەیە لە یەک کاتدا ئالوگۆر لە ئاستی گرروپێک حیزب و رێکخراوی سیاسیدا دەکاتە ئامانجی کاری خۆی.

هەروەها هەندێک ئالوگۆر لە حیزبد ا دینە پێش بێ ئەوەی حیزب بۆخۆی یا کادرو رێبەریەکەی بەرنامەیاکیان بۆی هەبێت و لە پشتیەوە بن. جاری واشە ئالوگۆر ئاگاهانە و بە پێی بەرنامەیە. ئەو ئاڵوگۆڕەی ئێمە دەمانەوێت پێکی بێنین ئاگاهانەیە. بۆیە لێرەدا زۆرتر دەچمە سەر ئەو باسە.

مەبەست لە ئالوگۆری ئاگاهانە ئەوەیە کە حیزب بە گشتی و رێبەری و کادرەکانی لێبڕاون حیزب بەرەو وەزعێکی مەتڵوب تر و ئیدەئاڵتر بەرن.

ئەو جۆرە ئاڵوگۆڕە لە هەموو جۆرەکانی دیکە باوترە.(kotter. 1999)

ئەو ڕوانگەیە لەسەر ئەوە وەستاوە کە حیزب وەک ئۆرگانیزمیکی زیندوو، رێبەری و کادر و بەدەنەکەی، بە ئاگاهی و وشیاریەوە دەتوانن، ئامانج، بەرنامە، کولتوور و فەرهەنگ و رێباز و میتۆدەکانی کارو خەبات، بە پێی ویست و تواناو وەزعی تایبەتی خۆیان هەڵبژێرن.

ئێستا بزانین ئەوە جۆن دەبێت. بەڵام لە پێشدا دەبێت ڕوانگە جۆراو جۆرەکان بۆ ئالوگۆڕ شیکەینەوە و لە ئاستی ماکڕۆوە دەست پێبکەین.

ئاڵوگۆر وەک تەکامولی سروشتی

ئەو روانگەیە ئیلهام لە داروینیزم وەردەگرێ. بۆ نمونە دەڵی زەرافە ئەگەر بیەوێ دەمی بگاتە گەڵای لقە بڵندەکانی سەر چڵە پۆپەی درەختەکانیش، هەرچی بکات ، ئیدی ملی لەوە درێژتر نابێت کە هەیە. واتە ئارتەکان، کەسەکان زۆر بە زەحمەت دەگۆڕێن. بەو پێ یە ئاڵوگۆر لەسەرخۆ و بە شێوەی سرووشتی روودەدات. لەو شێوە ئاڵوگۆرەدا تەنیا ئەوانە دەمێننەوە کە دەتوانن خۆیان لەگەڵ وەزع تەتبیق کەن. زەڕافە بە هۆی ئەو ملە درێژەیەوە لە جەنگەلەکاندا دەمی گەیوەتە گەلای دارە بڵندەکان و خواردنی پەیدا کردوە، توانیویەتی جوتگیری بکات و زاوزێ بکات. بۆ یەشە ماوەتەوە و لە نێو نە چووە. بەو جۆرە ئەو جینانەی کە ملی درێژ دەبەخشنە زەڕافە، نەوە دوای نەوە ، لەو نەسلەوە بۆ نەسلێکیتر دەگوێزرێنەوە. ئەو بۆ چوونە لە لێکدانەوەی ئاڵوگۆڕ لە حیزب و رێکخراوی سیاسیش دا کەڵکی لێوەدەرگیرێ.

لەو روانگەیەدا حیزب و رێکخراوی سیاسی بە زەحمەت مل بە ئالوگۆر دەدات و مەیلی زۆرتر بەلای سەبات و ئیستقرار دایە. ئەوەش زۆر جار گیروگرفت لە نێوخۆی حیزبەکەدا درووست دەکات. لە بۆ چوونەدا حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان لەسەر وەدەست هینانی سەرچاوەکانی ژیان و مانەوە و چوونە پێشیان لە گەل یەکتر لە کێبەركی و ململانێ دان و تەنیا ئەوانە دەتوانن بمێننەوە کە باشتر دەتوانن خۆیان لەگەڵ ژینگەخۆیان بگونجێنن. جا ئەوە هەم بەرنامە و ئامانجیان دەگرێتەوە، هەم سترەکتور، هەم ئەو تکنیک و میتۆدانەی بەکاری دەبەن.

لێرە دا ئەگەر حیزبێک نەتوانی خۆی بگونجێنێ یا نوێکاتەوە تووشی لە نێو چوون دەبێت. هەر وەک ئەو ئارتانەی کە لە نێو دەچن. بەو جۆرە بە شێوەی سروشتی هەندیک حیزب دەمرن. لە مێژوودا ئەو حیزبانە زۆرن کە تەنیا ناویان لێماوە. لە راستیدا مێژوو ئەوەمان پێ دەلێت کە ئەو حیزبانەی بەرەو بۆرۆکراتیزە بوون دەچن، زۆر ناکێشێ دەگەنە گیانەڵاو هەناسە بڕکێ. حیزبی ئێمە بەوەوە ماوە کە حیزبی کۆمەڵانی هەراوی خەڵکەو هەر کوردێک لە کوردستانی ئێران ئۆتۆماتیک خۆی پێ ئەندام و لایەنگر و دۆستی حیزبە.

جاری واشە حیزب بە گۆڕانی مەیدانی خەبات ناچارە گۆران بەسەر خۆی دابێنێ. ئەوە دەبیتە هۆ ئەوەی کە حیزب بۆ مانەوەی خۆی ناچار بێت خەبات و تێکۆشانێکی سەخت و دژوار بەرێوە بەرێ تا بمێنیتەوە. ئەوە ئەو هەل و مەرجەیە کە ئێستا حیزبی ئێمەی تێدایە.

جاری واشە وەک وتمان ئاڵوگۆر لە ئاکامی داهێناندا روودەدات. حیزب و کادر و تێکۆشەرەکانی بڕیاردەدەن رۆتینی کار و چالاکیەکانیان بگۆڕن. تکنۆلۆژی تازە دەخەنە خزمەت حیزب، بۆ نموونە کۆبونەوە دیجیتاڵیکانی تەشکیلات، یا دەکارکردنی ڕادیۆ، تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت بۆ بڵاو کردنەوەی پەیامی حیزب.

لەو پێرسپێکتیڤەدا، وەک وتمان، کە ئیلهام لە داروینیزم و ئیڤۆلیۆشن وەردەگرێ، تەنیا ئەو حیزب و ریکخراوە سیاسیانە دەمێننەوە کە بە باشترین شێوە خۆیان لەگەل ئەو ژینگە رێکدەخەن کە تێی دا دەژین. لەو مۆدێلەدا ئەوەی دەور دەبینێ ئەو زرنگیە یە کە لە میژوودا و لە تەکامولدا درووستبووە و ماوەتەوە و دەشرواتە پێش (HISTORISK INTELLIGENS).گەشبینی لێرەدا ئەوەیە کە ئامانجی ئیڤۆلیۆشن واتە تەکامول تەکامیلی زیاترە. واتە تەکامول هەمیشە بەرەو باشیە. بەرەو گەشەکردنی زۆرتر و عالی ترە. ئەوەیە ئەو خۆشبینیە فەلسەفییەی داوە بەمن کە قەت لە خۆمان و حیزبەکەمان و تواناکانمان نائومێد نەبم.

ئاڵوگۆر وەک شەر لەسەر دەستەڵات.

ئەو پێرسپێکتیڤە لەسەر ئەو بناخەیە وەستاوە کە لە هەموو حیزبێک دا کێشە و ململانێ لەسەر قازانج و بەرژەوەندی و دەستەڵات و پرستیژ و مەوقعیەت و پلەو پایەی حیزبی و تەشکیلاتی هەیە. هەروەها حیزبەکانیش دەگەڵ یەکتر لە ململانی و رەقابەت دان. لە پێرسپێکتیڤی پێشوودا وتمان ئەوانە دەمێننەوە و دەڕۆنە پێش کە بە باشترین شێوە خۆیان لەگەڵ ژینگەو تەبیعەت و موحیتی ژیانیان رێک دەخەن. کەچی لەو مۆدێلەدا، لەو پێرسپێکتیڤەدا تەنیا ئەوانە دەمێننەوە و گیانی سالم بە دەردەبەن کە بە قودرەترین و بە هێزترینن. (MINTZBERG.1993& 1975, Halses.1986, Wilmot. 1987,Stewart.1989, whitley. 1989,Yukl.1989)

لێرەدا حیزبەکان یا کۆمەڵێک حیزب بۆ مانەوەی خۆیان پاڵ وێک دەدەن. چ لە نێوحیزبدا و چ لە رەقابەتی نیوان حیزبەکاندا دەستەڵات و چۆنیەتی بەکارهێنانی دەستەڵات فاکتۆرێکی کاریگەرە بۆ سەرکەوتن و لە مەیدان دەرکردنی رەقیب و موخالیف و ڕکەبەر.

لە پراکسیسدا بە دووجۆر ئەو ململانی یە چارەسەر دەکرێ. ئەوە کە لایەنە رکەبەر ورەقیبەکان بگەن تەوافوق ە کۆمپرۆمیس. واتە رێگا چارەی هاوبەش پەیدادەن. یا ئەوەتا کێشەکە لە رێگای دەستەلات و قودرەتەوە چارەسەر دەکرێ . ئەو لایەنە کە زۆرترین سەرچاوە و ئیمکانات و ئامراز و ئەهرەمە یەشکیلاتی و سیاسی و ماڵی و تکنیکی و جەماوەریەکانی لە دەستدان یا لە پشتن، بەشی هەرەزۆر لە کێکەکە بۆخۆی هەڵدەگرێ و لە زۆر حالەتدا ئەوانەی بچوکن و لاوازن لە مەیدان وەدەردەنێ.

ئەوەش گرنکە کە ئەو رێکخراوانەی لە رەقابەت دەگەڵ ئەحزابی دیکەدا، یا لە نێو حیزبدا ئەو لایەنەی کە بتوانێ زۆرترین مەشڕوعیەت بۆ خۆی دەستەبەر و مۆبیلیزە بکات، باشتر لە رەقابەت و ململاانێ یەکە دێتە دەرێ. ئەوەش دەبێ بزانین کە وانیە هەمیشە وابێ کە بە هێزەکان هەرە باشەکان بن. بەڵام بە هێزەکان دەتوانن زۆرترین قودرەت بەسیج بکەن بۆ تێکشکاندنی رەقیب و رەکەبەرەکانیان. ئەوەش بۆ خۆی فاکتۆرێکی گرنگ و بریاردەرە.

ئاڵوگۆر وەک سوڕی ژیانlivssyklus

ئەو پیرسپێکیڤە دەڵێ حیزبیش وەک ئینسان بە قۆناخی جۆراو جۆری پەرەسەندندا تێدەپەرێ. لە دایک دەبێ، گەشەدەکا، کامڵ دەبێ ، پیر دەبێ و لەکار دەکەوێ و نەخۆس دەبێ و سەرەنجام تەمەنی تەواو دەبێت. لەو روانگەیەدا ئەو حیزبەی لە ماوەی ژیانی رابردوویدا چاکی کار کردبێت و رەگی قەوی هەبێت، بەدەنێکی موقاوم و سالمی هەبێت باشتریش بەرگەی سارد و گەرمی رۆژگار دەگرێ. داهێنان و ئیدەی نوێ وەک وەرزش و تەمرین و خوێنی تازەن بۆ حیزب لێرەدا. ئەگەر خەللاقیەت و ئەنگیزە و مۆتیڤاشون لە ئەندام و تەشکیلات و لایەنگر وەرگیرایەوە ، ئەوە سەرەتای نەخۆشی حیزب دەست پێدەکات. تیئوریەکان لەسەر ئەوە پیدادەگرن لە لەو مۆدێلەدا بۆرۆکراتیزەکردنی حیزب و ساختمانی تەشکیلاتی حیزب قۆناخی پێش لە نێو چوونی حیزبە.(Kawfmann.1990 & 1996)

ئەو بۆ چوونە لە گەڵ رەخنەی تووند بەرەو رووبوە. بۆ نمونە Hannan

و Freemans لەسەر ئەو بروایەن کە تا تەمەنی حیزبێک زۆرتر بێت، شانسی مانەوە و چونەپشی زۆرترە. وە لە بەرانبەر مردن و لە نێوچووندا پتر مقاوەمەت پەیدا دەکات. هەر وەها لێکۆڵەری واش هەن کە پێیان وایە ڕادەی گەورەی و حەجمی توودەیی و جەماوەری بوونی حیزبێک ، شێوەی ساختمانی تەشکیلاتیەکەشی دیاری دەکات. لە حیزبێکی جەماوەی و توودەیی و بەرینی وەک حیزبی دێموکراتدا کە حیزبی کۆمەڵانی ملێۆنی خەڵکی کوردستانە ، مەیدانێکی زۆر کەم بۆ ئەوە هەیە کە ستڕەکتورەکەی بکرێتە سترەکتوری ڕەوتێکی فیرقەیی و سێکتاریستی. (Gardner.1983& 1995)

گرنگ لێرە بۆ ئێمە وەک حیزبی دێموکرات ئەوەیە ئایا دەمانەوێت گەورە بین و گەشەی زیاتر بکەین یا نا؟ روونە حیزبێک کە بیەوێ گەرەبێ بڕواتە پێش، دەبێ سترەکتورێکی ئەوتۆی سازمانیش هەلبژێرێ کە دەگەڵ قەبارە و گەورەییەکەی بێتەوە. ئەگەر ئەوە نەکەین، حیزبەکەمان لە ململانێ لەگەڵ دوژمن و رەقیب و موخالیفەکانیدا، وەپاش دەکەوێ و ئەوانەی باشتر دەتوانن خۆ بگونجێنن دەمێننەوە و ئێمە بێ داهاتوو دەبین.

هەنێک پێرسپێکتیڤی دیکە.

وەک باسمان کرد هەندێک حیزب و ریکخراوی سیاسی بەهۆی خۆ تەتبیقدانی باشتر لەگەڵ موحیتی ژیان و کار و خەباتیان باشتر دەمێننەوە. هەندێکیشیان تەبیعەت و ژینگەکە ئەوان هەڵدەبژێرێ و دەیان باتە پێش. ئەو حیزبەی بتوانێ نوێنگەی ویستی کۆمەڵگاکەی بێت، دیارە باشتر دەمینێتەوە. حیزبی ئێمە ٧٠ ساڵە لە سەخترین بارودۆخدا درێژە بە ژیانی دەدات. زۆرتر لەبەر ئەوە بووە کە خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگای کورد هەڵیان بژاردوە و پشتیان تێنەکردوە. دەشزانین کە لەو ماوە دورودرێژەدا هێشتاش نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی بکات. بەوحاڵەش نەک هەرماوەتەوە و بێرەبت نەبووە، بەڵکو هەروا خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیشە. ئەوە ئەوەمان بۆ دەردەخات حیزبێک کە لە بەرنامەو ئامانجەکانیدا ئیرادەو نوێنگەی ویستەکانی کۆمەڵگای خۆی بێت، دەمێنێتەوە، جا با هەلومەرجی ژیان و کار و خەباتیشی لەبار نەبێت. (whetten & Cameron.1998)

بۆیە دەتوانین بڵێین کە حیزبەکان هەندێک جار دەمێننەوە و گەشە دەکەن ، لەبەر ئەوەی ژینگەکەیان هەڵی بژاردوون. جاری واشە لەبەر ئەوەیە کە ئەوە ئەوانن کە بە باشترین شێوە خۆیان دەگەڵ ژینگەی ژیان و هەلومەجی خەباتیان گونجاندوە، بۆیە ماونەتەوە.(Fiedler.1996)

هەندێک جاریش پڕۆسەی ئاڵوگۆر بە شێوەیەکی تەسادوفی ڕوودەدا. بۆ نموونە کەسێک بە تایبەتمەندی تایبەتیەوە دێتە نێو حیزب و دەی خاتە ژێر کاریگەری خۆی. یا جاری وایە گیروگرفت لە تەشکیلاتدا سەرهەڵدەدەن و دەبنە هۆی ئاڵوگۆڕ، یا مەوقعیەتێک دێتە پێش و حیزب ناچار دەکات بەخۆیدا بێتەوە. جاری واشە ئاڵوگۆر ئاکامی ئەزمون و تاقی کردنەوە وەسەریەک نانە. هەر بە سێوەی ئاسایی کۆنگر و کۆنفرانسەکانی حیزب بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕو چاکسازی و ڕێفۆڕم دەبەسترێن.

ململانێ و کێشە نێوخۆییەکانیش هەمیشە فاکتۆرێکی ئاڵوگۆڕن. جاری وایە لەسەر کاندێدیک، یا گەڵالەیەک کێشە درووست دەبێ و سەرەنجام لەیەنەکان نآچار دەبن بە دیالۆگ و لەئاکامدا تەوافوق و کۆمپرۆمیس پێک دێ، کە ئەوە بۆخۆی ئاڵوگۆڕ دروست دەکات. ئەو مەسەلە باسی هەرە بنەرەتیە لە تیئوریەکانی راسمۆسندا.(Rasmusen.1989)

هەندێک جاریش ئاڵوگۆر لە ئاکامی وەرگرتنی ئیدە و فکر و تەجروبەی گەلان و ئەحزابی دیکەو بزووتنەوە ئازادیخوازیەکانی دیکەدا روودەدا.

(Rovik. 2007)

زۆرجار حیزب خۆی ناچار دەبینێ کە ئیدە و ئەزمونە تازەکان بخاتە خزمەت خۆیەوە. بە تایبەتی ئەوە بۆ حیزبیكی مۆدێرن هەر زۆر پێویستە و ئەو ئیدە و میتۆد و فکرە تازانە، وەک مۆتۆڕ حیزب بەرەو پێشەوە دەبەن. بەڵام لێرەدا دەبێ یەک مەسەلە لەبیر نەکەین. ئەویش ئەوەیە کە دەبێ بزانین کەم وەخت کام ئیدە دێنین، چۆن جێگای بۆ دەکەینەوە. یانی هەر ئەوە گرنگ نیە کە ئیدە و فکرەکە دەبێ دروست بێ، ئەوەش گرنگە کە کات و چۆنیەتی هێنان و بردنە پێشیشی لە حیزبدا دەبێت، دروست بێت. قاعیدە ئەوەیە کە دەبێت ئەو ئیدە و فکرە تازەیە دەگەڵ حیزبی خۆمان تەتبیق دەین نەک حیزب لەگەڵ ئەوان بگونجێنین.(Vikan 2000)

لەو پێوەندیەدا دەبێ ئیشارە بە مەسەلەیەکی دیکەش بکەین . ئەویش ئەوەیە کە هەندێک جار حیزب ئالوگۆرێ دێدا پێک دێ بەلام نەک ئاڵوگۆڕێکی سەرتاسەری. رەنگە لە بەشێکی رێکخراوی حیزبدا ئاڵوگۆڕ بێتە پێش، بەڵام لە بەشەکانی دیکەدا جاری ئەو ئاڵوگۆرە زەرورەتی نەبێت. ئەوە حیزبە جەماوەری و گەورە و دێموکرات و مۆدێرنەکانن، کە لە کار و خەبات و ساختاریاندا،فرە ڕۆتین و فرەستانداردن(Røvik, 1998:282).

ڕوونە حیزبی ئێمە تەشکیلاتی دەرەوەی و هێزی پێشمەرگەی و تەشکیلاتی نێوخۆی کە کاری ژێرزەمینی دەکا، ناتوانێ لەهەموو ئەو مەیدانانەدا لە یەک پێوانە و ساختار و ستاندارد و رۆتین کەڵک وەرگرێ.

پێکهێنانی ئاڵوگۆر لە حیزبدا بە بە شێوەیەکی ئاگاهانەو بەرنامە بۆ دانراو.

ئەو جۆرە ئاڵوگۆر پێکهێنانە ،ئاکامی لێکدانەوەی حیزب بە گشتی و بەتایبەتی رێبەرایەتی حیزبە.(Astley & Van de ven 1983, Roness 1995)

بەواتایەکی دیکە ئەو مۆدێلە بریتیە لە ئاکامی باس و دیالۆگێکی بەرین و مەنتقی لە تەشکیلات و رێبەری حیزبدا. ئەوە ئاڵوگۆرێکی مەعقول و هەلسەنگێنراوە. لایەنە گرنگەکانی ئەو ئاڵوگۆڕە، دەکرێ بەوجۆر کورت کەینەوە.

١ . لە دوەروبەری ژینگەی حیزب دا ئاڵوگۆر دروست دەبێ یا درووست بوە. حیزبیش ناچارە وەڵام داتەوە و خۆی دەگەڵ ئاڵوگۆرەکان رێکخات یا بە پیریانەوە بچێت. من بۆخۆم زۆر جار دەلێـم حیزبی ئێمە دەبێ خۆی ئامادەکات و دەست بە شەپۆلە گەورەکانەوە بگرێ. وەختێک دەزانێ شەپۆڵ بەرەو رووت دێ ، دەبێ ئامادەیی ئەوەت هەبێت خۆت بخەیە سەرپشتی تا کەڵک لەو ئینێرژیە وەرگری کە شەپۆلەکە بەرهەمی دێنێ . ئەگەر ئامادەگیت نە بێت، رەنگە وەبن کەوی و غەرق بیت.

٢. حیزب بە گشتی و بەتایبەتی رێبەری حیزب وەزعەکە هەڵدەسەنگێنی و هەموو ڕووداوەکان تەحلیل دەکات و فاکتەکان دەخاتە سەرمێز. بە پێی ئەوەش بەرنامە دادەنێ و سیناریۆ و ئەڵتڕناتیوی جۆراوجۆر پێشبینی دەکات.

٣. دوای هەموو ئەوانە ئەوە شیدەکاتەوە کە چۆن خۆی لەگەڵ ئەو رووداوانە، پێشهاتانە رێکخات. ستراتیژی و تاکتیک، ساختاری تەشکیلاتی، فەرهەنگ و کولتوری حیزبی، تەقسیمی کار و دابەشکردنی کادرەکان و دانی بەرپرسایەتی بە گوێرەی وەزعی تازە کە هاتۆتە پێش، دەکەونە ئەجێندای حیزبەوە.

٤. ئاڵوگۆڕ بە هاوکاری هەموو هێزو تواناکانی حیزب و لە ئاکامی مۆبیلیزەکردنی سەرتاسەری تەشکیلاتدا پادەدەکرێت. لێرەدا زاناری و ئاگاهی زۆر پێویستە. حیزبیش ئۆرگانیزمێکی زیندو و ئاڵۆزە. بۆ ئەوەی پرۆسەی گۆڕانکاری سەرکەوێ. دەبێت هەموو حیزب و تەشکیلات بزانن کە ئامانج لەوکارە چیە.

لەو پێوەندیەدا پێویستە ئەو مەسەلانە وەبەر چاو بگرین.

• زەروورەتی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ. تەشکیلات دەبێ زانیاری و ئاگاهی تەواوی لەسەر گیروگرفتەکانی ئێستای حیزب هەبێت. دەبێت بزانیت کۆسپەکانی سەرێگای چوونە پێشمان چین. چیە نایەڵی حیزب کارابێت. چوەزنێکە بە باڵ و ملی حیزبەو هەلواسراوە و نایەڵی بڵند بفرێ. پاشان ئالوگۆرەکان دەبێت چارەسەری ئەو کەموکوڕی و گیروگرفتانە بکەن.

• رێگاچارەسەرەکان دەبێت دەست نیشانکرابن. حیزب دەبێ ئاگاهانەو بە تێبینی زۆرەوە ئەو ئەڵتڕناتیوانە، ئەو ئامڕازانە، ئەو ستڕاتیژی و میتۆدانە هەڵبژێرێ کە وەڵام دەری چارەسەری کێشەکانی ئێمەن. پێویستە ئەو رێچارانە هەڵبژێرین کە تەوافوقیان لەسەرە و حیزب بە هێز و کارا دەکەن. ئەو ئەلترناتوە باشتر کە گیروگرفتەکانمان چارەسەرکات.

• سەرەنجام لە کاتی پیادەکردنی ئەڵترناتیوەکاندا دەبێ بەو جۆرە پیادەیان کەین کە بەرنامەمان بۆیان دانابوو. واتە بە پێی بەرنامەی پێشوو دەبێ پیادە بکرێن. هەر ئاڵوگۆڕیک دەکەین دەبێ لە کۆنترۆلی ناوەندە بەرپرسەکانی خۆمان دابێ.

لە کۆتاییدا ئەو هۆکارانەش باس دەکەم کە دەبنە هۆی ئەوەی حیزب یا بەشیک لە حیزب یا کەسانێک لە حیزب لە ئالوگۆر نیگەران بن.

ترس لە شتی تازە و تاقی نەکراوە.

لێکهەڵوەشانی کۆنتراکتە رەوانی و سایکۆلۆژیەکان

لە دەست دانی هەویەت، مەوقعیەت،

پێکهاتنی ئاڵووگۆر لە عادات و نەریت و فەرهەنگی کار و چالاکی ڕۆژانەدا

دتێکچونی موناسەباتی قودرەت و بالانسی دەستەڵات

تێچونی مادی و ئینسانی و هەزینەی زۆر.

کاری زۆر و تاقەتپڕوکێن بۆ تەسبیت کردنەوەی دووبارەی حیزب و تەشکیلاتی حیزب لە دوای ئاڵوگۆر.

پچڕانی پێوەندیە کۆمەڵایەتی و شخسیەکان لە ئاکامی گۆڕانی تەرکیبی ئۆرگان.

ترس لە وە کە وەک تاکی حیزبی لە ئاڵوگۆردا، کەسایەتی و ڕابردوو و خزمەت و پرستیژمان پێشێل بکرێ.

جگە لەوە هەندێک لە ئاکتۆرەکانی دەرەوەی حیزب کە لە سەر ژینگەکە کاریگەرن، حەزیان لە سەبات و ئیستقرارە و نایانەوێت ئاڵوگۆر لە حیزبدا وەزعی ئەوانیش تێکدا.(NADLER 1987,ROUSSEAU 1995, SCHEIN 1980:33, BOLMAN & DEAL1991. EGEBERG 1984, WILLIAMSON. 1975)

درێژەی دەبێت

ئیبڕاهیم لاجانی

٢٩ی مارسی ٢٠٧

ئۆسلۆ

بابەتەکانی تری نووسەر

کاتالۆگ