وێنەیەکی شەهید کاوە جەوانمەرد

شەهێن: هەندێک وێنە لە کاکۆ گیرابوو جوان بوون، ئەم وێنەیە یەک لەو وێنانەیە کە لە مانگی پووشپەڕی ۱۳۹٤دا گیراوە،

وتم کاکۆ جوانن ئەم وێنانە بۆ لە فەیسبووک داینانێی؟ وتی “هەندێک کەس تەنیا بۆ وێنە گرتنێک بە چەک و رەخت و لیباسی خاکییەوە ڕوو لە شاخ دەکەن، من بۆ وێنەگرتن نەچووم تا بڵاوی بکەمەوە، پێشمەرگە لەوێ زەحمەت ئەکێشێ و ماندوو دەبێ کوا دروستە کەسانێک بچن تەنیا بۆ ژێست و وێنەگرتن”.
ئەم وێنەیە کاک فەرەیدوون ئەرشەدی بینی و داوایکرد لێم ئەم وێنەیەی پێ بدەم. سوپاس بۆ کاک عەبدولرەزاق وکاک فەرەیدوون ئەرشەدی.

خەونی شەنگەسوار لە پەنای زناران

فەرەیدوون ئەرشەدی

بێهوودە بەدەوری بوونت دا دەگەڕێ مەرگ،
کە خەون دەبینی لە پەنای قایمترین زناران
بێ ترس و خۆت ئاسا،
خەونی ڕێگا تازەکانی سەربەستی
خەونی بەختەوەرییەکانی ئێمە!

نووستوە پێشەنگی شەنگە سوار
هەر وەکوو نووستنی جوامێران
لە سنووری بوون و نەبوون دا

وەستاوە هاواری لێکترازانی دەشت و کۆسار
با ساتێک بسرەوێ
وجوودی بێ ئۆقرەی
کە ئێستاش، هیلاکی بڕینی هەورازی ڕەنجێکە
بە گیان و بە خوێنی جەوانی
نەخشێندراو.

کام پێڵاو دەگاتە پێڵاوی نەسرەوتی
سەر ڕێگا سوورەکەت؟
کامە چەک ئەوەندە ئارام و هیوابەخش
لە پشتی بڕیارێک وەستاوە،
چەکەکەی لای شانی تۆ نەبێ؟!

با
بێدەنگ،
بەرد
خامۆش،
شاباڵی هیچ بازێک نابزوێ،
تا لیباس خاکییەکەی سەردەمی بڕیاڕە سەختەکان
سەرخەوێک بشکێنێ
لە بەرزان.

سەرچاوە: لاپەڕەی شەهید کاوە

کاتالۆگ