لێکدانەوەیەکی جیاواز لە مەڕ کێشەی کورد

 ئەحمەدئاڵتان، نووسەر و رۆژنامەنووسی ناسراوی تورک

ئازاد کەریمی لە تورکییەوە کوردییەتی بە فارسیqadir_elyasi017

قادرئەلیاسی لە فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی

پێشەکی:

وەک کوردێک ئەگەر ئەمڕۆ یەکەم کەس بام بەردی بنەوای ماڵی کورد و کوردستانم دانابا، کوردم وەک نەتەوەیەکی خاوەن دەسەڵات و کوردستانم وەک نیشتمانی سەربەخۆی کورد بە دنیا رادەگەیاند. ئێستا کە بەداخەوە ئەو خەونەم نەبووە بە راستی و بە بێ پرسی خۆم خاکەکەم دابەشکراوە بە سەر لانیکەم ٤ وڵاتدا، بۆ ئەوەی داگیرکەران لەوە زیاتر وەک کۆیلە و دیل لە گەڵم نەجووڵێنەوە، ئەم نووسینەی بەڕێز ئەحمەدئاڵتان بە رێگاچارەی مامناوەندی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە وڵاتانی تورکیە و ئێران دەزانم. ئەگەرچی نووسەر رووی لە دەسەڵاتدارانی تورکە، بەڵام ئەم بابەتە دەکرێ ببێ بە ئاوێنەیەک کە لەودا ئێرانی تێدا ببینی. چوونکە ئێران و ئەو ٣ وڵاتەی دیکە کە کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، لە یەک میتۆدی هاوبەشدا یەکدەگرنەوە، ئەویش پەیڕەوکردنی سیاسەتی نادادپەروەرانەی دەسەڵاتدارییە. یەک نەتەوە سەردەست و حاکمە و نەتەوەکانی دیکەش بندەست و دیل و ماف زەوتکراو. من خۆزگەم دەخواست لە نێو نەتەوە سەردەستەکانی فارس، عەرەب و تورک نموونەی زۆری وەک ئاڵتان مان هەبایە. ئەوکات کورد یان بە ئاشتی و ئازادی ژیانی پێکەوەبوونی لە گەڵ ئەو نەتەوانە درێژە دەدا وەک کیبەک و سکاتلەند، یان بڕیاری سەربەخۆیی دەدا و وەک دراوسێیەکی باش لە ناوچەکەدا چاتۆڵی خۆی هەڵدەدا. ئێستا کە ئەم قەڵەمانە ژمارەیان کەمە، دەبێ لانیکەم هزروبیری ئاڵتانەکان بکەین بە نموونە تا هەم وشیارکردنەوەیەک بێ بۆ ئەوانەی وەک ئاڵتان بیر ناکەنەوە، هەم دڵخۆشییەکیش بێ بۆ کورد کە خەباتەکەی چەندە رەوایە!

ئەوەی خوارەوە دەقی نووسینەکەی نووسەر “ئەحمەدئاڵتان”ە:

ئێمە شارۆمەندی وڵاتێکین و لە سەر زەوییەکی هاوبەش دەژین. گەلۆ هەمووی ئێمە لە گەڵ یەک یەکسانین؟

وەرن با پێکەوە ئەم پرسیارە روونتر بهێنینە گۆڕێ: ئەرێ تورکەکان لە گەڵ کوردەکان یەکسانن؟ بێگومان و بێ هیچ دوو دڵییەک پێمان دەڵێن کە ” گومانی تێدا نییە کە ئێمە لە گەڵ (تورک و کورد) یەکسانین.

ئێمەی تورک تا چ رادەیەک لە گەڵ کوردەکان یەکسانین؟ تورکەکان بە تورکی قسە دەکەن و کوردەکانیش بە کوردی. بەڵام زمانی فەرمی و رەسمی وڵات چییە؟

ـ تورکی.

کەواتە بەو ئاکامە دەگەین لە پرسی زماندا یەکسان نین. زمانی بەشێکی وڵات زمانی رەسمی وڵاتە و زمانی بەشێکی بەرچاوی دیکەی ئەم وڵاتە فەرمی نییە. لەم وڵاتەدا زمانی پەروەردە کامەیە؟

ـ تورکی.

گەلۆ قوتابخانەیەک بۆ پەروەردەی زمانی کوردی بوونی هەیە؟

ـ نە.

ئەی زانکۆیەک هەیە کە فێرکردنەکەی بە زمانی کوردی بێ؟

ـ بە هیچ شێوەیەک.

لەم وڵاتەی ئێمەدا تەنانەت رێگا دراوە بە فێربوونی زمانگەلی وەک ئینگلیزی و فرانسەوی، بەڵام زمانی کوردی قەدەغە و یاساغە. کەواتە دەتوانین بێژین لە روانگەی پەروەردەشەوە یەکسان و بەرابەر نین. یاسای بنەڕەتی، هاووڵاتی ئەم وڵاتە چۆن ناودێر دەکا؟

ـ تورک.

ئەی یاسای بنەڕەتی وڵات کوردەکان چۆن ئەخوێنێتەوە؟ بە پێی یاسای وڵات ئەوانیش تورکن. ئەی کوردەکان تورکن؟

ـ لە راستیدا نە.

کەواتە ئەگەر تورک نین، بۆچی ئێمە ئەوان بە تورک بانگ ئەکەین؟

ـ چوونکە یاسای بنەڕەتی ئاوا دەڵێ. ئەی بە پێی یاسای بنەڕەتی، شارۆمەندی کوردی ئەم وڵاتە دەتوانێ کورد بێ؟

ـ وەڵامەکە “نا”یە.

لێرەش بە پێی یاسای بنەڕەتی بەو ئاکامە دەگەین کە لە گەڵ کوردەکان یەکسان نین. بە گشتی نە لە بواری زمان، نە لە مەڕ پەروەردە و نە لە روانگەی یاسای بنەڕەتییەوە ئێمەی تورک لە گەڵ کوردەکان یەکسان نین. کەواتە ئێمە لە کوێ لە گەڵ ئەوان یەکسانین؟

ـ کاتێک دەچینە سەربازی. لەم بارەوە بێ هیچ جیاوازییەک هەم تورکەکان و هەم کوردەکان دەچنە سەربازی. کاتی دانی ماڵیاتیش پێکەوە یەکسانین. لێرەشدا بەبێ جیاکاری لە تورک و کورد ماڵیات وەردەگیرێ. کەواتە دەتوانین بڵێین: لە باری ئەرک و بەرپرسایەتیمان بەرامبەر بە دەوڵەت یەکسانین. بەڵام بۆ ئەو شتانەی(ماف) کە دەبێ لە دەوڵەت وەریگرین، بەرابەر و یەکسان نین. گەلۆ بە رای ئێوە ئەمە دادپەروەرانەیە؟

دەیانبەنە سەربازی. ماڵیاتیان لێوەردەگرن بەڵام زمان، پەروەردە و یەکسانییان لە هەمبەر یاسای بنەڕەتیدا پێ رەوا نابینرێ. دواتریش دێن و لە کوردەکان دەپرسن: کێشەی ئێوە چییە؟ لێیان تووڕە دەبن و دەڵێن: بۆچی ئێوە کێشە ساز دەکەن؟

دەیانکوژن و دەیانخەنە چاڵاو، لە شەقامەکاندا لێدان و بێڕێزییان پێدەکرێ و لە زیندانەکانیشدا ئەشکەنجەیان دەدەن.

ئێستا بە تێڕوانینێکی وردتر لەم تابلۆیە، بە بۆچوونی ئێوە سەرچاوەی کێشەی کورد چییە؟

بە باوەڕی من ئەم کێشەیە تەنیا یەک هۆکاری هەیە و ئەویش نادادپەوەرییە. گەلێک هاتووە و لە گەڵ گەلێکی دیکەدا وەک دیل هەڵسوکەوت دەکا و دەڵێ: ” دەبێ سەر بۆ نەژادی من، زمانی من و ئەوبەرتر زانینی من بە سەر خۆتدا شۆڕ بکەی.

ئەرێ بۆ ئێمە لە گەڵ کوردەکان یەکسان نین؟ ئەگەر ئەم پرسیارە لە خۆمان بکەین، وەڵامەکەی دەبێتە ئەوەی کە ” ئەگەر یەکسانی رەچاو بکەین و مافی ئەوان بسەلمێنین، وڵاتەکەمان دابەش دەبێ”. پرسیار ئەوەیە: وڵاتی چ کەسێک دابەش دەبێ؟

ـ وڵاتی ئێمە.

ئێمە کێین؟

ـ تورکەکان.

کەواتە کوردەکان کێن؟ گەلۆ ئەم وڵاتە هیی ئەوانیشە؟ بێ سێ و دوو وەڵام دەدەنەوە کە ” ئەی چۆن؟ ئێرە نیشتمانی ئەوانیشە”. ئەی ئەگەر ئێرە وڵاتی هەموومانە، بۆچی ترس و نیگەرانییەکانمان لە سۆنگەی ئەم وڵاتە وەکوو یەک یەکسان نین؟ بۆچی ئێمە لە دابەش بوونی وڵات دەترسین، بەڵام کوردەکان لەوەی وڵات دابەش ببێ، ناترسن؟ ئەرێ خاوەنی هاوبەشی وڵاتێک نابێ ترسی هاوبەشیان لە هەمبەر ئەو وڵاتەدا هەبێ؟ ئێمە ئەترسین، چوونکە هەڵسوکەوتەکانمان بەرامبەر بە کوردەکان دادپەروەرانە نەبووە. لە گەڵیان وەک دیل جووڵاوینەتەوە و پێمان وایە ئەوان بەردەوام لە بیری ئەوەدان کۆتایی بەو دۆخە بێنن. ئەگەر یەکێک لە گەلە گەورەکانی وڵاتێک، دەسەڵاتی خۆی بە زۆر بە سەر گەلێکیتردا داسەپێنێ، هەمیشە لە پرسی دابەش بوون دەترسێ. و سەرەنجام ، ئەو وڵاتە بە بێ شک دابەش دەبێ. ئەگەر زمانی کوردەکانیش ببێ بە یەکێک لە زمانە فەرمییەکانی وڵات، ئەگەر مافی پەروەردە بە زمانی کوردی هەبێ و بە پێی یاسای بنەڕەتی بە زۆر نەکرێن بە تورک، ئەوکات کێشەی کورد بوونی دەبێ؟

ـ بێگومان نە. لە ئاکامدا رێگاچارەی کێشەکە هەم روونە هەمیش فرە سووک و ئاسانە. ئەگەر یەکسان بین، کێشەش چارەسەر دەبێ. بەڵام بۆچی کێشەکە چارەسەر ناکەین؟

ـ چوونکە نامانەوێ یەکسان بین. ئێستا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە کە بۆچی ئێمە نامانەوێ لە گەڵ کوردەکان یەکسان بین؟ چ شتێک وا دەکا تورکەکان خۆیان لە کوردەکان ئەوبەرتر بزانن؟ گەلۆ حەشیمەتی زۆرتر و هەبوونی سپا و پۆلیس، تورکەکانی وا فێر کردووە؟ ئەی رەنگە بوونی چەکیش کارێکی ئەوتۆی خوڵقاندبێ؟ ئێوەی دەسەڵاتدار هەر لە سەرەتاوە، بە زۆری چەک جووڵاونەتەوە. ئەدی بۆچی کاتێک دەنگی چەک لە چیاکان دەبیستن، تووشی سەرسوڕمان دەبن؟

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو