مانەوە لەو وەزعەدا چارەنووسی ئێمە نیە، ئیبراهیم لاجانی

چارەنووسی ئێمە ژیان و خەباتە لە نێو میللەتی خۆمان لە کوردستانی ئێرانbraym-lacani-2013-2

وەزعی ناوچە و دوونیا بە ئاقارێکدا دەڕواتە پێش کە بە قازانجی کورد و بزووتنەوەی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلانی ئێرانە. زۆر ناکێشێ بەسەر مەیدانێکی گەورە لە کار و خەباتدا دەکەوین.

  نابێت لە خۆمان ڕازیبین. ئاخر ئێمە حیزبێکی مەسئوولین. دەبێت لە قۆناخی داهاتوودا ئەو ڕۆڵە گرینگ و گەورەیە ببینین کە لێمان چاوەڕوان دەکرێ. بۆ ئەوەی ئەو ڕۆڵە گرینگ و گەورەیە ببینین، دەبێت لە ئاستی کوردستان و ئێران دا بە هێزبین. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ لە باری سیاسی و تەشکیلاتیەوە لە نێو خۆماندا پتەو و ساغ و سالم و یەگرتووبین. کەواتە دەبێ تێکۆشین بە سەر گیروگرفت و نالێکی و ناکۆکیەکانی نێو خۆمان و بزووتنەوەدا زاڵبین.

حیزب بەگشتی و بەدەنەو ڕێبەری ئێمە نیشانی داوە کە بەرانبەر دووژمنانی گەل و نەتەوەکەمان چەندە ئازا و بەجەگ و جەسوور و نەترسە. لەوەش زیاتر من دلنیام ئێمە دلێری ئەوەشمان تێدایە کە بتوانین بەرخورد بە خۆمان بکەین. بەدەنە و ڕێبەری ئێمە هەمیشە پاکباختەبووە. ئێمە جگە لە خێری عموومی و بەرژەوەندیە بەرزەکانی میللەتی کورد شتێکی دیکەمان نەویستوە و ناوێ.

ڕێبەری ئێمە هەر بە حوکمی ئەو مەسئولیەتە گەورە کە لەسەر شانیەتی، بە حوکمی ئەوە کە بۆ خۆی لە جەرگەی ڕووداوەکان دایە، بە حوکمی ئەو پێوەندیە بەرینەی کە لە گەڵ خەڵک و دۆستان و دڵسۆزانی حیزب هەیەتی لە هەموو کەس باشتر ئەو زەروورەتە هەستپێدەکا. حیزب و رێبەری ئێمە هەمیشە ئەو دلێرییە مەعنەوی و ئەو ئازایەتیە ئەخلاقیەی تێدا بووە کە بۆ ڕووبە رووبوونەوە لە گەڵ چاڵێنجە گەورەکان پێویستە. هەر شتێک بە قازانجی میللەت و بزووتنەوە بێت بە قازانجی ئێمەشە. هەر ئەوە گرنگ نیە کە بە دووژمن بوێرین.


ئەوەش گرنگە بە ئەهریمەنی نێو نەفسی خۆشمان بوێرین. لە تیۆلۆگی یا ئیلاهیات دا  جیهادی ئەکبەر  ئەوەیە لە گەڵ ئەژدیهای حەوت سەری نەفسی خۆت شەڕبکەی. ئێمەش دەبێت ئەوە بکەین. نابێ هەر لە دووژمن بترسین. دەبێت لە هەندێک ڕەفتار و هەڵسوکەوتی خۆشمان بترسین و لە گەڵیان دەستەویەخەبین.
ئێمە دەست بەو مەوجانەوە دە گرین کە بەرەو ئایندەمان دەبەن.  ئێمە مەحکوم بەوەنین لەو وەزعەدا بمێنینەوە. مانەوە لەو وەزعەدا چارەنووسی ئێمە نیە. چارەنووسی ئێمە و سبەینێی ئێمە ژیان و خەباتە لە نێو میللەتی خۆمان لە کوردستانی ئێراندا. چارەنووسی ئێمە ئازادی و دیموکراسیە. کەواتە دەبێ هەر لە ئێستاوە خۆمان بۆ ژیان لە ئازادی و دێموکراسیدا ئامادە کەین .
ئاخر ئێمە پێشمەرگەی رێگای ئازادی و دێموکڕاسین. کەواتە دەبێ دەستی برایەتی و هاوخەباتی بۆ یەکتر درێژکەین و بە دڵیکی پر لە هیواو بڕواوە بڕۆین بەرەو ئاسۆ، بەرەو ئاسۆی ڕوون. لەبیرمان بێت کە ڕاستە ئەو تونێڵە خەریکە دەگاتە کۆتایی، بەڵام دەبێ بزانین ڕاست کار و هەڵسووڕانی جدی و ئەساسی ئێمە ئەو دەم دەست پێدەکا کە دەگەینە کۆتایی ئەو تونێلەی کە کاک سەعیدی نەمر پێشبینی کردبوو.
کلیلی سەرکەوتنەکانمان لەو سندوقە سیحراویانەدایە کە خۆیان لەنێودڵی ئەو دەرفەتانەدا حەشارداوە کە لە مانگ و وەرز و ساڵەکانی داهاتوودا دێنە پێشمان. ئەگەر ئەو دەرفەتانە ڕاونەکەین و نەتوانین وەک قارەمانی نێو ئەفسانەکان کەڵک لەو ئیمکاناتانە وەرگرین کە بۆمان هەڵدەکەون و ئامادەییمان بۆ قۆزتنەوەیان نەبێت، ئەو سندوقانەمان بۆ ناگیرێن و لە ئاکامدا دەستیشمان بەو کلیلانە ڕاناگا کە دەرگای قەسری سەرکەوتنەکانمان بۆ دەخەنە سەرپشت.
ڕاست بۆ وەڵام دانەوە بەو وەزعەیە کە بەڕێز و تێکۆشەر کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حیزب، ڕادەگەیەنێ کە بۆ ئامادەکردنی حیزب بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ ئەو قۆناخانەی کە لە پێشمانن، ئامادەیە ، بۆ تەختکردنی کۆسپەکانی سەر رێی خەبات و دەستەبەرکردنی یەکڕیزیی هەموو تێکۆشەرانی دێموکڕات ، بێ قەید و شەرت، هەموو هەنگاوێکی پێویست هەڵگرێ.

نیڵسۆن ماندێلاش لە وەزعێکی زۆر دژواردا، بە ئاگاهی لە هەموو ئەو مەترسیانەی لە سەر ڕێی بوون، هەموو دەستمایەو ئیعتبار و پرستیژی سیاسی خۆی کردە ئامڕاز و ئیرادەی بردنە پێشی پرۆسەی فۆرسونینگ و موساڵەحەی میللی. لەو پێناوەدا ناچاربوو کە عەداڵەتیش بکاتە قوربانیی موساڵەحە، یانی ڕیکۆنسولیەیشن.
Reconciliation.ماندێلا لە پڕۆسەیەکی سەخت و دژواردا لەو کارە گەورەدا سەرکەوت و مەوقعیەتی خۆی وەک ڕێبەرێکی گەورەی مێژوویی و جێگای حیزبەکەشی واتە کۆنگرەی میللیی ئەفریقای لە نێو میللەتی خۆیدا بۆ هەتاهەتایە تەسبیت کرد. ئەو لەو رێگایەوە ئەفریقای جنوبیشی خستە سەر ڕێگای دێموکراسیەکی ڕوو لە گەشە و هەڵدان . لەوەش زیاتر مۆدێلێکی سەرکەوتوشی لە وەسەریەکخستنەوەی میللەتێک کە دەیان ساڵ ناکۆکی و تەبعیز و لێکهەڵاواردن هەڵبڕهەڵبڕی کردبوو، بە دونیا نیشاندا. مۆدێلێک کە ئەمـڕۆ بۆتە سەرمەشق و میللەتانی دیکە بۆ مەڵهەم کردنی برینەکانی جەستەی خۆیان وەک دەرمان بەکاری دێنن.

دیارە ڕێگای موساڵەحە لە لای ئێمە بەو ئەندازەیەی لە پێش ماندێلادا بوو، سەخت نیە. لای ئێمە تەنیا پێویستی بە وەیە کە هەموو مان خۆمان بدەینە بەر نەشتەرگەری ڕەخنە و بە خۆدا چوونەوە و خۆ هەڵسەنگدانەوە، دوکتۆر قاسملوو جارێک وتی عەمەلی جەراحی ئازاری هەیە بەڵام پێویستە بۆ مانەوەو درێژەکێشانی ژیان . بۆیە خۆدانە بەر نەشتەرگەری بەخۆداچونەوە، بۆ خەباتگێڕان هەر هەمیشە شتێکی پێویستبووە، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەک ئازاریشی پێوەبێت.


ئەسڵەن دەبێ ئەوە بکەینە وەرزشێکی حیزبی و تەشکیلاتی و بچێتە نێو بەرنامەی کار و ژیانی خەباتگێرانەمان و لەسەر خۆمانی پیادەبکەین تا ساخ و سڵامەت و موقاوم و بە ڕووحیە و شاد و سەری حاڵ بمێنینەوە. ئەو دیواری بە ناو بەرلینە بە یەک تەکانی لوتی بێڵی بۆڵدزێری ئیرادەی خەباتگێرانەمان دەڕووخێ. سەرتاسەری تەجروبەی سیاسەت و گەشەکردنی زانستی سیاسەت لە ماوەی چەند سەدەدا لە ئورووپا کە پێشرەوی فکری بەشەریەتە، لە دوو زاراوەی سیاسیدا پوختە دەبێتەوە. ئەو دوو مەقولە سیاسیەش بریتین لە کۆمپرۆمیس و کۆنسێنسوس، یانی سازش و هاوڕاهی لەگەڵ یەکتر. ئەسڵەن دێموکڕاسی چوارچێوەیەکە بۆ پیادەکردنی ئەو دوو مەفهومە.

دێموکڕاسی بە جۆرێک یانی ئیدارەکردنی تەوافوق و هاوڕایی. هیچ ڕێگا ی دیکە نیە. لە هەرجێ یەک ئەمن هەموو خواستەکانم جێبەجێ بوون، ئەوە بەو مانایە یە کە دێموکڕاسی لێ نیە. ئەوە تەنیا لە سیستەمە ئۆتۆریتارەکاندایە کە هەموو دەبێ چەپڵە لێدەن. بەڵام حیزبی ئێمە حیزبێکی دێموکڕاتە.
وەک بەرێز کاک حەسەنی شەڕەفی جێگری سکرتێری حیزب وتی خەڵکی کوردستان و هەموو جەماوەری حیزب ، خوازیاری ئەوەن حیزبی دێموکرات گەورە و بەرین و یەکریزبێ . بەڕێزیان ڕاست دەفەرموێ ، خەڵک دوو حیزبی دێموکراتیان بە دوو ناوی نەک هەر وەک یەک یا نزیک لەیەک بەڵکوو بە دوو ناوی جیاوازەوەش ناوێن. ئەوان خوازیاری ئەوەن تێکۆشەرانی ئەو حیزبە پێکەوە، وەک هەمیشە لە ژێر ناو و دیسپلینی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا کار و خەبات بکەن. بانگەوازی رێبەری حیزبیش ڕاست بەو جهەتەدایە. بە بروای من ئەو بۆ چوونەی دەڵێ باموافەقەت لەسەر ئەوەبکەین کە ناتوانین بە تەوافوق بگەین، کە ئەوەش جۆرێک تەوافوقە، هیچ لە دەردەکە چارەسەر ناکا.

 

 هەورە تریشقە لە ئاسمانی ساودا ڕوونادا. هەر بۆیە بانگەوازی بەڕێز سکرتێری حیزب تاقە ئەڵتڕناتیوە کە بە قازانجی حیزب و بزووتنەوە تەواوبێ. واتە کارکردن بۆ دابینکردنی یەکریزیی تێکۆشەرانی دێموکڕات لە کوردستانی ئێران، لە چوارچێوەی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا. کەواتە باس کردن و دانیشتن بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کە ناتونین پێکەوە ڕێککەوین هیچ هونەر نیە.

هونەر ئەوەیە قبووڵ بکەین کە دەبێت لە ڕیزی حیزبی خۆماندا پێکەوە بین ، جا دوایە هەموو قسە پێویستەکان و تەنانەت قسە ڕەقەکەکانیش بکەین. تەنیا لە وەزعێکی ئاوادایە کە ترس و نیگەرانیەکانی خۆمان و خەڵکی کوردستان دەبنە قاقای پێکەنین. لەوەزعێکی ئاوادایە کە حیزبەکەمان بەهێز و گەورەدەبێ و دەتوانێ ئەو ئەرکە ببینێ کە دەبێ هەیبێ. مەگەر ئەوەنیە میللەت دەیەوێ هەموو ئەوانەی خۆیان بە تێکۆشەری دێموکڕات دەزانن وەک هەمیشە لە ڕیزی حیزبی خۆیاندا پێکەوە کار بکەن و لە یەک سەنگەر دابن. گەلۆ با هەوڵدەین لە حیزبی خۆماندا بگەینە کۆمپڕۆمیس و کۆنسێنسوس. ئەوە ڕێگا درووستەکەیە.
ئێستا ئێمە لە حاڵی زۆرەبانی لە گەڵ یەکتر داین . دەستمان بە هیچ کوێ ڕاناگاو تووند دەستمان لە یەخە و بەرۆکی یەکتر ناوە و هەر کاممان دەیەوێ ئەوی تر لە ئەرزێ بدا.
وەختی ئەوەیە دەست لە یەخەی یەکتر بەردەین. وەختی ئەوەیە واز لەو مەیدانداری و پاڵەوان بازیە لە دژی یەکتر بێنین. حەتمەن دەگەینە سازش و هاوڕایی و یەکگرتنەوە. سروشتی حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی میللی و جەماوەری وایە کە ئەو برینەی ساڕێژدەکات و دەکەوێتەوە سەر حاڵەتی ئاسایی خۆی.
ئەو وەزعە نائاساییە وەزعیکی سروشتی نیە و هەر بۆیەش کە وەختی خۆی هات نامێنی. بۆ ئەو مەبەستەش چەند فاکتۆری زۆر گەورە ی یارمەتی دەرمانن. یەکەم ئەوە میللەتەکەمان بۆ ئەو کارە پشتیوانمانە و دەسبارمان دەگەڵ دەگرێ. دووهەم ئەوەیە کە ئێمە هەموومان تەوافوقمان لە سەر بەرنامەی حیزبەکەمان هەیە. سێهەم هەموومان تەوافوقمان لە سەر برای تێکۆشەرمان كاک مستەفای هیجری وەک سکرتێری حیزب هەیە. ئەوە شتێکە کە هەموو لایەکمان بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنین.
تەنانەت هاورێ یانی دیکەشمان کە لە رێزێکی دیکەدا وەستاون دەڵێن کاک مستەفامان وەک گەورەترین کۆلکەی هاوبەش قبووڵە. کەواتە ئەوە دەبێ بکرێتە مەخرەجی موشتەرەکمان. جیالەوە شتی هاوبەشی دیکەشمان هێندە زۆرە کە لەڕاستیدا هەموومان یەک ڕێفڕانسەمان هەیە. ئەوەش بە نۆرەی خۆی دەبێتە چەسپ و مادەیەکی شیمیایی بەهێز کە تەفاعولاتی شیمیایی نێوانمان لە پڕۆسەی وەسەر یەک کەوتنەوەماندا سەرکەوتو و دەستەبەر دەکات.

ئێستا کاری ئێمە بەدەنەو تەشکیلات ئەوەیە ئەو فشارەی لە لایەن بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان و جەماوەی حیزبەوە لە سەرخۆمانی هەست پێدەکەین، کۆچی پێبدەین واتە مونتەقیلی کەین بۆ سەر ڕێبەرایەتی حیزب و بەتایبەتی بەرێز کاک مستەفای هیجری تا ڕۆڵی گەورەترین کۆلکەی هاوبەش یانی مەخرەجی موشتەرەک ببینێ. سقوتی ئازادی ئێمە تەواوبوەو و دەبێ هەستینەوە.   ئەوە کۆتای ئەو وەزعە نەخوازراوەیە کە تێی داین و سەرەتای هەڵسانەوە، بە هێزبوونەوە، پڕ قودرەت بوونەوە، خۆ سازدانەوە، خۆ تەیارکردنەوە، مەیدانداری کردنەوە، خۆ رێکخستنەوە، تینوتاقەت پەیداکردنەوە، نۆرە گورز وەشاندنەوەی گەل و حیزبی ئێمە دەبێ. ئەوە مەسەلەی حیزبی دێموکڕاتە و هەر حیزبی دێموکڕاتیش دەبێ چارەسەری بکا.

بەدەنەی حیزب دەبێ شکڵ بەو سیاسەت و پڕۆسەیە بدا کە بەرەو حەللی ئەو کێشەمان دەبا. با کۆمەک بەو ڕەوتە و بە رێبەری بکەین. ئاخر ئەوەنیە لە پێرەوی نێوخۆمادا هاتوە کە ئەندامی حیزب دەبێ چالاکانە لە سیاسەت گوزاری و موناقەشەکردن و داڕشتن و بردنەپێش و پیادەکردنی بڕیارات و هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزبدا بەشداریبکات. ئێستایە بەدەنە دەبێت ئەو شمشێرە لە کالانی پێڕەوی نێوخۆ بێنێتەدەر و ڕایکێشی و پێی بچێە مەیدانداریی کاری تەشکیلاتی و حیزبی.
ئەو ڕێگایە ئەگەر زەحمەت و پڕ هەوراز و نشێویش بێ، چونکە دەمانباتە مەقسەد، نابێ سێو و دووی لێ بکەین. دوکتۆر قاسملوو دەیگووت هەمیشە ئاسانترین رێ باشترین رێ نیە. زۆر جار سەخت ترین و ناخۆشترین رێ ، باشترین ڕێگاشە.
ڕەنگە ئەوە ئاسان بێت کە خۆ لە مەسەلەکە بدزینەوە و لێیگەرێین ئاوا بڕواتە پێش یا ئەو وەزعە نەخوازراوە قبووڵ بکەین و ڕەسمیەتی پێ بدەین. بەڵام ئاکامەکەی بۆ حیزب و بزووتنەوە زۆر خراپ دەبێت. هەموومان دەزانین کە زیانەکانی ئەو کارە چەندە زۆر و پڕ مەترسین. ڕێگای چارەسەری گیروگرفت ئەوەیە لیێ بچیە پێش و تەحلیلی کەی و باشترین و مەعقولترین ئەڵترناتیوی چارەسەری هەڵبژێری. ئێمە تێکۆشەرانی حیزب کە نەسلی پاش شۆڕشی ڕێبەندانین ، زۆرمان خزمەت بە حیزب کردوە.
ئێمە بووین حیزب و بزووتنەوەمان گەیاندە چڵەپۆپەی هێز و ئیقتدار و گەشە و پەرەسەندویی. بەڵام گەورەترین خزمەتمان ئەوەدەبێ کە ئەو حیزبە و ئەو بزووتنەوەیە بێنینەوە سەر حاڵەتی سروشتی خۆی و لەو پرش و بڵاویەی ئیستا ڕزگاری کەین و بە یەکگرتویی و ئیقتدارەوە بیدەینە وە دەستی نەسلی ئێستاو داهاتوو. ئەو خزمەتەمان لە هەموو خزمەتەکانی دیکەمان گەورەتر دەبێ. چونکە ئەو کۆشکەی بە رەنج و ئارەقی نێو چاوانی خۆمان درووستمان کردوە، ناڕووخێ و دەمێنی. ئەودەم رەنج بە خەسار نایەینە دەر.

میللەت بە ئینسافە و نمرەی خۆی بە هەرکاممان دەدات. با ئێمە لە یەکتریش ناڕەحەت بین و نمرە بە یەکتر نەدەین. میللەت خزمەتکارانی خۆی دەناسێ. کەواتە با لەوە نەترسین کە بەرەو داهاتوو بڕۆین.
نەسلی ئێستا و داهاتوو غەلوغەشەکانی ئێمە یان نین و لەوەش زیاتر لە ڕابردوودا ناژین و لە ڕابردووی ئێمەش دەرس وەردەگرن. بۆیە دەتوانن كوڕ و کچی سەردەمی خۆیان بن و حیزب و بزووتنەوە لەو قۆناخەدا و لە داهاتوودا چاکتر لە ئێمەش بەرنەپێش. بەڵام شەرت ئەوەیە ئێمە ئیفتیخاراتەکانمانیان بە میرات بۆ بەجێبێڵین نەک عەیب و غەلوغەشەکانمان.
تەنیا شۆفیرێک کە تابڵۆ نەناسێ یا چاوی نەبینێ، ڕوو دە جادەیەک دەکا کە تابلۆی بنبەستی بۆ دانرابێ.
بەو ئەزمونانەی لە ڕابردوودا هەمانن ئەو مەسەلەیە لە یەکەم ڕوانینماندا زۆر زەحمەت دێتە بەر چاو. بەڵام ئیرادەی خەباتگێرانەمان لەوە بە هیزترە بمان ترسێنێ. ڕاستە کێوێکی بەرز و گەورەمان لە پێشە کە دەبێ پێی دا سەرکەوین و ڕێگای پێداسەرکەوتنیشی دژوار و سەخت و پڕ هەوراز هەڵدێرە. بەڵام ئاخر لای پشتەوەشمان دەریایەکی گەورە و پڕ لە تۆفان و گەردەلولە و دوورە کەنارە کە نەک هەر ناتوانین پێیدا تێپەرین، بەڵکوو خۆ لێدانی بەرانبەرە لە گەڵ بە هیلاک چوونمان. ژەنەڕالی پایز وتەنی کەشتیەکی درز تێکەوتوو لە دەریای توشا، تۆبڵێی ڕۆژێ بگاتە کەنار؟
ئایە دروستە ڕقوقین و تەعەسوبی نابەجێ هێندە بیروزەین و بەر چاومان ببەستێ کە تەنانەت لە نێوچونی خۆشمان بۆ گرنگ نەبێت. رقوقین لە سیاسەت داهەیە، هەموومان ئینسانین دەبێ توڕەش بین و لە یەکتریش هەڵبەزینەوە . ئاخر خۆ ڕۆبۆت نین. هەست و سۆزو ئیحساسمان هەیە و لە خوێن و گۆشت درووستبووین. بەڵام ئینسان مەوجودێکی سیاسیە. ئەگەر سیاسی نەبا ئێستا وەک دایناسۆڕەکان ڕەگەز و ڕەچەڵەکی بڕابۆوە و نە مابوو. ئینسان بەوەوە ماوە و دەمێنی و دەڕواتە پێش کە لەو کێشە و شەڕو گیروگرفتانەی کە بۆی دێنە پێش فێردەبێ و توانای خۆ گەنجاندن و سازشی هەیە و بۆ چونەپێشی خۆی کەڵکیان لێوەردەگرێ.

کەماڵ و پوختەبوون وەک مەولەوی دەڵێ هەر بەوە دەڵێن. ئینسان تەنیا حەیوانێکە کە سیاسەت دەکا. هەر بۆیەشە خوا بە ئەشڕەفی مەخلوقاتی ناسیوە و لە تێکستە دینیەکانیش دا دەوترێ خوا لە سەر شکڵی خۆی مرۆفی دروست کردوە. لەوەش زیاتر لە ئاینی زەردەشتدا ئینسان بە هاوکاری خواش دەناسرێ لە بردنە پێش و هەڵسورانی ئەو گەردوونە گەورەدا. مەبەست ئەوەیە کە قودرەتی مرۆڤ بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکانی سەر رێی خۆیدا وەبیر بێنمەوە. ئینسان توانای سیاسەتکردنی هەیە.

ڕق وقین و هەست و سۆز دەبێ هەبن و جاجار خۆشیان نیشان دەن. بەڵام لە نیهایەتدا دەبێ عەقڵی سەلیمی سیاسی و فەزیلەتی سیاسی جڵەوی کار بە دەستەوە بگرن. با بەسەر دڵی ئێشاو و شکاو و ناسکی خۆماندا زاڵبین و عەقڵی سیاسیمان بەکاربێنین و عەمەلی سیاسی لە خۆمان نیشاندەین. کێ هەیە لە ئێمە دڵی نەشکابێ و لە دەست زمان و دەستی هاورێیانی خۆی لە و حیزبەدا شەوانە تابەیانی نەگریابێ . من پێم وانیە تێکۆشەرێکی حیزبی هەبێ کە ئەوەی بەسەر نە هاتبێ. ئاخر فێربووین زمانیش وەک کڵاشینکۆف لە دژی یەکتر بەکاربەرین.


زمان لە ئەساسدا بۆ پێوەندی گرتن و دیالۆگ و کۆمیونیکاشۆن و چارەسەری کێشە و لێک تێگەیشتن درووست بوە. کەچی ئێمە بە پێچەوانەوە بۆ ئاڵۆزکردن و یەکتر شکاندن و دوژمنایەتی سازکردن بەکاری دێنین. وشە و رستە وەک نارنجۆک و گوللە ئاڕاستەی یەکتر دەکەین. نازانین کە وشە دەتوانێ تەنانەت شەری گەورەی لێ بکەوێتەوە. وشەبوو کە لە سەرەتاکاندا بوو بە دەستەچیلەی شەرێ مالوێرانکەری ئێران و عێڕاق.
ئێستا کاتی ئەوەیە دڵفرەوان و دڵ گەورەبین و حیزبمان، کە وەسیلەی بردنەپێشی خەبات بۆ ئازادی میللەتەکەمانە، لە خۆشمان خۆشتر بوێت.
کەواتە باشتر وایە هەر ڕوو لە شاخەکە بکەین. ڕاستە سەختە. بەڵام ئەگەر گەیشتینە سەر لوتکەی کێوەکە هەموومان ماندوویمان دەردەچێ و حیزبەکەمان و میللەتەکەشمان و هەموومان بردوومانەتەوە.

 

کاتالۆگ