بیرەوەرییە تاڵ و شیرینرکان . قادر ئەلیاسی

لە سەرەتای مانگی ٧ ی ٢٠١٢، بە بۆنەی زەماوەندی خوشکەزایەکمەوە لە گەڵ بنەماڵەکەمدا، سەردانی وڵاتی فەنلاندم کرد. یەکەم شەو لە ماڵی هاوڕێیەکی سەردەمی پێشمەرگایەتیمدا ماینەوە.meshulke_tepu

کوردەکانی دەرەوەی وڵات ئاگادارن کە ژووری خەوتنی میوان بە زۆری لە هۆڵی دانیشتنی خانەخوێ* دایەو فرە دژوار وەتاغێکی سەربەخۆ بۆ نووستن بەر میوان دەکەوێ. ئیتر ئەگەر میوان بنەماڵەش بێ، ئەوە هەر دەبێ جگە لە هۆڵی میوان، چاوەڕوانی زیاتری بۆ شوێنی خەوتن نەبێ.

 قسەی کەڵەکەبووی چەند ساڵ دووری و لێکدابڕان، بە کاژێرێک و دووان، کۆتایی نایە. بۆیە لە گەڵ هاوڕێیەکەم و بنەماڵەکەیدا تا درەنگانێکی شەو پێکەوە دانیشتین و دەستمان کرد بە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکان، لە سەردەمی قوتابخانەوە تا پێشمەرگایەتی و ژیانی تاڵی ئۆردووگا، بگاتەوە ئورووپا و…

سەرەنجام، کەم کەم جێ و بان راخرا و هەر کەسە چووە ژوانی خەو. ئێمەش لە هۆڵی میوان راکشاین. خێزانم و مناڵەکان هەر زۆر زوو خەویان لێکەوت. منیش لە سەر پشت بۆی راکشام و لەو کاتەدا کە سەیری بن میچی ژوورەکەم دەکرد، بە دەم خەوەنووتکەوە* گەڕامەوە بۆ رابردوو. بە تایبەت کە هەستم بە بوونی مێشوولە لە ژوورەکە کرد، ئیتر بە هەست و خەیاڵ خۆم لە بناری کێوی بەمۆدا دیتەوە. بۆ ئەو کەسانەی کاتی هاوین لە بناری ئەو چیایەدا شەوێکیان کردبێ بە رۆژ، لە مەغزای ئۆف و ئازاری گەزە و چزووی مێشوولە، بە هەست و پێستەوە تێدەگەن.

لە کوردستان ئەو گیانلەبەرە بە لەش چکۆڵە بەڵام بە چزوو بە ئازارانە پۆلین کراون بە چەند بەشەوە. مێشوولە، خاکە و کەپۆ؛ کە لە ناوەڕاستی بەهارەوە سەر قوت دەکەنەوە، تا ناوەڕاستی وەرزی هاوین  و جاری واشە تا پاییز و هەڵکردنی سەرما و سۆڵە لە کۆڵی خەڵک نابنەوە.  ئەو شەوانە مێشوولەی بناری کێوی بەمۆ، وای لە پێشمەرگە دەکرد زیاتر حیساب بۆ ئەوان بکا تا سپای کۆماری ئیسلامی ئێران! لە نێو ئەو مێشوولانەدا دوو جۆری یەکجار بە ئێش هەبوون کە ناومان نابوون خاکە و زەنگندەمە*. دیارە ئەم گیانلەبەرە وەنەبێ هەر لە بەمۆ بوونی هەبووبێ. وەک باسم کرد، ئەوەتە لە ئورووپاشدا هەیە.

هەر کە دەنگ و ڤیزەی خاکە بەرگوێ دەکەوت، موچڕکی بە لەشدا دەهێنا.  لە بچووکترین دەرفەتدا چزووی خۆی دەوەشاند و بۆی دەردەچوو. هەر وەها زەنگندەمەش ئەم پەخشەیە لە خاکە گەورەترە و لەشی وەک کونیلکەیە و چزووەکەشی هەر ئەو دەنووکە قامیش ئاسایە کە لە لەشی مرۆڤ گیر دەکا و لە ماوەیەکی کەمدا پڕی دەکا لە خوێن. بە جۆرێک ئەوەندە ورگی دەماسێ، ناتوانێ بفڕێ. دوو میتر لەولاتر بۆی پاڵ ئەکەوێ و ئەگەر هەست بە مەترسی نەکا، بۆ چەند کاژێر ئەو شوێنە جێ ناهێڵێ. ئەم جۆرە پەخشەیە رۆژ و شەوی بۆ نەیە. هەر هەستی کرد خواردنی پێویستە، مەڕازە** و قوڵنگەکەی*** ئەنێ بە نێرەکوڕەی شانییەوە و پەلاماری نێچیر دەدا. زۆر کەڕەت لە سەر پێخەفەوە کە پەتوویەکی ئەستوور بووە، درەوشەکەی رۆکردووە و گەیاندوویەتییە لەشی نێچیرەکە و خواردنی خۆی دەست کەوتووە.

لەو ساڵانەی پێشمەرگایەتیدا ئەو گیانلەبەرە دزێوە دەیان رووداوی تاڵی تووش کردین کە دواتر بوو بە بیرەوەری شیرین. چەند نموونەیەکی خوارەوە مشتێک لە خەواری ئەو بیرەوەریانەیە:

لە ترسی مێشوولە، دەوایەکمان دەکڕی کە لە فڵاسکێکی کەوەدا**** بوو و لە سەری نووسرابوو(کیک). سەرەڕای ئەو دەوایەش، پەخشە هەر گورزی خۆی ئەوەشاند. رۆژێک  داوام لە شەهید کاک عەباسی وەیسی کرد ، پەردەیەکی***** نازکی بۆ هێنام و شەوانە وەک چادر هەڵمدەدا و دەچوومە بنی. ئەو تارایە نە تەنیا لە گەزەی مێشوولە دەیپاراستم، بەڵکوو فێنکیش بوو. چەند شەو بێ خەم لێی خەوتم. شەوێک هەستم کرد لە نێو پەردەکەشدا مێشوولە پێوەم دەدا. تا بەیانی خۆم بە دەست مێشوولەوە پێچ دا و خەوم لێ نەکەوت. بەیانی کە هەوا رووناک بۆوە و سەیری چواردەوری خۆمم کرد، دیتم دوو تا سێ زەنگندەمە هاتوونەتە ژوورەوە و ئەوەندە خوێنیان مژیووە، ورگیان وەک کونیلکە هەڵماسیووە و لەو لامەوە لە خۆم باشتر پاڵیان داوەتەوە و راکشاون.

سەرەڕای ئازاری شوێنە چزووەکان، هاتنە ژوورەوەی ئەو پەخشانە ببوو بە پرسیارێکی قورس بۆم کە دۆزینەوەی وەڵامەکەی ئاسان نەبوو. بە دەم خوراندنی شوێنی چزووی مێشوولەکانەوە بە چاو و بە هزر کەوتمە هەوڵی دۆزینەوەی وەڵام. ئاخرەکەی تەفرنجم دا، لە دوو جێگەوە، پەردەکە کونی تێکراوە. کە زیاتر لێی وردبوومەوە، زانیم ئەمە کاری هاوڕێ قۆشمەکانی خۆمە. لە نێو ئەو پێشمەرگانەی کە شەوانە بۆ کێشک هەڵدەسان، چەند کەسێکیان جغارەیان دەکێشا. تۆ مەیەژە، یەکێکیان( ئێستا نازانم کامیان بوو) بە نووکی سیگارەکەی دوو کون دەکاتە پەردەکە و ئەو شەوە تا بەیانی ناهێڵێ من بە راحەتی بخەوم. کە رۆژ بۆوە و باسەکەم درکاند، کەس خۆی نەکردە خاوەنی کەتنەکە. بەڵام تا ئێوارە باسی ئازاری مێشوولەکان و کەتنی هاوڕێکانم بوو بە هەوێنی پێکەنینی ئەوان و تووڕەبوونی من.

هاوێنی١٣٦٥ی هەتاوی(١٩٨٦ز) لە بناری کێوی بەمۆ کۆڕی هونەری حیزب میوانی کۆمیتەی داڵەهۆ بوون. لەو کۆڕەدا وێڕای مامۆستا پەیمان(شاعیر و بەڕێوەبەری کۆڕ)، عەلی ئیسحاقی(ژەنیار)، ئەبووبەکری پەساوەندی(دەنگبێژ)، کوڕێکی باکووری کوردستان(دەنگبێژ و ژەنیاری تەنبوور)؛ شەهیدان حەسەن پوورخزری (گۆرانیبێژ) و حەسەن کتابی ( فیلمهەڵگر) و… ئامادە بوون.

دوای چەند رۆژ و شەو مانەوە لای ئێمە و ئازارکێشانی چزووی مێشوولە، ئێوارەیەک بڕیار درا، بەرنامەیەکی هونەری پێشکەش بکەن. بەرنامەکە پێکهاتبوو لە شانۆ، شیعر، مووزیک و گۆرانی. سەرەتای شانۆکە، ماڵەکوردێکی پیشان دەدا. شەهیدحەسەن پوورخزری وەک ئەکتەرێک هاتە سەر شانۆ و لە نێو قسەکانیدا بە دەنگێکی پڕ لە ترس و ئەوپەڕی پەرۆشییەوە وتی: “جاش و پاسدار گەمارۆی دێیەکەیان داوە. چی بکەین؟”

ئێمەش کە زیاتر لە بیسست کەس نەدەبووین و سەیری ئەو شانۆیەمان دەکرد، لە ناکاو هەستمان بە جووڵەیەکی نائاسایی لە نێو پێشمەرگەکاندا کرد. یەکێک لە پێشمەرگەکان بە بیستنی وشەی گەمارۆ، هەستا و رەخت و فیشکدانەکەی لە خۆی بەست و پڕی دایە چەکەکەی و لە ریزی ئێمە جوێ بۆوە و خۆی گەیاندە بنبەردێکی ئەولای شوێنی شانۆکە و سەنگەری گرت. تۆ مەیەژە، ئەو قسەکانی شەهید “حەسەن”ی بە راستی وەرگرتووە و وای زانیووە دەورەمان دراوە. پاش تێگەیاندنی هاوڕێی پێشمەرگە لە سەر شانۆکە و ئارام کردنەوەی ناوبراو ، شانۆ بە نیوەچڵی راگیرا و گاڵتە و پێکەنین کەوتە سەر پێشمەرگەکە.

دوای پشوویەکی کورت، گەڕاینەوە شوێنی بەرنامە. مامۆستا پەیمان هەڵبەستێکی پێشکەش کرد و ئەنجا داوای لەو کوڕەدەنگبێژەی باکوور کرد، هاوڕێ لە گەڵ تەنبوورەکەی، گۆرانییەک بخوێنێ. ئەویش بە لاوکێک دەستی کرد بە هونەرنواندن. لەو وەختەدا کە خەریک بوو بەستەی “کینە ئەم “ی جگەرخوێنی دەخوێند و سازی لێدەدا، زەنگندەمەیەک نیشتە سەر لووتی و دەستی کرد بە خوێنمژین. لە بەر ئەوەی رۆژ بوو و دەوروبەر بە تەواوی رووناک بوو، ئێمەش لە ٢٠ کەس زیاتر نەدەبووین و نزیکی دەنگبێژ بووین، گشتمان چاومان لێ بوو، چ دەقەومێ. وەلی ئەلیاسی، پێش لە هەمووان سەرنجی دابووە ئەو دیمەنە.

هەرچی سترانبێژ پتر دەنگی بەرز دەکردەوە و سازەکەی دەخستە ناڵە، پەخشەکەش زیاتر قووڵنگەکەی لە لووتی ناوبراو رۆدەکرد. بوونی زەنگندەمە لەو کاتەدا، وای لە ئامادەبووان کرد، کەس نەیزانی دەنگبێژ چی دەخوێنێ. لە کۆتاییدا، هەر کە دەنگبێژ ویستی گۆرانییەکەی تەواو بکا، پەخشەش کونیلکەکەی پڕ کرد لە خوێن و هەڵفڕی و لەولای گۆرانیبێژەوە پاڵی دایەوە.

پێکەنینی ئەو بەشەش وای کرد، بڕگەکانی دیکەی بەرنامە کە بریتی بوون لە حەیرانی ئەبووبەکری پەساوەندی و… رابگیرێ و دەست بکەین بە ئاگرکردنەوە. ئەو رۆژە وابزانم شەهید حەمەسەرباز، بزنەکێویەکی راوکردبوو. بۆیە ئەوەندە لە راگیرانی نیوەچڵی بەرنامەکە ناڕازی نەبووین. پێکەنینی دیکەی دوای ئەو بەرنامەیە، کاتی حەیران وتنی ئەبووبەکری پەساوەندی  بوو. هەر کە ئەیوت: حەیران دەڵێم، براینە، برادەرینە….، شەهید حەسەن پوورخزری و عەلی چەتە و… بە لاسایی کردنەوە لە لاوکەکانی کاویس ئاغا بە کۆرسەوە دەیانگوت: هەی هوووووووووووووووو. (پەساوەندی)ش نیوەیەک بە راستی و نیوەیەک بە گاڵتە، تووڕە دەبوو، بە شێوەیەک چواردەورەکەی دەخستە پێکەنین. مامۆستا (پەیمان)یش چەند پارچە شیعری گاڵتەئامێزی کرد بە ناوئاخنی کۆڕەکە و ئیتر بەو شێوەیە باوەشمان بۆ شەو و مێشوولە و خەو کردەوە.

 

*) خانەخوێ، خاوەن ماڵ

**)خەوەنووتکە، وەنەوز، بیرەخەو

***) مەڕازە، بێڵ، پێمەڕە، خاکەناز

****) قوڵنگە، زەنگن، قازمە

*****) پەردە، تارا

******) کەوە، شین(رەنگ)

 {jcomments off}

کاتالۆگ