گەورەکردنەوە ھەڵبژاردەکان ڕێنوێنی

پەڵک کوردی‌نووس 4.0

ئامرازێکی ھەڵگرتنی، سەکۆسەربەست و سەرچاوەکراوە بۆ گۆڕینی ئەلفوبێکانی کوردی

ھەڵبژاردەکان

دیمەنی تەختەکلیلی بەشی تایپی کوردی:

ڕێنوێنی، خاڵەکانی بەکارھێنان و کێشە پێزانراوەکان

کوردی‌نووس ئامرازێکی ھەڵگرتنی، سەکۆسەربەست و ئازاد (سەرچاوەکراوە)یە بۆ گۆڕینی ئەلفوبێکانی کوردی.

نابەرپرسی

ئەگەرچی کوردی‌نووس ئەو پەڕی تێکۆشانی خۆی بۆ بە دروستی گۆڕینی دەقە کوردییەکان دەکات، بەڵام ھەرگیز مانای ئەوە نییە دەقی ئاکام تەواوە و ھیچ ھەڵەیەکی تێدا نییە. کەوایە، تکایە پێداچوونەوەیەک لەسەر دەقە گۆڕدراوەکەدا بکە.

شێوازی بەکارھێنان

سەرەتا دەبێ دڵنیا بیت کە لە وێبگەڕەکەتدا ڕێگەدراوە بە شێوازەکانی CSS و سکریپتەکان.

بە ھەڵبژاردنی جۆری گۆڕانی دڵخوازت لە نێوان بەشەکانی لای ڕاستەوە دەستپێدەکەی. لە حالەتی بنچینەییدا بەشی کوردی>Kurdî (گۆڕینی ئەلفوبێی لاتینی بۆ ئەلفوبێی عەرەبیی کوردی) ھەڵبژێردراوە. لە ناوەڕاستی پەڕەکەدا بە پێی ئەوە کە لە کام بەشدایت دوو یان یەک چوارچێوە دەبینی.

لە گشت بەشەکاندا بێجگە بەشی «تایپی کوردی» دەتوانی دەقەکەت لە چوارچێوەی سەرەوەدا تایپ بکەیت یان بیلکێنیتەوە و ئاکامی گۆڕینەکە ھەرچەند دەقەکە زۆریش بێت خێرا لە چوارچێوەی خوارەوەدا ببینی. ئەگەر بۆ لکاندنەوەی دەقەکەت لە مشک کەڵکت وەرگرت و ئاکامەکە خێرا نیشان نەدرا، لە سەر یەکێک لە چوارچێوەکاندا کلیکێک بکە.

بۆ بەکارھێنانی دوایین بەش کە بۆ تایپکردنی ڕاستەوخۆی کوردی بە ئەلفوبێی عەرەبییە دەبێ دیمەنی تەختەکلیلی ئێستای کۆمپیوتەرەکت لەسەر US English دا بێت و Caps Lock کوژاوە بێت. دەستبکە بە تایپکردن لە چوارچێوەکەدا و ڕاستەوخۆ دەقەکە بە ئەلفوبێی عەرەبی دەبینی.

بۆ کەڵک وەرگرتن لە سەرانسەری پەردەکە دەتوانی لەسەر دوگمەی «گەورەکردنەوە» لە ڕاستی سەرەوەی پەڕەکە کلیک بکەیت. لە حاڵەتی گەورەکراودا ئەو چوارچێوە دەقەکەتت تێیدەخست، دەکەوێتە لای ڕاست و دەقە گۆڕدراوەکە دەکەوێتە لای چەپەوە. سەرناوی بەشەکان لە ڕاستی پەڕەکەدا چکۆلە دەبنەوە، بۆ بینینی ناوی تەواویان تیری مشکەکە لەسەریاندا بوەستێنە. بۆ گەڕانەوە بۆ حاڵەتی ئاسایی لەسەر دوگمەی «گەڕانەوە» لە ڕاستی سەرەوەی پەڕەکەدا کلیک بکە.

کلیک کردن لەسەر دوگمەکانی «ڕێنوێنی» یان «ھەڵبژاردەکان» کاریگەری نییە لەسەر ئەو دەقانە خراونەتە ناو بەشە جیاکان. دیسان لەسەر ئەم دوگمانە کلیک بکە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو بەشە تێیدا بووی. ھەر گۆڕانکارییەک کە لە ھەڵبژاردەکاندا درابێت ھەر لەدوای دەرچوون لە بەشی ھەڵبژاردەکان، ئاکامەکان دەگۆڕێ.

گۆڕین

کوردی > Kurdî (گۆڕینی ئەلفوبێی لاتینی بۆ ئەلفوبێی عەرەبیی کوردی)

گۆڕینی ئەلفوبێی لاتینی بۆ ئەلفوبێی عەرەبی یارمەتی دەدات بۆ گواستنەوەی ئەو دەقە کوردییانە کە بە ئەلفوبێی ستانداردی لاتینی (ئەلفوبێی ھاوار) نووسراون بۆ ئەلفوبێی ستانداردی عەرەبی، بۆ نموونە، pellk بۆ پەڵک. ئاکام بە تەواوی گونجاوە لەگەڵ ستانداردی یونیکۆد بۆ زمانی کوردی.

لە حاڵەتی بنچینەییدا ژمارە ئەورووپایییەکان دەگۆڕدرێن بۆ ژمارە عەرەبییەکان. بەڵام دەتوانی لە ھەڵبژاردەکاندا ھەلیبژێری کە وەک خۆیان بمێننەوە.

بەداخەوە، بە ھۆی لاساییکردنەوە لە زمانە ئەورووپایییەکان، بڕێ کەس چەند پاشگرێکی زمانی کوردی وەک وشەیەکی جیا لە دەقە لاتینییەکاندا بەکاردێنن. بۆ نموونە، «a» لە hevala me بە جیا دەنووسرێ: heval a me. لە زمانناسیدا، پاشگرەکان بە شێوەی سروشتی دوابەدوای بنەمۆرفیمێکدا دێن و یەک وشە پێکدێنن و نابێ لەیەک جیا بکرێنەوە. ھەرچەن کوردی‌نووس لە حاڵەتی بنچینەییدا ئەم ھەڵەیە ڕاستناکاتەوە بەڵام دەتوانی لە ھەڵبژاردەکاندا بەشی «پاشگرە جیاکراوەکان بناسەوە» چالاک بکەیت و لە دەقی ئەلفوبێی عەرەبیی ئاکامدا ئەم ھەڵەیە ڕاستبکەیتەوە.

کوردی‌نووس ھەرچی h و x لە دەقەدایە بە ڕیز دەکات بە «ھ» و «خ». کەوایە دەبێ پێداچوونەوەیەک بە دەقە گۆڕدراوەکەدا بکەیت بۆ ڕاستکردنەوەی ئەوانەی کە دروستەکەیان «ح» یان «غ» یە.

ھەروەھا ئەگەر عادەتت ھەیە بە تایپکردنی ئینگلیزی دەتوانی بەشی «گۆڕینی ئەلفوبێی لاتینی بۆ ئەلفوبێی عەرەبی» بۆ تایپکردنی کوردی بە ئەلفوبێی عەرەبی بەکاربێنی. ئەمە بەو مانایە دەتوانی ڕاستەوخۆ دەقە گۆڕدراوەکە ببینی. بۆ پیتە تایبەتەکانی کوردی کە لە ئینگلیزیدا نین ( ê و î و û و ç و ş) بە ڕیز دەتوانی (ee و ii و uu و ch و sh) تایپ بکەیت. ھەروەھا دەتوانی بۆ خێراترکردنی تایپکردنت لە ھەڵبژاردەکاندا «i بە î بناسەوە» چالاک بکەیتەوە.

Kurdî > کوردی (گۆڕینی ئەلفوبێی عەرەبی بۆ ئەلفوبێی لاتینیی کوردی)

گۆڕینی ئەلفوبێی عەرەبی بۆ ئەلفوبێی لاتینی یارمەتیت ئەدات دەقە کوردییەکانت کە بە ئەلفوبێی عەرەبی نووسراون بگۆڕیتەوە بۆ ئەلفوبێی ستانداردی لاتینیی کوردی (ئەلفوبێی ھاوار). بۆ نموونە پەڵک بۆ pellk. ئەگەر دەقەکەت بە فۆنتەکانی دیلان (ژمارەیەک فۆنتی ناستانداردی کوردیی بەرھەمی KurdSoft.com) تایپکراون لە ھەڵبژاردەکاندا دەبێ «بە فۆنتەکانی دیلان نووسراوە» چالاک بکەیت.

شەڕ و کێشەیەکی ھەمیشەیی کە لە نووسینی کوردی بە ئەلفوبێی لاتینیدا و لە ئاکامیشدا لە گۆڕینی ئەلفوبێی عەرەبی بۆ لاتینیدا ھەیە، «پێکگەیشتنی نەبزوێنەکان» (consonant cluster) و بزوێنی «i»ە. ئەم کێشە دوو لای ھەیە: یەکەم ئەوەیە بزوێنی i لە ئەلفوبێی عەرەبیی کوردیدا نانووسرێت. کەوایە ئامرازێک کە ئەلفوبێی عەرەبی دەگۆڕێتەوە بۆ لاتینی، دەبێ بە پێی جۆری وشەکان، ھەڵبدات لە کوێ دەبێ i دابنێت. بۆ نموونە کرد دەبێ بگۆڕدرێ بۆ kird، بەڵام کرا دەبێ بکرێ بە kra. ھەرچەند بۆ گۆڕینێکی بێ ھەڵە، فەرھەنگێکی وشە کوردییەکان بە ھەردوو ئەلفوبێکە پێویستە، بەلام دروستکردن و تێخستنی بنکەدراوەیەکی مەزنی وا، لە پرۆژەیەکی نەرمامێریی بچووکی ھەڵگرتنی و سەکۆسەربەستدا، جێبەجێ نەدەکرا. بڕیارمان دا بزوێنی شاراوەی i لەسەر بنەمای ڕێساکانی فۆنۆلۆژیای زمانی کوردی بخەینە ناو دەقە گۆڕدراوەکە. دووەم ئەوەیە کە پشتڕاستیش دەکرێتەوە کە کوردیی سۆرانی ڕێگە دەدات بە دوو نەبزوێن لە سەرەتای بڕگە (syllable)دا. بۆ نموونە zman وشەیەکی یەک‌بڕگەیییە. بەڵام بە پێچەوانەوە لە کورمانجیدا iیەکی دیکە پێویستە: ziman. ھەرچەندە لە حاڵەتی بنچینەییدا کوردی‌نووس چاوەڕێی دەقێکی سۆرانییە بە ڕێگەدان بە دوو نەبزوێن لە ناوکی بڕگەیەکدا، بەڵام لە ھەڵبژاردەکاندا دەکرێ ڕێگە نەدەی بە دوو نەبزوێن لە بڕگەیەکدا. ھەرچەندە دەقە گۆڕدراوەکە زۆر نزیکە بە دەقێکی بێ ھەڵە، بەڵام لەوانەیە دیسان بڕێ ھەڵەی ڕێنووسی تێدا ببێت، بەتایبەت بە ھۆی ناڕوونیی فۆنۆلۆژیایی.

چونکوو ئەلفوبێی عەرەبی پیتی گەورە و بچووکی نییە، دۆزینەوە ناوەکان و گەورەکردنەوەی یەکەم پیتیان لە ئەلفوبێی لاتینیی ئاکام لە بەرنامەیەکی سادەدا دەستنادات. بەڵام لە حاڵەتی بنچینەییدا پیتی یەکەمی ڕستەکە گەورەدەکرێتەوە کە دەکرێ لە ھەڵبژاردەکاندا ئەوەش ناچالاک بکەیت.

بەیونیکۆدکردن (ستانداردکردنی پیتەکانی ئەلفوبێی عەربیی کوردی)

دەتوانی پیتەکانی دەقە کوردییە کۆنەکانت و ئەوانەی بە فۆنتە ناستانداردەکان نووسراون لە بەشی «بەیونیکۆدکردن»دا بکەیت بە پیتە دروستەکانی زمانی کوردی لە یونیکۆددا. ئەم بەشە بەتایبەت بۆ وێب زۆر بەکاردێت. بۆ نموونە بە فۆنتەکانی عەلی (ژمارەیەک فۆنتی بەرھەمی ١٩٩٧ کە ھێشتا بڕێ جار بەکاردێت چونکوو پێویستی بە دامەزرانی تەختەکلیلی کوردی نییە) تایپکراوە: تاظطة کە دەقی ستانداردکراوەکەی دەبێ بە: تاڤگە. ھەروەھا ئەو دەقانەش کە بە تەختەکلیلە نوێترەکان وەک KurdITGroup نووسراون لەوانەیە لە چەند پیتێک وەک «ە» و «ھ» ستاندارد نەبن. ئەگەر دەقەکەت بە فۆنتەکانی دیلان (ژمارەیەک فۆنتی ناستانداردی کوردیی بەرھەمی KurdSoft.com) تایپکراون لە ھەڵبژاردەکاندا دەبێ «بە فۆنتەکانی دیلان نووسراوە» چالاک بکەیت. بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بە ستانداردی یونیکۆد بۆ کوردی سەردانی ویکیپیدیای کوردی بکە.

تایپکردن بە ئەلفوبێی لاتینی

لەوانەیە جارەبەجار پێویستت بە تایپکردنی دەقێکی کورتی کوردی بە لاتینی بێت بەڵام تەختەکلیلی کوردیی لاتینی لەسەر کۆمپیوتەرەکەت دانەمزرابێت. بەشی «Taypî Kurdî» یارمەتیت دەدات بە تەختەکلیلێکی ئاساییی ئینگلیزی، کوردی تایپ بکەیت. بۆ ئەو پیتە تایبەتانەی کوردی کە لە ئینگلیزیدا نین (ê و î و û و ç و ş) دەتوانی بە ڕیز ee و ii و uu و ch و sh تایپ بکەیت. بۆ گەورەکردنی پیتەکان ھەر لە پیتە گەورەکانی ئینگلیزییەکان کەڵک وەرگرە، بۆ نموونە: EE یان Ee بۆ Ê.

تایپکردن بە ئەلفوبێی عەرەبیی کوردی

لەوانەیە جارەبەجار پێویستت بە تایپکردنی دەقێکی کورتی کوردی بە ئەلفوبێی عەرەبی بێت بەڵام تەختەکلیلی کوردی لەسەر کۆمپیوتەرەکەت دانەمزرابێت. بەشی «تایپی کوردی» یارمەتیت دەدات بە تەختەکلیلێکی ئاساییی ئینگلیزی کوردی تایپ بکەیت. پێش ھەموو شتێک، لە ھەڵبژاردەکاندا ئەو دیمەنی تەختەکلیلە وا عادەتت پێ کردووە ھەڵبژێرە. بۆ نموونە ئەگەر تەختەکلیلەکەت پیتە فارسییەکانی پێوەیە و تا ئێستا زۆرتر فارسیت تایپ کردووە، تەختەکلیلی ڕۆژھەڵات زۆر یارمەتیت دەدات بۆ خێراکردنی تایپکردنت.

ھەڵبژاردەکان

ژمارەکان بکە بە عەرەبی

لە کاتی گۆرانی دەقی ئەلفوبێی لاتینی بۆ ئەلفوبێی عەرەبی یان لە کاتی بەیونیکۆدکردنی دەقێکی ئەلفوبێی عەرەبی، ژمارە ئەورووپایییەکان دەکرێن بە ژمارە عەرەبییەکان. بۆ نموونە 123 دەکرێ بە ١٢٣. دەتوانی ئەم کردارە ناچالاک بکەیتەوە.

پاشگرە جیاکراوەکان بناسەوە

لە ئەلفوبێی لاتینیدا چەند پاشگرێک (im و î و e و în و in و a و ê و ên) کە جاربەجار لە بن‌وشەکەیان جیادەکرێنەوە دەناسێتەوە و لە دەقی ئەلفوبێی عەرەبیی ئاکامدا دەیلکێنێتەوە بە بن‌وشەکەیانەوە. بۆ نموونە heval a me دەگۆڕدرێ بۆ ھەڤالا مە بە جێگەی ھەڤال ئا مە. بۆ زانیاریی زۆرتر بەشی «گۆڕینی ئەلفوبێی لاتینی بۆ ئەلفوبێی عەرەبیی کوردی» بخوێنەوە.

بە فۆنتەکانی دیلان نووسراوە

ئەگەر دەقێکت ھەیە کە بە فۆنتەکانی دیلان (ژمارەیەک فۆنتی ناستانداردی کوردیی بەرھەمی KurdSoft.com) تایپکراوە و دەتەوێ بیکەیت بە ئەلفوبێی لاتینی یان بە بیکەیت بە ستانداردی یونیکۆدی ئەلفوبێی عەرەبیی کوردی ئەم ھەڵبژاردنە چالاک بکە.

بە فۆنتەکانی عەلی وێب نووسراوە

ئەگەر دەقێکت ھەیە کە بە فۆنتەکانی عەلی وێب (بۆ وێنە Ali_Web_Malper) تایپ کراوە و دەتەوێ بیکەیت بە ئەلفوبێی لاتینی یان بە بیکەیت بە ستانداردی یونیکۆدی ئەلفوبێی عەرەبیی کوردی ئەم ھەڵبژاردنە چالاک بکە.

i بە î بناسەوە

لە کاتی بەکارھێنانی بەشی گۆڕینی ئەلفوبێی لاتینی بۆ ئەلفوبێی عەرەبیی کوردی بۆ تایپکردنی کوردی بە ئەلفوبێی عەرەبی بە تەختەکلیلی ئینگلیزییەوە، بۆ خێراکردنی تایپکردنت دەتوانی یەک i بە جێگەی î تایپ بکەیت. بۆ نموونە tir دەگۆڕدرێ بۆ تیر لە جێگەی تر.بۆ زانیاریی زۆرتر بەشی «گۆڕینی ئەلفوبێی عەرەبی بۆ ئەلفوبێی لاتینیی کوردی» بخوێنەوە.

ڕێگەبدە بڕگەکان بە دوو نەبزوێنیشەوە دەستپێبکەن

ئەگەر دەقێکی کوردیی سۆرانیت ھەیە کە بە ئەلفوبێی عەرەبی نووسراوە و دەتەوێ بیکەی بە ئەلفوبێی لاتینی ئەم ھەڵبژاردە چالاک بکە، چونکوو لە کوردیی سۆرانیدا سەرەتای یەک بڕگە (syllable) دەتوانێ بە دوو نەبزوێن (consonant)یشەوە دەستپێبکات. بۆ نموونە زمان دەگۆڕدرێ بۆ zman بە جێگەی ziman.

پیتی سەرەتای ڕستەکان گەورەبکەوە

پیتی سەرەتای ھەموو ڕستەیەک کە لە ئەلفوبێی عەرەبییەوە گۆڕدراوە بۆ لاتینی گەورە دەکاتەوە.

دیمەنی تەختەکلیلی بەشی تایپی کوردی

ئەو دیمەنی تەختەکلیلە کە عادەتت پێکردووە ھەڵبژێرە. بۆ نموونە ئەگەر تەختەکلیلەکەت پیتە فارسییەکانی پێوەیە و تا ئێستا زۆرتر فارسیت تایپ کردووە، تەختەکلیلی ڕۆژھەڵات زۆر یارمەتیت دەدات بۆ خێراکردنی تایپکردنت.

ویستەمەنییە سیستەمییەکان

دەتوانی کوردی‌نووس لەسەر ھەموو سیستەمە ناسراوەکانی کارپێکردن بەکاربێنی، بێ دامەزراندن و بێ مافەکان بەڕێوبەری. کوردی‌نووس لە سەر ئەم وێبگەڕانە تاقی کراوەتەوە و بە باشی کاردەکات: Mozilla Firefox و Google Chrome و Windows Internet Explorer 7 و سەرتر و Apple Safari و Opera.

بەکارھێنەرانی Internet Explorer

بە ھۆی ئاسایشی زۆرتر، وێبگەڕی Windows Internet Explorer ھەموو سکریپتە ناوخۆکانی پەڕەکە لەکار دەخات. بۆ ڕێگەدان بەو سکریپتانە، لەدوای کردنەوەی کوردی‌نووس، لەسەر شریتە زەردەکە لە سەرەوەی پەڕەکەدا کلیک بکە.

سەبارەت

کوردی‌نووس پرۆژەیەکی نەرمامێریی ئازادە و بەرھەمی «دامەزراوەی پەڵک بۆ بەرنامەداڕشتن»ە لە شاری مەریوان لە کوردستان.

لە نێوان ژمارەیەکی زۆری زمان و تەکنۆلۆژیا و سەکۆی بەرنامەنووسین، بڕیارمان دا کوردی‌نووس بکەین بە HTML. چونکوو سەرانسەری بەرنامەکە یەک فایلی HTML دەبێ کە دەتوانی لە بیرگە ھەڵگرتنییەکدا بە ئاسانی لەگەڵ خۆتدا جێبەجێی بکەیت یان لە ئەنتەرنێتدا بە ساکاری کەڵکی لێوەرگری. تەنیا وێبگەڕێکی مۆدێڕنی پێویستە کە بە ھۆی کراوە بوونی تەکنۆلۆژیای وێب لە ھەموو سیستەمێکی کارپێکردن و سەکۆیەکدا لەبەردەستدایە. پێویستی بە دامەزران نییە و پێشنیازێکی نەرم‌ئامێر و ڕەق‌ئامێری نییە. فایلە HTMLـەکان لە سروشتدا سەرچاوەکراوەن، بۆ بینینی کۆدی سەرچاوە تەنیا کلیکی ڕاست بکە لەسەر پەڕە کراوەکەدا و «View Page Source» لێبدە. کۆدەکەی تێکەڵاوێکە لە تاگەکانی HTML و شێوازەکانی CSS و کۆدەکانی JavaScript. لە کۆدەکەدا لە شوێنە پێویستەکاندا شرۆڤەمان داناوە بۆ ڕوونکردنەوەی کۆدەکە.

خانەخوێ ئەم پرۆژە SourceForge.net ـە و لە ژێر مۆڵەتنامەی GPLدایە. بۆ نوێکردنەوەکان و زانیاریی زۆرتر، سەردانی پەڕەی پرۆژەکە بکە.

ئاکۆ مەحموودی، ئاسۆ مەحموودی